تۆڕی تاریک

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-01-21:50:00 - کۆدی بابەت: 6132
تۆڕی تاریک

ناوه‌ڕۆك

تۆڕی تاریک

تۆڕی تاریک (بە ئینگلیزی: Darknet) بریتییە لە نێتۆرکێکی چەند چینی (Overlay network) لەناو ئینتەرنێتدا کە تەنها بەچەند ڕێگەیەک و نەرمەواڵەیەکی دیاریکراو خەڵک دەتوانێت بچێتە ناوی، هەروەها هەندێک جار بە پڕۆتۆکۆڵی پەیوەندی تایبەت بەکاردەهێنرێت بۆ چوونە ناوی، دوو جۆری دارک نێت هەیە کە بریتین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کە بەکاردەهێنرێت بۆ بڵاوکردنەوەی فایل و داتا هەروەها پەیوەندی تاک بۆ تاک (Peer-to-peer)، هەروەها جۆرەکەتری بۆ پرۆکسی نێتۆرکی تایبەت و شاراوە بەکاردەهێنرێت وەک تۆر (Tor) کە نێتۆرکێکی سەرچاوە کراوەیە و بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی شاراوە.

دەستەواژەی دارک نێت لەڕێگەی هەواڵە پەیوەندیدارەکانی خزمەتگوزارییەکانی تۆرەوە بەناوبانگ کرا کاتێک بازاڕی گەورەی ماددە هۆشبەرەکان ڕێگای ئاوریشم (Silk Road) نێتۆرکەکەی بەکارهێنا، بۆیە دارک نێت زیاتر بەکاردەهێنرێت بۆ پەوەندی کردن بە ڕێگایەکی شارداوە و نادیار.

دەستەواژەی دارک نێت

یەکەمجار دەستەواژەی دارک نێت بۆ ئەو کۆمپیوتەرانەی ئارپانێت (ARPANET) بەکاردەهێنرا کە شاراوەبوون، ئەم کۆمپیوتەرانە وا پڕۆگرام کرابوون کە توانای وەرگرتنی نامە و داتایان هەبێت بەڵام لەبەرامبەردا هیچ وەڵامدانەوەیەکیان نەبوو، بۆیە لە تاریکیدا دەمانەوە، یەکەمین مامەڵەی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی 1971 ڕوویدا کاتێک قوتابییەکی پەیمانگای تەکنەلۆژی ماساچوستێت (Massachusetts Institute of Technology) و قوتابییەکی زناکۆی هارڤارد هەستان بە ئاڵوگۆڕکردنی ماریوانا لەڕێگەی بەکارهێنانی ئەکاونتەکانی تاقیگەی زیرەکی دەستکرد (CSAIL).

دەستەواژەی دارک نێت لەساڵی 1970 کاندا داهێنرا، کە بەکاردەهێنرا بۆ نێتۆرکە جیاکراوەکان ئارپانێت، ئارپانێت (بە ئینگلیزی: ARPANET) بریتیبوو لە تۆڕێکی سەربازی و ئەکادیمی کە لەلایان حکومەتەوە داهێنرابوو، کە دواتر پەرەی سەند و بوو بە ئینتەرنێت، ناونیشانەکانی دارک نێت دەیانتوانی داتا لە ئارپانێتەوە وەربگرن بەڵام لە لیستی نێتۆرکدا دەرنەدەکەوتن و نەدەتوانرا پەیوەندییان پێوەبکرێت.

بەکارهێنانەکانی دارک نێت

  • بۆ پارێزگاریکردن و پاسارستنی تایبەتمەندی کەسەکان لە چاودێریکەران.
  • ئەنجامدانی تاوانی کۆمپیوتەری (کراک کردن، فایل تێکدان، هتد...)
  • پاراستنی ئەو کەسانەی کە لەدژی لایەنێکی سیاسی قسەدەکەن.
  • بڵاوکردنەوەی فایل و داتا، وەک (فایلە کەسییەکان، پۆڕنۆگرافی، فایلی یاسایی، نەرمەواڵەی نایاسایی، هتد..).
  • کڕین و فرۆشتن.
  • ئاشکراکردنی زانیاری، بەتایبەت ئەو کۆمپانیایانەی کە زانیارییەکانیان پارێزراون.

نەرمەواڵەکان

هەموو دارک نێتەکان پێویستی بە نەرمەواڵەی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت بەکاربهێنرێت، وەک ڕێکخستنی تایبەتی نێتۆرک یان بەکارهێنانی نێتۆرکی تۆر، تۆر بەناوبانگترین نێتۆرکە بۆ چوونە ناو دارک نێتەوە کە زۆرجار خەڵک بە خودی نێتوۆرکەکە دەڵێت دارک نێت.

نێتۆرکەکان

  • ئانۆ نێت (anoNet) بریتییە لە نێتۆرکێکی نامەرکەزی هاوڕی بۆ هاوڕی (friend-to-friend)، کە لە ڤی پی ئێن و نەرمەواڵەی ڕاوتەری (BGP) دروستدەکرێت.
  • بیسق (Bisq) تاکە نێتۆرکی تاک بۆ تاکە، کە بەکاردەهێنرێت بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دراوی ئەلیکترۆنی.
  • بیت تۆرێنت (BitTorrent) پڕۆتۆکۆڵیکی نیمچە مەرکەزی بەهێزی پیوەندی تاک بۆ تاکە (peer-to-peer).
  • (I2P - Invisible Internet Project) پرۆکسییەکی نێتۆرکە کە چەندین خزمەتگوزاری شاراوەیان تێدایە کە پێیدەوترێت (Eepsites).
  • تڕر (وێبگەڕی پیاز - onion router) نێتۆرکیکی شاراوەیە کە دەتوانرێت بەکابهێنرێت بۆ چوونە ناو دارک نێت.


سەرچاوەکان



1525 بینین