زانکۆی مووسڵ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-05-22:32:00 - کۆدی بابەت: 12764
زانکۆی مووسڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زانکۆی مووسڵ (بە عەرەبی: جامعة الموصل، بە ئینگلیزی: University of Mosul) زانکۆیەکی حکوومییە کە دەکەوێتە شاری مووسڵەوە و لەدوای زانکۆی بەغداد بە دووەم گەورەترین زانکۆی عێراق دادەنرێت کە لە ساڵی ١٩٦٧ دامەزراوە. زانکۆی مووسڵ لە ٢٠ کۆلێج و حەوت ناوەندی توێژینەوەی زانستی و شەش ئۆفیسی ڕاوێژکاری زانستی لەگەڵ پێنج کلینیکی پزیشکی و نەخۆشخانەی تایبەتی پێکهاتووە، هاوکات زانکۆکە خاوەن شەش مۆزەخانە و یەک شانۆی فراوان و یاریگایەکە هەروەها ژمارەیەک لە یەکەی بەڕێوەبردن و یەکەی کارگێڕی و هونەری تێدایە.

بڕوانامەی بەکالۆریۆس، دیبلۆمی باڵا، دیبلۆمی پیشەیی، ماستەر و دکتۆرا لە زیاتر لە سەد پسپۆڕی زانستی و کارگێڕی و وێژەیی و پیشەیی لە زانکۆکە بەدەست دەهێنرێت. زانکۆی مووسڵ لەڕووی ڕووبەرەوە زۆر گەورە و فراوانە لە پاش زانکۆی بەغداد بە دووەم گەورەترین زانکۆی عێراق دادەنرێت لەڕووی ڕووبەرەوە، کۆلێجەکانی زانکۆکە دابەش بوونەتە سەر دوو کۆمەڵگا کە بە ناوەندی کۆمەڵگای یەکەمی زانکۆ و ناوەندی کۆمەڵگای دووەم ناسراون، ڕووبەری ناوەندی کۆمەڵگای یەکەمی زانکۆکە بە ٥٢٨٥ هێکتار، ڕووبەری کۆلێجی کشتوکاڵ و دارستان ٤١٫٠١ هێکتارە و ناوەندی کۆمەڵگای دووەمی زانکۆ ڕووبەرەکەی بە ٢٢٫٩٦ کیلۆمەتر چوارگۆشە خەمڵێندراوە.

مێژووی دامەزراندنی

لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو تەنها یەک زانکۆ لە عێراق هەبوو ئەویش زانکۆی بەغداد بوو، بۆیە بڕیاری دامەزراندنی زانکۆیەکی تر درا چونکە دەرچووانی قوتابخانەکان ڕوویان لە زیاد بوون دەکرد، مێژووی بنیاتنانی چەند بینایەکی زانکۆی مووسڵ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٩ و یەکەم کۆلێج کە لە زانکۆکە کرایەوە کۆلێجی پزیشکی گشتی بوو کە لە سەرەتادا تەنها هەشت مامۆستای هەبوو، پاشان چەند کۆلێجێکی تر دامەزران بەڵام لەڕووی بەڕێوەبردن و کارگێڕییەوە سەر بە زانکۆی بەغداد بوون، لە ساڵی ١٩٦٣ کۆلێجی ئەندازیاری و کۆلێجی زانست و ساڵێک دواتر کۆلێجی کشتوکاڵ کرانەوە بەڵام هەر سەر بە زانکۆی بەغداد بوون.

لە ڕۆژی یەکی نیسانی ساڵی ١٩٦٧ بڕیاری ١٤ـی تایبەت بە دامەزراندنی زانکۆیەکی عێراقی بە ناوی "زانکۆی مووسڵ" لەلایەن حکوومەتی پاشایەتی عێراق لەو سەردەمە دەرکرا و زانکۆکە دامەزرا، هەموو ساڵێک یەکی نیسان یادی ڕۆژی دامەزراندای زانکۆیە لە مووسڵ. لە ڕۆژی ٢٤ حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکاران لە زانکۆکە ڕێکخرا. لۆگۆ و هێمای زانکۆکە هەر دوای دامەزراندن دانرا کە شێوەی مانگێکی هیلالییە و ئایەتی ١١٤ـی سوورەتی طه کە تێیدایە کە نووسراوە: (وَقُل رَّبِّ زِدْنِى عِلْمًا)، واتا: پەروەردگارا به‌رده‌وام زانست و زانیاری زۆرتر و زیاترم پێ ببه‌خشه‌. ئەم ئایەتە قورئانییە هێمای لۆگۆی هەردوو زانکۆی بەغداد و زانکۆی بەسڕەیشە، هاوکات ساڵی دامەزراندنی زانکۆکەش لەسەر هێماکە بە ڕۆژژمێری کۆچی و زایینی هەیە.

شوێنی زانکۆ لە ناوچەی (کۆمەڵگای ڕۆشنبیری، المجموعة الثقافية) و ناوچەی حەدبا لە بەشی لای چەپی مووسڵ دیاریکرا، دیزاین و جێبەجێکاری کۆلێجەکانی زانکۆکە لەلایەن ئەندازیار (هیشام عەبدولڕەزاق مونیر) دانرا و بڕی تێچووی پڕۆژەکە بە ١٤ ملیۆن دیناری عێراقی ئەو کاتە دیاریکرا و بە شێوەیەک دیزاین کرا کە  زانکۆکە توانای لەخۆگرتنی ١٥ هەزار خوێندکاری هەبێت.

دامەزراوە ناودارەکانی ناو زانکۆکە

ناوەندی خوێندکاران

ناوەندی خوێندکاران کە بە (المركز الطلابي) ناسراوە لە کۆمەڵگای یەکمی زانکۆکەیە و لە نزیک کتێبخانەی ناوەندییە، چەند ناوەند و توێژینەوەیەکی زانستی لەخۆدەگرێت، هاوکات زۆرێک لە کارە کارگێڕی و پیشەییەکانی دامەزراندن لە زانکۆ لەو ناوەندەیە. هەروەها بەشێکی ناوەندەکە خواردنگە و شوێنی پشوو وەرگرتنی تایبەت بە خوێدنکارانە، مەرجێکی گرنگی خواردنگەی ناوەندی خوێندکاران ئەوەیە کە نرخی خواردن و خواردنەوەکانی هەرزانن و تایبەتن بە خوێندکاران.

بەشە ناوخۆیی حەدبا

بەشە ناوخۆیی حەدبا کە تایبەتە بە بەشەناوحۆیی کچانی زانکۆی مووسڵ و هەر لە ناو زانکۆیە و دەکەوێتە ناوەندی زانکۆکەوە، لەسەر ڕووبەرێکی فراوان بنیاتنراوە و تایبەتە بە کچان. لە کاتی ڕووداوەکانی جەنگی داعش بەشێک لە بینای بەشە ناوخۆییەکان سووتان و زیانیان بەرکەوت بەڵام ڕاستەوخۆ دوای ئازادکردنی مووسڵ و لە ساڵی ٢٠١٨ بەشە ناوخۆییەکە نۆژەن کرایەوە و دووبارە کرایەوە.

ناوەندی چارەسەری تەندروستی

ناوەندێکە کە خاوەن کلینیک و دەرمانخانەی تایبەتی خۆیەتی و ستافی پزیشکی و پەرستاری تایبەبەتی هەیە و ناوەندەکە تایبەتە بە چارەسەری خوێندکار.

شانۆی گەورەی زانکۆ

شانۆیەکی فراوانی زانکۆی مووسڵە و شوێن و جێگەی ١٥٠٠ کەس لەخۆدەگرێت. شانۆکە لەکاتی داگیرکارییەکانی داعش سووتێنرا و بەشێکی خاپوور کرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢ شانۆکە نۆژەن کرایەوە و دووبارە کرایەوە.

کتێبخانەی ناوەندی زانکۆ

کتێبخانەی زانکۆی مووسڵ (المكتبة المركزية) بە یەکێک لە گەورەترین کتێبخانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەکرا و لە چەند نهۆمێک پێکهاتبوو و ژمارەی بە کتێبەکانی بە زیاتر لە ملیۆنێک کتێب و دەستنووس خەمڵێندرا بوو، لە سەردەمی داگیرکارییەکانی داعش لە مووسڵ لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧ کتێبخانەکە و بەشێکی زۆری کتێبەکانی بە تەواوی سووتێنران، هاوکات چەندان کتێبی گرانبەها و مێژوویی کتێبخانەکە لە بازاڕی ڕەش فرۆشران و نزیکەی ٨٥٪ کتێبەکانی کتێبخانەکە لەناوچوون، دوای ڕزگارکردنی مووسڵ لە ساڵی ٢٠٢٢ کتێبخانەکە نۆژەن کرایەوە و لە ئێستادا چوار نهۆم پێکهاتووە کتێبخانەکە جێگەی نزیکەی ٣٢ هەزار کتێبی تێدا دەبێتەوە.

بەشەکانی زانکۆ

کۆلێجی پزیشکی مووسڵ

کۆلێجی پزیشکی زانکۆی مووسڵ لەڕووی گەورەیی و وەرگرتنی ژمارەی خوێندکار و لەڕووی کۆنی و دێرینی شوێنەکە لە پلەی دووەمی کۆلێجە پزیشکییەکانی عێراقە، لە ساڵی ١٩٥٩ بڕیاری کردنەوەی کۆلێجی بزیشکی مووسڵ درا و شوێنەکە بۆ ماوەی حەوت ساڵ خرایە سەر زانکۆی بەغداد، بەڵام لە ساڵی ١٩٦٧ بە فەرمی کۆلێجەکە کرایە سەر زانکۆی مووسڵ، کۆلێجی پزیشکی مووسڵ لە دەرەوەی بینای زانکۆ بە شێوەیەکی سەربەخۆ دروستکرا و لە بەشی لای ڕاستی مووسڵ لە سەر ڕووبەری ١٢٥٠٠ مەتری دووجا لە نزیک چەند نەخۆشخانەیەکی سەرەکی لە مووسڵ دروستکرا و کۆلێجەکە لە دەرەوەی زانکۆی مووسڵ دروست کرا، خاوەن کلینیک و تاقیگەی تایبەتی و هۆڵی وانەوتنەوەی خۆی بوو، ماوەی خوێندن تێیدا شەش ساڵە.

کۆلێجی پزیشکی نەینەوا

ئەم کۆلێجە لە ساڵی ٢٠٠١ دروستکرا بەهۆی ئەوەی کۆلێجی پزیشکی گشتی مووسڵ ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری وەردەگرت و ئەم کۆلێجە وەکوو پاڵپشتییەک بۆ کۆلیجە سەرەکییەکە لە ناو زانکۆی مووسڵ دروست کرا، هاوکات ئەم کۆلێجەش هەر ماوەی خوێندن تێیدا شەش ساڵە و سەربەخۆیە و سەر بە کۆلێجی پزیشکی مووسڵ نییە.

کۆلێجی دەرمانسازی

ئەم کۆلێجە لە ساڵی ١٩٩٢ لە زانکۆی مووسڵ دامەزاروە و ماوەی خوێندن تێیدا پێنج ساڵە، هەروەها خوێندنی باڵا و بەدەستهێنانی ماستەر و دکتۆرا لە کۆلێجەکەدا بەردەستە.

کۆلێجی پزیشکی ددان

ئەم کۆلێجە لە ساڵی ١٩٨٢ دامەزراوە و خوێندن تێیدا پێنج ساڵە، کۆلێجەکە خاوەن تاقیگە و کلینیکی تایبەتی خۆیەتی، دوای تەواوکردنی پێنج ساڵی بەکالۆریۆس بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا تێیدا بەردەستە و پزیشک دەتوانی پسپۆڕی لە پێنج بەش  وەربگرێت کە بریتین:

  • بەشی زانستەکانی پزیشکی ددانی بنەڕەت
  • بەشی نەشتەرکاری ڕووخسار و شەویلگەکان
  • بەشی دروستکردنی ددان
  • بەشی ددانی منداڵان
  • بەشی چارەسەری ددان

کۆلێجی ڤێتێرنەری

کۆلێجی پزیشکی ئاژەڵان لە ساڵی ١٩٧٦ دامەزراوە و ماوەی خوێندن تێیدا پێنج ساڵە، کۆلێجەکە لە دوو بینای سەرەکی وانەخوێندن پێکهاتووە، خاوەن نەخۆشخانەیەکی بچووکی ئاژەڵانە لەگەڵ بینایەکی تایبەت بە ئاژەڵان، هاوکات لە ڕابردوودا کۆلێجەکە ٣٩ تاقیگەی زانستی تایبەتی هەبوو.

کۆلێجی پەرستاری

لە ساڵی ١٩٩٣ کۆلێجەکە دامەزراوە و ماوەی خوێندن تێیدا چوار ساڵە و لە دوو بەش پێکهاتووە کە بریتین لە:

  • بەشی پەرستاری كلینیكی
  • بەشی پەرستاری بنەڕەت

کۆلێجی ئەندازیاری

کۆلێجی ئەندازیاری زانکۆی مووسڵ لە ساڵی ١٩٦٣ دامەزراوە و لە سەرەتادا لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە زانکۆی بەغداد بووە و تەنیا لە بەشی ئەندازیاری شارستانی پێکهاتبوو، دواتر لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێجەکە خرایە سەر زانکۆی مووسڵ و دوو بەشی تریش لە هەمان ساڵ بۆ کۆلێجەکە زیاد کران کە بریتی بوون لە بەشی ئەندازیاری میکانیک و ئەندازیاری بەنداو و ئاودێری، پاشان لە ساڵی ١٩٧٨ بەشی تەلارسازیش بۆ کۆلێجەکە زیادکرا، بەشەکانی کۆلێجەکە بریتین لە:

کۆلێجی ئەندازیاری نەوت و کانزاکاری

لە کۆلێجە نوێیەکانی زانکۆی مووسڵن و لە ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە و سێ بەشی هەیە کە بریتین لە:

  • بەشی ئەندازیاری کانزاسازی نەوت
  • بەشی ئەندازیاری کۆگاکردنی نەوت
  • بەشی ئەندازیاری پاڵاوتنی نەوت

کۆلێجی ئەندازیاری ئەلیکترۆنی

ئەم کۆلێجە بە کۆلیجی ئەندازیاری دووەمیش ناسراوە و لە ساڵی ٢٠٠٢ دامەزراوە، تایبەتە بە زانستەکانی تەکنەلۆجیا و زانیاری و پرۆگرامسازی و جێبەجێکردنیان بە شێوەیەکی ئەندازیاری، ماوەی خوێندن تێیدا چوار ساڵە و سێ بەشی هەیە کە بریتین لە:

  • بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازی و کۆمپیوتەر
  • بەشی ئەندازیاری پەیوەندییەکان
  • بەشی ئەندازیاریی ئەلیکترۆنیک

کۆلێجی زانستەکانی کۆمپیوتەر و بیرکاری

هەردوو بەشی زانستەکانی کۆمپیوتەر لەگەڵ بیرکاری لە سەرەتای دامەزراندنی زانکۆ سەر بە کۆلێجی زانست بوون، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٨ جیاکرانەوە و پێنج بەش بۆ کۆلێجەکە زیاد کران بریتین لە:

کۆلێجی کشتوکاڵ و دارستان

کۆلێجێکە کە لە ساڵی ١٩٦٤ دامەزراوە، دوای ئەوەی بڕیاری گواستنەوەی پەیمانگای کشتوکاڵی بەغداد لە ئەبووغرێب درا بۆ مووسڵ، بڕیاری دامەزراندنی ئەم کۆلێجە دەرکرا، تا ساڵی ١٩٦٧ کۆلێجەکە سەر بە زانکۆی بەغداد بوو دواتر کرایە سەر زانکۆی مووسڵ و کۆلێجەکە لە ١١ بەش پێکهاتووە کە بریتین لە:

  • بەشی دارستان
  • بەشی بەرهەمی ئاژەڵی
  • بەشی زانستەکانی خاک و سەرچاوەکانی ئاو
  • بەشی زانستی خۆراک
  • بەشی پارێزگاریکردنی ڕووەک
  • بەشی بەرهەمەکانی کێڵگە
  • بەشی ئابووری کشتوکاڵی
  • بەشی باخداری و ئەندازیاریی باخچە
  • بەشی ئامێرە کشتوکاڵییەکان
  • بەشی زانستە بنەڕەتییەکان
  • بەشی ڕێنمایی کشتوکاڵی و گواستنەوە

کۆلێجی زانست

بە یەکێک لە کۆنترین کۆلێجەکانی زانکۆ دادەنرێت و لە ساڵی ١٩٦٣ دامەزراوە و لە سەرەتادا تەنیا دوو بەشی هەبوو کە بریتی بوون لە بەشی زانستەکانی کیمیا و بەشی بیرکاری، لە ساڵی ١٩٦٤ سێ بەشی تر بۆ کۆلێجەکە زیادکران ئەوانیش بەشی فیزیا، بەشی زانستەکانی زیندەزانی و بەشی زانستەکانی زەوی و لە ساڵی ١٩٨٣ بەشی زانستەکانی کۆمپیوتەریش بۆ کۆلێجەکە زیاد کرا، لە ساڵی ١٩٦٨ بەشی خوێندنی باڵا بۆ کۆلێجەکە زیاد کرا. لە ساڵی ١٩٩٨ هەردوو بەشی بیرکاری و زانستەکانی کۆمپیوتەر لە کۆلێجەکە جیاکرانەوە، ژمارەی بەشەکانی کۆلێجی زانست لە زانکۆی مووسڵ شەش بەشن کە بریتین لە:

  • بەشی زانستەکانی فیزیا
  • بەشی زانستەکانی کیمیا
  • بەشی زانستەکانی زیندەزانی
  • بەشی زانستەکانی زەوی 
  • بەشی فیزیای زیندەیی
  • بەشی وزە و وزە نوێیەکان

کۆلێجی زانستەکانی ژینگە 

لە ساڵی ٢٠٠٦ دامەزراوە و بە بەشە نوێیەکانی زانکۆکە دادەنرێت، لە ساڵی ٢٠١٢ خوێندی باڵا لە بەشەکە کراوەتەوە، لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە کە بریتین لە:

  • بەشی زانستەکانی ژینگە
  • بەشی تەکنەلۆجیای ژینگەیی

کۆلێجی شوێنەوارناسی

لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەم کۆلێجە دامەزراوە و ماوەی خوێندن تێیدا چوار ساڵە، هاوکات ئەم کۆلێجە خوێندنی باڵای هەیە و بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای تێدا بەدەست دەهێنرێت، بەشەکانی کۆلێجەکە بریتین لە:

  • بەشی شوێنەواری دێرین و شوێنەواری ئیسلامی
  • بەشی زمانە دێرینەکانی عێراق
  • بەشی شارستانییەکان

کۆلێجی هونەرە جوانەکان

لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٤ دامەزراوە، ماوەی خوێندن تێیدا چوار ساڵە خوێندکار لە پەیمانگای هونەری و بەشەکانی زانستی و وێژەیی وەردەگرێت، لە ساڵی ٢٠٠٠ خوێندنی ئێوارانی کراوەتەوە. لە دوو بەش پێکهاتووە کە بریتین لە:

  • بەشی هونەرەکانی شانۆ
  • بەشی شێوەکاری و وێنەکێشان

کۆلێجی ئاداب

لەو کۆلێجانەیە کە لە سەرەتای دامەزراندنی زانکۆوە لە ساڵی ١٩٦٦ دامەزراوە و بە کۆنترین کۆلێجە مرۆڤایەتییەکانی نێو زانکۆکە دادەنرێت و ماوەی خوێندن تێیدا چوار ساڵە، خاوەن دە بەشە کە بریتین لە:

کۆلێجی کارگێڕی و ئابووری

یەکێکە لەو کۆلێجانەی کە لە سەرەتای دامەزراندنی زانکۆی مووسڵەوە لە زانکۆکە لە هەشتی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٨ بە ناوی کۆلێجی ژمێریاری و بەڕێوەبردنی کار دامەزراوە، کۆلێجەکە لەو سەردەمە لەلایەن چەند ئابووریناسێکی عێراقییەوە دامەزرا و لە سەرەتادا ماوەی خوێندن تێیدا بە پێنج ساڵ دیاری کرا و لە یەک بەش پێکهاتبوو. بە تێپەڕبوونی کات ماوەی خوێندن لە کۆلێجەکە کرا بە چوار ساڵ و کۆلێجەکە خاوەن شەش بەشە کە بریتین لە:

کۆلێجی پەروەردە

یەکێکە لە کۆلێجە سەرەکییەکانی زانکۆ و لە ساڵی ١٩٧٥ دامەزراوە و ١١ بەشی لەخۆگرتووە و ماوەی خوێندن تێیدا چوار ساڵە.

کۆلێجی پەوەردەی بنەڕەت

کۆلێجێکە کە لە ساڵی ١٩٩٣ دامەزراوە ماوەی خوێندن تێیدا چوار ساڵە و خوێندکار دوای دەرچوون دەبێتە مامۆستای بنەڕەتی و لە ساڵی ٢٠٠١ـەوە بەشی خوێندنی باڵا لە کۆلێجەکە کراوەتەوە و بەشەکانی کۆلێجەکە بریتین لە:

  • بەشی پەروەردەی وەرزش و زانستەکانی وەرزش
  • بەشی زمانی ئینگلیزی
  • بەشی زمانی عەرەبی
  • بەشی زانستە گشتییەکان
  • بەشی پەروەردەی تایبەت
  • بەشی پەروەردەی ئیسلامی و زانستە شەرعییەکان
  • بەشی جوگرافیا
  • بەشی مێژوو
  • بەشی باخچەی منداڵان
  • بەشی مامۆستایی پۆلە سەرەتاییەکان

کۆلێجی پەروەردەی کچان

لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەم کۆلێجە دامەزراوە و تایبەتە بە کچان و خوێندن لە بەشەکانی بۆ ماوەی چوار ساڵە، کۆلێجەکە لە پێنج بەش پێکهاتووە کە بریتین لە:

کۆلێجی پەروەردەی وەرزشی

کۆلێجی پەروەردەی وەرزشی لە ساڵی ١٩٧٧ لە زانکۆکە دامەزراوە، کۆلێجەکە چەند بینایەکی داخراوی تایبەتی خۆی هەیە، خاوەن مەلەوانگەی داخراو و هۆڵی تایبەتی بە بەرگەگری و خۆگری لەش و یاریگایە. لە ساڵی ١٩٨٧ـەوە بەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندنی باڵای ماستەر و دکتۆرا لە کۆلێجەکە بەردەست خراوە.

کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان

کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان لە ساڵی ٢٠٠٣ دامەزراوە و ڕیزبەندی بیستەمی هەیە لەنێو کۆلێجەکانی زانکۆی مووسڵ، ماوەی خوێندنی چوار ساڵە و خوێندکار لە هەردوو لقی وێژەیی و زانستی وەردەگرێت و زۆرێک لە خوێندکارانی خوێندنگە ئیسلامییەکان دێنە ئەم بەشەوە.

کۆلێجی زانستە سیاسییەکان

کۆلێجی زانستە سیاسییەکان لە سەرەتادا لە ساڵی ١٩٨٥ بەشێوەیەکی سەربەخۆ دامەزرا و لە دوو بەش پێکهاتبوو بەشی یاسا و بەشی زانستە سیاسییەکان. وەرگرتنی خوێندکار لەم بەشە ڕاگیرا تاکوو ساڵی ٢٠٠٢ دووبارە کۆلێجەکە کرایەوە و لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە کە بریتین لە: 

  • بەشی سیاسەتی گشتی 
  • بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

کۆلێجی یاسا

لە سەرەتادا کۆلێجی یاسا بەشێکی سەر بە کۆلێجی زانستە سیاسییەکان بوو، بەڵام جیاکرایەوە لە ساڵی ١٩٨٣ دامەزراوە و ماوەی خوێندنەکەی چوار ساڵە، خوێندنی ئێوارانی بەشی یاسا لە ساڵی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٥ زیاد کرا و دوای تەواوکردنی چوار ساڵی خوێندن خوێندکار دەبێتە خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس.


سەرچاوەکان



50 بینین