سوڤا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-04-22-21:41:00 - کۆدی بابەت: 12651
سوڤا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سوڤا (بە ئینگلیزی: Suva، بە فیجیی هیندی: सुव، بە عەرەبی: سوفا)، پایتەخت و گەورەترین شاری فیجییە. هەروەها شوێنی گەورەترین گەورەناوچەی وڵاتە و وەک بەندەری سەرەکی خزمەت دەکات. شارەکە دەکەوێتە کەناری باشووری ڕۆژهەڵاتی دوورگەی ڤیتی لێڤو و ڕووبەرەکەی 26.24 کیلۆمەتر دووجایە.

مێژووی شارەکە

لە ساڵی 1868ـدا هێشتا سوڤا گوندێکی بچووک بوو کە ڕووبەرەکەی تەنها پێنج هەزار کیلۆمەتر دووجا بوو. لە ساڵی 1874 شانشینی یەکگرتوو دەستی بەسەر دوورگەکانی فیجیدا گرت و لە ساڵی 1970 کۆتایی بە دەسەڵاتی بەریتانی لە ناوچەکەدا هات و دوورگەی فیجی سەربەخۆیی ڕاگەیاند. بەهۆی سەختی سروشتی جوگرافیی لێڤوکا، کە جێگیرگەی سەرەکی کۆلۆنی ئەورووپی بوو لە کاتەدا، لە ساڵی 1877ـدا بڕیاردرا سوڤا بکرێتە پایتەختی وڵاتی فیجی. پاشان و لە ساڵی 1882 ئیدارەی کۆلۆنییەکە گواسترایەوە بۆ سوڤا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

لە سەرژمێری ساڵی 2017ـدا، ژمارەی دانیشتووانی شاری سوڤا 93,970 کەس و چڕی دانیشتووانەکەشی 3,600 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا، هەروەها ژمارەی دانیشتووانی گەورەناوچەی سوڤا کە ناوچە سەربەخۆکانی دەوروبەریشی لەخۆ دەگرێت 185,913 کەس بوو.

ڕەگەز و نەتەوە

سوڤا شارێکی فرەڕەگەز و فرە کولتوورییە. فیجییەکان و هیندۆ-فیجییەکان، دوو گرووپی سەرەکی نەتەوەیی دوورگەی فیجین و بەشێکی زۆری دانیشتووانی سوڤا پێک دەهێنن، هەروەها شارەکە شوێنی دانیشتووانێکی زۆری نەتەوە کەمینەکانی فیجییە، کە بریتین لە ڕۆتومانەکان، لاوانەکان، رامبیەکان، قەفقاسيیەکان، ئەوانەی سەرێکیان ئەورووپییە و چینییەکان.

زمان

قسەپێکراوترین و بەربڵاوترین زمانی دانیشتووانی سوڤا ئینگلیزییە، بەڵام زمانەکانی فیجی، هیندوستانی و زمانەکانی دیکە لەلایەن کۆمەڵگاکانی تایبەت بە خۆیان قسەیان پێ دەکرێت.

گرنگی شارەکە

سوڤا ناوەندی سیاسی و ئابووری و کولتووریی فیجییە، لەگەڵ ئەوەشدا پایتەختی ئابووری و ڕۆشنبیری باشووری زەریای هێمنە و شوێنی زۆربەی بارەگا ناوچەییەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و دەزگا نێودەوڵەتییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکانە.

کەشوهەوا

بەپێی سیستەمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، سوڤای پایتەخت کەشوهەوایەکی دارستانی باراناویی خولگەیی هەیە و بەهۆی بای بازرگانی و گێژەڵووكە ناوبەناوەوە، کەشوهەواکەی کەمەرەیی نییە. هەروەها بە درێژایی ساڵ بارانێکی باشی لێ دەبارێت و وەرزی وشکی نییە؛ هیچ مانگێک تێکڕای بارانبارینی لە خوار 60 مللیمەترەوە نییە و ساڵانە بە تێکڕایی 3000 مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت. وشکترین مانگی ساڵ مانگی تەممووزە کە بە تێکڕایی 125 مللیمەتر بارانی لێ دەبارێت. جگە لەوەش، پلەکانی گەرما بەدرێژایی ساڵ جێگیرن و تێکڕای پلەی گەرمی بەرز نزیکەی 28 پلەی سەدی و تێکڕای پلەی گەرمی نزمی شارەکە نزیکەی 22 پلەی سەدیە.


سەرچاوەکان



341 بینین