داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-02-25-14:26:00 - کۆدی بابەت: 7887
داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا یان داگیرکردنی ڕووسیا لەلایەن ئۆکرانیا (بە ئینگلیزی: 2022 Russian invasion of Ukraine، بە عەرەبی: الغزو الروسي لأوكرانيا) داگیرکارییەکی سەربازییە لە ساڵی ٢٠٢٢ کە ڕووسیا دوای چەندین ماوە لە هەڕەشە و کۆکردنەوەی هێز لە سنوورەکانی ئۆکرانیا، لە ٢٠٢٢/٢/٢٤ هێرشی کردە سەر وڵاتەکە و سەربەخۆیی کۆماری گەلی دۆنیتسک و کۆماری گەلی لۆگانسکی ڕاگەیاند، پێشتر لە ٢٠٢٢/٢/٢١ هێزەکانی ڕووسیا چوونە نێو ناوچەی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

لە ٢٤ـی مانگ ڤلادیمێر پۆتین لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە هێرش دەکەنە سەر ئۆکرانیا بە مەبەستی داپڵۆسینی لە چەک و لابردنی کاریگەریی نازییەکان لەسەری. لەگەڵ وتارەکەشدا بۆردمانی زۆرینەی ناوچە گرنگەکانی ئۆکرانیا بە پایتەختیشەوە دەستی پێکرد.

ڕووداوەکانی پێشووتر کە بوونە هۆکاری جەنگ

سەرەتا و مێژووی ئۆکرانیا

ئۆکرانیا وڵاتێکی ئەورووپی دیموکراتە، ژمارەی دانیشتوانی ٤٤ ملیۆن کەسە، لە ڕابردوودا لە پاش ڕووسیا دووەم گرنگترین وڵاتی یەکێتیی سۆڤیەت بووە، لە ساڵی ١٩٩١ سەربەخۆیی تەواوی وەرگرت و لە یەکێتی سۆڤیەت و ڕووسیا جیابووەوە، شاری "کیێڤ" وەکوو پایتەختی وڵات دیاری کرا، هەر لە دوای جیابوونەوەی بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ وڵاتی ڕووسیا و شوێنی جوگرافییەکەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات کێبڕکێی لەسەر دەکەن، هەروەها دوای جیابوونەوەی دانیشتوانی وڵات بوون بە دوو بەشەوە، بەشی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانی کە زمانی ڕووسی زمانی فەرمییانە هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بوونە کە وڵاتەکەیان پاڵپشتی و هاوپەیمانی ڕووسیا بکات، بە پێچەوانەوە دانیشتوانی بەشی ڕۆژئاوای وڵاتیش هەمیشە ویستویانە پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژئاوا بن و لە ڕووسیا دوور بکەونەوە، هەر ئەم ڕاجیایی و دووبەرەکییە لە سەرەتای سەربەخۆییەوە باری سیاسی وڵاتی ناجێگیر کرد.
لە ساڵی ٢٠٠٤ بەهۆی شۆڕشی گەلی ئۆکرانیا دەسەڵاتی سەرۆکی وڵات "یانوکۆڤیچ"ـیان ڕووخاند چونکە هاوپەیمانی ڕووسیا بوو، لە جێی ئەو "یۆشچێنکۆ" وەکوو سەرۆک هەڵبژێردرا کە نزیک و هاوپەیمانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بوو.
ساڵی ٢٠١٠ "یانوکۆڤیچ" دووبارە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە دەسەڵاتی ئۆکرانیای گرتەدەست بووە هاوپەیمانی ڕووسیا و پۆتین، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٤ دووبارە شۆڕش دژی ئەنجامدرا و لە دەسەڵات دوورخرایەوە، ئەم ڕووداوە بووە سەرەتا و دەستپێکی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
لە ساڵی ٢٠١٩ ئۆکرانییەکان سەرۆکێکی گەنجیان هەڵبژارد بە ناوی "ڤۆلیدیمێر زێلێنسکی" کە هونەرمەندێکی کۆمیدی بوو، ئەزموونی سیاسی کەم و لاواز بوو، هەمیشە بەڵێنی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دەدا بەڵام بێهودە بوو، چونکە پۆتین بە گەنجێکی ساویلەکە و کەم ئەزموونی دادەنا. 

مێژووی ناکۆکیەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە 

سەرەتای ناکۆکییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، کاتێک گەلی ئۆکرانیا شۆڕشیان دژی سەرۆکی وڵاتەکەیان کرد بەهۆی ئەوەی پاڵپشت و هاوپەیمانی ڕووسیا بوو، فلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا هەڵوێستی توندی لەم ڕووداوە وەرگرت، بۆیە ناوچەی نیمچە دوورگەی "قەرم"ـی ئۆکرانیای داگیر کرد و کردییە بەشێک لە سنوورەکانی خۆی، هەروەها پاڵپشتی سەربازیی ئەو هێزە جووداخوازانەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای دەکرد کە دەیانویست لە وڵاتی ئۆکرانیا جیاببنەوە و لەگەڵ وڵاتەکەی خۆیان لە جەنگدا بوون.
لە ١٠ـی تشرینی دووەمی٢٠٢١ ڕووسیا نزیکەی ١٠٠ هەزار سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیر کرد.
ڕووسیا بە پاساوی پارێزگاری کردن لە سنوورەکانی ئەو سەربازانەی جێگیر کرد بوو، هەروەها چەند وڵاتێکی زلهێزی ڕۆژئاوای تۆمەتبار کرد بە پێدانی چەک بە ئۆکرانیا، ڕاهێنانی سەربازییەکانی ئەو وڵاتەی بۆ سەر سنوورەکانی خۆی بە هەڕەشە دادەنا.
لە ١٨ـی کانوونی دووەم ڕووسیا ژمارەی سەربازەکانی سەر سنوور زیاتر کرد. 

هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی نێوانیان

بەهۆی ئەوەی ئۆکرانیا لایەنگیری وڵاتانی ڕۆژئاوایە، ڕووسیا هەمیشە ئەم وڵاتەی بە هەڕەشە داناوە بۆ بە بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆی، پێش چەند مانگێک ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا ڕەتیکردەوە کە پلان و ئامادەکاری جەنگ دژی ئۆکرانیا ڕابگەیەنێت و پەیمانی ئاشتی ڕاگەیاند، بەڵام لە ئێستادا ڕەچاوی پەیمانی نێوانیانی نەکرد لە ڕێگەی سنووری هاوبەشی هەردوو وڵات هێزی ڕووسیی ڕەوانەی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات و باشووری سنوورەکانی ئۆکرانیا کردووە.

هۆکاری سەرەکی جەنگی ٢٠٢٢ـی ڕووسیا و ئۆکرانیا چییە؟

ڕووسیا بە فەرمی و بە ڕاشکاوی دەیەوێت وڵاتی ئۆکرانیا هەموو ڕێککەوتن و هاریکارییەکی لە هاوپەیمانی ناتۆ هەڵوەشێنێتەوە، بە پاساوی ئەوەی زیان بەر ئاسایشی ڕووسیا دەکەوێت بە هیچ جۆرێک نابێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ.
هەروەها ڕووسیا دەیەێت هەموو ئەو گۆڕانکاریی و هەموارکردنەوانەی دەستوور کە لە ساڵی ٢٠١٩ ئۆکرانیا لە دەستووری خۆی ئەنجامی دا هەڵبوەشێنرێتەوە و کۆتایی پێبهێنرت، چونکە لە ڕێگەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئۆکرانیا لە دەستووری وڵاتەکەی کردی دەتوانێت ببێتە ئەندام و هاوپەیمان لە یەکێتی ئەورووپا و هاوپەیمانی ناتۆ.
لە دوای ڕووخان و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و هاوپەیمانی وارسۆ، هاوپەیمانی ناتۆ گەشەی سەند زۆرێک لەو وڵاتانەی لەخۆگرت کە لەو یەکێتی و هاوپەیمانییە جیاببوونەوە، بۆیە ڕووسیا و سەرۆکەکەی ترسی ئەوەیان هەیە کە بەرژەوەندییە سیاسییەکان و ئاسایشی وڵاتەکەیان هەڕەشەی وڵاتانی زلهێزی لەسەر بێت.
ناتۆ کە بە ١٢ وڵاتی ئەندام لە ساڵی ١٩٤٩ لە ئەمریکا دژ بە یەکێتی سۆڤێت دامەزرا، لە حەوت دەیەی رابردوودا بە نۆ قۆناغ ژمارەی ئەندامەکانی گەیاندە ٣٠ ئەندام، ئەگەر  ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ، ڕووسیا بە تەواوەتی تەوق دەدرێت.

بۆ پۆتینی سەرۆکی ڕووسیا ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ هێڵی سوورە، چونکە پۆتین نایەوێ ئەمریکا بە ئاسانی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە نزیکی سنووری ڕووسیا پەرە پێبدات.
پاساوی پۆتین بۆ داواکارییەکانی و دەستێوەردانەکانی لە بڕیارەکانی ئۆکرانیا ئەوەیە کە گرەنتی ئاسایشی ڕووسیا دەکات دژی ئۆکرانیا و وڵاتانی زلهێزی ڕۆژئاوا و ئەورووپا، چونکە ئۆکرانیا هاوسنووری ڕووسیایە و پێگەیەکی جوگرافی و ستراتیجی گرنگ و ئابوورییەکی بەهێزی هەیە، دەکرێت لە ڕێگەی ئۆکرانیاوە زیان بە پێگە و بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا بگەینرێت.

هەڵگیرسانی جەنگ و لێکەوتەکانی

بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٣ـی شوباتی ٢٠٢٢  ڤلادیمێر پۆتین دەستپێکردنی هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا ڕایگەیاند، دەنگی تەقینەوە لە کیێڤی پایتەخت و ژمارەیەک لە شارە سنوورییەکانی ئۆکرانیا بیستران، سووپای ڕووسیا فڕۆکەخانەی پایتەخت و بنکە و بارەگا سەربازییەکانی سووپای ئۆکرانیای بۆردمان کرد، تا ئێستا بە سەدان کەس کوژراو و بریندار هەیە، بە هەزاران کەسیش ئاوارە بوون.
دوابەدوای ڕاگەیاندنی جەنگ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان ڕاستەوخۆ بەرز بووەوە، شارەزایانی ئابووری هۆکاری ئەم هەڵکشانە دەگەڕێننەوە بۆ ئەو هه‌ڕه‌شانه‌ی كه‌ هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئه‌مه‌ریكا له‌ یه‌كتری ده‌كه‌ن، 
هەریەک لە وڵاتی ڕووسیا و ئۆکرانیا نزیکەی ٢٥%ـی بەرهەمهێنەری گەنمن لە جیهاندا، ئەم ڕێژەیە زیانی بەرکەوتووە. 

هەڵوێستی وڵاتانی تر 

دوابەدوای هێرشەکان سکرتێر و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا و ئیدانەی هێرشەکانیان کرد و هەڕەشەی سزادانیان بە ڕووسیا دا.
هەر لە سەرەتای گرژی و ناکۆکییەکانی هەردوو وڵات، واشنتۆن نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری وەکوو هاریکاریی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا تەرخان کرد.
وڵاتانی باڵتیک چەک و تەقەمەنیان بەخشییە کیێڤی پایتەخت.
لە پاریس هەریەک لە وەفدی ڕووسی و ئۆکرانی بە نێوەندگیریی فەڕەنسا و ئەڵمانیا کۆبوونەوەیان ئەنجام دا بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام.
وڵاتی چین پاڵپشتی ڕووسیایە و پێی وایە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕووداوەکەیان گەورە کردووە و ڕووسیا مافی خۆیەتی پارێزگاری لە ئاسایشی وڵاتەکەی بکات.
لە حەوتی شوبات واشنتۆن سێ هەزار سەربازی ناردە سنووری وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە سنووری ئەو وڵاتانەی کە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆن.
هەریەک لە ئەڵمانیا و ئەمریکا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی پۆتین و ڕووسیایان کرد و وتیان کە سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنن، بەڵام بە کردار هیچیان نەکرد.
وڵاتی بەریتانیا بڕیاری ڕاگرتنی بەشێک لە بانکەکانی ڕووسیا لە وڵاتەکەی دا.

قۆناغی یەکەم: داگیرکردنی ئۆکرانیا (٢٤ی شوبات-٧ی نیسان)

٢٤ـی شوبات

  • کەمێک پێش کاتژمێر پێنجی بەیانی بە کاتی ئۆکرانیا (کاتژمێر ٠٦:٠٠ بەکاتی مۆسکۆ) پۆتین ڕایگەیاند کە بڕیاری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا داوە، لە وتارەکەیدا وتی کە هیچ پلانێک نییە بۆ داگیرکردنی خاکی ئۆکرانیا. ناوبراو داوای مافی خۆنووسینی گەلانی ئۆکرانیای کرد و ڕایگەیاند کە ڕووسیا بەدوای "چەک دانان"ـی ئۆکرانیادا دەگەڕێت و داوای لە سەربازانی ئۆکرانیا کرد چەکەکانیان دابنێن.
  • لە ماوەی چەند خولەکێک دوای ڕاگەیەندراوەکەی پۆتین، کۆمەڵێک تەقینەوەی زۆر لە کیێڤ، خارکیڤ، ئۆدیسا و دۆنباس بیستران و بینران، بەرپرسانی ئۆکرانی وتیان هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆدیسا و ماریۆپۆل نیشتوونەتەوە و موشەکی کروز و مووشەکی بالستیکیان لە فڕۆکەخانە و بارەگا سەربازییەکان لە کیێڤ و خارکیڤ و دنیپرۆ داوە.
  • کاتژمێر ٧:٤٠ خولەکی بەیانی تۆڕی میدیایی CNN بڵاوی کردەوە کە کۆمەڵێک لە هێزە ڕووسییەکان لە بیلاڕووسەوە هاتوونەتە نێو وڵاتەکە. وەزارەتی بەرگریی ڕووسیاش ڕایگەیاند کە لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا هیچ بەرگرییەکی ئەوتۆ نەکراوە.
  • پێشتر لە پێش کاتژمێر ٧ـی بەیانی زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دەسەڵاتی سەربازی بەسەر ئۆکرانیادا سەپاند و حاڵەتی لەناکاوی ڕاگەیاند و فرمانی بە سوپای ئۆکرانیا دا ئەوپەڕی زیان بگەیەنن، دواتریش هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا پچڕاند.
  •  لەبەر ڕووناکی داوایەکی وەزارەتی بەرگری، ڕووسیا داوایکرد کە یەکەی کۆنتڕۆڵکردنی هاتوچۆی ئاسمانی ئۆکرانیا گەشتەکان ڕابگرن، بەهۆی ئەوەی هاتووچۆی ئاسمانی مەدەنی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا سنووردارکراوە. هەموو ناوچەکە بە ناوچەیەی چالاکی جەنگ لەلایەن ئاژانسی سەلامەتی فڕۆکەوانی ئەورووپاوە ناسێنرا.
  • یەکەیەکی سەربازی لە پۆدیلسک لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە هێرشی کرایە سەر و بەهۆیەوە شەش کەس کوژران و حەوت کەسیش برینداربوون و کەسێکی تریش لە شاری ماریۆپۆل کوژرا.
  • لە کاتژمێر ١٠ـی بەیان هێزە ڕووسییەکان بە قووڵایی ٥ کیلۆمەتری لە بەرەی باکوورەوە چوونە ناوەوە، هەمان ڕۆژ هێزە ئۆکرانییەکان لەناچوونی دەیان هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگییان ڕاگەیاند، بەڵام ڕووسیا ڕەتی کردەوە.
  • فەرماندەی گشتی ئۆکرانی ڤالێری زالوگنی وێنەی دوو سەربازی دەستگیرکراوی ڕووسیای بڵاوکردەوە کە سەر بە فەوجی تفەنگی ئۆتۆماتیکیی یامبولسکی پاسەوانی ڕووسی ٤٢٣ـین (یەکەی سەربازی ٩١٧٠١). لە بەرانبەریشدا هێزەکانی ڕووسیا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئانتۆنۆڤیان لە هۆستۆمێل لە قەراغی کیێڤ گرت.
  • لە نیوەڕۆدا ٤ موشەکی بالیستی لە سنوورەکانی بیلاڕووسەوە بەرەو ئۆکرانیا هاوێژران و خەڵکییش بۆ خۆپاراستن ڕوویان کردە میترۆ ژێرزەمینییەکان. بەهۆی موشەکێکیشەوە لە نەخۆشخانەیەکی ڤۆهلیدار ٤ کەسی مەدەنی کوژران و ١٠ کەس برینداربوون.
  • کاتژمێر شەشی سەر لە ئێوارە هێزە ڕووسییەکان دەستیان بەسەر وێستگەی ناوەکی چێڕنۆبڵ و ناوچەکانی دەوروبەریدا گرت.
  • لە هەمان ڕۆژ زیاتر لە ١٠٠,٠٠٠ ئۆکرانی ماڵەکانیان چۆڵ کرد و ڕوویان کردە مۆڵدۆڤا و ڕۆمانیا.
  • کاتژمێر ١٠ـی شەو هێزە ڕووسییەکان دوای هێرشێکی چڕی ئاسمانی و دەریایی دەستیان بەسەر (دوورگەی مار)دا گرت لە دەریای ڕەش. هەر ١٣ پاسەوانەکەی سنوور لە دوورگەکە لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا کوژران، دوای ڕەتکردنەوەی خۆبەدەستەوەدان بە کەشتییەکی جەنگی ڕووسی، کە دواتر تۆمارێکی دەنگیی پاسەوانەکان کە پێشنیاری خۆبەدەستەوەدانیان ڕەتکردەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوویەوە.
  • هەمان ڕۆژ زیلێسنکی ڕایگەیاند ١٣٧ کەسی مەدەنی و سەرباز گیانیان لەدەستداوە، کاتژمێر ١١ـی شەویش سەرکۆماری وڵات ڕێگری کرد لە تەواوی نێرینەکانی وڵات کە تەمەنیان لە نێوانیان ١٨ بۆ ٦٠ـە لە چوونەدەرەوە لە وڵات.

٢٥ـی شوبات

  • کاتژمێر ١:٢٤ـی بەرەبەیان زێلێنسکی ڕایگەیاند کە خەڵکی دەتوانن پەیوەندی بە ڕیزەکانی سوپاوە بکەن بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ، کاتژمێری چواری بەرەبەیان شاری کیێڤ تووشی دوو دانە تەقینەوەی گەورەبوو و وەزیری بەرگری ڕایگەیاند هەردوو تەقینەوەکە بەهۆی دوو موشەکی بالیستی و کروزەوە بوون. حکوومەتی ئۆکرانییش گوتی فڕۆکەیەکی دژمنیان لە کیێڤ خستووتە خوارەوە، پاشان کەوتووەتە ناو باڵەخانەیەکی مەدەنی و ئاگری گرتووە.
  • لەڕێگای هاتنی هێزەکانی ڕووسیا لە باکوور بۆ کیێڤ تووشی کەمین بوونەوە و بەناچاری ڕێگایان بەرەو خارکیڤ گۆڕی و زۆرێک لە زرێپۆشەکانیان لەناوچوو، بەڵام دواتر بەهۆی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هێرش کرایە سەر بەرەی بەرگری ئۆکرانی بە مەبەستی ناچارکردنیان بۆ مانەوە لە دۆنباس.
  • بەرەبەیانی ٢٥ـی شوبات، زێلێنسکی ڕووسیای بەئامانجگرتنی پێگە مەدەنی و سەربازییەکان لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا تۆمەتبارکرد. وتەبێژی حکوومەتی ئۆکرانی ڤادیم دێنیسنکو وتی ٣٣ شوێنی مەدەنی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بۆمباران کراون. وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا بڵاویکردەوە کە سوپای ڕووسیا چوونە ناو ناوچەی ئوبۆلۆنی کیێڤ و نزیکەی ٩ کیلۆمەتر (٥,٥ میل) لە پەرلەمانی ئۆکرانیاوە دوورن.
  • دەسەڵاتدارانی ئۆکرانی ڕاپۆرتیان دا کە بەرزبوونەوەیەکی نائاسایی تیشکدانەوە دوور لە ئاستی کۆنتڕۆڵکردن لە وێستگەی ناوەکی چێرنۆبڵ دەرکەوتووە پاش ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا ناوچەکەیان داگیرکرد، ئەمەش بەهۆی جوڵەی ئۆتۆمبێلە سەربازییە قورسەکان بووە کە تۆزیان لە هەوادا زیاد کردووە. ڕووسیایش ڕایگەیاند کە بەرگری لە وێستگەکە دەکات لە گرووپە نەتەوەیی و تیرۆریستییەکان و کرێکارەکانیش چاودێری ئاستی تیشکدانەوە دەکەن لەو شوێنەدا.
  • هەمان ڕۆژ ڤلادیمێر پۆتین دوای قسەکردنی لەگەڵ سەرۆکی کۆماری گەلی چین ڕایگەیاند کە ڕووسیا هێشتا ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا.
  • دوای نزیکبوونەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە کیێڤ سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە خەڵکی دەتوانن شوشەی ئاگرین ئامادەبکەن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی زرێپۆش و سەربازانی دژمن. هەمان کاتیش پۆتین فرمانی بە سەربازانی ڕووسیا دا حکوومەتی ئۆکرانی بڕوخێنن.
  • لە ئێوارەدا پێنتاگۆن گوتی ڕووسیا نەیتوانیووە سەرکەوتنی ئاسمانی بەدەست بهێنێت بەسەر ئاسمانی ئۆکرانیادا، کە پێشتر شیکەرەوەکانی ئەمریکا پێشبینی ئەمەیان دەکرد. بەڵام هۆشداریدا لەوەی ڕووسیا هێشتا %٣٠ـی هێزەکانی ناردووەتە نێو ئۆکرانیا کە ١٥٠,٠٠٠ بۆ ١٩٠,٠٠٠ سەرباز دەبن.

٢٦ـی شوبات

  • کاتژمێر ٠٠:٠٠، لە باشوری کیێڤ، لە نزیک شاری ڤاسیلکیڤ و بنکە ئاسمانییەکەی، شەڕی قورس ڕاگەیەندرا. سەرکردایەتی گشتیی سەربازیی ئۆکرانی ڕایگەیاند کە فڕۆکەیەکی جەنگی سو-٢٧ـی ئۆکرانی فڕۆکەیەکی گواستنەوەی ئیلیوشین IL-٧٦ی ڕووسیی خستووەتە خوارەوە کە دوو فڕۆکەوانی تێدابووە. ناتالیا بالاسینۆڤیچ سەرۆکی شارەوانی ڤاسیلێڤ گوتی هێزەکانی ئۆکرانی سەرکەوتوو بوون لە بەرگریکردن لە شارەکەی و شەڕەکەش کۆتایی هاتووە.
  • لە دەوروبەری کاتژمێر ٣:٠٠ زیاتر لە ٤٨ تەقینەوە لە ماوەی ٣٠ خولەکدا لە دەوروبەری کیێڤ بڵاو کراوەتەوە، کە بەپێی ڕاپۆرتەکان سوپای ئۆکرانیا لە نزیک وێستگەیەکی کارەبا لە ناوچەی ترۆیسینا شەڕی دەکرد و کەناڵی بی بی سی ئاشکرای کرد کە لەوانەیە هێرشەکە بۆ بڕینی کارەبای شارەکە بێت. بەرەبەیانی ٢٦ـی مانگ سوپای ئۆکرانیا گوتی هێرشێکی ڕووسی بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە شەقامی پێریمۆهی کە ڕێگایەکی سەرەکی کیێڤە وەستاندووە. هەروەها ڕایگەیاند کە هێرشێکی ڕووسی بۆ سەر شاری میکولایڤ لەسەر دەریای ڕەش وەستاندووە.
  • ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس ڕایگەیاند: لە کاتی شەڕی شەودا لە کیێڤ سەدان کەس بوونەتە قوربانی، کە تۆپبارانەکە باڵەخانەیەک و پرد و خوێندنگای گرتووەتەوە. وەزارەتی بەرگری ڕووسیایش گوتی میلیتۆبۆلی گرتووە لە نزیک دەریای ئەزۆڤ.
  • پارێزگاری کیێڤ ڕایگەیاند لە پێنجی ئێوارە بۆ هەشتی بەیانی هەرکەس بگیرێت لە دەرەوەی ماڵەوە بە کەسی تێکدەر و سیخوڕ دادەنرێت. ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە کە لە هەندێک لە بەشەکانی ئۆکرانیا بە تایبەتی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتدا هێڵی ئینتەرنێت پچڕاوە.
  • تۆڕی میدیایی CNN کۆمەڵێک وێنەی زرێپۆش و سیستمی تۆس-١ـی ڕووسی دەستکەوت کە لەسەر سنووری ئۆکرانیا جێگیرکرابوون بە چەکی ئاگرینەوە. ڕەمەزان قەدیرۆڤی سەرکۆماری چیچان دووپاتیکردەوە کە یەکەکانی قەدیرۆڤتسی لە ئۆکرانیا بڵاوکراونەتەوە.
  • تاوەکوو کۆتایی ڕۆژەکە ڕووسیا نەیتوانی شاری کیێڤ کۆنتڕۆڵ بکات، دواتر بەشێوەیەکی کاتی هەوڵەکانی بۆ گرتنی چەرنێهیڤ و خارکیڤ وەستاند دوای ئەوەی هێرشەکانی تووشی شکان بوونەوە لەلایەن بەرگریکارانی ئۆکرانییەوە. بەوەش هێزەکانی لەو شارانە دوورخستەوە بۆ ئەوەی بەرەو کیێڤ بەردەوام بن.
  • پەیمانگەی توێژینەوەی جەنگ (ISW) ڕایگەیاند: ئۆکرانیا دەگاتە ئەو حاڵەتەی کە واز لە بەشێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی وڵات بهێنێت. لە باشووریشەوە ڕووسیا توانی دەست بەسەر (بێردیانسک)دا بگرێت.

٢٧ـی شوبات

  • لە شەودا بۆرییەکی غاز لە دەرەوەی خارکیڤ تەقێندرایەوە، لە کاتێکدا عەمبارێکی نەوت لە گوندی (کریاچکی) نزیک (ڤاسیلکیڤ) دوای ئەوەی موشەک لێیدا گڕی گرت. شەڕکردنی نزیک پێگەی ڤاسیلکیڤ ڕێگری لە پیاوانی ئاگرکوژێنەوە کرد لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە. لە هەمان کات شارۆچکەی (نۆڤا کاخۆڤکا) دەستی بەسەردا گیرا. هەمان کات هێزە ڕووسییەکان چوونە ناو شاری خارکیڤ و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەستی پێکرد لە ناوەڕاستی شارەکە و لە شاری سۆمییش تانکە ڕووسییەکان چوونە ناوەوە.
  • وەزارەتی بەرگریی ڕووسیایش ڕایگەیاند کە دەستیان بەسەر خێرسۆن و بێردیانسک ـدا گرتووە. سەرۆکی ڕووسیاش فرمانی بە بەشی ناوەکی وڵات دا کە ئامادەبن بۆ هەموو بەرگرییەکی ناوەکی دژی هەر هێرش و مەترسییەکانی ناتۆ.
  • ئۆکرانیا گوتی شاندێک دەنێرێت بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ شاندێکی ڕووسیا بۆ وتووێژکردن لە گۆمێلی وڵاتی بیلاڕووس. ئۆفیسی زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە ئەوان ڕازی بوون کە بەبێ مەرجی پێشوەخت کۆببنەوە. هەروەها بەهۆی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی بیلاڕووس ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ توانیویانە گرەنتی نەهاتنەناوەوەی هێزەکانی بیلاڕووس بۆ ئۆکرانیا دەستەبەر بکەن.
  • هەمان ڕێکەوت ڕووسیا توانی نیمچەدوورگەی قرم بە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە ببەستێتەوە.

٢٨ـی شوبات

  • بەدرێژایی شەو لە ماریۆپۆل شەڕ بەردەوام بوو و لە بەرەبەیاندا هێزەکانی ڕووسیا گەیشتنە ٣٠ـی کیلۆمەتری باکووری کیێڤ دوای خاوبوونەوەیان بەهۆی بەرگری فڕۆکەخانەی هۆستۆمیل.
  • هەمان ڕۆژ لەڕێی مانگە دەستکردەکانی دەرەوەی گۆی زەوی دەرکەوت کە کۆمەڵێکی زۆر تانک و زرێپۆشی ڕووسی بەرەو کیێڤ لە جوڵەدان و دوورییەکەیان ٦٤ کیلۆمەترە لە شارەکەوە.
  • هێزەکانی ڕووسیا دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی شاری کۆبیانسک لە ناوچەی خارکیڤ، (جینادی ماتسیگورا) بەبێ شەڕکردن شارەکەیان داگیرکرد.
  • لە بەیانیدا وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند کە لە ئاسمانەوە دەستیان بەسەر هەموو ئۆکرانیادا گرتووە.

مانگی ئازار

یەکی ئازار

  • بە وتەی دیمیتۆ چیڤیتسکی، پارێزگاری سومی ئۆبلاست، زیاتر لە ٧٠ سەربازی ئۆکرانی پاش تۆپبارانی ڕووسیا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە ئۆچتەرکا کوژران.
  • پەرلەمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی بیلاڕووسیا چوونەتە ناو داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە و سەرلەبەیانی زوو چوونە ناو هەرێمی چەرنێهێڤ کە ڕیزێکی ٣٣ ئۆتۆمبێلیین، بەڵام ئەمریکا ئەمەی ڕەتکردەوە.
  • دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند کە ئامانجیان وەستاندنی "هێرشی میدیا"ـیە، کۆمەڵێک موشەک لە ژێرخانەکانی پەخشی ڕاگەیاندنەکانی سەرەکی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆکانی کیێڤیان دا و ئەوەش بووە هۆی لەناچوونی پەخشی کەناڵە ئۆکرانییەکان. بەهۆی هێرشەکەشەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا.
  • لەم ڕۆژەدا بە وتەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا %٨٠ـی هێزەکانی سەر سنووری ڕووسیا هاتنە نێو ئۆکرانیا.

دووی ئازار

  • لە دەوروبەری کاتژمێر ٢:١٢ـی نیوەشەو (بی بی سی) گوتی هێزەکانی ڕووسیا شاری خێرسۆنی باشووریان گرتووە، بەڵام لە بەرەبەیان و کاتژمێر ٨:١٦ خولەکی بەیانیدا ڕایگەیاند کە سەرۆکی هەرێمەکە داگیرکردنەکەی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام دواتر هەواڵی داگیرکردنی پشتڕاستکرایەوە.

سێی ئازار

  • لەم ڕۆژەدا هەریەک لە ڕووسیا و ئۆکرانیا لەسەر کردنەوەی ڕێڕەوی مەدەنی بۆ چۆڵکردنی شارەکان لە دانیشتوان ڕێککەوتن. وەزارەتی بەرگریی ڕووسیایش ڕایگەیاند دەستیان بەسەر شاری بالاکلییادا گرتووە.
  • زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیایش داوای چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پۆتیندا کرد و وتی کە ئەوە تاکە چارەسەری وەستانی جەنگە.

چواری ئازار

لەدوای شەڕێکی خێرا و کوژرانی سێ سەربازی ئۆکرانی، وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژژیا کۆنتڕۆڵ کرا. سکرتێری گشتیی ناتۆیش داوایەکی ئۆکرانیای بە داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە ڕەتکردەوە بەبیانووی ئەوەی ئەوە دەبێتە هۆی جەنگێکی گشتیی گەورە لەگەڵ ڕووسیا.

پێنجی ئازار

  • ڕۆژی پێنجی ئازار هێزەکانی ڕووسیا لە ماریۆپۆل و ڤۆلنۆڤاکیا جەنگیان وەستاند بۆ ڕێکخستنی ڕێڕەوە مرۆییەکان و گواستنەوەی خەڵکی شارەکان.
  • ئۆکرانیا دەرگای بەڕووی هەرکەسێکدا کردەوە بۆ بەشداری لە جەنگی دژی ڕووسیا.
  • پۆتین ڕایگەیاند کە وەستاندنی جەنگ پەیوەندی بە ئۆکرانیاوە هەیە و مەرجەکانیان لەسەر مێز کراوەن، تەنیا چاوەڕێن ئۆکرانیا بە بەڵێ وەڵام بداتەوە بۆ وەستانی جەنگ، ئەویش ئەوەیە ئۆکرانیا لە چەک دابپڵۆسێنرێت. هەروەها دەبێت جۆری چەکەکان بزانین و بزانین لەکوێن و کێ کۆنتڕۆڵیان دەکات. هەروەها پۆتین ڕایگەیاند کە ڕووخاندنی ژێرخانی سەربازیی ئۆکرانیا کە بەشێک بووە لە پلانەکەیان بەنزیکەیی تەواو بووە. لە درێژەی قسەکانیدا هەڕەشەی لە ڕۆژئاوا کرد لەوەی ڕێگری لە جوڵەی ئاسمانی بکەن لە ئاسمانی ئۆکرانیا.
  • بەشێک لە خەڵکی شاری لڤیڤ پێش هاتنی جەنگ بەرەو شارەکە ناوچەکەیان چۆڵکرد.
  • لە شاری چێرنیگێڤ فڕۆکەیەکی ڕووسی خرایە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەی بەناوی کراسنۆیارتسیڤ دەستگیر کرا.

شەشی ئازار

  • لە ڕۆژی یازدەیەمی جەنگەکە هێزە ڕووسییەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کیێڤ دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکدا گرت، دەستەی باڵای سوپای ئۆکرانیاش ڕایگەیاند ڕووسیا دەیەوێت دەوروبەری شارەکە بگرێت و دواتر داگیری بکات.
  • دوای ئەوەیشی پۆتین بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی ڕاگەیاند وڵاتەکەی لە شەڕکردن بەردەوام دەبێت تاوەکوو تەواوی سوپای ئۆکرانیا چەکەکانیان دادەنێن، زێلێنسکی ڕایگەیاند وڵاتەکی نادۆڕێت و خۆی بەدەستەوە نادات.
  • بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی دە ڕۆژی پێشووتردا زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو هاووڵاتی ئۆکرانی سنوورەکانی ئۆکرانیایان بەرەو وڵاتانی تر تێپەڕاندووە و هەڵاتوون.
  • کۆمپانیای نێتفلیکس کارەکانی لە ڕووسیا ڕاگرت.
  • زیاتر لە ملیۆنێک لە ئاوارەکان بەرەو پۆڵەندا ڕۆشتوون.
  • کۆمپانیای تیک تۆک کردنەوەی پەخشی ڕاستەوخۆی لە ڕووسیا ڕاگرت.
  • نزیکەی ٢٠ هەزار چەکداری خۆبەخش خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەشداری لە جەنگ دژی ڕووسیا.
  • ئەمریکا ڕایگەیاند هیچ فڕۆکەیەکی ئەمریکی دژی ڕووسیا ناوەستێتەوە و هیچ سەربازێکیان لە ئۆکرانیا شەڕ ناکات.

حەوتی ئازار

  • هێزە ڕووسییەکان گەیشتنە ٢٠ کیلۆمەتری سنووری ڕۆژئاوای کیێڤ و دەستیان بە هێرشکردنە سەر کیێڤ کرد و بە دەیان تەقینەوە لە ناوەڕاستی شارەکە ڕوویاندا. هەمان ڕۆژ بەپێی وتەی دەستەی باڵای سوپای ئۆکرانیا، ڕووسیا ویستوویەتی ڕێڕەوێک لە قرم بۆ ماریۆپۆل دروست بکات.
  • بەپێی وتەی کارگێڕێکی باڵای پنتاگۆن: لە سەرەتای شەڕەوە ڕووسیا ٦٠٠ موشەکی ئاڕاستەی ئۆکرانیا کردووە و %٩٥ـی هێزەکانی سنووری ڕەوانەی شەڕی ئۆکرانیا کردووە.
  • وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا: لە ماریۆپۆل هێرشێکی ڕووسیمان تێکشکاندووە و زیانی ڕووسییەکان ٣ تانک و ٣٠ سەرباز بووە.

هەشتی ئازار

  • سزاکانی سەر ڕووسیا لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا زیاتر دەبێت لە سزاکانی سەر سووریا و ئێران و ژمارەی سزاکان گەیشتنە ٥,٥٥٣ سزا لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە.
  • وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا: سوپای ڕووسیا ٤٠٠ هەزار ئۆکرانی بە بارمتە گرتووە لە شاری ماریۆپۆل و بۆمبارانی دەکات. زیاتر لە ١٠ هەزار خوێندکار لە ئۆکرانیا دەخوێنن و ژیانیان لە مەترسیدایە و زیاتر لە ٢٠٠ قوتابخانە و ٣٤ نەخۆشخانە و ١,٥٠٠ باڵەخانەی نیشتەجێبوون ڕووخێنراون.
  • هەروەها زیاتر لە ٣٠٠ تانک و هەزار زرێپۆش و ٤٠ فڕۆکە و ٧٠ هەلیکۆپتەرمان لەناوبردووە.
  • بانکی نێودەوڵەتیی جیهانی هاوکاری دارایی ئۆکرانیا بە بڕی ٧٢٣ ملیۆن دۆلار دەکات.

١٢ و ١٣ـی ئازار

  • ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ٣١ بەتالیۆنی ڕووسییان تێکشکاندووە و ڕووسەکان ناتوانن کیێڤ داگیر بکەن مەگەر ئەوەی بە تەواوی خاپووری بکەن.
  • هێزەکانی ڕووسیا دەوروبەری شارەکانی خارکیڤ و ماریۆپۆلیان گرت.
  • کاتێک وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتگیری سەربازی زیاتریان بۆ کیێڤ ڕاگەیاند، مۆسکۆ هەڕەشەی کرد کە هەر پێداویستیەکی سەربازی بۆ ئۆکرانیا بێت لێی دەدەن.

١٤ـی ئازار

بانکی نێودەوڵەتیی جیهانی: سزاکانی سەر ڕووسیا کێشەیەکی گەورەن بۆ ئابووریی جیهان.

١٥ـی ئازار

  • ڕووسیا: هێزەکانی ڕووسیا کۆنترۆڵی تەواوی هەرێمی خێرسۆنیان کرد لە باشووری ئۆکرانیا
  • دەسەڵاتدارانی کیێڤ بڕیاریاندا لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەوە دوای چەند بۆردمانێکی ڕووسیا قەدەغەی هاتووچۆی ٣٥ کاتژمێری لە پایتەخت بسەپێنن.
  • نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە شەڕی ئۆکرانیا بووەتە هۆی ئەوەی هەموو چرکەیەک منداڵێک ببێتە پەنابەر دوای ئەوەی نزیکەی ١.٤ ملیۆن منداڵ هەڵهاتوون لە ٢٤ی شوباتەوە.
  • کریملن: قورسە بەردەوام بین لە دانوستانەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا لەسەر گەرەنتی ئاسایشی ناوچەکە وەک شێوەی پێشووی، بەهۆی گۆڕانی ڕیشەیی لە دۆخەکەدا.
  • دەسەڵاتدارانی جوداخوازی دۆنیتسک: ٢٩٤ کەس لە ژێرزەمینێکی سکۆتچینسکی گیریان خواردووە دوای ئەوەی لەلایەن ئۆکرانیاوە بۆردمان کراون.
  • ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، وتەبێژی سوپای ڕووسیا ڕایگەیاند: لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا ٣٩٢٠ بنکەی ژێرخانی سەربازی ئۆکرانیایان تێکشکاندووە کە ١٣٠٦ تانک و ١٢٧ موشەک هاوێژ لەخۆ دەگرن. لەگەڵ زیاتر لە ٤٧٠ هاوەن و ١٥٦ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و ١٠٥٤ ئۆتۆمبێلی سەربازی جیاواز.

١٦ بۆ ٢٦ـی ئازار

  • شاری ڤۆڵنۆڤاخای هەرێمی دۆنباس بەهۆی بۆردمانەکانی ئۆکرانیا دەبێتە شارێکی نیمچەوێرانە.
  • ئۆکرانیا هۆشداری کۆتایی ڕووسیای ڕەتکردەوە بۆ ڕادەستکردنی شاری ماریۆپۆل کە لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتییەوە گەمارۆدراوە.
  • قەدیرۆڤ گوتی کە ئەندامێکی دەوڵەتی دوومای ڕووسیا بە نوێنەریی کۆماری چیچان (ئادەم دیلیمخانۆڤ) سەرکردایەتی ئەو هێزانە دەکات کە لە ماریۆپۆل شەڕ دەکەن و نزیکن لەوەی شارەکە داگیر بکەن.
  • لایەنە جوداخوازەکانی ئۆکرانیا لە هەرێمی دۆنباس دەستیان بەسەر ٩٠ گوندی نوێدا گرت.
  • ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە لێدوانێکیدا بۆ پەرلەمانی ئیتاڵیا داوای توندترین و سەختترین سزاکانی دژ بە ڕووسیا کرد و هێزەکانی ئەو بەرگری لە تەواوی ئەورووپا دەکەن.
  • بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ڕووسی، ٦١ سەربازی ئۆکرانی لە مەیدانی شەڕ خۆبەخشانە خۆیان بەدەستەوە داوە، کە زیاتر لە نیوەیان ئەفسەری پلەبەرزی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیان.

کۆتایی گەڕی یەکەمی داگیرکاری

لە ٢٥ی ئازاردا، دژە هێرشێکی ئۆکرانیا چەند شارۆچکەیەکی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کیێڤدا گرتەوە، لەنێویاندا ماکاریڤ. سەربازانی ڕووسیا لە ناوچەی بوچا لە کۆتایی مانگی ئازاردا بەرەو باکوور پاشەکشەیان کرد. هێزەکانی ئۆکرانیا لە یەکی نیسان چوونە ناو شارەکەوە. ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، تەواوی ناوچەی دەوروبەری کیێڤیان کۆنترۆڵکردووەتەوە، لەنێویاندا ئیرپین و بوچا و هۆستۆمێل و بەڵگەی تاوانەکانی جەنگی لە بوچا ئاشکراکردووە.

کیێڤ بەگشتی جگە لە هێرشە مووشەکییە گۆشەگیرەکان دووربوو لە هێرشی تر. دواتر سەردانەکەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٨ی نیساندا ڕوویدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ زێلێنسکی سەبارەت بە ڕزگاربووانی گەمارۆدانی ماریۆپۆڵ.

قۆناغی دووەم: هێرشی باشووری ڕۆژهەڵات (لە ٨ی نیسانەوە)

لە ٨ی نیساندا وەزارەتی ڕووسیا ڕایگەیاند کە هەموو سەرباز و لەشکرەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە ژێر سەرپەرشتی جەنەڕاڵ ئەلێکساندەر دڤۆرنیکۆڤ یەکدەگرن، کە خراوەتە سەر بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکان، لەنێویاندا ئەو یەکانەی کە لە بەرەی باکوور و بەرەی باکووری ڕۆژهەڵاتەوە جێگیرکراونەتەوە. تا ١٧ی نیسان، پێدەچوو پێشکەوتنی ڕووسیا لە بەرەی باشووری ڕۆژهەڵاتدا ڕێگری لێبکرێت بەهۆی بەردەوامبوونی سەربازەکان لە کارگەیەکی پۆڵا جێهێڵراو لە ماریۆپۆڵ و ڕەتکردنەوەی خۆبەدەستەوەدانیان.

لە ١٩ـی نیساندا، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز پشتڕاستی کردەوە کە ڕووسیا بەرەیەکی داگیرکاری نوێکراوەی دەستپێکردووە کە بە "هێرشێکی ڕۆژهەڵات" ناودەبرێت بەسەر بەرەیەکی ٤٨٠ کم کە لە خارکیڤەوە تا دۆنێتسک و لوهانسک درێژدەبێتەوە، لەگەڵ هێرشە مووشەکییەکانی هاوکات کە دووبارە ئاڕاستەی کیێڤ لە باکوور و لڤیڤ لە ڕۆژاوای ئۆکرانیاوە دەکرێت.

تا ٣٠ی نیسان، بەرپرسێکی ناتۆ پێشڕەوییەکانی ڕووسیای بە "نایەکسان" و "کەم" وەسف کرد. بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکا کە ناوی نەهێنراوە، هێرشەکەی ڕووسیای بە: "شیرەتێن"، "لە باشترین حاڵەتدا کەمترین" و "کەمخوێن" ناوبردووە. لە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٢دا، تیمی هەواڵگریی ململانێ بە پشتبەستن بە سەربازانی ڕووسیا بڵاویکردەوە کە سەرهەنگ ژەنەڕاڵ جینادی ژیدکۆ لە کاتی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا بووەتە بەرپرسی هێزەکانی ڕووسیا و جێگەی جەنەڕاڵی سوپا دڤۆرنیکۆڤی گرتۆتەوە.

قۆناغی دووەم – بەرەی دۆنباس

هێرشێکی مووشەکی ڕووسیا بۆ سەر وێستگەی شەمەندەفەری کراماتۆرسک لە شاری کراماتۆرسک لە ٨ی نیسان ڕوویدا و بەپێی زانیارییەکان لانیکەم ٥٢ کەس کوژران و ٨٧ بۆ ٣٠٠ کەسیش برینداربوون، لە ١١ی نیساندا زێلێنسکی ڕایگەیاند کە ئۆکرانیا چاوەڕێی هێرشێکی گەورەی نوێی ڕووسیا دەکات بۆ ڕۆژهەڵات. بەرپرسانی ئەمریکی ڕایانگەیاند کە رووسیا لە شوێنەکانی تری ئۆکرانیا کشاوەتەوە یان بەرپەرچی دراوەتەوە، هەر بۆیەش ئامادەکاری بۆ کشانەوە و دووبارە دابینکردنەوە و دووبارە بڵاوکردنەوەی لەشکرەکانی پیادە و تانکەکان بۆ بەرەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەکات. مانگە دەستکردە سەربازییەکان وێنەی کاروانە بەرفراوانەکانی یەکە پیادە و میکانیکییەکانی ڕووسیایان گرت کە لە ١١ی نیساندا لە خارکیڤەوە بۆ ئیزیۆم لە باشوورەوە بڵاوەیان دەکرد، کە دیارە بەشێکە لە پلانی دووبارە جێگیرکردنەوەی سەربازەکانی باکووری ڕۆژهەڵات لەلایەن ڕووسیاوە بۆ بەرەی باشووری ڕۆژهەڵاتی لەشکرکێشییەکە.

بەپێی زانیارییەکان، لە ١٤ی نیساندا، سەربازانی ئۆکرانیا پردێکی نێوان خارکیڤ و ئیزیان تەقاندەوە کە هێزەکانی ڕووسیا بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانیان بۆ ئیزیۆم بەکاریان دەهێنا، ئەمەش ڕێگری لە کاروانەکەی ڕووسیا کردووە. لە ١٨ی نیساندا، کە ماریۆپۆڵ نزیکەی تەواو لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە دەستی بەسەردا گیرا، حکوومەتی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە قۆناغی دووەمی داگیرکاری بەهێزکراو بۆ ناوچەکانی دۆنێتسک، لوهانسک و خارکیڤ چڕتر بووەتەوە بە فراوانکردنی ئەو هێزانەی کە دۆنباسیان داگیرکردووە.

لە ٥ی ئایاردا، دەیڤید ئاکس لە نووسینێکدا بۆ فۆربێس ڕایگەیاند کە سوپای ئۆکرانیا تیپی ٤ و ١٧ی تانکی خۆی و تیپی ٩٥ی هێرشی ئاسمانی لە دەوروبەری ئیزیۆم چڕکردووەتەوە بۆ ئەگەری کردەوەی پاشەکەوت دژی سەربازە ڕووسییە جێگیرکراوەکان لە ناوچەکەدا؛ ئاکس دەڵێت کە چڕبوونەوەی سەرەکی تری هێزەکانی ئۆکرانیا لە دەوروبەری خارکیڤ بریتی بوو لە تیپی ٩٢ و ٩٣ی میکانیزەکراو کە دەتوانرێت بە هەمان شێوە بۆ چالاکییەکانی پاسەوانی دواوە لە دژی سەربازانی ڕووسیا لە دەوروبەری خارکیڤ جێگیر بکرێن یان پەیوەندییان بە سەربازانی ئۆکرانیا هەبێت کە لە هەمان کاتدا لە دەوروبەری ئیزیۆم جێگیر دەکرێن.

بەپێی زانیارییەکان، لە ٣ی حوزەیران، هێزەکانی ئۆکرانیا لە شاری سیڤیرۆدۆنێتسک دەستیان بە هێرشی دژە هێرش کردووە. تا ٤ی حوزەیران سەرچاوەکانی حکوومەتی ئۆکرانیا وتیان کە ٢٠% یان زیاتری شارەکە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە. بەڵام لە ٥ی حوزەیران پارێزگاری ئۆکرانیا لە لوهانسک سێرهی هایدای وتی دڤۆرنیکۆڤ هێشتا لە فەرماندەییدایە و تا ١٠ی حوزەیران لەلایەن سەرۆکەکانییەوە مۆڵەتی پێدراوە بۆ تەواوکردنی کەمکردنەوەی سیڤێرۆدۆنێتسک.

لە ١٢ی حوزەیران لەلایەن بی بی سیەوە ڕاپۆرت درا کە ٨٠٠ هاووڵاتی ئۆکرانی و ٣٠٠-٤٠٠ سەرباز لە کارگەی کیمیایی ئازۆت لە سیڤێرۆدۆنێتسک گەمارۆ دراون. لەگەڵ خراپبوونی بەرگرییەکانی ئۆکرانیا لە سیڤێرۆدۆنێتسک، سەربازانی داگیرکەری ڕووسیا دەستیان کرد بە چڕکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر شاری لیسیچانسکی دراوسێ وەک شاری ئامانجی داهاتوویان لە داگیرکارییەکەدا. لە ٢٠ی حوزەیران بڵاوکرایەوە کە سەربازانی ڕووسیا بەردەوام بوون لە توندکردنەوەی دەست بەسەر سیڤێرۆدۆنێتسکدا بە گرتنی گوندەکانی دەوروبەری و گوندەکانی دەوروبەری شارەکە، کە دوایەمینیان گوندی مێتێلکین بووە.

قۆناغی دووەم – میکۆلایڤ-بەرەی ئۆدێسا

هێرشی مووشەکی و بۆردمانی شارە سەرەکییەکانی میکۆلایڤ و ئۆدێسا لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی لەشکرکێشییەکە بەردەوام بوو. لە ٢٢ی نیساندا، سەردار روستام مینێکایڤ، لە کۆبوونەوەیەکی وەزارەتی بەرگریدا ڕایگەیاند کە ڕووسیا پلانی هەیە دوای گەمارۆدانی ماریۆپۆڵ لە ڕۆژئاوا بەرەی میکۆلایڤ-ئۆدێسا درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی ناوچەی جیابووی ترانسنیستریا لە سنووری ئۆکرانیا لەگەڵ مۆڵدۆڤا بگرێتەوە.

وەزارەتی بەرگریی ئۆکرانیا ئەم نیازەی بە ئیمپریالیزم وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ئەم مەبەستە پێچەوانەی بانگەشەکانی پێشووی ڕووسیایە کە گوتبوویان تەماحی خاکی لە ئۆکرانیادا نەبووە. جۆرجی گۆتێڤ کە لە ٢٢ی نیساندا بۆ ڕۆیتەرز نووسیبووی، کە داگیرکردنی ئۆکرانیا لە ئۆدێسا تا ترانسنیستریا دەیگۆڕێت بۆ نەتەوەیەکی بێ وشکانی بەبێ ئەوەی هیچ دەستڕاگەیشتنێکی پراکتیکی بە دەریای ڕەش هەبێت. ڕووسیا لە ٢٤ی نیساندا هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئۆدێسا دەستپێکردەوە و دامەزراوە سەربازییەکانی تێکشکاند و کوشتنی دەیان کەسی مەدەنیشی لێکەوتەوە.

لە ٢٧ی نیساندا، سەرچاوە ئۆکرانییەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە تەقینەوەکان دوو تاوەری پەخشی ڕووسی لە ترانسنیستریا وێران کردووە، کە بە پلەی یەکەم بۆ دووبارە پەخشکردنەوەی بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانی ڕووسیا بەکاردەهێنرێن. لە کۆتایی مانگی نیساندا ڕووسیا هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ڕێڕەوەکانی فڕین لە ئۆدێسا نوێکردەوە و بەشێکیان لەناوچوون. لە ماوەی هەفتەی ١٠ی ئایاردا، سەربازانی ئۆکرانیا دەستیان کرد بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی بۆ دەرکردنی ئەو هێزانەی ڕووسیا کە خۆیان لە دوورگەی مار لە دەریای ڕەشدا جێگیر کردبوو کە نزیکەی ٢٠٠ کیلۆمەتر لە ئۆدێسا دوورە.

قۆناغی دووەم – بەرەی دنیپرۆ-زاپۆریژژیا

هێزەکانی ڕووسیا بەردەوام بوون لە تەقاندنی مووشەک و فڕێدانی بۆمب بۆ سەر شارە سەرەکییەکانی دنیپرۆ و زاپۆریژیا. لە ١٠ی نیساندا مووشەکەکانی ڕووسیا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دنیپرۆیان تێکشکاند. بەپێی زانیارییەکان لە ٢ی ئایاردا نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی ١٠٠ ڕزگاربووی لە گەمارۆی ماریۆپۆڵ بە هاوکاری سەربازانی ڕووسیا چۆڵکردووە، بۆ گوندی بێزیمێن لە نزیک دۆنێتسک، کە لەوێوە دەبوو ڕوو لە زاپۆریژژیا بکەن.

قۆناغی دووەم – کەوتنی ماریۆپۆل

لە ١٣ی نیساندا، هێزەکانی ڕووسیا هێرشیان بۆ سەر کارگەی ئاسن و پۆڵاکانی ئازۆڤستاڵ لە ماریۆپۆڵ چڕکردەوە کە هێزەکانی بەرگریی ئۆکرانیا لەوێ مابوونەوە. تا ١٧ی نیسان هێزەکانی ڕووسیا گەمارۆی ئەو کارگەیەیان دابوو. لە ٢٠ی نیساندا پوتین وتی کە دەتوانرێت گەمارۆدانی ماریۆپۆل لە ڕووی تاکتیکییەوە بە تەواو هەژمار بکرێت، بەو پێیەی ئەو ٥٠٠ سەربازەی ئۆکرانیا لە بنکەرەکانی ناو کارگە ئاسنییەکانی ئازۆڤستاڵدا گەمارۆ دراون و زیاتر لە ١٠٠٠ هاووڵاتی دوورن لە هەموو جۆرە گەیشتنی هاوکارییەک. 

دوای کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەک لەگەڵ پوتین و زێلێنسکی، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٨ی نیسان ڕایگەیاند، هەوڵ دەدات چۆڵکردنی بەپەلەی ڕزگاربووان لە ئازۆڤستاڵ رێکبخات بەپێی ئەو دڵنیاییانەی کە لە سەردانەکەی بۆ کرێملین لە پوتین وەریگرتووە. لە ٣٠ی نیساندا، سەربازانی ڕووسیا لە ژێر پاراستنی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگەیان بە خەڵکی سڤیل دا بچنە دەرەوە.

تا ٣ی ئایار، دوای ئەوەی ڕێگەیان بە نزیکەی ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی ئۆکراینی دا لە کارگەی پۆڵا ئازۆڤستاڵ بڕۆن، سەربازانی ڕووسیا بۆردمانی بێ وەستانیان بۆ کارگەی پۆڵا نوێ کردەوە. لە ٦ی ئایاردا، ڕۆژنامەی تەلەگراف بڵاویکردەوە کە ڕووسیا بۆمبی گەرمی بەکارهێناوە دژی ئەو سەربازە ئۆکرانیایانەی کە ماونەتەوە، کە پەیوەندییان لەگەڵ حکوومەتی کیێڤدا لەدەستداوە؛ لە دوایین پەیوەندییەکانیدا، زێلێنسکی دەسەڵاتی بە فەرماندەی کارگەی پۆڵا گەمارۆ دا لە ژێر فشاری زیادبوونی هێرشەکانی ڕووسیادا بەپێی پێویست خۆی ڕادەست بکات. لە ٧ی ئایاردا، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردەوە، لە کۆتایی ئاگربەستی سێ ڕۆژەدا سەرجەم هاووڵاتیانی مەدەنی لە کارگە پۆڵاینەکانی ئازۆڤستاڵ ڕزگار کراون.

دوای ئەوەی دوا هاوڵاتی مەدەنی لە بنکەرەکانی ئازۆڤستاڵ چۆڵکران، نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئۆکراینی لەوێ وەک سەنگەر مانەوە و ٧٠٠ کەسیش برینداربوون؛ توانیان داوایەک بگەیەنن بۆ ئەوەی کۆریدۆرێکی سەربازی چۆڵ بکرێت، چونکە چاوەڕوانی لە سێدارەدانی پوختەیان دەکرد ئەگەر خۆیان رادەستی ڕووسەکان بکەن.

لە ١٦ی ئایاردا، ستافی گشتیی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە گارنیۆنی ماریۆپۆڵ "ئەرکی شەڕی خۆی بەجێهێناوە" و چۆڵکردنی کۆتایی لە کارگەی پۆڵا ئازۆڤستاڵ دەستی پێکردووە، هەروەها ٢٦٤ ئەندامی خزمەتگوزاری لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیا بۆ ئۆلێنیڤکا گواستراونەتەوە، هاوکات ٥٣ کەسیان کە "بەسەختی برینداربوون" گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی نۆڤۆازۆڤسک کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

دوای چۆڵکردنی کارمەندانی ئۆکرانی لە ئازۆڤستاڵ، هێزەکانی ڕووسیا و دۆنێتسک سەرجەم ناوچەکانی ماریۆپۆڵیان بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرد. هەروەها کۆتایی هاتنی شەڕەکە کۆتایی بە گەمارۆدانی ماریۆپۆڵ هێنا. دیمیتری پێسکۆڤ، سکرتێری ڕۆژنامەوانی ڕووسیا ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا گەرەنتی ئەوەی داوە کە ئەو چەکدارانەی خۆیان ڕادەستکردووە "بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، لە کاتێکدا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارێکدا ڕایگەیاند، "کارەکانی هێنانەوەی ئەو کوڕانە بۆ ماڵەوە بەردەوامە".

قۆناغی سێیەم: هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئۆکرانیا (٦ی ئەیلوول)

لە ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ هێزەکانی ئۆکرانیا هێرشێکی دژە هێرشی لەناکاویان بۆ ناوچەی خارکیڤ دەستپێکرد و لە نزیک باڵەکلیا دەستی پێکرد. تا ١٢ی ئەیلوول، هێرشی بەرپەرچدانەوە لە ناوچەی دەوروبەری خارکیڤ دەستیپێکرد بە سەرکەوتنێکی تەواو بۆ ئەوەی ڕووسیا بە ئاشکرا دان بەوەدا بنێت کە پێگە سەرەکییەکانی لە ناوچەکەدا لەدەستداوە. لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا ڤلادیمێر پوتین کۆکردنەوەی بەشێکی سەربازی ڕاگەیاند. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی "هەموو ئامرازێک" بەکاردەهێنێت بۆ "بەرگریکردن لە خۆی". دواتر لەو ڕۆژەدا وەزیری بەرگری سێرگی شۆیگو ڕایگەیاند کە ٣٠٠ هەزار یەدەگ بە شێوەیەکی ناچاری بانگهێشت دەکرێن. 

قۆناغی سێیەم - هێرشی بەرپەرچدانەوەی خێرسۆنی ئۆکرانیا

لە ٢٩ی ئابدا، زێلێنسکی سەرەتا هێرشێکی بەرپەرچدانەوەی ڕاگەیاند بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی خاکی داگیرکراوی ڕووسیا لە باشوور بە چڕبوونەوە لەسەر ناوچەی خێرسۆن-میکۆلایڤ. لە ٦ی ئەیلوولدا ئۆکرانیا هێرشی دووەم بۆ ناوچەی خارکیڤ دەستپێکرد و لەوێ پێشکەوتنێکی خێرای بەدەستهێنا. لەلایەکی دیکەوە هێرشەکانی ئۆکرانیاش بەدرێژایی هێڵی پێشەوەی باشوور بەردەوام بوون، لە ١٢ی ئەیلوولدا زێلێنسکی ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئۆکرانیا بە گشتی ٦ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە ڕووسیا وەرگرتۆتەوە، لە هەردوو باشوور و ڕۆژهەڵات. تا ١٣ی ئەیلوول، هێزەکانی ڕووسیا لە کیسێلیڤکا کشانەوە، کە شارۆچکەیەک بوو کە ١٥ کم لە خێرسۆنەوە دوورە.

قۆناغی سێیەم - هێرشی بەرپەرچدانەوەی خارکیڤی ئۆکرانیا

لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی ئۆکرانیا لە ٦ی ئەیلوولدا هێرشێکی دژە هێرشێکی دیکەی لەناکاویان بۆ سەر ناوچەی خارکیڤ دەستپێکرد و لە نزیک باڵەکلیا دەستیپێکرد. تا ٧ی ئەیلوول، هێزەکانی ئۆکرانیا نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر پێشڕەوییان کردبوو بۆ ناو خاکی داگیرکراو لەلایەن ڕووسیا و وتیان کە نزیکەی ٤٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیان کۆنترۆڵکردۆتەوە. لە ٨ی ئەیلوولدا هێزەکانی ئۆکرانیا بالاکلیایان گرت و پێشڕەوییان کرد بۆ ماوەی ١٥ کیلۆمەتر لە کوپیانسک. شرۆڤەکارانی سەربازی ڕایانگەیاند، پێدەچێت هێزەکانی ئۆکرانیا بەرەو کوپیانسک کە ناوەندێکی سەرەکی هێڵی ئاسنینە، بە ئامانجی بڕینی هێزەکانی رووسیا لە ئیزیۆم لە باکوورەوە هەنگاو بنێن.

لە ٩ی ئەیلوولدا، ئیدارەی داگیرکەری ڕووسیا لە ئۆبلاستی خارکیڤ ڕایگەیاند کە دانیشتوانی مەدەنی ئیزیۆم و کوپیانسک و ڤێلیکی بورلوک "ناوچەکە چۆڵ دەکەن". هەروەها پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە جەنگ ڕایگەیاند کە پێیان وایە ئەگەری زۆرە لە ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا کوپیانسک بکەوێت، لە کاتێکدا یەکەکانی یەدەگی ڕووسیا بە هەردوو ڕێگا و هێلیکۆپتەر ڕەوانەی ناوچەکە کراون. بەیانی ١٠ی ئەیلوول، وێنەکان دەرکەوتن کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەربازانی ئۆکرانیا لە ناوەندی شاری کوپیانسک ئاڵای ئۆکرانیا بەرز دەکەنەوە و پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە جەنگ وتی هێزەکانی ئۆکرانیا نزیکەی ٢٥٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیان گرتووە.

دواتر لە ڕۆژەکەدا، ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، پێگەکانی ڕووسیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە بەرامبەر هێرشی ئۆکرانیادا "ڕووخاوە"، هێزەکانی ڕووسیا ناچاربوون لە بنکەکەیان لە ئیزیۆم بکشێنەوە، تا ١٥ی ئەیلوول، هەڵسەنگاندنێکی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا پشتڕاستی کردەوە کە ڕووسیا لە نزیکەی هەموو پێگەکانیان لە ڕۆژاوای ڕووباری ئۆسکیل یان دۆڕاوە یان کشاوەتەوە. هەروەها یەکە پاشەکشەکراوەکان وازیان لە سەروەت و سامانی سەربازی جۆراوجۆر هێناوە کە بەنرخن.

قۆناغی سێیەم – بەرەی دنیپرۆ-زاپۆریژژیا

لە ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ شاندێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەردانی وێستگەی ئەتۆمییان لە زاپۆریژژیا کرد و لە ٦ی ئەیلوولدا راپۆرتێک بڵاوکرایەوە کە تێیدا زیان و هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی وێستگەکە کە بەهۆی تۆپبارانی دەرەکی و بوونی سەربازانی داگیرکەر لە وێستگەکەدا تووشی بوون، تۆمار کرا. لە ١١ی ئەیلوول، کاتژمێر ٣:١٤ی بەیانی، ڕیاکتۆری شەشەم و کۆتایی لە تۆڕەکە پچڕا، ئەمەش وایکرد کارگەکە بوەستێت. لە بەیاننامەکەی کۆمپانیای ئێنێرگۆاتۆمدا هاتووە کە "ئامادەکارییەکان بۆ ساردکردنەوەی و گواستنەوەی بۆ دۆخی سارد لە ئارادایە".

زیانەکان

پۆلەکان دڵنیاکراوە ماوە سەرچاوە
خەڵکی مەدەنی ٥ هەزار و ٩١٦ کەس کوژراون و ٨ هەزار و ٦١٦ کەسیش بریندارن ٢٤ی شوبات – ١٨ی ئەیلوول ٢٠٢٢ نەتەوە یەکگرتووەکان
هێزەکانی ئۆکرانیا (ZSU, NGU) ١٠ هەزار کوژراون، ٣٠ هەزار بریندار ٢٤ی شوبات – ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ حکوومەتی ئۆکرانیا
هێزەکانی ڕووسیا (VSRF, Rosgvardiya, FSB) ٦ هەزار و ٤٧٦ کەس کوژراون ٢٤ی شوبات – ١٥ی ئەیلوول ٢٠٢٢ بی بی سی نیوز ڕووسی و میدیازۆنا
٥ هەزار و ٩٣٧ کەس کوژراون ٢٤ی شوبات – ٢١ی ئەیلوول ٢٠٢٢ ئیمپۆرتنت ستۆریس
هێزەکانی کۆماری گەلی دۆنێتسک ٣,٠٦٩ کوژراو و ١٣ هەزار بریندار ٢٦ی شوبات – ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ کۆماری گەلی دۆنێتسک
هێزەکانی کۆماری گەلی لوهانسک ٥٠٠-٦٠٠ کوژراون ٢٤ی شوبات – ٥ی نیسانی ٢٠٢٢ حکوومەتی ڕووسیا

سەرچاوەی تر

پۆلەکان دڵنیاکراوە ماوە سەرچاوە
خەڵکی مەدەنی ٧ هەزار بۆ ٢٨,٥٢١+ کوژراون ٢٤ی شوبات – ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ حکوومەتی ئۆکرانیا
٩٩٩ کوژراون، ٣,٢٦٥ بریندار ١٧ شوبات – ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ DPR و LPR
هێزەکانی ئۆکرانیا (ZSU, NGU) ٦١ هەزار کوژراو و ٤٩ هەزار بریندار ٢٤ی شوبات – ٨ی ئابی ٢٠٢٢ ڕووسیا
هێزەکانی ڕووسی و هێزەکانی تر (VSRF, Rosgvardiya, FSB,
PMC Wagner, DPR و LPR)
١٥ هەزار کوژراون، ٤٥ هەزار بریندار ٢٤ی شوبات – ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٢ خەمڵاندنی ئەمریکا و بەریتانیا و ئیستۆنیا
٧٠,٠٠٠–٨٠,٠٠٠ کوژراون و بریندار بوون ٢٤ی شوبات – ئەیلوولی  ٢٠٢٢ خەمڵاندنی ئەمریکی
٥٦ هەزار کوژراون، ٩٨,٠٠٠-١١٧,٠٠٠ بریندار ٢٤ی شوبات – ئەیلوولی ٢٠٢٢ حکوومەتی ئۆکرانیا

 


سەرچاوەکان



3521 بینین