سوڵتان موحەمەد فاتیح

سوڵتان موحەمەد فاتیح

له‌لایه‌ن: نھاد جلال - به‌روار: 2021-05-25-22:22:00 - کۆدی بابەت: 62
سوڵتان موحەمەد فاتیح

ناوه‌ڕۆك

پێشەکییەک

لەناو ئیسلامدا هەموو نەتەوەكان جێیان ئەبێتەوە و قبووڵ كراون، ئیتر لەخواترسان بەپێی رەنگ و نەتەوە نییە، بەڵكو ئەوەی بنەڕەتە لەئیسلامدا لەخوا ترسان و پەیڕەوی جوانتری پەیامی ئیسلامە، بۆیە هیچ كات ئیسلام جیاوازی ناكات لەنێوان كورد و عەرەب و تورك و فارس و ئینگلیز و هەر نەتەوەیەكی تردا، بەڵكو جیاوازیەكە لەسەر ئەوەیە كامیان كاری چاكە زیاتر بكات، هەر بۆیە ئەو گەلانەی موسوڵمان  بوون هەوڵیانداوە پێشبڕكێ بكەن لەكاری چاكە و خزمەتكردن بەپەیامی خوادا.
یەكێك لەو نەتەوانەش توركەكان بوون كە موسوڵمان  بوون و توانیویانە بە درێژایی مێژوو خزمەتی گەورە پێشكەش بكەن بە موسوڵمانان، ئەگەرچی لەم دواییانەی مێژوودا كاتێك گوێڕایەڵی رێنماییەكانی پەیامی خوا نەبوون هەندێكیان ستەمی زۆریان كرد لە گەلی كوردی موسوڵمان، بەڵام پێشتر توركەكان زۆر باوەردار بوون و خزمەتی گەورەیان بەئیسلام دەكرد و هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بوو ئیسلام بگەیەنن بەو شوێنانەی كەئیسلامیان پێنەگەیشتووە و دەوڵەتی ئیسلامی گەورە بكەن.
توركەكان توانییان دەوڵەتێك دابمەزرێنن كە ناویان نا دەوڵەتی عوسمانی، ئەوەش لەبەرئەوەی یەكەم كەس دایمەزراند ناوی عوسمان بوو، لەناو ئەو دەوڵەتەدا چەندین سوڵتانی بەهێز هاتن تا ئەوەی سوڵتانێكیان هات بە ناوی موحەممەد كە توانی رۆڵێكی گەورە ببینێت و ببێت بە یەكێك لەو كەسانەی كە گەورەترین خزمەتیان پێشكەش بەموسوڵمانان كرد، وەك چۆن سەڵاحەدینی كورد قودسی رزگار كرد، موحەممەدی توركەكانیش قوستەنتینییەی پایتەختی مەسیحییەكانی ئازاد كرد.
پێغەمبەری خوا(د.خ) هەر لەسەردەمی خۆیدا هەواڵی دابوو بەهاتنی ئەم سەركردەیە كاتێك بەهاوەڵانی خۆی فەرموو بە دڵنیاییەوە قوستەنتینییە ئازاد دەكرێت، بەراستی ئەو سوپایەی ئازادی دەكات سوپایەكی زۆر باشە و سەركردەكەشی سەركردەیەكی زۆر باشە.

ژیان و ناساندن

موحەممەد لەساڵی 833 كۆچی لە شاری (ئەدرنە) لەتوركیا لەدایك بوو، باوكی ناوی موراد بوو كە سوڵتانی ئەو كاتی عوسمانیەكان بوو، دایكیشی ناوی (هوما) خاتوون بوو، ئیتر موحەممەد هەر لەسەرەتای ژیانیەوە لەناو كۆشك و دەسەڵاتدا لەدایك بوو، زۆر بە جوانی گەورە دەكرا و خزمەتی باشی دەكرا، باوكی مامۆستای تایبەتی بۆ دانابوو تا هەر لەمنداڵییەوە وانە فێر ببێت، یەكێك لەدیارترین مامۆستاكانیشی مامۆستایەكی زانای گەورەی كورد بوو كە ناسرابوو بە شێخی گۆرانی.

فێربوون و پێگەشتنی

بۆئەوەی موحەممەد فێری كاری بەڕێوەبردن بێت مورادی باوكی بڕیاریدا موحەممەد بنێرێت بۆناوچەی (ئەماسیا) تا بەڕێوەبەردنی ئەوێی بداتە دەست، ئیتر بەوە فێری بەڕێوەبردن دەبێت، ئەو كات هێشتا تەمەنی موحەممەد یانزە ساڵ بوو، ئەوەش نیشانەی گرنگی پێدانییەتی لەلایەن باوكییەوە و بەهێزی‌ و زیرەكی موحەممەدیشە.
موحەممەد سەرەتا لەوێ زۆر گوێی نەدەگرت لەمامۆستاكانی، بۆیە باوكی بڕیاریدا مامۆستا و زانایەكی زۆر گەورەی بۆ بنێرێت تا جوان پەروەردەی بكات، ئەوەبوو شێخ ئەحمەدی گۆرانی بۆنارد كە زانایەكی گەورەی كورد بوو.
شێخی گۆرانی هێندە لەلایەن باوكی موحەممەدەوە مۆڵەتی پێدرابوو كە ئەگەر موحەممەد تەمبەڵی بنواندایە یان لارییەكی هەبوایە شێخی گۆرانی بە دارێك لێیدەدا و تەمبێی دەكرد تا دووبارەی نەكاتەوە، هەروەها هەر لەسەرەتاوە شێخی گۆرانی بەردەوام ئەوەی فێری موحەممەد دەكرد كە فەتح كردنی قوستەنتینییە چەندە گرنگە و باسی فەرموودەی پێغەمبەری خوای بۆ دەكرد لەو بارەیەوە تا لە ئایندەدا كە بوو بە سوڵتان هەوڵبدات ئەو كارە بكات، موحەممەدیش بەجوانی ئەوەی وەرگرت و كردی بە ئامانجی خۆی ئەگەر بوو بەسوڵتان ئەو كارە بكات.
لەماوەیەكی كەمدا شێخی گۆرانی هەموو قورئانی بەموحەممەد خوێند و فێری وانەكانی شەریعەت و هەنگاوی خواترسی كرد، موحەممەدیش زۆر لەمامۆستاكەی دەترسا و شەرمی لێدەكرد، چونكە زانایەكی زۆر گەورە و بەڕێز بوو، بەو جۆرە   پەروەردەكردنی لەسەر بنەماكانی ئیسلام زۆر كاریگەری لەسەر موحەممەد هەبوو، ئیتر موحەممەد زۆر هەوڵیدەدا ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر(د.خ) تایبەت بەفەتحی قوستەنتینییە ئەو بگرێتەوە.

وەرگرتنی دەسەڵات

(سوڵتان موراد) كە بینی موحەممەدی كوڕی چاك پەروەردە بووە بڕیاریدا واز لە دەسەڵات بهێنێت بۆ موحەممەدی كوڕی و خۆی بچێتە ناوچەیەكی دوور تا دوور لەسەختی دەسەڵات بژی، ئەوكات تەمەنی موحەممەد (14) ساڵ بوو بەڵام هێندە لەوێ نەبوو، كە بیستی (مەجەری)یەكان كە خەڵكێك بوون هەڵگەڕاونەتەوە لە دەسەڵات، نامەی نووسی بۆ باوكی و داوای لێكرد خۆی بێتەوە و دەسەڵات بگرێتەوە دەست، ئەویش گەڕایەوە و سەركردایەتیی سوپای كرد و جەنگێكی گەورەی دژ بەمەجەرییەكان ئەنجامدا و تیایدا موسوڵمانان سەركەوتن.

ماوەیەك سوڵتان موحەممەد چوو بۆ شاری (مانیسا‌و) لەوێ مایەوە، لەو ماوەیەدا ژنی هێنا، ناوی ژنەكەی (ئامینە گوڵبەهار) بوو كە بە بنەڕەت خەڵكی یۆنان بوو، دوای ماوەیەكی تریش ژنێكی تری هێنا كە ناوی (ستتی) بوو، ئەم ژنەی توركمان بوو، ئیتر بەردەوام باوكی هاریكاری بوو تا كێشە گەورەكانی وڵات چارەسەر بكات، چونكە هێشتا موحەممەد گەنج بوو و زۆر توانای چارەسەركردنی كێشە گەورەكانی وڵاتی نەبوو.

دوای ئەوەی باوكی كێشەكانی بۆ چارەسەر كرد ئەوەبوو لەو ماوەدا كۆچی دوایی كرد، بۆیە موحەممەدی كوڕی گەڕایەوە و شوێنی باوكی گرتەوە، پاش بەخاكسپاردنی تەرمی باوكی ئیتر سوڵتان بەگەرمی كەوتە هەوڵی بەهێزكردنی دەوڵەتەكەی، چونكە دەیزانی نابێت مەرگی كەسە ئازیزەكان ببێتە هۆكاری وەستان لە خزمەتكردن و سەرخستنی ئایینی خوا و باوكیشی هەتا ژیا وا خزمەتی دەكرد بۆیە دەیویست ئەویش وەك باوكی بێت.

فەتحی قوستەنتینییە

سوڵتان موحەممەد كەوتە ئامادەسازییەكی چاك بۆ ئەوەی ئاواتە گەورەكەی بەدیبهێنێت، ئەویش فەتح كردنی شاری قوستەنتینییە بوو، لەوەشدا شێخی گۆرانی هاندەری بوو، بۆ ئەوەش سوڵتان سوپای ئامادە كرد و زانایانیش باسی جیهادیان دەكرد بۆ سەربازان تا بە گەرمی بجەنگن، دواجار هێرشیان برد بۆسەر قوستەنتینییە و لە ڕووی دەریا و وشكانیشەوە هەڵمەتیان برد، بەڵام ئەوانیش بەسەختی بەرگرییان دەكرد و نەیاندەهێشت موسوڵمانان بچنە ناوی، ئیتر ژمارەیەكی زۆری موسوڵمانان شەهید بوون.
تەنیا یەك رێگە مابووەوە، ئەویش گرتنی ناوچەیەكی ئاوی بوو دەبوو موسوڵمانان لەوێوە بەكەشتی هێرش ببەن تا شارەكە بگرن، بەڵام رێگە نەبوو كەشتی بۆ ببەن.

سوڵتان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە بڕیاریدا كارێكی زۆر سەخت بكەن، ئەویش ئەوەبوو بەشاخەكەدا كە لەنێوان ئەوان و شوێنە ئاوییەكەدا بوو كەشتی ببەن بۆ ئەو شوێنە، ئەوەش بە شەو بكەن تادوژمن پێیان نەزانیت و بەیانی كتوپڕ هێرش بكەنە سەریان، بۆیە سەربازانی موسوڵمانان داریان دەبڕیەوە و دارەكانیان چەور دەكردن و بەسەرشاخەكەدا جادەیەكیان پێ دروست كرد، دواتر بەهەموویانەوە كەشتیەكانیان بەسەریاندا راكێشا و بردنیانە ناوچە ئاوییەكەوە، بەوەش كە رۆژ بووەوە دوژمنان تەواو سەرسام بوو و هیوای بەرگریكردنیان نەماو موسوڵمانان توانییان دواجار قوستەنتینییە ئازاد بكەن.
كاتێك چوونە ئەوێ سوڵتان بڕیاریدا كەس بە ناهەق نەكوژن و خوێنی ژن و منداڵ و پیر و خەڵكی بێتاوان نەڕژن، هەروەها سەربازانی كۆكردەوە و لەخۆشیدا دەستیكرد بەگریان و وتارێكی پێشكەش كرد و موژدەی ئەوەی پێدان كە ئەوان توانییان ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر(د.خ) لەخۆیاندا بەدیبهێنن كە ئەوەش گەورەترین موژدەیە.
كاتێك ناموسوڵمانەكان ئەو لێبوردەیی و نەرمونیانەی سوڵتانی موسوڵمانانیان بینی بەشێكی زۆریان موسوڵمان  بوون و بۆیان دەركەوت ئایین ئیسلام چەند جوانی و چاكی لەخۆگرتووە.

سوڵتان موحەممەد بەم سەركەوتنەوە نەوەستا، بەڵكو بڕیاریدا هێرش بباتە سەر ناوچەكانی تریش تا ئەو ناوچانەش بخاتە سەر خاكی موسوڵمانان و ئایینی ئیسلامیان پێ بگەیەنێت، بۆ ئەوەش خوای گەورە سەركەوتنی زۆری پێ بەخشی‌ و بەو هۆیەوە چەندین ناوچە كەوتنە ژێر دەستی موسوڵمانان و زۆرەی خەڵكەكەشی بە ئارەزووی خۆیان و بەبێ زۆر لێكردن موسوڵمان  بوون، چونكە كاتێك موسوڵمانان دەچوونە ئەوێ و لەگەڵیان زۆر چاك بوون و باسی ئیسلامیان دەكرد بۆیان ئەوانیش سەرسام دەبوون بە ئیسلام و بە ڕەزامەندی خۆیان موسوڵمان بوونی خۆیان رادەگەیاند.

هەروەها سوڵتان چەندە گرنگی دەدا بە جیهادی ڕێگەی خوا هێندەش گرنگی دەدا بە بواری زانست و خوێندنگەكان و لەبەشەكانی وڵاتدا چەندین خوێندنگە و زانكۆ و پەیمانگەی دروست كرد، گرنگی دا بەمەنهەجی خوێندن و ڕێزگرتنی زانایان و یارمەتیدانی خوێندكاران، هەروەها چەندین نەخۆشخانەی گەورەی لەبەشە جیاجیاكانی وڵاتدا بونیادنا، بەشێكی زۆر كتێبی ناوازە بەبڕیاری ئەم سوڵتانە وەرگێڕانە سەر زمانی موسوڵمانان، چەندین بینا و دەزگای گەورە و گرنگ بونیادنران، گرنگییەكی زۆری دا بە بواری ئابووری و بازرگانی زۆر پێشكەوت، هەوڵیدا ستەم لە وڵاتدا نەهێڵێت و مافی ستەم لێكراوانی دەگێڕایەوە بۆیان، بەڵكو خەڵكی هەمووان ڕازی بوون بە دەسەڵاتی ئەو سوڵتانە و نزای خێریان بۆ دەكرد، ئەویش تا دوا ساتەكانی تەمەنی خووی نەدایە تەمبەڵی و هەموو هەوڵی خۆی دەخستەگەڕ بۆ خزمەتكردنی خەڵك.

کۆچی دوایی

دواجار پاش خزمەتێكی زۆر و سەركەوتنی گەورەی سوڵتان موحەممەد لەبوارە جیاجیاكاندا ئەویش وادەی مردنی هات و دواجار لەمانگی رەبیعولئەوەلی ساڵی 886 كۆچیدا و لە تەمەنی پەنجاو سێ ساڵیدا سوڵتان موحەممەد كۆچی دوایی كرد.

پەندو وانە

دەبێت بەجوانی ئەوە بزانین لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا گەورەیی و لەخواترسان بەپێی رەنگ و نەتەوە نییە، بەڵكو ئەوەی بنەڕەتە لەئیسلامدا لەخواترسان و پەیڕەوی جوانتری پەیامی ئیسلامە، بۆیە هیچ كات ئیسلام جیاوازی ناكات لەنێوان كورد و عەرەب و تورك و فارس و ئینگلیز و هەر نەتەوەیەكی تردا، بەڵكو جیاوازییەكە لەسەر ئەوەیە كامیان كاری چاكە زیاتر بكات، هەر بۆیە ئەو گەلانەی موسوڵمان  بوون هەوڵیانداوە پێشبڕكێ بكەن لەكاری چاكە و خزمەتكردن بەپەیامی خوادا.

هەرچییەك فەرموودەی پێغەمبەری خوای (د.خ) لەسەر بێت دەبێت ئێمەی موسوڵمان  زۆر گرنگی پێبدەین چونكە ئەوە مایەی سەركەوتنمانە لەدونیاو قیامەتدا، دەبینین سوڵتان موحەممەد هەموو ماوەی تەمەنی خۆی دانا تا ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر(د.خ) بیگرێتەوە، بۆیە پێویستە ئێمەش فەرموودەكانی پێغەمبەر(د.خ) لە خۆماندا جێبەجێ بكەین و تەمەنمان دابنێین بۆ ئەو بوارە.
زۆر پێویستە رێزی تایبەتی مامۆستایان بگرین چونكە ئەوان دڵسۆزی ئێمەن و كاتی خۆیان تەرخان دەكەن بۆ ئێمە تا زانستمان فێربكەن و ڕێی ڕاستمان پیشان بدەن و ماندوبوونی خۆیان لەبیر دەكەن لەبەر ئێمە.
جیهادكردن لە ڕێی خوادا و زانست فێربوون و بڵاوكردنەوەی زانست لەناو خەڵكدا دوو بواری تەواوكەری یەكترن‌ و بە درێژایی مێژووی ئیسلامی موسوڵمانان بە جێبەجێ كردنی هەردووكیان سەركەوتنیان بەدی هێناوە.


سەرچاوەکان

978 بینین