بیردۆزەکانی دروستبوونی نەوت

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-05-10-14:49:00 - کۆدی بابەت: 12854
بیردۆزەکانی دروستبوونی نەوت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بیردۆزەکانی دروستبوونی نەوت (بە ئینگلیزی: Theories Of Oil Origin، بە عەرەبی: نظريات أصل النفطنەوت سووتەمەنییەکی بەردینە کە بە ئاسانی دەسووتێت، بە شێوەیەکی سەرەکی لە کاربۆن و هایدرۆجین پێکهاتووە و بەم شێوەیە بە هایدرۆکاربۆن ناسراوە. لە سەردەمە کۆنەکانەوە مرۆڤ ناسیویەتی و بەکاری هێناوە بۆ گەلێ مەبەست. قیر یەکێکە لە بەروبوومی نەوت کە میسرییە کۆنەکان بەکاریان هێناوە بۆ مۆمیاکردنی لاشە مردووەکان، بابلییەکان و ئاشوورییەکان بۆ خانوو بەکاریان هێناوە و هەروەها هیندییە سوورەکان و دانیشتوانی میانمار دواتر دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی. 

نەوت لە ئێستادا یەکێکە لە سەرەکیترین و گرنگترین سەرچاوەکانی وزەی جیهان، زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی ژیان وەک سەرچاوەیەکی وزە، کە کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر کۆمەڵگا لە چەند لایەنێکەوە لەوانە: ئابووری، سیاسەت و پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ. ئەمە کاڵایەکی ستراتیژییە کە هەموو وڵاتێک بە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نوێ بەدوایدا دەگەڕێت. نەوت دەتوانێت ئابووری وڵاتێک دیاری بکات یاخود جەنگ لەنێوان وڵاتاندا هەڵبگیرسێنێت. 

کەواتە ئەم سووتەمەنییە بۆچی هێندە گرنگە؟  چۆن دروست بووە و لەکوێوە هاتووە؟ جگە لەوەی کە بەکارهێنانی نەوت چەندین زیانی تەندروستی و ژینگەیی هەیە، بەڵام هێشتا بەردەوامین لە بەکارهێنانی، چونکە هێشتا سەرچاوەیەکی تری وزە نەدۆزراوەتەوە کە بتوانێت جێگەی نەوت بگرێتەوە. نەوت وزەیەکی نوێ نەبووەوەیە، واتە بەهۆی ئەوەی دروستبوونی نەوت کاتێکی زۆری دەوێت بڕێکی دیاریکراوەی هەیە و دروست نابێتەوە. دروستبوونی نەوت ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە. ٧٠٪ی ئەو نەوتەی کە ئێستا هەیە لە سەردەمی میسۆزۆیک (٢٥٢ بۆ ٦٦ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا) دروست بوون، ٢٠٪ی لە سەردەمی سینۆزۆیک (٦٥ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا) دروست بوون و تەنها ١٠٪ لە سەردەمی پالێۆزۆیک (٥٤١ بۆ ٢٥٢ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) دروست بوون.

تیۆرییە جیاوازەکانی دروستبوونی نەوت

سەرەڕای لێکۆڵینەوە گەورەکانی تەرخانکراون لەسەر سەرچاوەی درووستبوونی نەوت، هێشتا نادڵنیایی هەیە و هیچ بەڵگەیەکی تەواوەتی نییە لەسەر بنچینەی نەوت. لەم سەردەمەدا دوو بیردۆزی جیاواز هەیە بۆ سەرچاوەی نەوت؛ بنەچەی ئەندامی و نا ئەندامی. بەڵام بیردۆزی ئەندامی زیاتر پشتگیری دەکرێت لەلایەن زانایانی تایبەت بەم بوارەوە.

نائەندامی (نا زیندوو)

لایەنگرانی بیردۆزەکە باوەڕیان وایە کە ماددەی نائەندامی وەک هایدرۆجین و کاربۆن لەژێر پلەی گەرمی و پەستانێکی زۆر لە چینە قووڵەکانی ژێر ڕووی زەویدا کۆبوونەتەوە و لەو شوێنەی کارلێکی کیمیایی ڕوویداوە نەوت و گازیان پێک هێناوە. دواتر نەوت و گاز لە ڕێگەی بەردی کوندارەوە لە تەڵەی جۆراوجۆری قوڵایی ژێر زەوی نیشتوون و کۆبوونەتەوە. هەروەها ئەمە ئەو گریمانەیەی دەرخست کە نەوت ماددەیەکە کۆتای پێ دێت و نوێ نابێتەوە. چەند بیردۆزێکی جیاواز هەن کە باس لە سەرچاوەی نا ئەندامی نەوت دەکەن کە بریتین لە:

بیردۆزی کاربایدی کانزا: لەلایەن کیمیازانێکی ڕووسیەوە پەرەپێدراوە و دەڵێت کە نیشتنی نەوت کۆنترۆڵ دەکرێت لەلایەن چالاکییە تەکتۆنییەکانەوە کە لە ماوەی ژیانی بەردی نیشتەنیدا ڕوودەدات. بۆ ڕوونکردنەوەی تێبینییەکانی، ئەو بیردۆزی "کانزای کارباید"ی بڵاوکردەوە. کاربایدە کانزاییەکان لە قووڵایی زەویدا کارلێک دەکەن لەگەڵ ئاو لە پەستان و پلەی گەرمی بەرز بۆ پێکهێنانی ئەسیتلین کە خەست دەبێتەوە بۆ هایدرۆکاربۆنی قورستر. هاوکێشەی کاردانەوەکەی بریتییە لە: Cac2+H2O= C2H2+Ca(OH)2

بیردۆزی گڕکانی: بریتییە لە دەرچوونی نەوت و گاز  لە چینی پەردەی زەوییەوە لە ڕێگەی چالاکی و تەقینەوەی گڕکانەکانەوە. هەروەها جۆرێکی دیاریکراوی بیردۆزی گڕکانی بەناوی کریڤۆلکانۆ، دەڵێت کە هەندێ جار تەقینەوەی گڕکانی دەتوانێت میسان لە جیاتی بەرد بەرەڵا بکات. میسان کە گازێکە لەناو هایدرۆکاربۆندا هەیە، لە بەرگە هەوادا دەگۆڕێت بۆ ئاو و CO2. بەڵام چینەکانی ژێر زەویدا بەهۆی پەستانەوە زنجیرەی هایدرۆکاربۆن دروستدەکات. 

بیردۆزی بوومەلەرزە: ئەمەش باس لەوە دەکات کە نەوت و گاز لە ڕێگەی چالاکی پلێتە تەکتۆنییەکانەوە لە چینی پەردەی زەوی دەرچووە، وەک درز و شکانی پلێتەکان، کە دەبێتە هۆی ڕوودانی بوومەلەرزەش.

بیردۆزی سپرپێنتيناندن: کە دەڵێت هایدرۆکاربۆن بەرهەمێکی لاوەکییە، کە لە گۆڕانکارییەکی مێتامۆرفیکی کانزای سەوزی تۆخی ئۆلیڤینەوە هاتووە کە لە چینی پەردەی زەویدا دۆزراوەتەوە.

بیردۆزی جێفری وۆلینسکی: پێشنیاری ئەوەی کرد کە دروستبوونی نەوت و گازی سروشتی ئەنجامێکی ڕاستەوخۆی پۆلیمەری هایدرۆکاربۆنەکان بوو لە قۆناغە ناوەندییەکانی دروستبوون و پەرەسەندنی ئەستێرەکان و کۆمەڵەی خۆر. نەوت و گازی سروشتی وەکوو باران دەبارێت بۆ ناوەوەی ئەستێرەکە کە دواتر لە ڕێگەی نیشتنی بەرگی توێکڵی زەوی لە ژێر زەویدا گیر دەخوات. هەروەها ئیمانوێل ڤێلیکۆڤسکی لە کتێبەکەیدا بە ناوی Worlds in Collision (1950) پێشنیاری ئەوەی کردووە کە نەوت لە بنەڕەتدا لە دەرەوەی زەوییە و لە ئەستێرەی کلکدار و هەسارەکانەوە هاتووە.

چەند بەڵگەیەک کە پشتگیری بیردۆزی نا ئەندامیی نەوت دەکەن:

  • شوێنی جوگرافی: زۆربەی ناوچەکانی بەرهەمهێنانی هایدرۆکاربۆن دەکەونە نزیک پشتێنەکانی چالاکییە تەکتۆنیکییەکان.
  • قوڵای شوێنی نەوت: تا ئێستا ماددەیەکی بەبەردبوو لەخوار ١٦٠٠٠ پێ نەدۆزراوەتەوە کە ئەمەش ئەو بیردۆزە ڕەتدەکاتەوە کە دەڵێت نەوت ماددەیەکی ئەندامییە و سووتەمەنییەکی بەردینە. چونکە لە ئێستادا لە بەرزی ٢٨٠٠٠ پێ و ٣٠٠٠٠ پێ یەدەگی نەوت دەدۆزرێتەوە کە هیچ پاشماوەیەکی بەردینی لێ نەدۆزراوەتەوە. 

ئەندامی

سەبارەت بە بنچینەی نەوت و گاز بە شێوەیەکی گشتی ئەم بیردۆزە زیاتر پەسەندکراوە. کە دەڵێت نەوت و گاز لە پاشماوەی ڕووەک و ئاژەڵی پێش مێژوو دروست بوون. ئەم زیندەوەرانەش وەک قەلەنج و زووپلانکتۆن کە ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر لە ژینگەیەکی دەریاییدا بوونیان هەبووە، ئەم زیندەوەرانە لەو کاتەدا شێوەی سەرەکی ژیان بوون لەسەر زەوی (مرۆڤ بوونی نەبووە). 

ئەو وزەیەی لە نەوتدا هەیە سەرچاوەکەی لە بنچینەدا لە خۆرەوە هاتووە، چونکە ئەم زیندەوەرانە لە ماوەی ژیانیاندا وزەیان لە خۆرەوە وەرگرتووە و وەک گەردی کاربۆن لە جەستەیاندا بەشێوەیەکی کیمیای هەڵیان گرتووە. هەندێک بیردۆزی ئەندامی باس لەوە دەکەن کە سەرچاوەی نەوت دەیناسۆرە، بەڵام ڕەتکراونەتەوە، چونکە بەپێی پێوەری کات (پێوەرێکە کە سەردەمەکانی مێژوو جیادەکاتەوە)، لەو قۆناغەی نەوتی تێدا دروست بووە دەیناسۆر نەژیاوە. 

بەپێی تێپەڕبوونی کات ئەو زیندەوەرانە مردوون و دواتر پاشماوەی ڕووەکەکان کە پێیان دەوترێت فایتۆپلانکتۆن گۆڕدراون بۆ خەڵوز، پاشماوەی ئاژەڵەکانیش کە پێی دەوترێ زووپلانکتۆن گۆڕاون بۆ نەوت و گاز. ئەمەش بە نیشتنی پاشماوەکان لە قوڵای دەریا و زەریاکاندا و نیشتنی چینی تری لم و قوڕ لەسەریان، دواتر بەهۆی پەستان و پلەی گەرمی زۆر و نەبوونی ئۆکسجین دەگۆڕدرێت بۆ کیرۆجین، لەکۆتایدا کیرۆجینەکە بەهۆی پەستان و پلەی گەرمی زیاتر بە پڕۆسەی کاتاجێنسس دەبێت بە هایدرۆکاربۆن کە پێشی دەوترێت نەوتی خاو. 

چەند بەڵگەیەک کە پشتگیری بیردۆزی ئەندامیی نەوت دەکەن:

  • کاتێک نەوت دەردەهێنرێت هەمیشە ئاوی سوێری لەگەڵدایە (ئاوی دەریا و زەریاکان) کە لە بیردۆزی ئەندامیدا نەوت لە قوڵای زەریا و دەریاکاندا دروست بووە.
  • نەوت تەنها لەناو بەردی نیشتەنیدا دۆزراوەتەوە. هیچ نەوتێک پەیوەست نییە و پەیوەندی نییە بە بەردی گڕکانی یان مێتامۆرفیک. هەروەها پاشماوەی زیندەوەرە بەبەردبووەکان لە بەردە نیشتەنییەکاندا دەدۆزرێنەوە.
  • ڕووناکی پۆلاریزا کە تێدەپەڕێت بەناو هەموو سەرچاوەکانی نەوتدا، بە خولانەوەیەکدا دەڕوات کە هاوشێوەی هەموو ڕۆنە ئەندامییەکانی ترە.
  • گەردەکانی هایدرۆکاربۆنەکان هاوشێوەی گەردی ماددەی ئەندامین. 
  • کاربۆنی ئەندامی کە لە ڕووەکەکاندا دەدۆزرێتەوە بەهۆی پرۆسەی ڕۆشنەپێکهاتنەوە کەم دەبێتەوە بۆ C13. لە ماددەی ئەندامی مردوودا، بەهۆی لەناوچوونی تیشکدانەوە زیاتر کەم دەبێتەوە. هەمان کەمبوونەوە لە نەوت و گازی سروشتیدا دۆزراوەتەوە، کە دەریدەخات لە ماددەی ئەندامی مردووەوە دروست بوون.


سەرچاوەکان



2323 بینین