شیعری لای هیچ کەس باسم نەکردوویت

له‌لایه‌ن: - ده‌رباز یونس - به‌روار: 2020-06-18-12:16:00 - کۆدی بابەت: 277
شیعری لای هیچ کەس باسم نەکردوویت

ناوه‌ڕۆك

لای ھیچ کەس باسم نەکردووی

لای ھیچ کەس باسم نەکردووی ...
لای ئەم و ئەم
بە ناپاک ناوم نەبردووی ...

قەت ھیچ ناڵێم
نە لە تیڤی
نە لە گۆڤار و رۆژنامە ...
بێوەفاییت
نھێنییەو
ھەر خۆم لامە ...

ئەوانەی تۆیان ئەناسی
وا ئەزانن ئەوەی من باسم ئەکردی
ھەر ئەوەیت و
ھەموو ئەڵێن ژنی باشە ...
ئێستاش ھەر کەسێ ئەمبێنێ
ھەواڵی تۆم لێ ئەپرسێ
ئەڵێم باشە ...

ھاوڕێکانم
ھەر سڵاوت بۆ ئەنێرن ...
گوڵفرۆشەکانی شەقامیش
بۆ داھاتووت
ھەر خەریکی دوعای خێرن ...

گەر راستییەکان ئاشکرا کەم
نھێنی دڵ بدرکێنم
ھیچ کەس نایە بەلاتەوە ...
ئاخر تۆ دوو دڵت سووتاند
بەوەی کردت
بەو ھەموو بەزمەی ناتەوە ...

من نازانم خەڵکی شار چۆن تێگەیشتوون
باوەڕ بکە
لەبارەی ئەو خیانەتەت ھیچ کەسێکم نەدواندووە ...
بەڵام چی بکەم وشەکانم
شیعرەکانم
ھەموو راستییەکان ئەڵێن و
ئەوان تۆیان ناساندووە ...

ئەوەی کردت خۆم دەیکەمە داستانێک و
ناھێڵم ھیچ کەس تێی بگا ...
ناپاکیت دەکەمە خەون و
ناھێڵم ھیچ کەس پێی بگا ...

جار نا جارێ توڕە دەبم
زۆر دەترسم ئەوەی کردت باڵم بۆ دروست بکەن و
بمفڕێنن ...
زۆر دەترسم بەبێ ئەوەی خۆم بمەوێ
ئێوارەیەک
نەفرەت و توڕەییەکانم
ھەموو شتێ بدرکێنن ...
دەترسم شتانێک بڵێم
وێرانت کەن
ئەو غروورەی ئێستا ھەتە
ورد وردی کەن، بیشکێنن ...

بەس مەترسە
ھیچ ناڵێم و راستییەکانیش نادرکێنم
رێگە ئەدەم ھاوڕێكانم ھەر سڵاوت بۆ بنێرن ...
باوەڕ بکە
گوڵفرۆشەکانی شەقامیش
کاتێک گوڵێکیان لێ ئەکڕم
بۆ داھاتووت
ھەر خەریکی دوعای خێرن ...


سەرچاوەکان



2440 بینین