ئەتەکێتی یەکترناسین

له‌لایه‌ن: - كارزان دوكانی - به‌روار: 2020-08-10-02:22:00 - کۆدی بابەت: 343
ئەتەکێتی یەکترناسین

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی خەڵك بەیەكتر

ئایا هیچ بنەمایەك هەیە بۆ ناساندنی خەڵك بەیەكتر ، بە تایبەت ئەگەر یەكتر ناسینەكە بۆ یەكەمجار بێت؟ بەدڵنیاییەوە وەڵامەكە (بەڵێ)یە ، ئەویش بنەمایەكی ئاسانەو پێویستی بە خۆڕاهێنان یاخود فێركردن نییە، چونكە بە شێوەیەكی خۆكرد لە هەموو مامەڵەكردنێكماندا ئەنجامی دەدەین ، جا لە شوێنی كاردا بێت یا لە ماڵدا بێت ، یان تەنانەت لە یانەدا .

ئەویش لەیەكێك لەم دوو ڕێگایەدا كورت دەكرێـتەوە

یان تۆ دوو لایەنەكە بە یەكتر دەناسێنیت "كاك/خاتوو.... دەمەوێت كاك/خاوو.....ت پێ بناسێنم" یان لەكاتی یەكترناسیندا ناوەكان ئاڵوگۆڕ بكرێن ، لەگەڵ باسكردنی سروشتی ئەو كارەی كە هەریەك لەوان ئەنجامی دەدەن جگە لەم بنەما گشتییانە سێ بنەمای تر هەن :

  • هەمیشە لە پێشدا پیاو بە خانم دەناسێنرێت ، هەمیشە كەسی بچوك بەو كەسە دەناسێنرێت ، كە لە تەمەندا گەورەترە .
  • كەسێك كە كەمتر گرنگە بە كەسێك دەناسێنرێت كە گرنگییەكەی زیاترە . لە ڕاستیدا ئەم بنەمایە زۆر ئاڵۆزە ، چونكە هەندێك جار ڕێك دەكەوێت كە نازانیت كام لەم دوو كەسە گرنگترن .
  • كەسەكان تەنها بە ناوی یەكەمیانەوە مەناسێنە ، بەڵكو دەبێـت ناوەكانیان بە تەواوی بڵێیت .
  • لەكاتی ناساندنی خەڵكیدا بەیەكتر ، شێوازی فەرمان پێدان بەكارمەهێنە ، بۆ نمونە بڵێیت "كاك...دەبێـت تەوقە بكەیت لەگەڵ كاك..." یان "كاك.... دەبێت كاك.... ببینیت" بەڵكو پێویستە لەكاتی داواكردنی هەر شتێكدا وشەی جوان و بە ئەدەبانە بەكاربهێنرێت ، بۆ نمونە : بە یارمەتیت ، دەمەوێت ، تكایە ... هتد .
  • لەكاتی ناساندنی هاوڕێیەكت بە كەسێكی تر ، وشەی ..هاوڕێكەم...بەكارمەهێنە ، تا بەوە هەستی بریندار نەكەیت ، كە تۆ ئەو بە هاوڕێی خۆت نازانیت و بەوەش هەست بە نامۆیی دەكات .
  • كاتێك ویستت كەسێك بناسیت داوای لێ مەكە خۆی بناسێنێت ، بۆ نمونە مەڵێ : ناوت چییە؟ بەڵكو لە پێشەوە خۆت بناسێنەو ناوی خۆت بڵێ .
  • لەكاتی ناساندنی كەسێك بە كەسێكی تر ، یان چەند كەسێك ، ناوەكان چەندبارە مەكەرەوە ، بەڵكو تەنها یەكجار ناوی هەركەسێك بۆ هەمووان .
  • هاوسەر یان خێزانەكەت بە ناوی خۆیەوە مەناسێنە ، بەڵكو خۆشترە كە بەم شێوەیە ئاماژەیان پێ بكرێت : تەنها "خێزانەكەم" یان "هاوسەرەكەم" بەبێ ناوهێنان . هەروەها دەبێت لەبیرت نەچێت لە دوای ناساندنی كەسەكان بڵێیت: "خۆشحاڵ بووین" یان "زۆر بەخێربێیت"


سەرچاوەکان



3114 بینین