نێتۆرک

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-12-23:19:00 - کۆدی بابەت: 395
نێتۆرک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لە تەکنەلۆژیای زانیاریدا نێتۆرک (بە ئینگلیزی: network) بریتییە لە پەیوەندیکردنی لانی کەم دوو سیستمی کۆمپیوتەری پێکەوە، جا چ پەیوەندییەکا لەڕێگەی وایەر یاخود بێوایەربێت وەک وایەرلێس (wireless)، سادەترین جۆری پەیوەندی بریتییە لە پێکەوە بەستنی دوو کۆمپیوتەر لەڕێگەی وایەرەوە، کە پێیدەوترێت نێتۆرکی تاک بۆ تاک (peer-to-peer network)، هەروەها لەم جۆرە نێتۆرکەدا هیچ پلەبەندییەک نییە لەنێوان کۆمپیەتەرەکاندا و هەردولا دەتوانن داتا و زانیاری بۆ یەکتری بنێرن و خزمەتگوزارییەکانی یەکتر بەکاربهێنن.

لە رۆژگاری ئەمڕۆدا نێتۆرکەکان ئاڵۆزترن و لە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە کۆمپیوتەرەکان پێکدێن، هەروەها هەر نێتۆرکێک کە لە 10 کۆمپیوتەر زیاتر پێکهاتووە زۆرجار نێتۆرکی ڕاژەکار-ڕاژەخواز پێکدێن (client-server networks)، لەم جۆرە نێتۆرکەدا کۆمپیوتەرێکی ناوەندی کە پێیدەوترێت خزمەتکەر (server) هەڵدەستێت بە دابین کردنی زانیاری و خزمەتگوزاری بۆ ئەو کۆمپیوتەرانەی تر پێوەی بەستراون و پێیاندەوترێت ڕاژەخواز (client).

مێژوو

  • لەساڵی 1961 بیرۆکەی ئارپانێت (ARPANET) بریتیبوو لە یەکێک لە کۆنترین نێتۆرکەکانی کۆمپیوتەر، کە بیرۆکەکە لەلایەن لیۆنارد کلاینڕۆک لە ساڵی 1961 پێشکەشکرا.
  • لە ساڵی 1965 دەستەواژەی پاکێت (packet) لەلایەن دۆناڵد دەیڤس داهێنرا، کە بەکارهێنرا بۆ وەسفکردنی ئەو داتایانەی کە لە نێوان کۆمپیوتەرەکانی ناو نێتۆرکەکان ئاڵوگۆڕ دەکران.
  • لە ساڵی 1969 یەکەمین سویچی نێتۆرک بەکارهێنرا بۆ گواستنەوەی داتا لە 29/8/1969 لەلایەن کۆمپیوتەری ئارپانێت.
  • لەساڵی 1969 ئینتەرنێت بە فەرمی دروستکرا و داتا لەنێوان (UCLA) و (SRI) نێردرا لە 29/10/1969 کاتژمێر 10:30 پاش نیوەڕۆ.
  • لە ساڵی 1970 ستیڤ کوکەر و تیمەکەی لە (UCLA) پڕۆتۆکۆلێ (NCP) بڵاوکردەوە لە کە بەکاردەهێنرا بۆ ناردنی داتا.
  • لە ساڵی 1971 ڕەی تۆمیلسۆن یەکەمین ئیمەیڵی نارد.
  • لە ساڵی 1973 ئیثەرنێت لەلاین ڕۆبێتر مێتکالفێ داهێنرا.
  • یەکەمین پەیوەندی نێتۆرکی جیهانی دروستکرا لەساڵی 1973 لەلایەن ئارپا (ARPA)ـەوە دروستکرا بەناوی سات نێت (SATNET).
  • یەکەمین ڕاوتەر لە (Xerox) لە ساڵی 1974 بەکارهێبرا، بەڵام ئەم ڕاوتەرانە بە ڕاوتەری ڕاستەقینەی ئای پی هەژمار ناکرێن.
  • لە ساڵی 1978 بۆب خان بەیارمەتی ڤینت کرێف پڕۆتۆکۆڵی (TCP/IP) بۆ نێتۆرکەکان دروستکرد.
  • پڕۆتۆکۆڵی ئینتەرنێتی 4 (IPv4) بە فەرمی لەلایەن (RFC) لە ساڵی 1981 ناسێنرا و یەکەم گەورەترین پڕۆتۆکۆڵی ئینتەرنێت بوو.
  • لە ساڵی 1981 بیت نێت (BITNET) دروستکرا کە بەکاردەهێنرا بۆ پێکەوە بەستنی کۆمپیوتەرە سەرەکییەکانی (IBM).
  • پاوڵ مۆکاپێتریس و جۆن پۆستێل یەکەمین (Domain Name System - DNS) لە ساڵی 1983 بەکارهێنا.
  • لە ساڵی 1988 زانیاری دەربارەی یەکەمین تەکنەلۆژیای دیواری ئاگرین (Firewall) بڵاوکرایەوە، کە یەکەمجار ناونرابوو فلتەری فایەرواڵی پاکێت.
  • کۆمپانیای ڕەقەواڵەی نێتۆرک کالپانا (Kalpana) لە ساڵی 1990 یەکەمین سویچی نێتۆرکی بڵاوکردەوە.
  • لە ساڵی 1996 پڕۆتۆکۆڵی ئینتەرنێتی 6 (IPv6) دروستکرا، کە بەرەوپێشبردنی (IPv4) بوو، هەروەها ژمارەیەکی زیاتری ئای پی لەخۆدەگرت و خێراتر و پارێزراوتر بوو.
  • لە ساڵی 1997 یەکەمین ستانداردی (802.11) بۆ وای فای دروستکرا، کە خێراییەکەی 2 مێگابایت بوو لە چرکەیەکدا.
  • لە ساڵی 1999 ستانداردی (a802.11) بۆ وای فای بڵاوکرایەوە کە بەهێزتربوو و خێراییەکەی دەگەیشتە 25 مێگابایت لە چرکەیەکدا.
  • لە ساڵی 2003 پڕۆتۆکۆڵی بەنهێنیکردنی (WEP) بۆ وای فای بڵاوکرایەوە.

بەکارهێنان

پەیوەندیکردن

هەر شتێک کە دوو کۆمپیوتەر پێکەوە ببەستێتەوە نێتۆرک بەکاردەهێنێت وەک ئینتەرنێت و بانکە ئۆنلاینییەکان و یارییەکانی کۆمپیوتەر و هەروەها نەرمەواڵەکانی قسەکردن (چات).

بەکارهێنانەکانی سەرچاوەکان

بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەرەکان نێتۆرک بەکاردەهێنن بۆ کارپیکردن و بەکارهێننای ئەو سەرچاوانەی کە بە نێتۆرکەوە بەستراون خزمەت بە بەکارهێنەران دەکەن وەک:

  • سەنتەرەکانی بڵاوکردنەوەی داتا و زانیارییەکان.
  • ئامێرە چاپ و سکانەرە بڵاوکراوەکانی فەرمانگە و دامودەزگاکان.
  • نەرمەواڵە بڵاوکراوەکان.
  • سەرچاوەکانی ڕەقەواڵە و ئامێرە فیزیکییەکان.

 ناوەندی داتاکان

داتا و زانیارییەکان دەکرێت لەناو سێرڤەرەکاندا هەڵبگیردرێن لەجیاتی ئەوەی کە لەناو چەندین ئامێردا هەڵبگیردرێن، بۆیە سێرڤەر بەکاردەهێنرێت بۆ هەڵگرتنی داتاکان و پاشان بەکارهێنانی نێتۆرک بۆ گەیشتن بەو زانیارییانە.

پڕۆتۆکۆڵەکانی پەیوەندیکردن لە نێتۆرکدا

  • چەپکە پڕۆتۆکۆڵی ئینتەرنێت (Internet Protocol Suite)
  • IEEE 802
  • ئیثەرنێت (Ethernet)
  • نێتۆرکی خۆجێی بێ وایەر (Wireless LAN)
  • SONET/SDH
  • دەزگای 
  • دۆزی گواستنەوەی ناهاوکات (Asynchronous Transfer Mode)

جۆرەکانی نێتۆرک بەپێی پێوەری جوگرافی

  • نانۆنێت یاخود نێتۆرکی نانۆیی (Nanoscale network)
  • نێتۆرکی کەسی یاخود تایبەت (Personal area network)
  • نێتۆرکی خۆجێیی (Local area network - LAN)
  • نێتۆرکی ماڵەوە (Home area network - HAN)
  • نێتۆرکی هەڵگرتنی زانیاری و داتا (Home area network - SAN)
  • نێتۆرکی زانکۆ (Campus area network - CAN)
  • نێتۆرکی بڕبڕەی پشتیی (Backbone network)
  • نێتۆرکی ناوچەی مێترۆپۆتالی (Metropolitan area network - MAN)
  • نێتۆرکی بەربڵاو (Wide area network - WAN)
  • نێتۆرکی تایبەتی دامەزراوەکان (Enterprise private network)
  • نێتۆرکی تایبەتی خەیاڵی یاخود ڤی پی ئێن (Virtual private network - VPN)
    نێتۆرکی جیهانی کراوە (Global area network - GAN)

جۆرەکانی نێتۆرک بەپێی دامەزراوەکان

سودی‌ نیتۆرك چیه‌؟

له‌ ڕاستیدا نێتۆرك سودێكی‌ زۆری‌ هه‌یه‌، یه‌كێك له‌سوده‌ گرنگه‌كانی‌ نیتۆرك به‌كاردێت بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌، بۆ نموونه‌ تۆ له‌فه‌رمانگه‌یه‌كی‌ زۆر گه‌وره‌دای‌ت كاری‌ نیتۆڕكی‌ بۆ ئه‌نجامدراوه‌ به‌ ئاسانی‌ ئه‌توانی‌ له‌ نێوان فه‌رمانبه‌ره‌كان زانیاری‌ ئاڵوگۆر بكه‌یت به‌مه‌ش كاتێكی‌ زۆرت بۆ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌كاتی‌ ئاڵوگۆڕكردنی‌ ئه‌و زانیارانه‌دا، وه‌ له‌كاتی‌ ئاڵوگۆڕكردنی‌ ئه‌و زانیارانه‌دا مه‌ترسی‌ فه‌وتانی‌ كه‌م ترده‌بێت، هه‌روه‌ها توشی‌ كێشه‌ی‌ كه‌م تر ده‌بیت، هه‌روه‌ها سودێكی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ سه‌ردانی‌ فه‌رمانگه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر ئاسان كاره‌كانیان بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، له‌ نێوان شاره‌كان و وڵاتان كاری‌ نیتۆرك ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ ئه‌ویش ئینتەرنێتە به‌مه‌ش ئاسانكاریه‌كی‌ زۆر بۆ خه‌ڵك كراوه‌ و ئه‌توانێت تا مه‌ودایه‌كی زۆر دوور به‌كاربهێنرێت، ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی‌ ڕابردوو بكه‌ین بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر نامەیەك له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێك یان له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێك بگوازرابایه‌وه‌ به‌مه‌ش كاتێكی‌ زۆری‌ ده‌ویس، بۆ ئه‌وه‌ی‌ نامه‌كه‌ بگاته‌ شوێنی‌ خۆی‌، به‌ڵام ئێستا به‌ چه‌ند چركه‌یه‌ك ده‌توانی‌ نامه‌كه‌ بگوازیته‌وه‌ بۆ كه‌سی‌ مه‌به‌ست، به‌بێ كێشه‌ و به‌ كاتێكی‌ كه‌متر و به‌پاره‌یه‌كی‌ زۆر زۆر كه‌م، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ كاری‌ نیتۆركه‌وه‌ ده‌بێت، كه‌واته‌ نیتۆڕك سودێكی‌ زۆری‌ بۆ ته‌واوی‌ سه‌ر ڕوی زه‌وی‌ هه‌یه.


سەرچاوەکان



5035 بینین