لە ڕێگای نینۆکەکانەوە دەتوانین نەخۆشییەکانمان دەستنیشان بکەین

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-10-14-19:50:00 - کۆدی بابەت: 6876
لە ڕێگای نینۆکەکانەوە دەتوانین نەخۆشییەکانمان دەستنیشان بکەین

ناوه‌ڕۆك

نینۆکەکان و تەندروستی

نینۆکی سپی یان پەمەیی کاڵ یان زبری یان ئاوسانی شانەکانی دەوروبەری نینۆکەکان لەوانەیە نیشانەی نەخۆشییەک بێت لە جەستەدا، لەوانە کێشەکانی جگەر و سییەکان و دڵ دەتوانن لە نینۆکەکانتدا دەربکەون، هەرچەندە گۆڕانکارییەکانی ڕەنگی نینۆک لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەردەکەوێت، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە بەدەگمەن نیشانەی یەکەمن، هەروەها زۆربەی حاڵەتە نائاساییەکانی نینۆک بێ‌ زیانن و مەرج نییە هەر کەسێک نینۆکەکانی سپی بێت هەوکردنی جگەری هەبێت، وە ئەگەر گرنگی بە شێوەی نینۆکەکانت دەدەیت سەردانی پزیشکەکەت یان پزیشکێکی پێست بکه.

گۆڕانی نینۆک و نەخۆشییەکان

  • نینۆکە زەردهەڵگەڕاوەکان

نینۆکە هەڵبزڕکاو و زەردهەڵگەڕاوەکان هەندێجار دەتوانن نیشانەی نەخۆشییە سەختەکان بن، وەک: ئەنیمیا "کەمخوێنی"، خوێنتێزانی پەککەوتنی دڵ، نەخۆشی جگەر، و بەدخۆراکی.

  • سپی بوونی نینۆکەکان

ئەگەر نینۆکەکان بە گشتی سپی بن لەگەڵ لێواری تۆخ لەوانەیە ئاماژە بە کێشەکانی جگەر بکات، وەک هەوکردنی جگەر، هەروەها ڕەنگی پەنجەکانیش زەرد دەبن ئەمەش نیشانەیەکی تری کێشەی جگەرە.

  • زەردبوونی نینۆکەکان

دەردە کەڕوو یەکێکە لە باوترین هۆکارەکانی زەردبوونی نینۆکەکان، لەگەڵ خراپتربوونی توشبووەکە دەشێت پێستی چواردەور و بەشی ژێرەوەی نینۆکەکان گرژبن و لەوانەیە نینۆکەکان ئەستوور ببن و تێکبشکێن، لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا، نینۆکە زەردەکان دەتوانن بارودۆخە سەختترەکانی وەکو نەخۆشییە سەختەکانی لیکەڕژێنی دەرەقی و نەخۆشی سییەکان و شەکرە یان نەخۆشییەکانی پێست "بەڵەکی" نیشان بدەن.

  • شینباوبوونی نینۆکەکان

نینۆکەکان بە سوکه ڕەنگێکی شینباوییەوە دەتوانن مانای ئەوە بگەیەنن کە جەستە ئۆکسجینی تەواو بەدەست ناهێنێت، ئەمە دەشێت ئاماژە بە کێشەیەکی سییەکان بکات، وەک ئاوسانی سییەکان، هەروەها نینۆکە شینباوەکان دەشێت پەیوەندی بە هەندێک لە کێشەکانی دڵیشەوە هەبێت.

  • زبربوونی نینۆکەکان

ئەگەر ڕوکەشی نینۆکەکە زبر یان بریندار بێت ئەوا لەوانەیە نیشانەیەکی زوو دەرکەوتووی بەڵەکی یان نەخۆشی هەوکردنی جومەگەیی بێت، گۆڕینی ڕەنگی نینۆک شتێکی باوە و پێستی ژێر نینۆکەکە دەکرێت بە ڕەنگی قاوەییەکی سوورباو دەربکەوێت.

  • نینۆکه تەقیوەکان

نینۆکە وشک و وەریوەکان کە زۆر جار دەتەقن یان دوولەت دەبن پەیوەندیان بە نەخۆشی لیکەڕژێنی دەرەقییەوە هەیە، لەوانەیە تەقین و دوولەتبوونی نینۆکە ڕەنگ زەردباوەکان زیاتر بەهۆی دەردە کەڕووەوە بێت.

  • هەڵئاوسانی شانەکانی دەوروبەری نینۆک

ئەگەر پێستی چواردەوری نینۆک سوور و هەڵئاوساو دەربکەوێت ئەوا ئەم حاڵەتە پێی دەگووترێت هەوکردنی شانەکانی دەوروبەری نینۆک، هەروەها دەشێت ئەم سوور بوونەوە و هەڵئاوسانە لە ئەنجامی سیلی پێست یان ناساغی بەستەرە شانەوە دروست ببێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت ژەهراويبوون و چڵککردن هۆکاری سووربوونەوە هەوکردنی شانەکانی دەوروبەری نینۆک بن.

  • هێڵە ڕەنگ تۆخەکانی بەشی ژێرەوەی نینۆک

پێویستە بەزووترین کات هێڵە ڕەنگ تاریکەکانی ژێر نینۆک بپشکێندرێن، هەندێکجار لوو هۆکاری دروستبوونی ئەم هێڵە تاریکانەیە کە ئەویش مەترسیدارترین جۆری شێرپەنجەی پێستە.

  • نینۆکە قرتاوەکان

قرتاندنی نینۆکەکانت بە دەم لەوانەیە خوویەکی کۆن زیاتر نەبێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا نیشانەی نیگەرانی بەردەوامە و لەم حاڵەتەشدا دەتوانیت سوود لە چارەسەری پزیشکی وەربگریت، هەروەها گازگرتن لە نینۆکەکان پەیوەندی بە نەخۆشی وەسواسی "COD" ـەوە هەیە، ئەگەر ناتوانیت واز لەم خووەت بێنیت، باشتر وایە لەگەڵ پزیشکەکەتدا وتوێژ بکەیت.


سەرچاوەکان



830 بینین