کۆستاریکا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-05-08-15:43:00 - کۆدی بابەت: 12812
کۆستاریکا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆستاریکا (بە ئینگلیزی: Costa Rica، بە عەرەبی: كوستاريكا، بە ئیسپانی: ˈkosta ˈrika، بە واتای "کەناری دەوڵەمەند")، بە فەرمی کۆماری کۆستاریکا، وڵاتێکە لە ئەمریکای ناوەڕاست، لە باکوورەوە لەگەڵ نیکاراگوا، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ دەریای کاریبی، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ پەنەما و لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ زەریای هێمندا هاوسنوورە، و لە باشووری دوورگەی کۆکۆسیشەوە سنووری دەریایی لەگەڵ ئیکوادۆردا هەیە. ژمارەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە نزیکەی پێنج ملیۆن کەسە و ڕووبەرەکەشی 51,060 کیلۆمەتر دووجایە. هەروەها سان خوسێ پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتە و 333,980 کەسی لێ نیشتەجێیە.

زانیاری گشتی

ناو کۆستاریکا، بە فەرمی کۆماری کۆستاریکا
پایتەخت و گەورەترین شار سان خوسێ
سەربەخۆیی لە ئیسپانیا 15ـی ئەیلوولی 1821
سەربەخۆیی لە یەکەم ئیمپراتۆریەتی مەکسیکی 1ـی تەممووزی 1823
سەربەخۆیی لە کۆماری فیدراڵی ئەمریکا 14ـی تشرینی دووەمی 1838
حکوومەت کۆماری سەرۆکایەتی یەکگرتوو
سەرۆکی وڵات ڕۆدریگۆ چاڤێس
زمانی فەرمی ئیسپانی
ڕووبەری گشتی 51,100 كم2
ژمارەی دانیشتووان بەپێی خەمڵاندنی ساڵی 2022 5,204,411
چڕیی دانیشتووان 84.9/كم2
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
ژمارەی تەلەفۆن +506
ئایینی فەرمی مەسیحی
یەکەی دراو بالبۆوا
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە خەمڵاندنی ساڵی 2022 129.95 ملیار دۆلار

مێژوو و گرنگی وڵاتەکە

پێش ئەوەی لە سەدەی 16ـدا کۆستاریکا بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئیسپانیاوە، گەلانی ڕەسەن لە ناوچەکەدا نیشتەجێ بوون. وڵاتەکە تا کاتی سەربەخۆیبوونی لە ساڵی 1847 وەک بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی مەکسیک مایەوە. لە ساڵی 1948ـدا شەڕی ناوخۆیی کۆستاریکا هەڵگیرسا و لە ساڵی 1949 سووپاکەی هەڵوەشاندەوە و بوو بە یەکێک لەو چەند وڵاتە سەربەخۆ کەمانەی کە سووپای هەمیشەییان نەبوو. کۆستاریکا لە ئێستادا وەک کۆمارێکی سەرۆکایەتی یەکگرتوو بەڕێوە دەبرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دیموکراسییەکی دێرین و هێزێکی کاری خوێندەواری هەیە. لە ساڵی 2016ـدا نزیکەی 6.9%ـی بودجەی لە کەرتی پەروەردەدا خەرجکرد، بە بەراورد بە تێکڕای جیهانی کە 4.4% بوو.

هەروەها، ئابووریی وڵاتەکە لە ڕابردوودا پشتی بە کەرتی کشتوکاڵی بەستبوو، بەڵام لە ئێستادا ئابووری وڵاتەکە تاڕادەیەک هەمەچەشنە و پشت بە کەرتەکانی وەک دارایی، خزمەتگوزاری کۆمپانیاکان بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، دەرمانسازی و ئیکۆتۆریزم دەبەستێت. لە ساڵی 2022 و لە پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی (HDI)ـدا لە پلەی 58ـی وڵاتانی جیهان و لە پلەی پێنجەمی ئەمریکای لاتیندا بوو. ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە سەرانسەری جیهانەوە ڕوو لە کۆستاریکا دەکەن و زۆرترین ژمارەی گەشتیاران لە ئەمریکای ناوەڕاستەوە دێن. لە ساڵی 2011ـدا ژمارەی گەشتیاران گەشتە 2.2 ملیۆن گەشتیار و کەرتی گەشتیاری 8.1%ـی داهاتی نیشتیمانی دابین دەکات.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی کۆستاریکا لە سەرژمێری ساڵی 2011ـدا بە 4.3 ملیۆن کەس ژمێردرا و گرووپە نەتەوەییەکانی دانیشتووانی وڵاتەکە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشکران:

  • سپی پێست یان مێستیزۆ: 83.6%
  • دوو ڕەگ (باوانی سپی پێست و ڕەش پێست): 6.7%
  • ئەمریکی ڕەسەن: 2.4%
  • ڕەش پێست یان ئەفرۆ-کاریبی: 1.1%
  • نەتەوەکانی تر: 1.1%
  • ئەوانەی سەر بە هیچ گرووپێک نەبوون: 2.9% (141,304 کەس)
  • جیانەکراوە: 2.2% (107,196 کەس)
  • تا ساڵی 2016، نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی دانیشتووانی وڵاتیان بە نزیکەی 5.2 ملیۆن کەس خەمڵاند.

لە ساڵی 2011ـدا، زیاتر لە 104,000 دانیشتووی ئەمریکی ڕەسەن یان دانیشتووی ڕەسەنی کۆستاریکا لە وڵاتەکەدا نیشتەجێبوون، کە 2.4%ـی دانیشتووانیان پێکهێنا. دانیشتووە بەڕەچەڵەک ئەورووپییەکانی کۆستاریکا بە شێوەیەکی سەرەکی ئیسپانین. جگە لەوەش، ژمارەیەکی بەرچاو خانەوادەی ئیتاڵی، ئەڵمانی، ئینگلیزی، هۆڵەندی، فەڕەنسی، ئێرلەندی، پورتوگالی و پۆڵەندی لە وڵاتەکەدا دەژین، هەروەها ژمارەیەکی زۆر جوولەکە لە ناوچەکەدا جێگیرن. بەپێی هەمان زانیارییەکانی ساڵی 2011، 83.6%ـی دانیشتووانی کۆستاریکا سپی پێست یان مێستیزۆ (بە ڕەچەڵەک ئەورووپی و ئەمریکی)ـن. دوو ڕەگەکان (لە باوانی سپی پێست و ڕەش پێست)ـی وڵات 6.7%ـی دانیشتووان و دانیشتووی ڕەسەنی ناوچەکه 2.4%ـی دانیشتووان پێک دەهێن. ژمارەی دانیشتووە ڕەسەن و ئەورووپییە فرەڕەگەزەکانی وڵاتەکە بە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەمریکای لاتین زۆر کەمترە.

پەنابەر

کۆستاریکا میوانداری زۆرێک لە پەنابەران دەکات، بە شێوەیەکی سەرەکیش لە وڵاتانی کۆڵۆمبیا و نیکاراگوا. لە ئەنجامی ئەوە و کۆچی نایاساییەوە، 10-15%ـی دانیشتووانی کۆستاریکا لە خەڵکی نیکاراگوا پێکهاتووە، کە هەندێک بە مەبەستی دەرفەتی کاری وەرزی ڕوویان لە کۆستاریکا کردووە و دوای تەواوبوونی ئیشەکەیان دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان. کۆستاریکا لە ڕابردووشدا ژمارەیەکی زۆر پەنابەری لە چەند وڵاتی دیکەی ئەمریکای لاتینەوە وەرگرت کە لە شەڕی ناوخۆ و دیکتاتۆریەتی ساڵانی حەفتا و هەشتاکان هەڵ دەهاتن بەتایبەتی لە وڵاتانی شیلی و ئەرجەنتین، جگە لەوەش ژمارەیەک پەنابەری لە ئەلسەلڤادۆرەوە وەرگرت کە لە شەڕی پارتیزانی و دەستەی تیربارانی حکوومەت هەڵهاتن.

بەپێی ئامارەکانی بانکی جیهانی، لە ساڵی 2010ـدا نزیکەی 489,200 کۆچبەر لەم وڵاتدا بوون و زۆربەشیان لە وڵاتانی نیکاراگوا، پەنەما، ئەلسەلڤادۆر، هیندۆراس، گواتیمالا و بێلیزەوە هاتبوون، لە کاتێکدا 125,306 کۆستاریکایی لە دەرەوەی وڵات لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، پەنەما، نیکاراگوا، ئیسپانیا، مەکسیک، کەنەدا، ئەڵمانیا، ڤێنیزوێلا، کۆماری دۆمینیکان و ئیکوادۆردا دەژین. ژمارەی کۆچبەران لە ساڵانی دواتردا کەمیکرد بەڵام لە ساڵی 2015ـدا، نزیکەی 420,000 کۆچبەر لە کۆستاریکادا هەبوون و ژمارەی پەناخوازان (بەزۆری لە هیندۆراس، ئەلسەلڤادۆر، گواتیمالا و نیکاراگوا) بۆ زیاتر لە 110,000 کەس بەرزبوویەوە، لەچاو ساڵی 2012ـدا پێنج هێندە زیادیکرد. لە ساڵی 2016ـدا، کۆستاریکا بە "موگناتیس"ـی کۆچبەرانی ئەمریکای باشوور و ناوەڕاست و وڵاتانی دیکە ناوبرا.

گەشەی دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی کۆستاریکا لە ئێستادا (2023) 5,210,152 کەسە و ڕێژەی گەشەی ساڵانەی بە هەمان شێوەی وڵاتانی دراوسێی 1.48%. هەروەها پێشبینی دەکرێت گەشەی دانیشتووانەکەی تا ساڵی 2050 بۆ 0.14% نزم بێتەوە، هۆکاری ئەوەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ کەمخستنەوەی منداڵ، تێکڕای ژمارەی منداڵانی هەر خێزانێک لە ساڵی 1973ـدا 5.6 منداڵ بۆ 3.5 مناڵ لە ساڵی 2011 دابەزی، یەکێکی تر لەو هۆکارانەی ڕۆڵیان لە دابەزینی ڕێژەی گەشەی دانیشتوواندا هەیە کێشە ئابوورییەکانن. بەپێی ئەم پێشبینیانە ژمارەی دانیشتووانی کۆستاریکا لە ساڵی 2030ـدا دەگاتە 5,417,379 کەس، لە ساڵی 2040 دەگاتە 5,658,897 و لە ساڵی 2050ـدا دەگاتە 5,774,070 دانیشتوو.

تەمەنی مامناوەندی دانیشتووان

لە ساڵی 2023ـدا تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی وڵاتی کۆستاریکا 32.6 ساڵە، نێرەکان 32.1 ساڵ و مێیەکان 33.1 ساڵ. جگە لەوەش، 3,915,117 دانیشتووی وڵاتەکە لەسەرووی تەمەنی هەژدە ساڵییەوەن.

ئایین

زۆربەی دانیشتووانی کۆستاریکا خۆیان بە پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحی دەناسێنن، ئایینی کاسۆلیکی خاوەنی زۆرترین ئەندامە و بەپێی دەستووری ساڵی 1949 ئایینی فەرمیی وڵاتەکەیە. لە ڕاپرسییەکەی ساڵی 2017ـی (Latinobarómetro)ـدا دەرکەوتوە کە 57%ـی دانیشتووانی کۆستاریکا خۆیان بە پەیڕەوکەرانی کاسۆلیکی ڕۆمانی دەناسێنن، 25%ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی پرۆتستانتی ئینجیلین، هەروەها 15%ـی دانیشتووانی وڵات هیچ ئایینێکیان نییە و 2%ـی دانیشتووان ئایینەکانی تر پەیڕەو دەکەن. بەهۆی کۆچکردنی هاوڵاتیان لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ئایینەکانی دیکە لە ناوچەکەدا گەشەیان کردووە، یەکێک لەو ئایینانە ئایینی بوودیە و زیاتر لە 2%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. هەروەها کۆمەڵگەیەکی بچووکی موسوڵمان لە وڵاتەکەدا نیشتەجێن و نزیکەی 0.001%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن.

زمانەکان

زمانی سەرەکی دانیشتووانی کۆستاریکا ئیسپانییە و لەلایەن زۆربەی دانیشتووانەکەیەوە قسەی پێ دەکرێت. ئەم وڵاتە لەڕووی زمانەوانییەوە وڵاتێکی هەمەچەشنە و لانیکەم پێنج زمانی ڕەسەنی ناوخۆیی زیندوو لەلایەن نەوەکانی گەلانی پێش کۆلۆمبی قسەیان پێ دەکرێت. هەروەها زمانی ئینگلیزی-کریۆل لەلایەن کۆچبەرانی ئەفرۆ-کاریبییەوە قسەی پێ دەکرێت. جگە لەوەش، نزیکەی 10.7%ـی دانیشتووانی 18 ساڵ یان سەروو 18 ساڵی وڵات بە ئینگلیزی قسە دەکەن، 0.7%ـی دانیشتووان بە زمانی فەڕەنسی و 0.3%ـی دانیشتووان بە زمانی پورتوگالی یان ئەڵمانی دەدوێن.

کەشوهەوا

وڵاتی کۆستاریکا بەدرێژایی ساڵ کەشوهەوایەکی خولگەیی هەیە. کەشی وڵاتەکە بەدرێژایی ساڵ لە دەشتەکان و بەدرێژایی کەناراوەکان گەرمە، لە کاتێکدا لە بانەکەدا مامناوەندترە. لەبەرئەوەی کۆستاریکا کەوتۆتە نزیک هێڵی یەکسانبوونی گۆی زەوییەوە بۆیە کۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە پلەی گەرمیدا بەدی ناکرێت، بەڵکوو جیاوازی سەرەکی لە بڕی بارانباریندا دەدۆزرێتەوە. لە کەنارەکانی زەریای هێمن و بانەکەدا، وەرزی وشک لە مانگی کانوونی یەکەمەوە تا مانگی نیسان و وەرزی باراناوی لە مانگی ئایار تا مانگی تشرینی دووەم دەخایەنێت. بە پێچەوانەوە، کەشوهەوای دەشت و کەناراوەکانی ڕۆژهەڵات کەمەرەییە و بەدرێژایی ساڵ بارانێکی زۆریان لێ دەبارێت. سەرەڕای ئەوەش، ئاوی دەریا بەدرێژایی ساڵ لە هەردوو کەناراوەکەدا گەرمە.

کەناری ڕۆژهەڵات و دەشتەکە کە دەڕواننە سەر دەریای کاریبی باراناوین و ساڵانە زیاتر لە 3,000 مللیمەتر بارانیان لێ دەبارێت؛ ئا لێرەدایە کە دەتواندرێت کەشوهەوا بە کەمەرەیی پێناسە بکرێت، واتە، هیچ وەرزێکی وشک بوونی نیە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بای بازرگانی باکووری ڕۆژهەڵات کە لە مانگی تشرینی دووەمەوە تا مانگی نیسان هەڵ دەکات و ڕاستەوخۆ دەگاتە ئەم ناوچەیە. بەڵام، لە مانگەکانی تەممووز و کانوونی یەکەمدا، ڕێژەی بارانبارین بەرز دەبێتەوە و لە مانگێکدا نزیکەی 440 مللیمەتر باران دەبارێت، لەگەڵ ئەوەشدا کەمترین بڕی بارانبارین لە ئەیلوول-تشرینی یەکەم و شوبات-ئازاردا تۆمار دەکرێت کە بۆ مانگێک نزیکەی 150/200 مللیمەترە. لەم ناوچەیەدا، مانگی کانوونی یەکەم باراناویترین مانگی ساڵە و ڕێژەی دابارینی باران لە مانگی کانوونی دووەمدا زیاترە لە مانگەکانی شوبات و ئازار. لە بەشی باشووری ئەم کەناراوانەدا، ساڵانە زیاتر لە پێنج مەتر باران دەبارێت.

کەناری زەریای هێمن

کەناراوەکانی زەریای هێمن کەمێک گەرمترە لە کەناراوەکانی دەریای کاریبی، بەتایبەتیش لە وەرزی زستاندا، کاتێک بای بازرگانی باکووری ڕۆژهەڵات لە شاخەکانەوە هەڵ دەکات کەشی وڵات گەرم و وشک دەکات: تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا لە دەوروبەری 30 بۆ 32 پلەی سەدیدان، لە کاتێکدا دەشێت لە مانگەکانی ئازار و نیساندا بگەنە 34 بۆ 35 پلەی سەدی. لە مانگی کانوونی یەکەمەوە تا مانگی نیسان، بەشی ناوەڕاست-باکووری وڵات بە وەرزێکی وشکدا تێ دەپەڕێت، لە کاتێکدا لە بەشی باشوور، وەرزی وشک وردەوردە کورتتر دەبێتەوە و لە مانگەکانی کانوونی یەکەم و نیساندا باران دەبارێت، جگە لەوانەش لە بەشی باشووریترینیشدا کەشوهەوا، وەک لە کەنارەکانی دەریای کاریبی، کەمەرەییە.

لە بەشی باکووری ناوەڕاستی کۆستاریکا، بەتایبەتی لە مانگی شوبات تا نیسان و پێش داکردنی باران کەشوهەوا گەرمە. کەشی ناوچە ناوخۆییەکان زۆر گەرمترە بە بەراورد بە ناوچە کەنارییەکان. هەروەها، لە ناوچە بەرزەکانی وڵات کە بەرزییەکەیان زیاتر لە 2,000 مەترە، پلەکانی گەرما نزمن، بەتایبەتیش لە مانگەکانی وەرزی زستان. جگە لەوانەش، کۆستاریکا کاریگەری زریانەکانی دەریای کاریبی لەسەرە کە بەزۆری بەرەو باکووری وڵات هەڵ دەکەن؛ بۆیە ئەو ناوچەیەی کە زۆرترین مەترسیی زریانی ناڕاستەوخۆی لەسەرە، بەشی باکووری وڵاتە. وەرزی زریانەکان لە مانگی حوزەیران تا تشرینی دووەم دەخایەنێت، واتە لە وەرزی بارانبارین. یەکەم زریان کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە کۆستاریکای دا لە مانگی تشرینی دووەمی 2016 بوو. زیاد لەوەیش، لەوانەیە نزمی پەستانی هەوا و گەردەلوولی خولگەیی لەسەر زەریای هێمن دروست ببن‌، بەڵام بەگشتی توند نین و‌ دەبنە هۆی بارینی بارانێکی زۆر لە کاتێکی کەمدا، کە دەتوانێت ببێتە هۆی هەرەسی زەوی و دروستبوونی‌ لافاو.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی کۆستاریکا، ئیتر یان بۆ پشوودان  لە کەناری دەریادا بێت یان بۆ گەڕان بە سروشتە دەوڵەمەندەکەی وڵاتەکەدا، مانگی کانوونی دووەم تا ناوەڕاستی مانگی نیسانە، بەتایبەتیش مانگەکانی شوبات و ئازار. لە ناوچە نزمەکاندا، کەش گەرمە، خۆر دەدرەوشێتەوە و بارانێکی کەم دەبارێت، جگە لە کەناری ڕۆژهەڵات، کە بەدرێژایی ساڵ باراناوییە. لە باکووری ڕۆژئاوا، بارانێکی کەم لە مانگی کانوونی یەکەمدا دەبارێت، لە کاتێکدا بەهاری زۆر گەرمە، ڕەنگە حەز بکەیت لە مانگەکانی کانوونی یەکەم و کانوونی دووەمدا سەردانی ناوچەکە بکەیت. هەروەها، لە باشووری ڕۆژئاوا، کە زۆرجار لە مانگی کانوونی یەکەمدا باران دەبارێت، دەتوانرێت لە مانگی کانوونی دووەمەوە بۆ ناوەڕاستی مانگی نیسان سەردان بکرێت. بەڵام، ئەگەر نیازی ناوچەکانی کەناری کاریبیت هەیە دەتوانیت لە مانگەکانی شوبات و ئازاردا بچیت.


سەرچاوەکان



40 بینین