وەڵامی نۆ پرسیار لە بارەی جەنگی ناخۆیی ئەمریکا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-06-18:35:00 - کۆدی بابەت: 12788
وەڵامی نۆ پرسیار لە بارەی جەنگی ناخۆیی ئەمریکا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

وەڵامی نۆ پرسیار لە بارەی جەنگی ناخۆیی ئەمریکا (بە عەرەبی: إجابات على تسعة أسئلة حول الحرب الأهلية الأمريكية، بە ئینگلیزی: Answers of nine questions about American civil war) جەنگی ناوخۆیی ئەمریکا لە نێوان ساڵانی ١٨٦١-١٨٦٥ ڕوویداوە، جەنگەکە لە نێوان بەرەی باکوور (ویلایەتە یەکگرتووەکان) و ١١ ویلایەت لە بەرەی باشوور ڕوویدا. لە ئەنجامی جەنگەکەدا بەرەی باکوور بەسەر بەرەی باشوور سەرکەوت و کۆنفدراسیۆنی یەکگرتووی ئەمریکا پێکهێنرا.

وەڵامی نۆ پرسیار لە بارەی جەنگی ناوخۆیی ئەمریکا

ئەم پرسیارانە لەلایەن کۆمەڵێک سەرکردە و دیپلۆماتی هەردوو بەرەی ئەمریکا (باکوور و باشوور) وەڵامدراونەتەوە، بە تایبەتی شازدەیەمین سەرۆکی ئەمریکا "ئەبراهام لینکۆڵن" وەڵامی بەشێک لەم پرسیارانەی وەک یاداشت داوەتەوە و لە ڕۆژنامەکانی ئەو کاتەدا بڵاوکراونەتەوە بە تایبەتیش ڕۆژنامەی بەلتیمۆر. 

هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی ئەمریکا چی بوو؟

هۆکاری سەرەکی جەنگەکە پرسی کۆیلایەتی بوو کە ئەمریکای لە نێوان داکۆکیکاران و بەرهەڵستیکارانی ئەم پرسەدا دابەشکرد. هەڵبژاردنی ئەبراهام لینکۆڵن وەکو سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پشکی پارتی کۆمارییەکان، بەرهەڵستیکاری کۆیلایەتی و بازرگانی کردن بوو بە مرۆڤەوە لە ساڵی ١٨٦٠ ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی ئەمریکا لە ساڵی دواتردا واتا ١٨٦١. 

بۆچی جۆن بڕاون بە هۆکاری جەنگەکە دەزانرێت؟

جۆن بڕاون کە سەرکردەی ڕەوتی کۆمەڵایەتی ئەورووپی-ئەمریکی بوو، لە هەمان کاتدا ڕێبەری هێزێکی میلیشیایی دەکرد، پێشڕەوی هێزێکی چەکداری فیدڕاڵی لە ناوچەی هارپەر فێری دەکرد کە دەکەوێتە ویلایەتی ڤێرجینیا. ساڵی ١٨٥٩ هانی هاوڵاتیانی دا کە جوڵانەوەیەک دژی کۆیلایەتی پێکبهێنرێت ئەوەبوو لە هەمان ساڵدا یاخی بوونی دژ بە کۆیلایەتی سەریهەڵدا کە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵێسەی جەنگی ناوخۆیی ئەمریکا دادەنرێت. 

ئامانجی ئەبراهام لینکۆڵن چی بوو؟

ئامانجی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی جەنگدا پاراستنی یەکگرتوویی خاکی ئەمریکا و ڕێگری کردن بوو لە پەرتەوازە بوون. بەڵام چونکە ناکۆکییەکان چووە خەباتی چەکداری لە دژی یەکتر، دەبوو بە خوێن ڕشتن و زەبری هێز بڵێسەی جەنگی ناوخۆیی وڵاتەکە دامرکێنێەوە. بەم جۆرەش توانی جەنگەکە بباتەوە و کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنێت و ئەوەی بەرهەڵستکارانی کۆیلایەتی دەیانویست بە دەستی بهێنن بە دەستیان هێنا. 

جێفرسن داڤیس چی کرد؟ 

سەرۆکی کۆنفدراسیۆنی ئەمریکا، جێفرسن داڤیس لە ماوەی جەنگەکەدا خۆی وەک سەرۆکی بەرەی باشوور ناساند و باشووری ئەمریکای لە ویلایەتە یەکگرتووەکان جیاکردەوە کە پێکهاتبوون لە ١١ ویلایەت. بەرەی باشوور سەرکردایەتی سوپای دایە دەست فەرماندە ڕۆبەرت ئی لیی. کە سەرکردەی هێزە چەکدارییەکانی بەرەی باشووری دەکرد لە جەنگی ڤێرجینیا لە مانگی حوزەیرانی ١٨٦٢.

چۆن یولیسیس ئێس گرانت کاریگەری لەسەر ئەنجامی جەنگەکه هەبوو؟

یولیسیس فەرماندەیەکی بەرەی یەکگرتووەکان یاخود "یونییەن" بوو کە بەرەی باکووری وڵاتەکە دەگرێتەوە، لە دوو جەنگدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا، بەهۆی ئەمەوە بووە فەرماندەی تەواوی هێزە چەکدارەکانی باکوورییەکان. ئەمەش دوای جەنگی ڤیکسبێرگ و میسیسپی. گرانت فەرمانی بە جنڕاڵ ویلیەم تێکوسمێس شێرمان کرد کە ئەتڵەنتا کۆنتڕۆڵ بکات کە لە باشووری وڵاتەکە بوو، ئەم ستراتیجییەی گرانت پلانێکی گرنگ بوو بۆ شکستهێنان بە کۆنفدراسیۆنییەکان لە ساڵی ١٨٦٥.

کاریگەری جەنگی گێتیسبەرگ چی بوو؟

جەنگێکی گرنگ بوو چونکە باشوورییەکان چەندین کۆلۆنێڵ و جنڕاڵ و ڕێژەیەکی زۆر سەربازیان لە دەستدا، فەرماندە ڕۆبەرت ئی لیی تاکە هیوای مابووی بەرگرییەکی سەخت بوو بۆ ئەوەی چیتر شکست نەهێنێت. 

کـــێ براوە بوو؟ 

جەنگەکە لە نیسانی ١٨٦٥ بە کۆتا هات، دوای ئەوەی ڕۆبەرت ئی لی سوپاکەی بەدەستەوەدا و خۆی ڕادەستی یوسیلێس ئێس گرانت کرد. بەمەش بەرەی باکوور "یونیەن" بەسەر بەرەی کۆنفدراسیۆن "بەرەی باشوور"دا سەرکەوت. 

چەند کەس لە ماوەی جەنگەکەدا کوژرا؟

ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە کە ڕۆژانە و هەفتانە هەواڵەکانیان دەگواستەوە دەڵێن بە نزیکەیی ٧٥٢-٨٥١ هەزار سەرباز کوژراون کە بە پێی ئەمە بێت ٢٪ دانیشتوانی ئەمریکا بەهۆی جەنگی ناوخۆیی ئەمریکا کوژراون. جەنگی گێتسبەرگ خوێناویترین جەنگ بووە لە مێژووی ئاڵۆزییەکانی جەنگی ناوخۆدا ٧٠٠٠ کوژراو و ٥١ هەزار برینداربوونی لێ کەوتەوە. 


بۆچی سیمبولەکانی کۆنفدراسیۆنییەکان مشتومڕدارە؟

هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرکردەکانی بەرەی باشوور دروشمی ڕەگەزپەرستی و دروشم دژی ئازادی بۆ کۆیلەکان و چەندەها دروشمی خۆپەرستی و ناڕەوا بەکارهێنراون. بۆیە لەم سەردەمەدا بە گوێرەی یاساکانی مافی مرۆڤ دروشمەکانی کۆنفددراسیۆنییەکان مشتومڕی لێ دەکەوێتەوە و بە ناڕەوا باس دەکرێن. بەتایبەتی لە ڕوانگەی ڕەگەز پەرستی و دژ بە ئازادی. 


سەرچاوەکان



67 بینین