هەوکردنی جگەر جۆری C

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-14-16:20:00 - کۆدی بابەت: 152
هەوکردنی جگەر جۆری C

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەوکردنی جگەر جۆری C (بە ئینگلیزی: Hepatitis C) یەکێکە لە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان (STD)، هەروەها بەهۆی ڤایرۆسی Cـیەوە جگەری کەسەکە تووشی هەوکردن دەکات. ئەم ڤایرۆسە RNA یەکی بە پەردە داۆشراوی تاک زنجیرەی هەیە کە بە قوورسی کۆئەندامی بەرگری لەش دەتوانێت بیناسێتەوە. ئەم ڤایرۆسە کاتێک دەگاتە جەستە هێرش دەکاتە سەر خانەکانی جگەر و بڵاودەبێتەوە. تووشبوون بە ئەم ڤایرۆسە دەکرێت کورتخایەن یاخود درێژخایەن بێت. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڤایرۆسی جگەر جۆری C باوترین جۆری تووشبوونی ڤایرۆسییە. لێکۆڵەران پێیان وایە بەنزیکەیی ٢٫٧ بۆ ٣٫٩ ملیۆن کەس تووشبووی ئەم ڤایرۆسەن، بەتایبەت لە کەسانی خوار تەمەن ٣٠ ساڵ.

ڤایرۆسی C

ئەم ڤایرۆسە لە جۆری RNA و سەر بە خێزانی Flaviviriadae و لە توخمی Hepa C virusـە و قەبارەکەی ٥٠ نانۆمەترە، سێ جۆری سەرەکی لە بۆماوەبابەتی هەیە و پێکوتە نییە بۆ هیچکام لە جۆرەکانی.

جۆرەکانی

هەوکردنی کورتخایەن

لە حاڵەتی کورتخایەندا ڤایرۆسەکە بۆ ماوەی چوار بۆ شەش مانگ لە جەستەی نەخۆشەکەدا دەمێنێتەوە و پاشان نامێنێت. 

هەوکردنی درێژخایەن

ئەم جۆرە هەوکردنەیان درێژخایەن و کاتێک ڕوودەدات کە جەستە ئامادە نییە ئەو ڤایرۆسەی هاتووەتە ناو جگەرەوە بەتەواوی لەناوببات. نزیکەی ٧٥٪ بۆ ٨٥٪ـی ئەو کەسانەی تووشی هەوکردنی کورتخایەنی جگەری جۆری C دەبن، هەوکردنەکەیان لە کورتخایەنەوە دەگۆڕێت بۆ درێژخایەن.

نیشانەکان

زۆرینەی کەسانی تووشبوو بەم ڤایرۆسە هیچ نیشانەیەکیان نییە، لە هەندێک کەسدا لەوانەیە دوای یەک بۆ سێ مانگ لە تووشبوون بە جۆری درێژخایەن چەند نیشانەیەکیان تێدا دەربکەوێت، کە ئەمانەن:

  • میزی خەست و تۆخ
  • ماندوویەتی
  • تا
  • گۆڕانی ڕەنگی پیسایی
  • ئازاری جومگەکان
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە
  • ئازاری سک
  • لەدەستدانی حەزی خواردن
  • زەردبوونی پێست و سپێنەی چاو
  • لەدەستدانی کێشی لەش
  • ئازاری ماسولکەکان
  • خورانی پێست
  • ئاوسانی قاچ و سک

کێ زیاتر مەترسی تووشبوونی لەسەرە؟

  • کەسانێک کە خاڵ یان تاتۆیان کردووە
  • ئەو کەسانەی لە زیندانەکاندا دەژین
  • لەدایکبوونی منداڵێک کە دایکی تووشبووی ڤایرۆسەکە بێت
  • کەسانێک کە شۆردنی گورچیلەیان بۆ دەکرێت
  • کەسانی تووشبوو بە ئایدز
  • کەسانی هاوڕەگەزخواز و ئەوانەی پەیوەندی سێکسی ناشەرعییان هەیە
  • کەسانێک کە ئالوودەی ماددەی هۆشبەرن
  • ئەو پزیشک و کارمەندانەی لەو بەشانەدا کاردەکەن
  • کەسانێک کە سرنجی بەکارهاتوو بەکاردەهێنن
  • ئەوانەی بەبێ پشکنین گواستنەوەی خوێنیان بۆ دەکرێت

گواستنەوە

لە چەند ڕێگایەکەوە کەسێک مەترسی تووشبوون و گواستنەوەی ڤایرۆسەکەی لە سەرە کە ئەمانەن:

  1. لە ڕێگەی خوێنی کەسی تووشبووەوە ڤایرۆسەکە دەتوانێت بگوازرێتەوە، کاتێک نەخۆشێک خوێنی کەسێک وەردەگرێت ئەگەر ئەو کەسە تووشبووی ڤایرۆسی C بێت ئەوا ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ کەسی وەرگریش، یاخود دەستدان لە خوێنی کەسی تووشبوو ئەگەریش بێت و دڵۆپێک خوێنیش بێت.
  2. ماچی ناو دەم، و جووتبوون لەگەڵ کەسی تووشبوو بە نەخۆشییەکە، واتە جووتبوونی ناشەرعی لەگەڵ چەند کەسێکدا.
  3. ئەو شوێنە پزیشکیانەی کە کاریان تێدا دەکرێت پێویستە کەرەستەکان بە ماددەی باش پاکبکرێتەوە، بەتایبەت سەنتەری ددانەکان، چونکە بەکارهێنانی کەرەستەی تووشبوو بۆ کەسی تەندروست وادەکات ڤایرۆسەکە بگوازێتەوە.
  4. تاتۆکردن و شوێنەکانی مەساج و ئەو شوێنانەی نێرگەلەیان تێدا دەکێشرێت.
  5. گواستنەوەی لە دایکەوە بۆ منداڵەکەی لە کاتی منداڵبوونیدا.
  6. بەکارهێنانی کەرەستەی کەسی تووشبوو، وەک مووس، فڵچەی ددان، مەکینەی ڕیشتاشین.

لە ئەم ڕێگایانەوە ناگوازرێتەوە:

  1. بەکارهێنانی تەوالێتی هاوبەش
  2. بەکارهێنانی هەمان قاپی خواردن
  3. کۆکە، پژمە، ماچ و باوەش
  4. مەلەوانگەکان
  5. هەموو جۆرەکانی مێروو

دەستنیشانکردن

سەرەتا پزیشک پشت دەبەستێت بە نیشانە جەستەییەکان، بەڵام دەرکەوتنی نیشانەکان بەس نییە چونکە نیشانەی هەموو هەوکردنەکان وەک یەکە و بەتەنها بەوە ناتوانرێت جیابکرێتەوە، بۆیە پێویستە چەند پشکنینێک ئەنجام بدرێت:

پشکنینی خوێن

پزیشک گومان لە نیشانەکان دەکات و هەربۆیە نەخۆشەکە دەنێرێت بۆ پشکنینی خوێن، چەندەها جۆری جیاوازی پشکنینی خوێن هەن کە ئەمانەن:

پشکنینی پێشوەختە

بە مەبەستی ناسینەوەی دژەتەنەکانی دژ بە ڤایرۆسی جگەری جۆری C ئەم پشکنینە ئەنجام دەدرێت. ئەگەر وەڵامی پشکنینەکە پۆزەتیڤ بێت بەو واتایە دێت کە تووشی ڤایرۆسەکە بوویت لە ئێستا بێت یاخود ڕابردوودا، بەڵام ئەگەر هاتوو کۆئەندامی بەرگری لەش زاڵ بووبوو بەسەر ڤایرۆسەکەدا یاخود دەرمانی دژە هەوکردنی جگەری جۆری C بەکارهێنابێت، لەوانەیە ئەنجامەکە نێگەتیڤ دەربچێت.

پشکنینی RNA

ئەم پشکنینە کاتێک ئەنجام دەدرێت کە وەڵامی پشکنینی پێشوەختە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە پۆزەتیڤ بووبێت. لە پشکنینی RNA بۆماوەبابەتی ڤایرۆسەکە لە خوێندا دەناسرێتەوە، پشکنینەکە یارمەتی پزیشک دەدات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا هێشتا تووشبوونەکە لە جەستەدا ماوە یاخود نا. ئەگەر ئەنجامی پشکنینەکە پۆزەتیڤ بێت ئەوا دەبێت دەست بکرێت به چارەسەر.

پشکنینی تەواوکەر

ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ تووشی هەوکردنی جگەری جۆری C بووبیت، ئەگەری زۆرە کە جگەرت خراپ بووبێت و زیانی بەرکەوتبێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا پزیشک پشکنینی تەواوکەر دەکات بۆ نەخۆشەکە بۆ ئەوەی بڕی زیانگەیشتن بە جگەر بزانێت، کە پشکنینەکان ئەمانە دەگرێتەوە:

  1. پشکنینی خوێن
  2. سۆنەری تایبەتی جگەر: وەرگرتنی نموونەی شانەیی جگەر، ئەم پشکنینەیان تەنها لە کاتێکدا ئەنجام دەدەن کە زانیاری تەواویان دەست نەکەوێت لەسەر بارودۆخی جگەر.

چارەسەر

ئەو کەسانەی دووچاری هەوکردنی کورتخایەنبوون پێویستیان بە دەرمانێکی تایبەت نییە و پشوودان و خواردنەوەی ئاوی زۆر، هەروەها خۆراکی تەندروست یارمەتییان دەدات تاکوو ڤایرۆسەکە تێ دەپەڕێنن، بەڵام زۆرینەی تووشبوونەکان دەبن بە درێژخایەن هەربۆیە پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە ئەویش بەبەکارهێنانی چەند دەرمانێک:

  • داکلاتاسڤیر (Daclatasvir)
  • ئیلباسڤیر لەگەڵ گرازۆپرۆڤیر         
    Elbasvir/Grazoprover
  • لێدەپاسڤیر لەگەڵ سۆفاسبوڤیر 
    ledipasvir/sofosbuvir
  • گلکاپرۆڤیر (Glecaprevir)
  • پایبرێنتسڤیر (Pibrentasvir)

هەندێک کاتیش دەرمانی نوێ بەکاردەهێنرێت وەک چارەسەر، لەگەڵ دەرمانە کۆنەکاندا کە ئەمانەن:

  • ڕیباڤایرین (Ribavirin)
  • پێگئینترفیرۆن ئەلفا (Peginterferon Alfa)

بەگشتی کەسی تووشبوو ڤایرۆسی جگەری جۆری C دەبێت بۆماوەی هەشت بۆ ٢٤ هەفتە بە بەردەوامی و بەڕێکی دەرمانەکان بەکاربهێنێت، ماوەی بەکارهێنان و چۆنییەتی بەکارهێنانی دەرمانەکە دەوەستێتەوە سەر سێ هۆکارەی خوارەوە:

  • بۆماوەبابەتی ڤایرۆسەکە
  • بڕی زیانگەیشتن بە جگەر
  • پێشینەی چارەسەر بۆ ئەم ڤایرۆسە

لێکەوتەکان

کاتێک هەوکردنەکە دەچێتە قۆناغی درێژخایەنەوە، جگەری نەخۆشەکە تووشی چەند کێشە دەبێتەوە:

بەمۆمبوونی جگەر

حاڵەتێکە کە تێیدا جگەر بەهێواشی خانە و شانە سەرەتاییەکانی لەدەست دەدات و ئیتر ناتوانن فرمانە سەرەکییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. و شانەی جێگرەوە و ڕیشاڵ جێگای ئەو خانە و شانانە دەگرنەوە و ڕەق دەبن، بەمەش وروژمی خوێن بۆ ناو جگەر کەم دەکات. لە قۆناغەکانی سەرەتادا جگەر هەر کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات بەڵام کاتێک بەمۆمبوونی جگەر دەگاتە قۆناغەکانی تری جگەر ناتوانێت فرمەنەکانی خۆی ئەنجام بدات.

تێکچوونی جگەر

کاتێک جگەر دەگاتە نیوەی کۆتایی نەخۆشییەکە واتە ئیتر جگەر ناتوانێت وەک پێشتر کارەکانی خۆی ئەنجام بدات و خانە و شانەکانی بەمۆمبوون و ڕەق بوون، جگەر کاتێک دەگات بەم حاڵەتە کە بۆ ماوەیەکی زۆر بێت تووشی هەوکردنی درێژخایەنی C بووبێت.

شێرپەنجەی جگەر

تووشبوون بە ڤایرۆسی C ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر زیاتر دەکات. بەتایبەت کاتێک درەنگ بە نەخۆشییەکەیان زانیبێت و جگەر بەتەواوی تووشی تێکچوون بووبێت.

ڕێگریکردن

  1. دوورکەوتنەوە لە جووتبوونی ناشەرعی.
  2. پشکنین پێش ئەنجامدانی هەر کارێکی پزیشکی بەتایبەت لە سەنتەرەکانی دداندا.
  3. بەکارنەهێنانی مووس، مەکینەی ڕیشتاشین، فڵچەی ددانی کەسانی تر.
  4. بەکارنەهێنانی سرنجی بەکارهاتوو.
  5. وەرنەگرتنی خوێنی کەسی تووشبوو.
  6. پزیشکان و کارمەندان پێویستە بۆ هەر کارێک دەستکێش بەکاربهێن و خۆیان بپارێزن.

پێکوتە (ڤاکسین)

تاکوو ئێستا هیچ پێکوتەیەک بۆ ڤایرۆسی جگەری جۆری C دروست نەکراوە.


سەرچاوەکان

4799 بینین