گرنگیی مۆسیقا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-09-10-23:12:00 - کۆدی بابەت: 10201
گرنگیی مۆسیقا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گرنگیی مۆسیقا (بە ئینگلیزی: the importance of music، بە عەرەبی: أهمية الموسيقى) هونەر و مۆسیقا لە کردارە سەرەتایییەکانی مرۆڤن. مرۆڤ و هونەر بەبێ یەکتری ناتوانن کار بکەن. زۆرێک لە خەڵکی ڕۆژانە چی لە ڕێگەی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن یان لەسەر شەقامەکان بێت گوێ لە مۆسیقا دەگرن، بەڵام سوودەکانی گوێگرتن لە مۆسیقا چییە؟

گرنگیی مۆسیقا

  • مۆسیقا دەتوانێت پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە نێوان خەڵکیدا دروستبکات

مۆسیقا دیارییەکی جیهانییە هێزی دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان خەڵکیدا هەیە، بەبێ گوێدانە زمان، نەتەوە، ڕەگەز بەهۆی ئامێرەکانی مۆسیقا کۆمەڵە کەسانێک پێکەوە مۆسیقا دەژەنن.

  • دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەندروستی هەبێت

مۆسیقا لە کەمکردنەوەی ئازار، نەهێشتنی فشاری دەروونی و توانای بیرهاتنەوەی شتەکاندا هاندەری مێشک دەبێت، توێژینەوەیەک لە هاڕڤاردەوە سەلماندوویەتی مۆسیقایەکی هێمن دەتوانێت پەستانی خوێن و لێدانی دڵ دابەزێنێ. دەتوانێت کاریگەری لەسەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان هەبێت و هەستکردن بە دڵەڕاوکێ کەم دەکاتەوە لە کاتێکدا تووشی فشاری دەروونی دەبیت ڕادیۆکەت هەڵبکە و گوێ لە مۆسیقا بگرە. هەروەها لە توێژینەوەیەکی تردا باسکراوە ئەو کەسانەی گوێ لە مۆسیقا دەگرن یان مۆسیقا دەژەنن توانای بەرگری لەشیان زیاترە، دەمارەکان ئارام دەکاتەوە وەک هێورکەرەوە پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری سوودی دەبێت.

  • یارمەتی ڕووەکەکان دەدات باشتر گەشە بکەن

بەپێی توێژینەوەیەک لەلایەن زانایانی کۆریای باشوور لە پەیمانگای نەتەوەیی تەکنەلۆجیای کشتوکاڵ ڕووەکەکان خێراتر گەشە دەکەن کاتێک مۆسیقا لە دەوروبەریان دەژەنرێت، لە توێژینەوەکەدا ١٤ جۆر مۆسیقای کلاسیکیان بەکارهێنا و سەرنجیاندا کاتێک مۆسیقا لە دەوری ڕووەکەکان هەبێت باشتر گەشە دەکەن.

  • مۆسیقا دەتوانێت متمانە و خۆڕاگری زیاد بکات

لە سەردەمێکدا کە زۆر لە خزمەتگوزاری و بەرهەمەکان لە ڕێگەی ئینتەرنێت و بە کەمترین کات بەردەستن، فێربوونی ئامێرەکانی مۆسیقا دەتوانێت فێری خۆڕاگری و هەوڵدانت بکات. شارەزایی پێویستە تاکوو فێردەبیت چۆن ئامێرێکی مۆسیقا بژەنیت: تەکنیک، خوێندنەوەی مۆسیقا، دەربڕین و گوێگرتن. بۆ فێربوونی ئامێرێکی مۆسیقا پێویستە لە تەواوکردنی ئەم کارامەیییانە بەردەوام بیت بەهۆی ئەمەش فێری خۆڕاگری و هەوڵدان دەبیت. لە هەمان کاتدا کاتێک کەسێک بەرپرسیارێتی سەرپەرشتیکردنی گرووپێکی مۆسیقا وەردەگرێت هەستی متمانەی بۆ دروست دەبێت، لە کاتی ژەنینی ئامێرێکی مۆسیقا لەبەردەم کەسانی تر هەست دەکەیت کەسێکی سەرکەوتوویت، دەتوانیت بە هەوڵ و ماندووبوون بە ئامانجی خۆت بگەیت.

  • مۆسیقا دەرچەیەکی داهێنەرانەیە

ڕێگەیەکە تاکوو خەڵکی بتوانن توانا و بەهرەکانیان نیشان بدەن، بیروڕای خۆیان چی لە بواری سیاسی یان هەستێکی دیاریکراو بێت دەرببڕن.

  • مۆسیقا دڵخۆشت دەکات

لە کاتی گوێگرتن لە مۆسیقا مێشک هۆڕمۆنی دۆپامین کە بە هۆڕمۆنی دڵخۆشی ناسراوە دەردەدات.

  • لە کاتی شۆفێریکردن یارمەتیدەر دەبێت

بەپێی توێژینەوەیەک لە هۆڵەندا گوێگرتن لە مۆسیقا لە کاتی شۆفێریدا دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر باری دەروونی هەبێت، توانای سەرنجدان زیاد بکات و ببێتە هۆی شۆفێریکردنێکی سەلامەتتر.

  • مۆسیقا و توانای خەوتن

توانای گوێگرتن لە مۆسیقا بە زنجیرەیەک لە هەنگاوەکان پەیوەستە کە ئەو شەپۆلە دەنگییانەی دێنە ناو گوێ بۆ نیشانەی کارەبایی لە مێشکدا دەگۆڕێن، کاتێک مێشک ئەم نیشانە کارەبایییانە لێکدەداتەوە زنجیرەیەک لە کاریگەری فیزیایی لە جەستەدا دروست دەبێت، زۆربەی ئەم کاریگەرییانە یان ڕاستەوخۆ توانای خەوتن زیاد دەکەن یان ئەو کێشانەی کە تێکەڵی خەو دەبن کەم دەکەنەوە. چەندین توێژینەوە باس لەوە دەکەن  لە ڕێگەی ڕێکخستنی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆل گوێگرتن لە مۆسیقا توانای خەوتن زیاد  دەکات ڕێژەی دەردانی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆل کەم دەکاتەوە و یارمەتی خەوتن دەدات.

هەروەک هانس کریستیان ئاندەرسن دەڵێت: "لەو شوێنەی کە وشەکان شکستیان هێنا، مۆسیقا قسە دەکات"


سەرچاوەکان



1450 بینین