بۆچی خەڵکی درۆ دەکەن و چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسی درۆزندا بکەین؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-01-09-22:30:00 - کۆدی بابەت: 7548
بۆچی خەڵکی درۆ دەکەن و چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسی درۆزندا بکەین؟

ناوه‌ڕۆك

درۆکردنی خەڵک

درۆکردن (بە ئینگلیزی: Lying)، بریتییە لە وتنی شتێک بە مەبەستی دروستکردنی باوەڕێک یان هەستێکی هەڵە یاخود هەوڵدان بۆ ئەوەی کەسێک بڕوا بە شتێک بکات کە ڕاست نییە، بۆچی خەڵک درۆ دەکەن؟ ئایا بەڕاستی ئەوان لەبنەڕەتەوە خراپن؟ زۆرینەی خەڵکی درۆ دەکەن و هۆکاری درۆکردنیان جیاوازە، هەرچەندە زۆرجار درۆ بێ مەبەست دەکرێت بەڵام زیانی ئەو جۆرە درۆیە زیاترە لە درۆی بە ئەنقەست.

هۆکارەکانی درۆکردن

  • پارێزگاری لە کەسانی دیکە: درۆی سپی باشترین نموونەی ئەو درۆیانەن کە بۆ پاراستنی کەسانی دیکە دەکرێت، هەندێک جار ناچارین کە نهێنییەکان بپارێزین و نکۆڵی لە ڕاستیەکان بکەین یان فریوی یەکدی بدەین چونکە ئەوە تاکە ڕێگایە بۆ پاراستنی کەسە نزیک و ئازیزەکانمان.
  • پاراستنی خود: خەڵکی درۆ دەکەن لە پێناو پاراستنی خودی خۆیان لە هەر زیان و کێشە و گیروگرفتێک کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە یان لە پێناو شەرمەزار نەبوون لەپێش چاوی بەرامبەر.
  • درۆکردن لەپێناو بەرژەوەندی کەسیی: ئەم جۆرە درۆیە لە پێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکە بۆ خودی کەسەکان وەک، دەستکەوتنی کار، پێگەیەکی کۆمەڵایەتی یان دەستکەوتنی هەندێک لایەنی ماددی.
  • گاڵتەکردن: درۆی لەم شێوەیە لەپێناو خستنە پێکەنینی کەسانی تر دەکرێت یان بۆ دروستکردنی کەشێکی گاڵتە ئامێز، لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە ٥٪ی مرۆڤەکانی جیهان ئەم جۆرە درۆیە ئەنجام دەدەن.
  • درۆکردن بە مەبەست: ئەم جۆرەی درۆکردن مەبەستێکی لە پشتەوەیە وەک، زیان گەیاندن بە کەسێک یان بە ئەنقەست تاوانبار کردن و ناشرین کردنی کەسی بەرامبەر.
  • داپۆشینی هەڵەی کەسیی: خەڵکی درۆ دەکەن بە مەبەستی داپۆشینی هەر هەڵە و تاوانێک کە ئەنجامیان داوە، بەپێی توێژینەوەیەک ٢٢٪ی مرۆڤەکانی سەر زەوی ئەم جۆرە درۆیە دەکەن.
  • خۆدزینەوە: زۆرکات مرۆڤ کارێکی نەشیاو و خراپ ئەنجام دەدات و دەیەوێت بە درۆکردن خۆی دەرباز بکات و خۆی بدزێتەوە، ١٤٪ی مرۆڤەکانی دنیا ئەم جۆرە درۆیە دەکەن.
  • ئالوودەبوون: هەندێک لە مرۆڤەکان ئالوودەی درۆکردن بوون و لەکاتی قسەکردن، گێڕانەوەی شتێک یان باسکردنی هەموو بابەتێک درۆ دەکەن کە ئەمەش وەک نەخۆشییەک دەبینرێت.

چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسی درۆزندا بکەین؟

مەماڵەکردن لەگەڵ کەسی درۆزن کارێکی بێزارکەر و قورسە، بەتایبەت کاتێک کەسەکە یەکێک بێت لە کەسە نزیکەکانت، زۆربەی کات ئەم پرسیارانە لە خۆمان دەکەین، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کەسەدا بکەم؟ چی کارێک ئەنجام بدەم؟ بۆیە پێویستە چەند هەنگاوێکی کرداری بەرامبەر کەسانی درۆزن بگریتەبەر:

  • ئارامبە و توندوتیژ مەبە: مامەڵەکردن بە ڕەقی لەگەڵ کەسی درۆزندا کارێکی هەڵەیە، ئارامبە چونکە ئەو جۆرە کەسانە نەخۆشن و هەست بە خۆشی دەکەن لە کاتی درۆکردن و مامەڵەی ڕەق و توندی تۆدا، ئەوان کەسانی شکست خواردوون چونکە چارەسەری کارەکانی ژیانیان بە درۆکردن دەکەن.
  • ڕاستگۆبە: ئەگەر دەتەوێت سەرکەوتوو بیت لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەسی درۆزندا پێویستە سەرەتا خۆت ڕاستگۆ بیت و چاوەڕێی ئەو نەکەیت کە واز لە درۆکردن بهێنێت، بە کردار و هەڵسوکەوتەکانت وایلێبکە بۆی دەربکەوێت کە درۆکردن بەڵگەی نەبوونی متمانەیە بە خۆی و لە کاتی خۆیدا درک بە هەڵەکەی خۆی دەکات و واز لە ئەو کارە ناشرینە دەهێنێت.
  • پاساوهێنانەوە بۆ درۆکەی: لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسی درۆزندا دەبێت کارێک بکەیت کەسەکە هەست بە ئاسوودەیی بکات لەگەڵت، هەرچەند درۆکەی ئازاربەخش بێت هەوڵ بدە پاساو بۆ درۆکەی بهێنەرەوە چونکە ئەمە هانی دەدات ڕاستییەکە بڵێت و بە تێپەڕبوونی کات لە درۆکردن دووربکەوێتەوە.
  • بە نهێنی ڕووبەڕووی ببەرەوە: بەرەنگاربوونەوەی کەسانی درۆزن بە ئاشکرا و لەبەرچاوی خەڵکی شتەکان خراپتر دەکات و یارمەتی چارەسەرکردنی کێشەکان نادات، باشتر وایە لە نێوان خۆت و ئەو کەسەدا بمێنێتەوە و بە تەنها ڕووبەڕووی ببەرەوە و بە هێمنی لە هۆکاری درۆکردنەکەی بپرسە.
  • هەڕەشەکردن بە پچڕاندنی پەیوەندی: ئەگەر هیچکام لە شێوازەکانی سەرەوە سەرکەتوو نەبوو دەتوانیت پێی بڵێیت کە تۆ بە درۆکانت ئازاری بەرامبەر دەدەیت و ئەم کارە بووەتە هۆی لاوازکردنی متمانەی ئەوان بە تۆ، ئەگەر بە ئەمجۆرە بەردەوام بیت بە تەواوی متمانەت نامێنێت و ئەوان پەیوەندییەکانیان لەگەڵت دەپچڕینن، ئەمە لەوانەیە وابکات کە ڕاستی بڵێت و واز لە درۆکردن بهێنێت.
  • پەیوەندییەکەت لەگەڵی بپچڕێنە: ئەو کەسەی درۆت لەگەڵ دەگات ئەگەر مێردەکەت، خۆشەویستەکەت یان یەکێک بێت لە خزم و کەسە نزیکەکانت، پەیوەندیت لەگەڵی بپچڕێنە و لێی دووربکەوە، هەرچەندە ئەوە بڕیارێکی قورسە بەڵام پێویستە هەست بە ئەوە بکات ئەگەر بەوشێوەیە بەردەوام بێت ئەوا هەموو کەسانی دەوروبەری لەدەست دەدات، لەوانەیە ئەم کارە کاریگەری هەبێت و بیکات بە کەسێکی ڕاستگۆ.


سەرچاوەکان



2396 بینین