بەریتانیا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-10-23:38:00 - کۆدی بابەت: 6244
بەریتانیا

ناوه‌ڕۆك

شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا

ئەم وڵاتە ناسراوە بە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا گەورە و ئایرلەندای باکوور، بە گشتی پێی دەوترێت شانشینی یەکگرتوو یاخود بەریتانیا، وڵاتێکی هەڵکەوتووی باکووری ڕۆژئاوای ئەورووپایە، بەریتانیا لە کەنارەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئەورووپایە کە وڵاتێکی تەواو دابڕاوە لە وڵاتانی چواردەوری و لە هەر چوار لاوە بە ئاو دەورەدراوە کە سنووری ئاوی لەگەڵ زەریای ئەتڵەسی هەیە، تەنها یەک دراوسێی هەیە کە بە وشکانی پێی بگات ئەویش وڵاتی کۆماری ئایرلەندایە.

لە ڕۆژهەڵاتییەوە دەریای باکوور (بە ئینگلیزی: North sea) هەیە کە سنووری ئاوییە لە نێوان بەریتانیا و وڵاتانی ئەسکەندەنافیا، لە باشوورەوە نۆکەندی ئینگلیز هەیە کە دایدەبڕێت لە وڵاتی فەڕەنسا، لە باشووری ڕۆژئاواوە دەریای سەڵتیک هەیە کە درێژترین کەناری وڵاتەکەی دروستکردووە و لە ڕیزی دوازدەیەمین درێژترین کەناردەریاکانی جیهاندا هەژمارەکرێت، دەریای ئێرلەندی وڵاتی بەریتانیا و کۆماری ئایرلەندای لەیەک دابڕیوە.

زانیاری گشتی

پایتەخت و گەورەترین شار لەندەن
زمانی فەرمی ئینگلیزی
زمانی تر
  • سکۆتلەندی
  • ئایرلەندی
  • وێڵزی
  • کۆمەڵێکی تر
گرووپە ڕەگەزییەکان (٢٠١١)
  • ٨٧.١٪ سپی پێست
  •  ٧٪ ئاسیایی
  • ٣٪ ڕەش پێست
  • ٢٪ فرە ڕەگەز
  • ٠.٩٪ گرووپی تر
ئایین
  • مەسیحی ٥٩.٥٪
  • بێ ئایین ٢٥.٧٪
  • ئیسلام ٤.٤٪
  • هیندۆسی ١.٣٪
  • سیخیزم ٠.٧٪
  • جولەکە ٠.٤٪
  • بودیزم ٠.٤٪
  • ئایینی تر ٠.٤٪
  • نادیار ٧.٢٪
دەوڵەت پەرلەمانیی پاشایەتیی یاسایی
شاژن ئێلیزابێسی دووەم
سەرۆک وەزیران بۆیس جۆنسن
ڕووبەر ٢٤٢,٤٩٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە
ژمارەی دانیشتووان بەپێی خەمڵاندنی ٢٠٢٠ ٦٧,٨٨٦,٠٠٤ کەس
سەرژمێریی ٢٠١١ ٦٣٬١٨٢,١٧٨ کەس
چڕی دانیشتووان ٢٠٧.٧/کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە (GDP) ٢.٨٢٨ تریلیۆن دۆلار (٢٠١٩)
داهاتی ساڵانی تاک ٤٧ هەزار دۆلار
کات UTC
دراو پاوەندی ئیستەرلینی
شێوازی لێخوڕین چەپ
کۆدی نێودەوڵەتی +٤٤ 

وڵاتی بەریتانیا وڵاتێکی پەرلەمانی پاشایەتی هەیە کە شاژنە ئەلیزابێسی دووەم لە ساڵی ١٩٥٢ـەوە سەرۆکی ئەو وڵاتەیە، ئەم وڵاتە هیچ پاشایەکی نییە بەهۆی ئەوەی شاژن هیچ برایەکی نەبووە و دوای مردنی باوکی ئەم وەک شاژنی وڵات داندراوە، لەندەن پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتە، ناوەندێکی بازرگانی گرنگی وڵاتە کە ١٠.٣ میلیۆن کەسی لێ نیشتەجێیە.

جوگرافیا

بەریتانیا لە چوار وڵاتی سەرەکی پێکهاتووە کە بریتین لە (ئینگلتەرا، سکۆتلەندا، وێڵز وە ئایرلەندای باکوور) پایتەختی ئەم وڵاتانە بەدوای یەکدا بریتین لە (لەندەن، ئایدنبێرگ، کاردیف و بێڵفاست) جگە لە ئینگلتەرا، وڵاتەکانی تر هەریەکەیان حکومەتی خۆبەڕێوەبەری خۆیان هەیە، بەریتانیا لە ٦٩ شار پێکدێت، ٥١ شارییان لە ئینگلتەرا، ٧ دانە لە سکۆتلەندا، ٦ لە وێڵز، ٥ دانە لە ئایرلەندای باکوور.

ئینگلتەرا و وێڵز یەکیانگرت لە ساڵی ١٥٤٢، دواتر شانشینی سکۆتلەندا بەشداری کرد و شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا دروستکرد، لە کۆتاییدا لەگەڵ شانشینی ئایرلەندا یەکیانگرت و شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا گەورە و ئایرلەندایان درووستکرد، دوای جەنگی جیهانی یەکەم کۆماری ئایرلەندا جیابووەوە لە شانشینەکە لە ساڵی ١٩٢٢ دا، ناوەکە گۆڕدرا بۆ شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا گەورە و باکووری ئایرلەندا لە ساڵی ١٩٢٧ دا.

نزیکەی ١٤ ناوچەی سەر ڕووی دەریاکان هەن کە خۆبەڕێوەبەرن بەڵام لەژێر فرمانی وڵاتی بەڕیتانیادان کە پاشماوەی ئیمراتۆریەتی بەریتانیا، کە گەورەترین ئیمپڕاتۆریەتی مێژووە و گەورەترین خاکی هەبوو و نزیکەی ١/٤ دانیشتووانی زەوی لەژێر دەسەڵاتی ئەو ئیمپراتۆڕیەتییەدا بوون.

ئینگلتەرا نزیکەی لە سەدا ٥٣ ی وڵاتی بەریتانیا پێکدێنێت، ١٣٠,٣٩٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکەکەیەتی، زۆربەی ناوچەکانی نزمن لە ئاستی ڕووی دەریاوە لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەرزایی و چیا لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای وڵات و چەندین ڕووبار.

سکۆتلەندا نزیکەی ١/٣ وڵات پێکدێنێت ٣٢٪ بەڕیتانیا کە خاکەکەی ٧٨,٧٧٢ کیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت، نزیکەی ٨٠٠ دوورگەی هەیە کە بە زۆری لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا هەن، لەناو بەریتانیادا زۆرترین ناوچەی شاخاوی لە ناو وڵاتی سکۆتلەندادا هەیە، کە بەرزترین چیای شانشینەکە پێی دەوترێت بێن نێڤس و دەکەوێتە کوێستانەکانی سکۆتلەنداوە کە ١,٣٤٥ مەتر بەرزە.

وێڵز ڕێژەی کەمتر لە ١/١٠ ی وڵات پێکدێنێت کە دەکاتە ٩٪ شانشینەکە و ٢٠ هەزار و ٧٧٩ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، وێڵزیش ناوچەیەکی شاخاوییە بەڵام بەشی باشووری کەمتر شاخاوییە و ناوچەیەکی نزمترە لەچاو ناوەڕاست و باکووری وڵاتی وێڵز، زۆرینەی دانیشتووان و ناوچە پیشەسازییەکانیش دەکەونە باشووری وڵاتەوە، شارە کەنارییەکانی وەک کاردیف و سوانزی و نیوپۆرت، بەرزترین چیا لە وڵاتی وێڵز سنۆودنە کە ١٠٨٥ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، ئەم وڵاتە سنووری ٢٧٠٤ مەتر کەناری لەگەڵ دەریادا هەیە. 

ئایرلەندای باکوور لەڕێگەی دەریای ئایرلەندی و نۆکەندی باکوورەوە لە بەریتانیا دابڕاوە، ڕووبەری خاکەکەی ١٤,١٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، زۆربەی ناوچەکانی گردن، لۆک نەی (بە ئینگلیزی: Lough neagh) کە گەورەترین دەریایە لەناو شانشینی بەریتانیادا دەکەوێتە وڵاتی ئایرلەندای باکوور کە ڕووبەری دەریاکە ٣٨٨ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بەرزترین چیا لە وڵاتەکە سلیڤ دۆناردە کە ٨٥٢ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

کەشوهەوا

زۆرینەی کەشی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا و ئایرلەندای باکوور کەشێکی فێنک و ساردە و زۆربەی کاتەکانی ساڵ باران دەبارێت، پلەی گەرمی لە وڵاتدا لە نێوان -٢٠ پلەی سیلیزی ژێر سفرەوە دەچێت بۆ ٣٥ پلە بەپێی گۆڕانی وەرزەکانی ساڵ، زۆربەی کات کەش لە هەر چوار وڵاتەکەی شانشینەکە (ئینگلتەرا، سکۆتلەندا، وێڵز و ئایرلەندای باکوور) کەشێکی زەریایی هەیە کە لە زۆربەی کاتەکانی ساڵدا ئاو و هەوایەکی فێنکی هەیە لە زۆربەی کاتەکانی ساڵدا و سارد نییە.

بەشی ڕۆژئاوای وڵات بایەکی هەیە کە لە زەریای ئەتڵەسییەوە هەڵدەکات لەچاو بەشی ڕۆژهەڵاتی باشترە کە کەشەکەی وشکترە، بە هەمان شێوە زستانی ڕۆژئاوای شانشینەکە ساردترە و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا گەرمترینە لە هاویندا لەچاو باکووری وڵاتدا، بەفر لە وەرزی زستان و بەهاردا دەبارێت.

بەریتانیا لە ستانداری کەشوهەوای جیهانیدا پلەی چوارەمی گرتووە لە کۆی ١٨٠ وڵات، کە ئەمەش لەسەر چەند بنەمایەک دیاریکراوە گرنگترینیان دەرپەڕاندنی گازە زیانبەخشەکان کە وا بەرنامەی بۆ داڕێژراوە لەناو شانشینی یەکگرتوودا ڕێژەی دەرپەڕاندنی گازی زیانبەخش کە کاردەکاتە سەر چینی ئۆزۆن دابەزێنرێت بۆ سفر لە ساڵی ٢٠٥٠ دا.

ئابووری

ئابووری شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا ڕێکدەخرێت لەڕێی ئابووری بەبازاڕکردنەوە، لە ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازاڕییەوە بەریتانیا بە پێنجەم گەورەترین وڵاتی ئابووری دادەنرێت لە جیهاندا کە زۆرترین ئاڵوگۆڕی هەیە لە جیهاندا، وە بە دووەم وڵات هەژمار دەکرێت لە ئەورووپادا لەدوای وڵاتی ئەڵمانیاوە، لەندەن بە یەکێک لە گەورەترین ناوەندە داراییەکانی جیهان هەژمار دەکرێت لە جیهاندا، کە لەڕاستیدا پلەی دووەمی گرتووە لەدوای شاری نیویۆرکەوە لە ئەمریکادا، دراوی وڵات بە شەشەم گرنگترین دراوی جیهان دادەنرێت و یەکەم دراو لە ئەوروپادا کە بەرزترین بەهای هەیە.

پاش کشانەوەی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، بواری ئابووری وڵات کەوتەوە دەست ناوخۆی وڵات لە ساڵی ٢٠٢٠ دا، شۆڕشی پیشەسازی بۆ یەکەمجار لە بەریتانیاوە سەریهەڵدا، کە لە سەرەتاوە بە توندی جەخت دەکرایەوە لەسەر پیشەسازی چنین، دواتر چوو بەرەو پیشەسازییە گەورەکانی وەک درووستکردنی کەشتی و دەرکردنی خەڵووز و دروستکردنی پۆڵا لە ئاسنی خاوەوە.

پیشەسازی ئۆتۆمبێل هەلی کاری بۆ زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەس ڕەخساندووە، کە ساڵانە زیاتر لە ٢ میلیۆن ئۆتۆمبێلی ناوخۆیی و ١٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل بۆ دەرەوەی وڵات، ئەم وڵاتە ناوەندێکی گەورەیە بۆ درووستکردنی بزوێنەر کە ساڵانە زیاتر لە ٢.٤ میلیۆن بەرهەم دەهێنێت، لەڕووی بواری ئاسمانییەوە پیشەسازی فڕۆکەوانی لە ڕیزبەندی دووەم یان سێیەمی جیهاندا دێت بۆ دروستکردنی فڕۆکە.

لەڕووی گەشتیارییەوە وڵاتی بەریتانیا بە دەیەم وڵاتی جیهان دادەنرێت کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆری هەیە و بەپێی داتای ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی ٣٧ میلیۆن سەردانیکەری هەبووە، بەو هۆیەش داهاتێکی زۆر لەڕێی گەشتیارییەوە دەگەڕێتەوە بۆ شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، ٤٨ میلیار دۆلار داهاتی ساڵی ٢٠١٨ بووە لە کەرتی گەشتیارییدا، زۆرترین گەشتیاران لە هەریەک لە وڵاتانی (ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئایرلەندا، ئیسپانیا، هۆڵەندا و پۆڵەندا) سەردانی وڵاتیان کردووە.


سەرچاوەکان



6855 بینین