مافەکانی ئافرەت لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - مورید كه‌ریم - به‌روار: 2021-05-25-14:01:00 - کۆدی بابەت: 49
مافەکانی ئافرەت لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

بارودۆخی ئافرەت پێش هاتنی ئایینی ئیسلام

ئافرەت لە پێش هاتنی ئایینی ئیسلامدا زوڵم ستەمێکی زۆری چەشتووە لەلایەن گەورەکانییانەوە (وەلی ئەمر) بە بێ هیچ ڕەواییەک، بەردەوام لەو بارودۆخەدا بووە هەتا ئیسلام هات و لە هەموو جۆرەكانی کۆیلایەتی و زەبوونی ڕزگاری کرد، عەرەب لەسەردەمی جاهیلییەتدا کاتێک دەیانزانی منداڵی کچییان بووە توڕەیی و غەشم و قینێکی زۆرییان بۆ دروستدەبوو دەرحەق بە کچەکه، خودا بە وردی ئەو بابەتەی ڕوونکردووەتەوە لە قورئانی پیرۆز کە دەفەرموێت:

(وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُمْ بِالْأُنْثَىٰ ظَلَّ وَجْهُهُ مُسْوَدًّا وَهُوَ كَظِيمٌ يَتَوَارَىٰ مِنَ الْقَوْمِ مِنْ سُوءِ مَا بُشِّرَ بِهِ ۚ أَيُمْسِكُهُ عَلَىٰ هُونٍ أَمْ يَدُسُّهُ فِي التُّرَابِ ۗ أَلَا سَاءَ مَا يَحْكُمُونَ)

واتە: (کاتێ هەواڵ دەدرێ بە یەکێک لەوان کە کچی بووە ڕوخساری ڕەش دادەگیرسێ و دڵی پڕدەبێت لە ڕق و کین، لە خراپی هەواڵەکە خۆی دەشارێتەوە لە قەومەکەی نازانێ چی لێبکا بەسەرشۆڕییەوە بیهێڵێتەوە یان زیندەبەچاڵی بکات، بێداربنەوە ئەمە حوکمێکی ناڕەوایە کە کچ دەدەنە پاڵ خوداو کەچی خۆیان ڕازی نین بەوەی کچیان هەبێت).

پیاوی سەردەمی جاهیلی کاتێک دەیبیست منداڵی کچی بووە هەستی بە نائومێدی و ناڕەحەتییەکی زۆر دەکرد لە ترسی ئابڕوچوون و شەرمەزاری پاشان کچەکەی زیندەبەچاڵ دەکرد لە ترسی ئەوەی عەیب و عارێکی پێوە بلکێ، بەم شێوەیە کچ بێ بەش دەکرا لەسادەترین مافی خۆی کە مافی ژیانە، وە هەروەها ئافرەتانیش لەلایەن پیاوەکانییانەوە بەنددەکران و ستەمیان لێ دەکرا بەشێوەیەک کە بە تەڵاقدراو هەژمار نەدەکرا بۆ ئەوەی خۆی ببێتە خاوەنی خۆی وە بە هاوسەریش هەژمار نەدەکرا لە خێزانەکەی خۆیدا، لە جۆرەکانی زوڵم و ستەمی سەردەمی جاهیلی ئەوە بوو کە ئافرەت وەک کەل و پەلێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا، مێردەکەی قوماری لەسەردەکرد، ئافرەتەکەی لەدەستدەدا ئەگەر قومارەکەی بدۆڕاندایە، هەروەها کاتێک ئافرەت دەمرد کوڕە گەورەی مێردەکەی میراتەکەی وەردەگرت، بەڵام خۆی لە هەموو میراتێک بێبەش بوو، ئەو ناڕەحەتییەی لە هاوسەرگیریدا دەیچەشت لە تەڵاقیشدا دەیچەشت، ئیسلام هات بۆ ئەوەی پێگەی ئافرەت لە کۆمەڵگەدا دیاری بکات و پلەی بەرز بکاتەوە و مافە ڕەواکانی پێ ببەخشێت.

مافەکانی ئافرەت لە ئیسلامدا

ئیسلام لەسەر بناغەی دادپەروەری لەنێوان خەڵکیدا دامەزراوە، لە جۆرەکانی دادپەروەری دادپەروەریکردنە لە نێوان ئافرەت و پیاو لە لایەنە جیاجیاکانی ژیاندا، بەشێوەیەک ئەرک و لێپرسینەوەیان بەشێوەیەکی یەکسانە لای خودا و جیاوازییان نییە خودا دەفەرموێت: (مَنْ عَمِلَ صَالِحًا مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَىٰ وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً ۖ وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُمْ بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ).

واتە: هەرکەسێک لە پیاو یان ژن کارێکی چاکە بکات و خاوەن ئیمان بێت ئێمە دوبارە بە ژیانێکی نوێ و پیرۆز دەیژییێنینەوە و پاداشتی دەدەینەوە بە باشترین کارێک کە ئەنجامی داوە. پێغەمبەری خودا جەختی لەسەر ئەم واتایە کردووەتەوەو دەفەرموێت: (إنما هن شقائق الرجال) واتە: بەڕاستی ئافرەتان وێنە و هاوشێوەی پیاوانن، مەبەست لەم فەرمایشتە یەکسانی کردنی پیاوە لەگەڵ ئافرەت لە بڕیارە شەرعییەکاندا تەنها لە چەند بڕیارێکی دیاریکراو نەبێت ئەویش بەهۆی ئەو جیاوازییە سروشتییانەی لە نێوان نێر و مێدا هەیە، لەگەڵ ئەوەدا ئیسلام مافەکانی خۆیی پێ ناساندووە و بۆی دەستەبەر کردووە لەوانە:

  • ئیسلام مافی تێرکردنی غەریزەی ئافرەتی دەستەبەر کردووە بە هاوسەرگیریکردن و ڕێگری لێنەکردووە ئەگەر توانای جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی هەبێت، ئیسلام هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ ئافرەت بە ڕەوا بینیوە و ڕێگەی پێداوە ئەگەر بێت و پیاو هەڵنەستێت بە دەستەبەرکردنی مافەکانی هاوسەرەکەی یان بووە هۆی زیان گەیاندن پێی ئافرەت دەتوانێت خواستی لە جیابوونەوە هەبێت.
  • ئیسلام ئازادی پارەپەیداکردن و بازرگانی بۆ ئافرەت بە ڕەوا بینیوە.
  • ئیسلام ئازادی بۆ ئافرەت دەستەبەرکردووە کە چۆن بیەوێت هەڵسوکەوت بکات بە سامانە تایبەتەکەی خۆیەوە، بەشێوەیەک کە حەرامی کردووە لەسەر هەرکەسێکی تر مێردەکەی بێت یان باوکی بێت کە زۆری لێبکەن لەوەی شتێک ببەخشێت یان ڕێگری لێبکەن لە بەخشینی شتێک یان فرۆشتن و کڕینی.
  • ئیسلام مافی هەڵبژاردنی هاوسەری بۆ ئافرەت دەستەبەر کردووە و سەرپشکی کردووە لە هەڵبژاردنی ئەو هاوسەرەی کە خۆی بە دڵیەتی، هیچ کەسیش بۆی نییە زۆری لێبکات هاوسەرگیری ئەنجامبدات لەگەڵ کەسێک کە ئەو نایەوێت پەیوەندی لەگەڵی هەبێت، وە لە بارودۆخێکدا ئەگەر گەورەی ئافرەتەکە زۆری لێکرد لەوەی هاوسەرگیری بکات لەگەڵ کەسێک کە نایەوێت ئەوا ئەو مافی هەیە ئەو گرێبەستە هەڵبوەشێنێتەوە ئەو کاتە گەورەکە لەسەریەتی كە بەرپرسیارێتییەکانی ئەو هەڵوەشاندنەوەیە بخاتە ئەستۆی خۆی، ئیسلام ڕێز و شکۆی ئافرەتی پاراستووە لە ناخی دەوروبەرەکەیدا، بەشێوەیەک کە حەرامی کردووە لەسەری خۆی نزیک بکاتەوە لە کەسێکی بیانی خۆشی لێ ببینێت، هەر بۆیە ئیسلام بڕیاری داوە کە دەبێت ئافرەت و پیاو لێک دوور بن  لە هەموو کاتێکدا تەنانەت لە کاتی ئەنجامدانی پەرستشەکاندا، پێغەمبەر دەفەرموێت: (خير صفوف الرجال أولها و شرها آخرها و خير صفوف النساء آخرها و شرها أولها) باشترین ڕیزی پیاوان لە کاتی نوێژدا یەکەم ڕیزە، خراپترینیان کۆتاڕیزە، باشترین ڕیزی ئافرەتان کۆتا ڕیزە، خراپترینیان یەکەم ڕیزە.
  • ئیسلام مافی خواردن و خواردنەوەو پۆشاک و شوێنی مانەوەی بۆ ئافرەت دەستەبەر کردووە، بە پێی داب و نەریتی شوێنەکان، بەزۆری خەرجی کچی شوونەکردوو دەکەوێتە سەر باوکی، بەڵام ئافرەتی شووکردوو خەرجی دەکەوێتە سەر مێردەکەی، ئیسلام لە گەنجینەی دەوڵەتدا (بەیتولمال) مافی بێوەژن و پیرەکانی داوە، لەوێ بەشی خۆیان وەردەگرن و لێناگەڕێ دەست لەخەڵکی پانبکەنەوە و چاوەڕێ بن خەڵکی خێریان پێ بکەن.
  • ئیسلام ڕەچاوی باروودۆخە تایبەتییەکانی ئافرەتی کردووە و چاوپۆشی لە هەندێ ئەرک و بەرپرسیاری لێکردووە بەتەواوی  وەک و خەرجی و جیهاد و لە هەندێکیشی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو وەک نوێژ و ڕۆژوو لە کاتی سوڕی مانگانە و خوێنی منداڵ بوون.

وێناکانی ڕێزگرتنی ئافرەت لەلایەن ئیسلامەوە

ئیسلام مارەیی داناوە، بە تەنها هەمووی بۆ خۆى وەردەگرێت، ڕەوا نییە هیچ کەسێک لە مارەییەکەی ببات مەگەر بە ڕەزامەندی خۆی، وە مافی بە ئافرەت داوە کە میراتی مێردەکەی وەربگرێت لەدوای گرێبەستی هاوسەرگیری.

ئیسلام لە میراتی مافی بە ئافرەت داوە کە دەتوانێ لە میراتی باوکی، برای، مێردی یان کوڕی وەربگرێت سەرەڕای ئەوەی کە ئافرەت خەرجی هیچ یەکێک لەوانە ئەنجام نادات.

ئیسلام شۆردن و کفنکردنی ئافرەتی لەسەر مێردەکەی یان لەسەر ئافرەتان داناوە ئەویش لەبەر پاراستنی ڕێز و پاکیزەیی ئەو.

ئیسلام هاوسەرگیری بە بێ ئامادەبوونی گەورە (وەلی ئەمر) و شایەتی حەرام کردووە٭ هەتاوەکو تۆمەت بۆ ئەو ئافرەتە هەڵنەبەسترێت، هەروەها ئیسلام سزای بۆ کەسێک داناوە کە بەبێ بەڵگە ئافرەتێک تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی زینا کە بریتییە لە هەشتا دار (جەلد)، ئەویش لەبەر ڕەتکردنەوە و قەبوڵنەکردنی هەر جۆرە تۆمەتبارکردنێک بە بێ بوونی بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا.

ئیسلام ئەو کەسەی کە لە پێناوی بەرگریکردن لە ناموسیدا دەکوژرێت بە شەهید دادەنێت ئەمەش جۆرێکە لە ڕێزگرتنی ئافرەت.

ئیسلام ئەرکی حەجی لەسەر ئافرەت لابردووە ئەگەر بێت و مەحرەمێکی لەگەڵ نەبێت بچێت لەگەڵیدا.

ئیسلام ئەرکی جومعە و نوێژی بەکۆمەڵی لەسەر ئافرەت لابردووە ئەویش لەبەر سەرقاڵ بوونی بە کاروباری ماڵەوە و منداڵەکانیەوە.

تێبینی: هاوسەرگیری کردن بە بێ ئامەدەبوونی وەلی و شایەت لە لای زۆربەی زانایان حەرامە بەڵام لای ئەبو حەنیفە دروستە.


سەرچاوەکان



15199 بینین