10 کەس کە موژدەی بەهەشتیان پێدراوە

له‌لایه‌ن: - مورید كه‌ریم - به‌روار: 2021-07-07-13:06:00 - کۆدی بابەت: 48
10 کەس کە موژدەی بەهەشتیان پێدراوە

ناوه‌ڕۆك

ئەو دەکەسەی مژدەی بەهەشتیان پێدراوە

پێغەمبەر ﷺ هەر لەم دوونیا مژدەی چوونە بەهەشتی بە دە لە هاوەڵە بەڕێزەکانی داوە, لە فەرموودەیەکدا باسیان هاتووە, عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (أبو بَكْرٍ في الجنَّةِ، وعمرُ في الجنَّةِ، وعُثمانُ في الجنَّةِ، وعليٌّ في الجنَّةِ، وطَلحةُ في الجنَّةِ والزُّبَيْرُ في الجنَّةِ، وعبدُ الرَّحمنِ بنُ عوفٍ في الجنَّةِ، وسعدُ بنُ أبي وقَّاصٍ في الجنَّةِ، وسَعيدُ بنُ زيدٍ في الجنَّةِ، وأبو عُبَيْدةَ بنُ الجرَّاحِ في الجنَّةِ) [صحيح الترمذي] واتە: ئەبو بەکر لە بەهەشتدایە, و عومەر لە بەهەشتدایە, و عوسمان لە بەهەشتدایە, و عەلی لە بەهەشتدایە, و زوبەیر لە بەهەشتدایە, و عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف لە بەهەشتدایە, و سەعدی کوڕی ئەبی وەقاص لە بەهەشتدایە, و سەعیدی کوڕی زەید لە بەهەشتدایە, و ئەبو عوبەیدەی جەڕاح لە بەهەشتدایە.

ئەبوبەکری سدیق 

ناو و لەدایکبوونی 

ئەو عەبدوڵای کوڕی عوسمانی کوڕی عامری کوڕی عەمری کوڕی کەعبی کوڕی سەعدی کوڕی تەیمی کوڕی موڕڕەیە، لە مەککە لە ساڵی 573 زایینی لەدایکبووە لە دوای ساڵی فیل بە دوو ساڵ و شەش مانگ، دایکمان عائیشە دەفەرموێت: پێغەمبەری خودا و ئەبوبەکر لەلای من باسی ساڵی لە دایکبوونی خۆیان دەکرد پێغەمبەری خودا دوو ساڵ و نیو لە ئەبوبەکر گەورەتر بوو.

شێوە و خوو ڕەوشتی 

ئەبوبەکری سدیق پێستی سپی بوو، لاواز بوو، ڕیشی تەنک بوو، لەسەرخۆ و بەشەرم و حەیا و ڕاستگۆ بوو، لە عەبدوڵای کوڕی عومەرەوە دەگێڕنەوە گوتویەتی سێ کەس لە قوڕەیش ڕووخسارییان نوورانیترینە، جوانترینن، لەسەرخۆترینن، بە شەرم و حەیاترینن، کاتێک قسەت بۆ دەکەن درۆت لەگەڵ ناکەن، کاتێک قسەیان بۆ دەکەیت بە درۆزنت دانانێن، ئەبوبەکری سدیق، ئەبوعوبەیدەی کوڕی جەڕاح، عوسمانی کوڕی عەفان.

پێگەی ئەبوبەکر لە ئیسلامدا 

ئەو هاوەڵ و جێنشینی پێغەمبەری خودایە ، ئەو لە سەردەمی جاهیلیدا لە گەورەپیاوان و ڕێزداران و ڕاوێژپێکراوانی قوڕەیش بووە ، خۆشەویست بووە لە ناویاندا ، کاتێک ئیسلام هات ئەو ئیسلامی هەڵبژارد بەسەر هەموو شتێکی تردا، وە بە باشترین شێوە چووە نێو ئیسلام ، لەسەردەستی ئەو ژمارەیەکی زۆر لە هاوەڵانی پێغەمبەر باوەڕیان هێناوە و بوونەتە موسڵمان لە نێوانیاندا پێنج لە دە مژدەپێدراوەکە ، پێغەمبەری خودا ناوی ناوە عەتیق لەبەر جوانی ڕوخساری، عەلی کوڕی ئەبوتالیب سوێندی دەخوارد کە خودا نازناوی سدیقی لە ئاسمان دابەزاندووە بۆ ئەبوبەکر، پێغەمبەر ئەو شەوەی کە شەوڕەوی پێکرا گوتی بە جیبریل، قەومەکەم بە ڕاستم دانانێن جیبریل گوتی ئەبوبەکر بەڕاستت دادەنێت و ئەو سدیقە. ئەو یەکەم کەس بوو کە بەرگری لە پێغەمبەری خودا کرد.

وەفاتی ئەبوبەکر 

ئەبوبەکری سدیق کۆچی دوایی کردوە لە مانگی جەمادی کۆتایی ساڵی سێزدەی کۆچی شەوی سێشەمە، وتراوە ڕۆژی دووشەمە، جێنشینییەکەی ئەو دوو ساڵ و نیوی خایاند، خێزانەکەی ئەسمائی کچی عومەیس شوردوویەتی بە ڕاسپاردەی خۆی، لەگەڵ پێغەمبەری خودا بەخاکسپێرداراوە لەلای سەرییەوە ، سەری لە بەینی دووشانی پێغەمبەری خودادا.

عومەری کوڕی خەتاب

ناو و ڕەچەڵەک و موسوڵمانبوونی

ئەو عومەری کوڕی خەتابی کوڕی نوفەیلی کوڕی عەبدولعوززای کوڕی ڕەباحی کوڕی عەبدوڵای کوڕی قورطی کوڕی زراحی عەدی کوڕی کعبی قوڕەیشی عەدەوییە، دایکی حەنتەمەی کچی هاشمی کوڕی موغیڕەی کوڕی عەبدوڵای کوڕی عەمری کوڕی مەخزومە، لەساڵی شەشەمی پێغەمبەرایەتی موسوڵمانبووە، گوتراویشە ساڵی پێنج، عەبدوڵای کوڕی عومەر دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری خودا فەرموویەتی خودایە ئیسلام بەهێز بکە بە خۆشەویسترینی ئەم دوو پیاوە لای خۆت عومەری کوڕی خەتتاب یان ئەبوجەهلی کوڕی هیشام، دیارە کە خۆشەویستترەکەیان عومەر بوو.

لەدایک بوون و شەهیدبوونی

عومەری کوڕی خەتتاب یەکەم کەس بووە ناوی پێشەوای بڕوادارانی (أمير المؤمنين) لێنراوە، لە ئازایەتی و بوێری و دادپەروەری و پەرستش و زانست و زانیاریدا گەیشتبووە لوتکە، لە سەردەمی ئەودا فوتوحاتێکی زۆرکرا و ئیسلام بڵاوبویەوە، ئەو لە مەککە چل ساڵ پێش کۆچ لە دایک بووە، لە مەدینە لە ساڵی 23ـی کۆچی شەهیدکراوە لەلایەن ئەبولوئلوئەی مەجوسی لەکاتێکدا کە پێشنوێژی بەیانی بۆ خەڵک دەکرد.

عوسمانی کوڕی عەففان 

ناو و ڕەچەڵەکی

ئەبو عەبدوڵا یان ئەبولەیلا عوسمانی کوڕی عەففانی کوڕی ئەبی العاص کوڕی ئومەیەی کوڕی عەبدی شەمس کوڕی عەبدی مەنافی کوڕی قوسەی ئومەوی، لەگەڵ پێغەمبەردا لە عەبدی مەنافدا یەکتری دەگرنەوە نازناوی (ذوالنورين)‌ خاوەن دوو نوور چونکە ئەو دوو کچی پێغەمبەری مارە کرد روقەیە دواتر ئوم کەلثوم، لە نازناوەکانی بەشەرم و حەیا لەگەڵ شەرم لێکراو، ڕوخساری جوان بوو ڕیشی درێژ بوو.

لەدایکبوون و سیفەت و وەفاتی

حەزرەتی عوسمان لە مەککە لەدایک بووە ئەو لە یەکەمین ئەو کەسانە بوو کە باوەڕیان هێنا، سێیەم جێنشینی پێغەمبەرە، بەخشندە و دەستبڵاو بوو، قورئانی کۆکردەوە لە سەردەمی خۆیدا، شەهید کرا لە بەیانی ڕۆژی جەژنی قوربان لە کاتی قورئان خوێندن لە ماڵی خۆیدا لە مەدینە ساڵی 35 ی کۆچی، وتراوە ڕۆژی جومعە 17 ی زولحیجە ساڵی 35 ی کۆچی، لە تەمەنی 78 ساڵیدا.

عەلی کوڕی ئەبوتالیب 

ئەو عەلی کوڕی ئەبوتالیبی کوڕی عەبدولموتەلیبی کوڕی هاشمی قوڕەیشی، کوڕەمامی پێغەمبەر بووە، یەکەم کەس بووە کە موسوڵمان بووە لە منداڵان، دە ساڵ پێش پێغەمبەرایەتی لە دایک بووە ، لەژێر سایە پێغەمبەردا گەورە بووە و لێی جیا نەبۆتەوە، پێغەمبەری خودا کچەکەی خۆی لێ مارە کردووە، لە زۆربەی جەنگەکاندا ئاڵای بەدەستەوە بووە، کاتێک پێغەمەری خودا برایەتی دروست کرد لە نێوان هاوەڵانی بە عەلی گوت تۆ برای منیت، یەکێک بوو لە پیاوانی شورا (ڕاوێژ) کە حەزرەتی عومەر هەڵی بژاردن، شەهید کرا لە شەوی 17 ی مانگی ڕەمەزانی ساڵی 40 ی کۆچی.

زوبەیری کوڕی عەووام

ئەو زوبەیری کوڕی عەووامی کوڕی خوەیلیدی کوڕی ئەسەدی کوڕی عەبدولعوززای کوڕی قوسەی، ئەبوعەبدوڵای ئەسەدی، لەگەڵ پێغەمبەردا لە قوسەیدا یەکتری دەگرنەوە.

پێغەمبەر لە بارەیەوە دەفەرموێت 

هەموو پێغەمبەرێک حەوارییەکی هەیە حەواری منیش زوبەیرە، (حەواری واتە هاوەڵی تایبەت) لەوانەیە کە لە شەڕى بەدردا بەشدارى کردووە هەر لە ساتی ژیانیدا پێغەمبەر هەواڵی شەهیدبوونی داوە، فەرموویەتی کاتێک لەسەر شاخی حیراء بوون و شاخەکە جوڵا (ئارام بە ئەی حیراء تۆ تەنها پێغەمبەر یان سدیق یان شەهیدت لەسەرە لەوکاتەدا پێغەمبەر و ئەبوبەکر و عومەر و عوسمان و علی و  تەڵحە و زوبەیر و سەعدی کوڕی ئەبی وەقاسی لەسەربوو) چاکە و تایبەتمەندی زۆرە، لە ساڵی 36ی کۆچی شەهید کرا لەلایەن خەواریجەوە لە تەمەنی 67 ساڵیدا.

تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵا 

تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵای کوڕی عوسمانی کوڕی عەمری کوڕی کەعبی کوڕی سەعدی کوڕی تەیمی کوڕی موڕڕەی کوڕی کعبی کوڕی لوئەی قوڕەیشی تەیمی مەککی مەدەنی، لەگەڵ پێغەمبەردا لە موڕڕەدا یەکتری دەگرنەوە، دایکیشی صەعبەی کچی حەضرەمییە، ڕووخساری سپی و جوان بوو، مووی زۆر بوو، با‌ڵای بەرز نەبووە، سنگ و ناوشانی پان بووە، قاچەکانی گەورە بووە، ڕۆژی جەنگی جەمەل لە ساڵی 36ی کۆچی شەهید کرا لە تەمەنی 63 ساڵیدا.

سەعدی کوڕی ئەبی وەققاص 

ناو و ڕەچەڵەکی

سەعدی کوڕی ئەبی وەققاصی کوڕی مالیکی کوڕی وهەیبی کوڕی عەبدی مەنافی کوڕی زوهرەی کوڕی کیلاب، حەوتەم کەس بووە کە باوەڕی هێناوە، یەکێک بووە لە پیاوەکانی شورا کە حەزرەتی عومەر داینان بۆ جێنشینی دوای وەفاتی ، کەسێکی دوعا گیرا بووە، چونکە پێغەمبەر دوعای بۆکرد و فەرمووی خودایە دەستی هاوێشتنی ڕاست بکە و دوعای گیرا بکە، ئەو یەکەم کەس بووە کە تیری هاوێشتووە لە پێناوی خودادا، لە کۆشکەکەی خۆیدا لە عەقیق بە دووری 10 میل لە مەدینەوە کۆچی دوایی کردووە، لەسەر مل هەڵگیراوە و هێنراوەتەوە بۆ مەدینە، لە گۆڕستانی بەقیع بەخاکسپێردراوە، لە ساڵی 55ـی کۆچی کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی 77 ساڵیدا.

ئەبو عوبەیدەی کوڕی جەڕاح

ناوی ئەبو عوبەیدە عامری کوڕی جەڕاحی کوڕی هیلالی كوڕی ئوهەیبی کوڕی مونەبەهی کوڕی حارسی کوڕی فیهری کوڕی مالیکی کوڕی نەضر، لەگەڵ عوسمانی کوڕی مەزعوندا باوەڕی هێنا و کۆچی کرد بۆ حەبەشە لە کۆچی دووەم، بەشداری بەدر و هەموو ڕوداوەکانی تری کردووە، خۆڕاگر بوو لە ڕۆژی ئوحود لەگەڵ پێغەمبەردا، ئەو دوو ئەڵقەیەی کە چووبوونە ڕوومەتی پێغەمبەر بە ددان دەریهێنان، ددانە بڕەرەکانی کەوتنە خوارەوە.

سیفەتی 

باڵابەرز و لاواز بوو، ڕووخساری لاواز بوو، ددانە بڕەرەکانی کەوتبوون، ڕیشی خاو بوو، دوو کوڕی هەبوو یەزید و عومەیر هەردووکیان مردن و منداڵی نەما، عومەر دەیوت (ئەگەر چارەنوسم بزانیایە و ئەبو عوبەیدە زیندوو بووایە ئەبو عوبەیدەم دەکردە جێنشینی خۆم، ئەگەر خودا لێی پرسیم بۆ وات کردووە؟ دەڵێم گوێم لە پێغەمبەر بوو دەیفەرموو: هەموو پێغەمبەرێک ئەمینێکی هەبووە ئەمینی منیش ئەبو عوبەیدەیە)، ئەو باوکی خۆی کوشت عەبدوڵای کوڕی جەڕاح لە ڕۆژی بەدر لەبەر بێ باوەڕى.

وەفاتی

لە تاعونی عمواسی وڵاتی ئوردوندا وەفاتی کرد و گۆڕەکەیشی لەوێیە، ساڵی 18 ی کۆچی لە خەلافەتی عومەر، لە تەمەنی 58 ساڵیدا.

عەبدوڕەحمانی کوڕی عەوف

ئەبو محمد عەبدوڕەحمانی کوڕی عەوفی کوڕی عەبدی عەوفی کوڕی عەبدولحاریسی کوڕی کوڕی زوهرەی کوڕی کیلابی کوڕی موڕڕەی کوڕی کەعبی کوڕی لوئەی، لەسەردەمی جاهیلیدا ناوی عەبدو عەمر یان عەبدولحاریس یان عەبدولکەعبە بووە، پاشان پێغەمبەری خودا ناوی گۆڕی بە عەبدوڕەحمان، دایکی ناوی شیفائی کچی عەوفە، عەبدوڕەحمان موسوڵمان بووە پێش ئەوەی پێغەمبەر بچێتە ماڵی ئەڕقەم، دوو جار کۆچی کردووە بۆ حەبەشە، لەوانە بوو کە لە ڕۆژی ئوحوددا خۆڕاگربوون لەگەڵ پێغەمبەردا، لە جەنگی تەبوکدا پێغەمبەری خودا لە دوایەوە نوێژی کردووە کاتێک پێغەمبەر چوو بۆ دەستنوێژ و هاتەوە عەبدوڕەحمان دەستی بە نوێژ کردبوو پاشان لەدوایەوە  نوێژی کرد، پاشان فەرمووی هیچ پێغەمبەرێک وەفاتی نەکردووە هەتا لەدوای پیاوچاکێک لە ئومەتەکەیەوە نوێژ نەکات.

شێوەى

عەبدوڕەحمان باڵابەرز و سپی بوو پێستی ناسک و سورباو بوو، دەستەکانی گەورەبوون، ددانە بڕەرەکانی کەوتبوون، شەل بوو ئەویش چونکە ڕۆژی ئوحود پێکرابوو.

ماڵ و سامان و بەخشندەیی

عەبدوڕەحمانی کوڕی عەوف لە دەوڵەمەندترین پیاوانی مەدینە بوو، جارێکیان زەوییەکی فرۆشت بە 40 هەزار دینار و دابەشی کرد بەسەر بەنی زوهرە و هەژاران و دایکانی بڕواداران، وتراوە کە ئەو لەسەردەمی پێغەمبەردا نیوەی ماڵەکەی بەخشیوە کە چوار هەزار دینار بووە، دواتر چل هەزار دیناری بەخشیوە، دواتر چل هەزاری تری بەخشیوە، 500 ئەسپی بارکردووە لە پێناو خودادا، پاشان 1500 حوشتری لە پێناو خوادا بارکردووە، زۆربەی سامانەکەی لە بازرگانیدا بووە، وتراوە کە 30 هەزار ماڵی ئازاد کردووە، لەبەر خۆبەکەمزانێتی و خاکیێتی لەبەینی کۆیلەکانیدا نەدەناسرایەوە، ساڵی 32 ی کۆچی کۆچی دوایی کردووە، لە گۆڕستانی بەقیع لە تەمەنی 72 ساڵیدا یان 75 ساڵیدا بەخاکسپێردرا.

سەعیدی کوڕی زەید

سەعیدی کوڕی زەید  ئەبولئەعوەر سەعیدی کوڕی زەیدی کوڕی عەمری کوڕی نوفەیلی کوڕی عوززای کوڕی ڕەباحی کوڕی عەبدوڵای کوڕی رەزاحی کۆڕی عەدی کوڕی کەعبی کوڕی لوئەی، دایکی فاتیمەی کچی بەعجەی کوڕی ئومەییەیە، پێش ئەوەی پێغەمبەر بچێتە ماڵی ئەرقەم ئیمانی هێناوە، سەعید ئەسمەر و باڵابەرز و توکن بوو، لە عەقیق کۆچی دوایی کردووە، گواستراوەتەوە بۆ مەدینە و لەوێ بەخاکسپێردراوە لە ساڵی 50 یان 51 ی کۆچی، تەمەنی لە 70 ساڵ زیاتر بووە.


سەرچاوەکان



10235 بینین