تیم بێرنەرز لی 

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-12-15:06:00 - کۆدی بابەت: 6269
تیم بێرنەرز لی 

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی تیم بێرنەرز لی

تیم بێرنەرز لی (بەئینگلیزی: Tim Berners-Lee) زانای گەورەی كۆمپیوتەر و داهێنەری تۆڕی پێكبەستی جیهانی (World Wide Web) یاخود (WWW)ـە، لە ٨ ی حوزەیرانی ١٩٥٥ لە لەندەن لەدایکبووە و هەر لەوێش گەورە بووە ، دەرچووی زانكۆی شاهانەی ئۆكسفۆردی بەشی فیزیایە و داهێنەر و ئەندازیاری پرۆگرام داڕێژی و بەرپرسی گشتی تۆڕی جیهانی ئینتەرنێتە (WWW) کە سیستمێکی زانیارییە و داتا و زانیارییەکانی ئینتەرنێت لەڕێیەوە کۆدێک وەردەگرن و بەشێوەی لینک بەردەستدەبن.

دایك و باوكی تیم زانای زانستی بیركارین و لە بواری پرۆگرام داڕێژیدا كاریان كردوە، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ تیم هەتا لەناو هەمان بواردا كاربكات و بەهرەی خۆی تێدا بدۆزێتەوە.

لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٠ دەستی بەکارکردن کردووە لە دامەزراوەی (CERN) کە دامەزراوەیەکی ئەورووپییە بۆ پەرەپێدان و توێژینەوە لە بواری وزەی ناوەکیدا کە لە لایەن فەرەنسا و نەمساوە لە ساڵی ١٩٥٤ بنیات نراوە بەڵام ئێستا زۆربەی وڵاتە ئەوروپیەکانی تێدا ئەندامن، ھەر لەم شوێنەوە بێرنەرز لی بیرۆکەی بەستنەوەی زانیاریەکانی لا دروستبووە و کاری لەسەر کردووە، لەیەکەم ئەزمونیدا ھەوڵی داوە ھەموو زانیاریەکانی ئەو دامەزراوەیەی کاری تێدا دەکات ببەستێتەوە بەیەکەوە.

بیرۆكەی پێكەوە بەستنی نووسینەکان واتا لینك كردن بۆیەكەم جار لە لایەن ئەم زانایەوە پێشنیار كرا لەساڵی ١٩٨٩ دا لە دامەزراوەی (CERN) كاتێك پێشنیاری ڕێگایەكی كرد بۆ بەستنەوەی زانیاری جۆراوجۆر لە نێوان دامەزراوە و زانکۆکاندا لە ڕێگای ئیتەرنێتەوە بەشێوەی نووسینی گرێدراو لە ناو ئەو دامەزراوەی كە خۆی ئیشی تێدا دەكرد، ئەم كارەش لە پێناو ئاسان بە دەست گەشتنی زانیاری بوو بۆ كەسانی توێژەر لە بوارە جیاوازەكاندا، كە دواتر بواری كارەكەی فراوان كرد بە جۆرێك هەموو جیهان بگرێتەوە، هەربۆیە یەکەم بیری درووستکردنی تۆڕی فراوانی ئینتەرنێت (WWW) لەم کاتەدا و لە ساڵی ١٩٨٩ دا لەناو دامەزراوەی (CERN) دا درووستبوو.

پاش دوو ساڵ لە ٦ ی ئابی ١٩٩١ دا تیم بێرنەرز لی گەورەترین داهێنانی كرد ئەوەش بە دروستكردنی  یەكەمین پەڕەی وێبسایتی ئینتەرنێت و بڵاوکردنەوەی، بەڵام دروستكردنی پەڕە هەر ئەوەندە نەبوو بەڵكو دەبوایە هۆكارێك هەبێت بۆ پیشاندانی ناوەڕۆكی ئەم پەڕەیە (کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا پێی دەوترێت براوسەر) هەر لەم كاتەدا كەسێك بە ناوی (Robert Cailliau) كە هاوڕێ و هاوكاری بوو هەستا بە بنیات نانی پراوسەرێك بەناوی (MacWWW) كە لەسەر سیستمی نێكست كۆمپیوتەر كاری دەكرد کە بۆ كردنەوەی پەڕەکان بەكاردەهێنرا، تیم بێرنەرز لی ڕێگایەكی بۆ بنیاتنانی پەڕە و سایتەکان بنیاتنا كە بەكۆدەكانی ئێچ تی ئێم ئێڵ (HTML) (کە زمانێکی ستاتیکیە بۆ دروستکردنی پەڕەکانی نێت بەکاردێت و بە کۆد دادەڕێژرێت و ناسراوە لەلایەن براوسەرەکانەوە، دووەم ناونیشانی (URL) دامەزراند ھەتا ھەر پەڕەیەک ناونیشانێکی تایبەت بەخۆی ھەبێت بۆ ئەوەی ھەر کەسێک بتوانێت دەستی بە پەڕەیەکی دیاری کراو بگات کە وەک ناسنامەیەک وایە بۆ پەڕەکان، دەبووایە بەرنامەیەك هەبێت ئەم كارە ڕێکبخات هەربۆیە هەستا بە دروستكردنی بەرنامەیەك كە توانای بنیاتنان و گۆڕانكاریكردنی هەبوو لە پەڕەی (HTML) کاندا، کە لە کۆتاییدا پڕۆتۆکۆڵی (HTTP) بنیات نا بۆ ناساندنی لینکەکان، كاتێك خاوەن پەڕەکە بیویستایە زانیاریەك كەم و زیاد بكات لە پەڕەکەیدا پەنا دەبرایە بەر ئەم بەرنامەیە.

كاركردنی ئەم زانایە لەسەر كۆمپیوتەری نێكست (NeXT Computer) بوو كە لە لایەن ستیڤن جۆبسەوە (دامەزرێنەر و خاوەنی کۆمپانیای ئەپڵ) پەرەی پێدرابوو وەك سێرڤەرێکی خانە بۆ پاراستنی داتاکان بەکاریهێناوە، هەموو ئەم بەرنامانە تیم بێرنەرز لی لەسەر كۆمپیوتەری نێكست بەگەڕی دەخست و دواتر سیستەمەكانی تری گرتەوە.

ئەم داهێنەرە لە ساڵی ١٩٩١ دا بەتەواوی خزمەتگوزاریەكانی پێكبەستنی جیهانی تۆڕەكانی خستە خزمەتی مرۆڤایەتیەوە و بوو بە بەرپرسی دامەزراوەی تاقیگەیی زانستی كۆمپیوتەری جیهانی و لەو كاتەوە تا ئێستا هەمان پۆستی هەیەو تەواوی خاوەندارێتی ئەم دا‌هێنانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم زانایە.

لە ساڵی ١٩٩٦ دا دووەم خزمەتگوزاری داگرتنی داتاكانی بە سیستەمی جیهانی ئێف تی پی File Transfer Protocol (FTP) خستە خزمەتی كارەوە كە یاریدەدەرێكی ئێجگار باش بوو بۆ ناردن و وەرگرتنی داتا.

خەڵاتکردن

گۆڤاری تایم مەگەزین لە ئەم کەسایەتییەی وەک کاریگەرترین ١٠٠ کەسی سەدەی ٢٠ دەستنیشانکرد، لە ساڵی ٢٠١٢ و لە کاتی بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی کردنەوەی ئۆڵۆمپیاتدا کە لە لەندەن بەڕێوەچوو، مەدالیای شەرەفی پێبەخشراوە لەژێر ناوی “داهێنەری تۆڕی جیهانی ئینتەرنێت” دا، لە ساڵی ٢٠١٦ دا لەژێر هەمان ناودا خەڵاتی تورینگی وەرگرتووە، کە ئالان تورینگ (بە داهێنەری یەکەم کۆمپیوتەری مۆدێرن ناودەبرێت کە لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا کۆدی ئینیگمای نازییەکانی تێکشکاند لەڕێی ئامێرە داهێنراوەکەیەوە).

ژیانی تایبەتی

تیم بێرنەرز لی وتەیەکی باوی هەیە کە دەڵێت "حەزدەکەم کاری ڕۆژانە و ژیانی تایبەتیم بەجیا بەڕێوەبەرم و تێکەڵ بەیەک نەکرێن"، بێرنەرز لی لە ساڵی ١٩٩٠ دا هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ نانسی کارلسن کە پڕۆگرامسازێکی بواری کۆمپیوتەری ئەمریکییە، کە کاریشی کردووە لە سویسرا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە ناسراویشە بە (WHO) دوو منداڵیان هەبووە و لە ساڵی ٢٠١١ دا جیابوونەتەوە. 

لە ساڵی ٢٠١٤ دا دووبارە لە لەندەن هاوسەرگیری کردۆتەوە لەگەڵ ڕۆسماری لیت کە خاوەن بانکێکی کەنەدییە و لە دامەزراوەی تۆڕی جیهانی ئینتەرنێتەکەی تیم بێرنەرز لی دەرهێنەری دامەزراوەکەیە، ئەم داهێنەرە گەورەیەی بواری ئینتەرنێت لە ئێستادا لە ژیاندایە و پلەی پرۆفیسۆری هەیە و لە زانکۆی ئۆکسفۆرد وانەی زانستی کۆمپیوتەر دەڵێتەوە.


سەرچاوەکان



881 بینین