شیعری وێنەکانت نابن به‌ خۆت

له‌لایه‌ن: - ڕه‌نج سه‌نگاوی - به‌روار: 2020-01-05-20:06:00 - کۆدی بابەت: 172
شیعری وێنەکانت نابن به‌ خۆت

ناوه‌ڕۆك

وێنەکانت نابن بەخۆت

وێنەکانت نابن بەخۆت
‌وەک خۆت چاو ناترووکێنن
‌وەک نیگای خۆت نامهەژێنن

‌دەستەکانت ناجوڵێنن بەرەو دەستم
‌هەست ناکەن‌ بە قوڵپی هەستم

‌وەکو خۆت نین
سەریان ناخەنە سەر شانم
‌وەک خۆت نایهێننە جوڵە
‌تەزوی گیانم

‌ڕاستە لەناو وێنەکانتا پەلەت نیەو ناڕۆیتەوە
‌سەدەیەکی وێنەکانت
‌ناگەن بەوەی
‌کە قاوەیەک لەگەڵمدا ئەخۆیتەوە

‌وێنەکانت وەکو خۆت نین
‌شەڕێکیان
‌لەگەڵ
‌نەکردووم
‌شێتی دەنگتم،
‌کەچی ئەوان بۆ جارێ بانگیان
‌نەکردووم

‌بۆیە ئازیز
‌کە سەرم
‌پڕبێ لە شێوەت
‌چ پێویستم بە ئەلبوومە
‌خۆت ئەزانی ئەوینی تۆ
‌هەمو ئێستاو ڕابردوومە.

نووسینی : ڕەنج سەنگاوی


سەرچاوەکان



3417 بینین