یانەی بۆروسیا دۆرتمۆند

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-06-14:13:00 - کۆدی بابەت: 12773
یانەی بۆروسیا دۆرتمۆند

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یانەی بۆروسیا دۆرتمۆند (بە عەرەبی؛ النادي بوروسیا دورتموند، بە ئینگلیزی؛ Borussia Dortmund Club) یانەیەکی وەرزشی ئەڵمانییە. ساڵی ١٩٠٩ دامەزراوە. 

زانیارییە گشتییەکان

ناوی یانە بۆروسیا دۆرتمۆند
ناوی کورتکراوە BVB 
بەرواری دامەزراندن  ١٩ مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٠٩ دامەزراوە
یاریگای یانەکە سیگناڵ ئیدۆنا پارک، توانای لە خۆگرتنی ٨١٣٦٥ هاندەری هەیە.
ئەو خولەی یاری لێدەکات خولی ئەڵمانی ناسراو بە بۆندس لیگا

یانەی بۆروسیا دۆرتمۆند، یانەیەکی وەرزشی  پیشەگەری ئەڵمانییە کە بارەگای سەرەکی لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیایە. یانەکە زیاتر ناسراوە لە تۆپی پێی تایبەت بە یانەی پیاوانی، کە لە خولی نایابی ئەڵمانی یاری دەکات کە بەرزترین پێگەی سیستمی تۆپی پێی ئەڵمانییە. یانەکە هەشت جار بووەتە پاڵەوانی خولی ئەڵمانی، جارێک بووەتە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، ٥ جار بووەتە براوەی جامی ئەڵمانیا، جارێکیش بووەتە براوەی جامی ئەورووپا، ئەمە جگە لە بردنەوەی چەند نازناوێکی تر. لە ساڵی ١٩٠٩ لەلایەن هەژدە یاریزانەوە دامەزرێندراوە. لە ئێستا خاوەنی دەستەی هاندەران و ئەندامیەتییەکی گەورەیە کە ژمارەیان ١٤٥ هەزار کەسە، دووەم گەورەترین یانەی ئەڵمانیایە لە ڕووی دەستەی ئەندامییەتی. یانەکە لە بواری تۆپی دەستی ئافرەتانیش لە ئاستێکی زۆرباشدایە. لە ساڵی ١٩٧٤ یەکەم یاری خۆیان لەسەر یاریگای سیگناڵ ئیدۆنا پارک ئەنجامدا، کە گەورەترین یاریگای وڵاتی ئەڵمانیایە و یانەکە خاوەنی پێوانەیی ئامادەبوونی زۆرترین هاندەرە لە یارییەکانی کە هیچ یانەیەک لە هەر  وەرزشێکی جۆراوجۆر پێی ناگات و پێی نەگەیشتووە. 

یانەکە بە ڕەنگی زەرد و ڕەش ناسراوە، بۆیە زۆرجار بە یانەی زەرد و ڕەشیش ناوی دەهێندرێت. پەیوەندییەکی ڕکابەرانەی سەرسەخیان هەیە لەگەڵ یانەی شاڵکە کە هەردوو یانە لە شاری دۆرتمۆندن، کە یاری نێوانیان پێی دەگووترێت ریڤەر دێربی. لەگەڵ یانەی بایرن میونخیش یاری نێوانیان پێی دەگووترا دێر کلاسیکەر، چونکە هەردووکیان لە ئێستادا بەهێزترین دوو یانەی ئەڵمانیان. بەپێی شارەزایان بێت لە ڕووی ڕێژەی دەوڵەمەندیەوە دووەم دەوڵەمەندترین یانەی ئەڵمانیایە و ١٢یەم دەوڵەمەندترین یانەی تۆپی پێی جیهانە. لە ساڵی ٢٠١٠ بە سەرکردایەتی ماڕک زۆرک، دۆرتمۆند دەستی کرد بە برەودان بە یاریزانی لاو و پێگەیاندنیان، توانیان لەو کارەدا سەرکەوتووبن بەردەوام بوون لە برەودان بە کارەکە تاوەکو ئێستاش هەر بەردەوامن لێی. یانەکە خاوەنی فەلسەفەیەکی یاریکردنی تایبەت بە خۆیەتی کە جەخت لە هێرش و فشاری توند و بەرگرییەکی پتەودەکاتەوە. 

مێژووی یانەکە

یانەکە لە ١٩ی مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٠٩ لەلایەن کۆمەڵە گەنجێکی گەنج دامەزرا، کە ناڕازی بوون لەوەی بە شێوەی خێرخوازی لەلایەن کلێسایەکی کاسۆلیکی هاوکاری بکرێن، چونکە قەشەکانی کلێساکە هەمیشە بە چاوێکی تووڕە و توند سەیریان دەکرد. بۆیە بڕیاریاندا بە دامەزراندنی یانەکە هەرچەندە لە مەڕاسیمی دامەزراندنی یانەکە کە لە یانەیەکی بچووکی گشتی بوو قەشەیەک ویستی بەشداربێت و تێکی بدات و ڕێگا بە دامەزراندنی یانەکە نەدات، بەڵام نەیانهێشت بێتە ژوورەوە و یانەکەیان دامەزراند. ئەو کەسانەی دایانمەزراند ناویان فرانز براون، پاول براون، هێنری کلی، هانز دیبێست، پاول جێنزەیل، فرانز، ویلهێلم جاکوبی، جولیەس جاکوبی، هانز خان، گوستاڤ مۆلەر، فرانز رێز، فریتز شولتی، هانز سیبۆلد، ئوگست تۆنسمەن، هێنریک ئونگەر، ڕۆبێرت ئونگەر، فریتز وێبەر، فرانز وێندت.

ناوی یانەکە کە بۆروسیایە، بە لاتینی واتا پروسیا، بەڵام خۆی لە خۆیدا ئەندامانی دامەزرێنەری یانەکە ناوەکەیان لە بیرەی بۆروسیا وەرگرت، کە کارگەیەکی دروستکردنی بیرە بوو لە شاری دۆرتمۆند. لە سەرەتای دامەزراندنی یانەکە درێسەکەیان شین و سپی بوو، بەڵام دواتر لە ساڵی ١٩١٣ گۆڕیان بۆ سپی و زەرد ئەو ڕەنگەی کە ئێستا پێی بەناوبانگن. تا نزیکەی دەیەیەک دواتر یانەکە هیچ بەرەوپێشچوونی بە خۆیەوە نەدی هەر لە خولە خۆجێیەکان یاری دەکرد، دواتر لە ساڵی ١٩٢٩ ئەندامانی یانەکە بڕیاریاندا گرێبەست لەگەڵ هەندێ یاریزانی پیشەگەر بکەن بۆ بەرەوپێشبردنی یانەکە، بەڵام زۆر خراپ بەسەریان شکایەوە و یانەکەی تووشی قەرزێکی یەکجار زۆرکرد. بە هاوکاری هاندەرە سەرسەختەکانی کە لە گیرفانی خۆیان پارەیان کۆکردەوە و قەرزی یانەکەیان دایەوە و ڕزگاریان کرد لەو تەنگەژە دژوارە.

لە ساڵی ١٩٣٠ لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی نازییەکان، کە دەستیان کرد بە گۆڕینی سەرۆکی دەستە و ڕێکخراوەکان بۆ کەسانی نزیک لە خۆیان ئەوەبوو سەرۆکی یانەی بۆروسیا دۆرتمۆندیشیان گۆڕی، چونکە ڕەتیکردبووەوە بەژداری لە ئاهەنگی پارتی نازییەکان بکات. هەندێک لە ئەندامانی دەستەکە کە بارەگای یانەکەیان بەکارهێنابوو بۆ بڵاوکردنەوەی هەندێک بڵاوکراوەی دژە نازی لە سێدارەدران لە کۆتا ڕۆژەکانی شەڕەکە. یانەکە لەو خولە نوێیەی نازییەکان داینابوو بە ناوی (گوالیگا وێستفالێن) بەرەو سەرکەوتن بوو، بەڵام بەهۆی جەنگی دووەمی جیهانی خولەکە وەستاو دەبوو چاوەڕێ بکەن تا تەواوبوونی جەنگ بۆ دەست پێکردنەوەی خولەکە.

هەر لەو ماوەیەدا بوو کە بۆروسیا ڕکابەرایەتیەکەی لەگەڵ یانەی شاڵکە چووە قۆناغێکی توندەوە، کە باشترین یانەی سەردەمەکە بوو. لە دوای جەنگ وەک هەموو ڕێکخراوەکانی تری ئەڵمانیا لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابەش کرا بۆ چەند یانەیەکی بچووکتر تا کاریگەری نازییەکانیان لە نێو نەهێڵن و نەتوانن چالاکی بۆ پارتەکە ئەنجام بدەن. 

یەکەمین دەستکەوتە ناوەخۆییەکانی

لە ساڵی ١٩٤٦ بۆ ١٩٦٣ یانەکە بەشداربوو لە خولی پرێمەرلیگی ئەڵمانیای ڕۆژاوا، کە بە گرنگترین خولی ئەڵمانیا دادەندرا تا ساڵی ١٩٥٠. لە ساڵی ١٩٤٩ بۆروسیا گەیشتە یاری کۆتای کە لە شاری شتوتگارت بەڕێوەدەچوو بە ئەنجامی سێ بە دوو بە یانەی (ڤی ئێف ئاڕ مانهێیم) دۆڕا. لە ساڵی ١٩٥٦ دووبارە چووەوە یاری کۆتای بە ئەنجامی چوار بە دوو لە یانەی (کارلسروهێر ئێس سی) بردەوە بووە براوەی جامەکە بۆ یەکەم جار لە مێژوویدا. ساڵێک دواتر دیسانەوە گەیشتەوە یاری کۆتای بە ئەنجامی چوار بە یەک لە یانەی هامبۆرگی بردەوە و بۆ دووەم جار بووە پاڵەوانی جامەکە. دوای بردنەوەی ئەم جامە هەر سێ ئەلفرێدەکەی یانەکە کە ناویان (ئەلفرێد پریبلەر، ئەلفرێد کێلباسا، ئەلفرێد نیپایکلۆ) بوونە ئەفسانەی یانەکە. دواتر لە ساڵی ١٩٦٣ دووبارە بووە پاڵەوان و کۆتا جامی ئەم پاڵەوانتیەی بەدەستهێنا، چونکە دوای ئەمە بۆ یەکەم جار خولی بۆندسلیگا دروستکرا و شوێنی ئەم جامەی گرتەوە. 

یەکەم دەرکەوتنی یانەکە لە بۆندسلیگا

لە ساڵی ١٩٦٢ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا لە شاری دۆرتمۆند کۆبوونەوە و بڕیاری دروستکردنی خولی بۆندسلیگایان دا. بۆروسیا دۆرتمۆند راستەوخۆ شوێنی خۆی لە نێو شازدە یانەکەی خولەکە کردەوە، چونکە پاڵەوانی کۆتایی جامەکەی پێشتر بوو بۆیە بلیتێکی ڕاستەوخۆی وەرگرت بۆ خولەکە. لە یەکەم یاری خولەکە بەرانبەر یانەی (ڤێردە برێمەن) یاریان کردوو بە ئەنجامی سێ بە دوو یارییەکەیان دۆڕاند. لە ساڵی ١٩٦٥ یەکەم جامی ئەڵمانیای بردەوە، و لە ١٩٦٦ یەکەم جامی خۆی لە ئەورووپا بەدەست هێنا کە بە ئەنجامی دوو بە یەک لە یانەی لیڤەرپوولی بردەوە لە جامی براوەکانی ئەورووپا. هەر لە هەمان ساڵدا یانەکە خولی بۆندسلیگای لە دەستدا دوای ئەوەی لە پێنج یاری کۆتایی خولەکە چواری دۆڕاند و پلەی دووەمی بەدەست هێنا و یانەی میونخ ١٨٦٠ بووە پاڵەوان.

هۆکاری سەرەکی بردنەوەی خولەکە لەلایەن میونخ ١٨٦٠ گواستنەوەی یاریزانێکی دۆرتمۆند بوو کە ناوی (کۆنیێتزکا) کە ماوەیەکی کەم بوو پەیوەندی بە یانەی پاڵەوان کردبوو. ساڵی ١٩٧٠ بە ساڵی قەیرانی دارایی ناسراوە لە مێژووی یانەکە، هەر بەم هۆکارە لە ساڵی ١٩٧٢ دابەزی لە خولی بۆ بۆندسلیگا، لەو ساڵەدا توانیان یاریگای سیگناڵ ئیدۆنا پارک بکەنەوە، کە ناوەکەیان گۆڕی بۆ ئەو هەرێمەی  کە یانەکەی لێ دامەزرا کە هەرێمی ڤیستیڤاڵیایە لە سالی ١٩٧٤. توانی لە ساڵی ١٩٧٦ دووبارە بگەڕێتەوە بۆ خولی نایابی ئەڵمانی واتە بۆندسلیگا. 

تا ساڵی ١٩٨٠ کێشە داراییەکانی هەر بەردەوام بوو. توانی خۆی لە دابەزین بۆ خولی پلە دوو ڕزگاربکات دوای ئەوەی لە یانەی (فۆرتونا کۆلن)ی بردەوە لە یاری پلەی ئۆف ساڵی ١٩٨٦. یانەکە هیچ رووداوێکی خۆشی بە خۆیەوە نەدیت تا ساڵی ١٩٨٩ کە بە ئەنجامی چوار بە یەک لە یانەی (ڤەردە برێمەن)ی بردەوە و بووە پاڵەوانی جامی ئەڵمانیا. لە هەمان ساڵ بە ئەنجامی چوار بە سێ لە یانەی بایرن میونخی بردەوە و بووە براوەی جامی سوپەری ئەڵمانیا. 

نەوەی زێڕینی ساڵانی ١٩٩٠ کان

دوای ئەوەی پلەی دەیەمی بەدەست هێنا لە بۆندسلیگا ڕاهێنەری یانەکەیان گۆڕی لە ساڵی ١٩٩١ و ئۆتمار هیتزفێلد بووە ڕاهێنەری نوێی یانەکە. لە ساڵی ١٩٩٢ نزیک بوو ببنە پاڵەوانی بۆندسلیگا کاتێک پلەی دووەمیان بە دەست هێنا دوای ئەوەی شتوتگارت دواین یاری خۆی بردەوە. لە ساڵی ١٩٩٣ پلەی سێیەمی بەدەست هێنا لە خولی بۆندسلیگا و چووە یاری کۆتایی جامی ئەورووپا کە ئەنجامی شەش بە یەک بە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی دۆڕا. ئەگەر چی یارییەکەیان دۆڕاند بەڵام توانیان ٢٥ ملیۆن مارکی ئەڵمانی وەرگرن، کە سوودێکی زۆریان لێبینی بۆ کڕینی ئەو یاریزانانەی کە بە نەوەی زێڕینی یانەکە ناسراون. 

بە توانای یاریزانی یانەکە ماتیاس زامەر یانەکە توانی بۆ دوو وەرز لەسەر یەک ببێتە پاڵەوانی بۆندسلیگا لە ساڵانی ١٩٩٥ و ١٩٩٦ و دوو جامی سوپەری ئەڵمانی بردەوە هەر لەو دوو ساڵە ١٩٩٥ و ١٩٩٦، کە دانەیەکیان دژی یانەی بۆروسیا میونشن گلادباخ بوو. دواتر بۆ وەرزی ١٩٩٦ بۆ ١٩٩٧ توانی خۆی بگەیەنێتە یاری کۆتایی جامی پاڵەوانەکانی ئەورووپا (چامپیۆنزلیگ) کە لە شاری میونخ ئەنجام دەدرا و بە ئەنجامی سێ بە یەک لە یانەی یۆڤانتۆس بباتەوە و ببێتە پاڵەوانی جامەکە. دواتر لە جامی جیهانی یانەکان توانی بە ئەنجامی دوو بە هیچ لە یانەی (کروزیرۆ)ی بەڕازیلی بباتەوە و ببێتە پاڵەوانی یانەکانی جیهان.

بووە دووەم یانەی ئەڵمانیا کە ببێتە پاڵەوانی جیهان دوای بایرن کە لە ساڵی ١٩٧٦ توانی بووی ببێتە پاڵەوان. بۆ ساڵی ١٩٩٨ یانەکە دووبارە نزیک بوو لەوەی ببێتەوە پاڵەوان، بەڵام لە یاری کۆتایی زۆربەی یاریزانە گرنگەکانی لەدەستدا زۆربەیان بەهۆی پێکان کە لە هەموویان گرنگتر (یۆرگن کۆلەر و ماتیاس زامەر) بوون بۆیە بە ئەنجامی دوو بە هیچ  بە یانەی ڕیال مەدرید دۆڕا. 

کاروانی یانەکە لە دەستپێکی  سەدەی بیست و یەک

لە ساڵی ٢٠٠٢ یانەکە توانی دووبارە نازناوی بۆندسلیگا بە دەست بهێنێت. لە ڕکابەرییەکی سەخت بەسەر یانەی (بایەر لیڤەرکوزن) سەرکەوت و لە کۆتایی گەڕی خولەکە پاڵەوان بوونی خۆی یەکلای کردەوە. ماتیاس زامەر ڕاهێنەری یانەکە بوو، بووە یەکەم کەس لە یانەی بۆروسیا دۆرتمۆند کە هەم وەک یاریزان و هەمیش وەک ڕاهێنەر نازناوەکە بۆ یانەکە بەدەست بهێنێت. و هەر لەو وەرزە یاری کۆتایی جامی ئەورووپای بە یانەی (فاینۆردی) هۆڵەندی دۆڕاند. دوای ئەمە ساڵانی نەهامەتی ڕووی کردەوە یانەکە. تووشی قەیرانی دارای بوو،  کەوتە ژێر قەرزێکی زۆرەوە کە ناچاری کرد یاریگای یانەکە سیگناڵ ئیدۆنا پارک بفرۆشێت.  هەر لەو ماوەیە واتە ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٤ دوای نەگەیشتنیان بە خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا بارودۆخەکە زۆر خراپتر بوو لەسەر یانەکە، کە لە یاری پاڵاوتن بۆ خولەکە بە یانەی (کلوپ بروج)ی بەلجیکا دۆڕان.

یانەکە نزیکبوو لەوەی بەتەواوی مایە پووچ بێت، بەڵام یانەی (بایرن میونخ) هاوکاری کردن هەموو مانگێک دوو ملیۆن یۆرۆی پێدەدان بۆ ئەوەی قەرزەکانیان بدەنەوە. دواتر هەر لەو نێوەندا (هانز خواکیم ڤاتزکە) بووە سەرۆکی نوێی یانەکە. دەستی کرد بە کارکردن بۆ دەرهێنانی یانەکە لە ژێر ئەم قەرزە زۆر و درێژخایەنە. بۆ ئەم مەبەستەش ٢٠% موچەی یاریزانەکانی بڕی، ناوی یانەکەی کردە (سیگناڵ ئیدۆنا پارک) کە پێشتر (یاریگای ڤیستیڤاڵیا) بوو تا لە بەرانبەردا پارەی لێ بەدەست بهێنێت. دیسانەوە لە وەرزی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٦ ئەنجامێکی خراپی هەبوو، کە پلەی ٧تەمی بەدەست هێنا لە بۆندسلیگا. دواتر توانی بە فرۆشتنی هەردوو یاریزان (تۆماس رۆسێسکی) بە ئەرسناڵ و (داڤید ئۆدنکەر) بە ڕیال بیتز هەندێک قازانج بکات. 

بۆ وەرزی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٧، وەرزێکی زۆر خراپیان بەڕێکرد نزیک بوو لەوەی دابەزن بۆ خولی پلەدوو. سێ ڕاهێنەریان گۆڕی بۆ مانەوە تا دواین ڕاهێنەر کە ناوی (تۆماس دۆل) بوو توانی یانەکە بهێڵێتەوە لە خولەکە. لە وەرزی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨ دیسانەوە وەرزێکی باش نەبوو بۆ یانەکە. پلەی ١٣میان بەدەست هێنا لە بۆندسلیگا. خۆیان گەیاندە یاری کۆتایی جامی ئەڵمانیا، بەڵام بە ئەنجامی دوو بە یەک بە بایرن میونخ دۆڕان لە کاتی زیادکراو. بەڵام لە بەختی دۆرتمۆند بایرن پێشتر گەیشت بوو بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بۆیە دۆرتمۆند سەرباری ئەوەی یاری کۆتایی دۆڕاند بەڵام هەر گەیشت بە خولەکە. لە ١٩ی مانگی پێنجی ساڵی ٢٠٠٨ (تۆماس دۆل) دوورخرایەوە لە ڕاهێنەرایەتی یانەکە و (یۆرگن کلۆپ) بوو بە ڕاهێنەری نوێی یانەکە. 

گەڕانەوە بۆ نێو دونیای سەروەری دووبارە

لە وەرزی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٠ یانەکە وەرزێکی باشی بەڕێکرد دوای ئەوەی توانی بلیتێکی یۆرۆپالیگ بەدەست بهێنێت دوای ئەوەی هەردوو یاری کۆتایی خولی دۆڕاند و نەیتوانی بلیتێلی چامپیۆنسلیگ بەدەست بهێنێت. بۆ وەرزی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١١ یانەکە وەرزێکی سەرسوڕهێنەری هەبوو دوای ئەوەی لە نیوەی وەرزەکە بە هەشت خاڵ لە پێش یانەی دوای خۆی بوو دوو یاریشی کەمتر کردبوو. بووە پاڵەوانی بۆندسلیگا بۆ حەوتەم جار لە مێژوویدا لەو ساڵەدا بلیتێکی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپاشی بەدەست هێنا. بۆ وەرزی دواتریش واتە ٢٠١١ بۆ ٢٠١٢ دیسانەوە وەرزێکی سەرسوڕهێنەری بە ڕێکرد و بە کۆکردنەوەی ٨١ خاڵ بووە پاڵەوان کە پێشتر هیچ یانەک نەیتوانی بوو لە یەک وەرز لە بۆندسلیگا ئەوەندە خاڵە کۆبکاتەوە. کە دواتر ئەو پێوانەیان لەلایەن یانەی بایرن میونخ شکێنرا کە ٩١ خاڵیان کۆکردەوە.

ئەم نازناوەیان هەشتەم نازناویان و کۆتا نازناوە کە بەدەستیان هێنابێت لە بۆندسلیگا کە بوونە سێیەم یانەی وڵات کە زۆرترین جار نازناوەکەیان بە دەست هێناوە. ئەم دوو نازناوەش بە نەوەیەکی زێڕین بەدەست هێنرا کە دیارترینیان (ماریۆ گۆتزە، ماتس هۆملس، ڕۆمان ڤایدنڤێلەر، سۆبۆسیچ، لۆکاس پێزچیک، ئێلکای گۆندۆگان، ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، شینجی کاگاوە، سباستیان کێل) بوون. هەر لەم وەرزە توانیان بۆ یەکەم جار لە مێژوویان هەردوو نازناوی بۆندسلیگا و جامی ئەڵمانیا بە یەکەوە ببەنەوە دوای ئەوەی بە ئەنجامی پێنج بە دوو لە یانەی بایرن میونخیان بردەوە. کە ئەم کارە تەنها لەلایەن یانەکانی کۆڵن، بایرن میونخ، ڤەردە برێمەن ئەنجامدرابوو پێشتر. بووە یانەی ساڵ بۆ ساڵی ٢٠١١ لە ئەڵمانیا.

بۆ وەرزی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٣ پلەی دووەمیان لە خول بە دەست هێنا. بۆ دووەم جار لە مێژوویان گەیشتنە یاری کۆتایی جامی پاڵەوانەکانی ئەووروپا و بە ئەنجامی دوو بە یەک بە یانەی (بایرن میونخ) دۆڕان لە یاریگای وێمبلی وڵاتی بەڕیتانیا. دواتر لە وەرزی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٤ لە یاری جامی سوپەری ئەڵمانیا بە ئەنجامی چوار بە دوو لە بایرن میونخی بردەوە و بووە پاڵەوان. لە سەرەتای دەستپێکی خولی ئەڵمانی توانی پێنج بردنەوەی لە دوای یەک بەدەست بهێنیت کە باشترین دەستپێکی یانەکە بوو لە مێژوودا، بەڵام دواتر بەهۆی پێکانی هەندێک لە یاریزانە گرنگەکانی چەند یارییەکی دۆڕاند سەرباری ئەو دۆخە خراپەش توانی پلەی دووەم بەدەست بهێنێت لە خولی ئەڵمانی. لە خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا لە چارەگی کۆتایی بە ئەنجامی سێ بە دوو بە یانەی ڕیاڵ مەدرید دۆڕا بەهۆی پێکانی زۆری یاریزانەکانی. گەیشتە یاری کۆتایی جامی ئەڵمانیا و بە ئەنجامی دوو بە هیچ بە بایرن میونخ دۆڕا. 

دەستپێکی وەرزی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥ بۆ یانەکە زۆرباش بوو دوای ئەوەی یاری جامی سوپەری ئەڵمانیای لە بایرن بردەوە بە ئەنجامی دوو بە هیچ. بەڵام لە خول وەرزێکی زۆر خراپیان بەڕێکرد لە نیوەی وەرزەکە زۆر نزیک بوون لە ناوچەی دابەزین لە خولەکە، دواتر توانیان خۆیان بگەڕێنەوە و پلەی حەوتەمی بەدەست بهێنن و لە ڕێی بردنەوەی جامی ئەڵمانیا لە ڤۆلسڤبۆرک پلیتێکی یۆرۆپالیگ بەدەست بهێنن. هەر لە مانگی چواری ساڵی ٢٠١٥ یۆرگن کلۆپ ڕایگەیاند دوای حەوت ساڵ لە ڕاهێنەرایەتی کردنی یانەکە بڕیاریداوە یانەکە جێبهێڵێت، دوای چوار ڕۆژ دۆرتمۆند (تۆماس توخێل)ی وەک جێگرەوەی راگەیاند. 

کاروانی یانەکە لە سەردەمی دوای یۆرگن کلۆپ

لە وەرزی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ ئەگەر چی وەرزێکی زۆرباشیان بەڕێکرد لە خولی ئەڵمانی لە ٢٤ یاری خولەکە ٣٤ یاریان بردەوە، بەڵام نەیان توانی نازناوەکە یەکلایی بکەنەوە بۆ خۆیان و بایرن بووە پاڵەوان. لە یۆرۆپالیگ لەسەر دەستی یۆرگن کلۆپ دەرکران کە ڕاهێنەرایەتی یانەی لیڤەرپوولی دەکرد. لە جامی ئەڵمانیا گەیشتنە یاری کۆتایی، بەڵام بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بە بایرن میونخ دۆڕان. لە ١١ی مانگی پێنجی ساڵی ٢٠١٧ تەقینەوەیەک لەلای پاسی یانەکە ڕوویدا کە خەریک بوون دەچوونە یاری چارەگی کۆتایی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا. ماڕک باترای بەرگریکاری یانەکە بریندار بوو بەهۆی تەقینەوەکە و بەهۆی ئەم ڕووداوە یانەکە یاریەکەشی دۆڕاند بەرانبەر یانەی مۆناکۆ بە ئەنجامی سێ بە دوو.

تۆماس توخێل ڕاهێنەری یانەکە ڕەخنەی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا گرت، چونکە تەنها یەک ڕۆژ یارییەکان دواخستبوو کە یاریزانەکان تەواو شۆک ببوون. هەرچەندە فیدراسیۆنی ئەورووپا وەڵامی دایەوە کە ئەو بڕیارەی بە هەماهەنگی لەگەڵ یانەکە داوە. هەر لەو وەرزە توانی یاری کۆتایی لە یانەی فرانکفۆرت بباتەوە ببێتە پاڵەوانی جامی ئەڵمانیا بە ئەنجامی دوو بە یەک. بۆ وەرزی دواتریش ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ یانەکە تۆماس توخێلی لە ڕاهێنەرایەتی یانەکە لابرد و (پیتەر بۆز)ی کردە ڕاهێنەری نوێی یانەکە کە دەستپێکێکی زۆر خراپ هەبوو بۆیە لە ڕاهێنەرایەتی کردنی یانەکە دوورخرایەوە (شتوگەر)یان خستە شوێنی کە توانی پلەی ٤م بۆ دۆرتمۆند بە دەست بهێنێت دوای ئەم وەرزە خراپە لە خولی ئەڵمانی. 

بۆ وەرزی دواتر (لوسیان فاڤر) کرایە ڕاهێنەری یانەکە و گۆرانکارییەکی زۆر لە پێکهاتەدا کرا. دۆرتمۆند لەو ساڵەدا  توانی تا دواین گەڕی بۆندسلیگا ململانێی بایرن میونخ بکات و بە تەنها دوو خاڵ خولەکە بە بایرن بدۆڕێنێت. لەبەر ئەم وەرزە باشە یانەکە ماوەی مانەوەی ڕاهێنەرەکەی لەگەڵ یانەکە درێژکردەوە. بۆ وەرزی دواتر توانیان جامی سوپەری ئەڵمانی ببەنەوە و چەندی یاریزانی ناوداریان کرڕی بۆ ئەوەی وەرزێکی باشیان هەبێت. بەڵام دووبارە بۆ وەرزی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ خولی ئەڵمانی لە دەست داو پلەی دووەمی بەدەست هێنا. لە چامپیۆنزلیگ و جامی ئەڵمانیاش هەر زوو دەرکرا. 

دەستکەوتە گرنگەکانی یانەی بۆروسیا دۆرتمۆند

  • هەشت جار بووەتە پاڵەوانی خولی ئەڵمانی.
  • پێنج جار بووەتە براوەی جامی ئەڵمانیا.
  • یەک جار بووەتە براوەی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا "چامپیۆنزلیگ".
  • پێنج جار بووەتە پاڵەوانی جامی سوپەری ئەڵمانیا.
  • یەک جار بووەتە براوەی جامی سوپەری ئەورووپا. 


سەرچاوەکان



44 بینین