ئاکام عومەر

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-12-15-01:37:00 - کۆدی بابەت: 10660
ئاکام عومەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاکام عومەر (بە عەرەبی: اكام عمر، بە ئینگلیزی: Akam Omar)، ناوی تەواوی ئاکام عومەر عوسمانە و لە ساڵی ١٩٨٦ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی سەیداوە لەدایکبووە و فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بوو، لە ڕێکەوتی ١٩ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازییدا بە سەختی بریندار دەبێت و دوای ٥٤ ڕۆژ مانەوەی لەژێر چاودێری چڕدا لە ١٢ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ شەهید دەبێت.

زانیاری گشتی
ناو ئاکام عومەر عوسمان
لەدایکبوون گەڕەکی سەیداوە، هەولێر، ١٩٨٦
ئایین ئیسلام
پیشە وەرگێڕ، سەرباز، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان
پلەی سەربازی سەرتیپ (عەمید)
تەمەن ٣٦ ساڵ
خێزان دوو خوشک و برایەک
هاوسەر نییە
نەتەوە کورد
برینداربوونی زنانە، گەرمیان، ١٩ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢
شەهیدبوونی نەخۆشخانە، ئەڵمانیا، ١٢ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢

ژیانی تایبەتی

ئاکام عومەر لە ساڵی ١٩٨٦ لە گەڕەکی سەیداوەی شاری هەولێر لەدایکبووە، خاوەنی دوو خوشک و برایەکە و خۆی منداڵی سێیەمی خێزانەکەیەتی، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەولێر تەواو کردووە. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٠ لەگەڵ ئەمریکییەکان وەکوو وەرگێڕی زمان و لە هەمان کاتدا وەکوو سەرباز کاری کردووە، دواتر لە ساڵی ٢٠١١ بە هاوکاری ئەمریکییەکان دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ خوێندنی کۆلێجی سەربازی و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٥ لە کاتی هێرشەکانی داعش دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان کاری کردووە، دواتر دەبێتە خۆبەخش لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و بەهۆی لێهاتووییەوە لە بواری سەربازی و جەنگیدا لەلایەن وەزیری پێشمەرگەی ئەوکاتەوە بە ناوی (جەعفەری شێخ مستەفا) هێزێکی سەربازی مەشقپێکراوی بەهاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان و لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسادا دروست دەکرێت و ئاکام عومەر دەکرێتە فەرماندەی ئەو هێزە سەربازییە. لەتەمەنی ٣٦ ساڵیدا پلەی سەربازی گەشتۆتە سەرتیپ (عەمید)، یەکەم پێشمەرگەیە لەو تەمەنە کەمەدا پلە سەربازییەکەی گەیشتبێتە عەمید، لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکاندا بۆ ماوەی حەوت ساڵ ٤ جار بریندار بووە.

برینداربوونی

بە سەرپەرشتیی ئاکام عومەر فەرماندەی هێزەکە، لە بەرەبەیانی ١٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ هێزەکانی کۆماندۆ بە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی دەچنە سنووری گەرمیان لە سنووری تاوێرکەوە لە ناوچەی پەڵکانە و زنانە بە مەبەستی پشکنین و کێوماڵکردنی سنوورەکە و دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگە و پاشماوەکانی ڕێکخراوی داعش لە سنوورەکەدا، لەوکاتەدا تۆڕێکی مین بەهێزەکەدا دەتەقێتەوە و بەوهۆیەوە ئەندامێکی هێزەکە بەناوی زوهێر محەمەد بە پلەی پێشەنگ (نەقیب) شەهید دەبێت و ئاکام عومەر و حەوت ئەندامی تری هێزەکە بە سەختی بریندار دەبن.

شەهیدبوونی

دوای ئەوەی ئاکام عومەر لە ئۆپراسیۆنەکەدا بە سەختی بریندار دەبێت، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی فارووقی شاری سلێمانی لەژێر چاودێری چڕدا دەمێنێتەوە، دواتر بە فڕۆکە و بە هاوکاری تیمێکی پزیشکی بە مەبەستی چارەسەر بۆ وڵاتی ئەڵمانیا گوازرایەوە. لە ڕێکەوتی ١٢ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا لەتەمەنی ٣٦ ساڵیدا شەهید دەبێت و تەرمەکەی دەگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بەخاک دەسپێردرێت.


سەرچاوەکان



6267 بینین