ڕۆبەرت ئۆپنهایمەر

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-05-08-13:51:00 - کۆدی بابەت: 12807
ڕۆبەرت ئۆپنهایمەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆبەرت ئۆپنهایمەر (بە عەرەبی: روبرت أوبنهايمر، بە ئینگلیزی: Robert Oppenheimer) ناوی تەواوی جولیەس ڕۆبەرت ئۆپنهایمەرە. زانایەکی فیزیایی بیردۆزی بوو. لە بەرواری ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٩٠٤ لە نیویۆرک، ئەمریکا لەدایکبووە. زۆرجار بە "باوکی بۆمبی ئەتۆمی" ناودەبرێت بەهۆی ئەوەی سەرپەرشتیاری یەکەمین پڕۆگرامی بۆمبی ئەتۆمی بوو لەماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا.

زانیاری گشتی

ناو

جولیەس ڕۆبەرت ئۆپنهایمەر

لەدایکبوون

٢٢ی نیسانی ١٩٠٤، نیویۆرک، ئەمریکا

خوێندن

زانکۆی هارڤارد، کۆلێجی کرایست لە کامبریج، زانکۆی گۆتنجن

هاوسەر

کاثرین پیونینگ

منداڵ

دوو

بواری کارکردن

فیزیای تیۆری

ژیاننامە

ئۆپنهایمەر لە خێزانێکی جوولەکەی ئەمریکی لەدایکبووە. باوکی کۆچبەرێکی ئەڵمانی بوو، کە بە هاوردەکردنی کەلوپەلی چنین بۆ ناو شاری نیویۆرک سامانی خۆی پێکەوە نابوو. دایکیشی وێنەکێشێک بوو کە خێزانەکەی بۆ چەندین نەوە لە نیویۆرک ژیابوون. برایەکی لە خۆی بچووکتری هەبوو بەناوی فرانک، کە دواتر ئەویش دەبێت بە فیزیازان.

لە زانکۆی هارڤارد، ئۆپنهایمەر وانەکانی بیرکاری، فیزیا، زانست، فەلسەفە، ئایینی ڕۆژهەڵات، ئەدەبیاتی ئینگلیزی و فەڕەنسی وەرگرتووە. ساڵی ١٩٢٥ بە بەرزترین پلە خوێندنی لەوێ تەواو کرد. دواتر چووەتە تاقیگەی کاڤێندش لە زانکۆی کامبریج تا هاوکاری جەی جەی تۆمسن بکات لە توێژینەوەکەیدا، پاشانیش چووەتە زانکۆی گۆتنجن لە ئەڵمانیا بۆ خوێندنی فیزیای کوانتەم. لەماوەی ژیانیدا چاوی کەوتووە بە بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکان و کاری لەگەڵدا کردوون، وەکوو ماکس بۆرن و نیڵز بۆر. لە ساڵی ١٩٢٧دا بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە.

سەردانی چەندین سەنتەری فیزیای کردووە وەکوو، هارڤارد، دامەزراوەی تەکنەلۆجی کالیفۆڕنیا، لەیدن و زیوریخ. لە ساڵی ١٩٢٩دا دوو ئۆفەری وانە وتنەوەی پێگەیشت لە کاڵتێک لە پاسەدینا و زانکۆی کالیفۆڕنیا لە بێرکلی. هەردووکیانی قبووڵ کرد و کاتەکانی دابەش کردبوو لە نێوان پاسەدینا و بێرکلیدا. بەپێی گووتەی فیزیازان هانس بێث بێت، وانەکانی ئۆپنهایمەر ئەزموونێکی مەزن بوون بۆ زانا فیزیایییە بیردۆزی و تاقیکاریەکانیش. لە ساڵی ١٩٣٧دا جولیەس ئۆپنهاینمەری باوکی کۆچی دوایی کرد و لە دوای خۆی سامانێکی زۆر بۆ منداڵەکانی جێهێشت. لە ساڵی ١٩٤٠دا هاوسەرگیری لەگەڵ کاثرین پیونینگ هاریسندا کرد کە زانایەکی بایۆلۆجییە. پێکەوە بوونە خاوەنی دوو منداڵ.

جەنگی جیهانیی دووەم کاری زۆر لە فیزیازانە ئەمریکییەکانی وەستاند. لە ساڵی ١٩٤٢دا، ئۆپنهایمەر پرۆژەی مانهاتنی پێدرا کە ناوێكی نهێنی بوو بۆ پڕۆژەی گەشەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی. ئۆپنهایمەر کرا بە بەڕێوەبەری پڕۆژەکە کە لە تاقیگەی لۆس ئالامۆس جێبەجێکرا. کۆمەڵێک لە زیرەکترین فیزیازانەکانی کۆکردەوە و پێکەوە کاریان لەسەر کێشەکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆم کرد. دوابەدوای داگیرکردنی پۆڵەندا لەلایەن نازییە ئەڵمانییەکانەوە لە ساڵی ١٩٣٩دا، ئۆپنهایمەر کرا بە بەرپرسی پڕۆژەی مانهاتن لە ئەمریکا. ئامانجی کارەکە بریتیی بوو لە بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی سەربازی. لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٤٢دا کارەکان لە تاقیگەیەک لە نیو مەکسیکۆ دەستی پێکرد.

پڕۆژەکەی بەبەشداری چەند زانایەک بوو کە لە دەستی ڕژێمی فاشیست لە ئەورووپا هەڵهاتبوون و ئەرکەکەیان بریتیی بوو لە دۆزینەوەی ڕێگەیەکی نوێی پڕۆسەی بۆمبی ئەتۆمی کەرتبوو بەبەکارهێنانی یۆرانیۆم-٢٣٥، کە بە هیوای ئەوەی پێش ئەدۆڵف هیتلەر دروستی بکەن کاریان دەکرد. لە ساڵی ١٩٤٥دا یەکەمین بۆمب تاقیکرایەوە و سەرکەوتوو بوو. پاش ئەوە دوو بۆمبی تریش دروستکران و هەر یەکە لە ناگاساکی وهیرۆشیمای پێ بۆمباران کرا. دوابەدوای بینینی ئەو کاولکارییەی بۆمبەکە بە دوای خۆیدا هێنای، ئۆپنهایمەر دژی ئەوە وەستایەوە زیاتر گەشە بە پڕۆژەکە بدرێت و دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.

دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، میری لیژنەی وزەی ئەتۆمیی پێکهێنا بۆ جێگرتنەوەی پڕۆژەی مانهاتن. ئەرکی لیژنەکە بریتیی بوو لە سەرپەرشتیکردنی هەموو توێژینەوە و بەرەوپێشچوونەکانی بواری ئەتۆمیی لە ئەمریکا. وەکوو سەرۆکی لیژنەکە، لێرەشدا ئۆپنهایمەر دژی دروستکردنی بۆمبی هایدرۆجینی وەستایەوە کە بە "بۆمبی زۆر بەهێز" ناسراوە و هەزار جار لە بۆمبی ئەتۆمی بەهێزترە. وەکوو زۆربەی کەسە ڕۆشنبیرەکانی ساڵانی ١٩٣٠یەکان، ئۆپنهایمەر پاڵپشتی لایەنە چاکسازیخوازە کۆمەڵایەتییەکانی دەکرد کە دواتر بە بیرۆکە کۆمۆنیستییەکان ناسران. بە پێدانی پارە پاڵپشتی کۆمارییەکانی کردووە لە جەنگی ناوخۆی ئیسپانیادا و پاڵپشتی چالاکییە دژە فاشیستەکانی کردووە، هەرچەندە خۆی هەرگیز بە ئاشکرا نەچووەتە ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا.

لە ساڵانی ١٩٥٠ـاکاندا کاتێک ئۆپنهایمەر بەڕێوەبەری لیژنەی وزەی ئەتۆمی بوو، دژە کۆمۆنیستەکان لە واشتنتنەوە سەریان هەڵدا کە لەلایەن سیناتۆری کۆنەخواز جۆسیف مککارثییەوە سەرپەرشتی دەکرا. مککارثی و دژە کۆمۆنیستەکان دەیانویست هەموو سیخوڕە کۆمۆنیستەکان لە ژیانی ئەمریکییەکان بکەنە دەرەوە. ئۆپنهایمەر ڕاپێچی دادگا کرا بۆ پشكنینی ئاسایش بەڵام خۆی نکۆڵی لەوە کرد کە ئەندامی پارتێکی کۆمۆنیستەکان بووبێت. بەهۆی ئەمەوە پێگەکەی خۆی لە لیژنەی وزەی ئەتۆمی لەدەستدا و ئەو دەرگایانەی پێشتر بە ڕوویدا کرابوونەوە هەموویان داخران.  

لە ساڵی ١٩٦٣دا، سەرۆک جۆن ئێف کەنەدی ئەوەی ڕاگەیاند کە ئۆپنهایمەر خەڵاتی ئێنریکۆ فێرمی پێ دەبەخشرێت. دوای تیرۆرکردنەکەی کەنەدی، سەرۆک ڵیندن بی جۆنسن خەڵاتەکەی پێشکەش کرد. ئۆپنهایمەر تا دوایین ساڵەکانی ژیانی بەردەوام بوو لە پاڵپشتی کردن لە جڵەوکردنی نێودەوڵەتی بۆمبی ئەتۆمی.

کارە زانستییەکانی

ئۆپنهایمەر چەندین توێژینەوەی گرنگی زانستی ئەنجامداوە لە بواری ئەستێرەناسیی تیۆری، فیزیای ناوەکی، شەبەنگزانی و بواری کوانتەمی تیۆری.  دەستکەوتەکانی ئۆپنهایمەر لە بواری فیزیادا بریتیین لە:

١. تیۆری  بۆرن-ئۆپنهایمەر بۆ خەمڵاندنی کردەی شەپۆلە ئەتۆمییەکان

٢. کارکردن لەسەر تیۆری ئەلیکترۆن و پۆزیترۆنەکان

٣. پرۆسەی ئۆپنهایمەر-فڵیپس لە ناوکەیەکبووندا

٤. یەکەمین کردەی پێشبنینی کردن بۆ Quantum tunneling

٥. ئۆپنهایمەر بە باوکی دامەزرێنەری قوتابخانەی ئەمریکیی فیزیازانە بیردۆزییەکان دادەنرێت و بە داهێنانی چەکی ئەتۆم ناسراوە.

کۆچی دوایی

ئۆپنهایمەر بەبەردەوامی جگەرەی دەکێشا، بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لە کارکردندا تووشی دەبوو. لەماوەی ئەو ڕۆژانەی بەبەردەوامی کاری دەکرد بە دەگمەن نانی ژەمەکانی دەخوارد و لە ڕۆژێکدا نزیکەی ١٠٠ جگەرەی کێشاوە. لە ساڵی ١٩٦٧دا تووشی شێرپەنجەی قوڕگ بوو، هەروەها لە بەرواری ١٥ی شوباتی هەمان ساڵدا گیانی سپارد.


سەرچاوەکان



56 بینین