ئێکسترانێت

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-01-22:05:00 - کۆدی بابەت: 6133
ئێکسترانێت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئێکسترانێت (بە ئینگلیزی: Extranet) بریتییە لە نێتۆرکێکی تایبەتی کۆنتڕۆڵکراو کە ڕێگەدەدات بە چوونە ناوەوەی هاوەبەش و دابینکەر و بەکارهێنەرانی کۆمپانیا یان ڕێخراوێک، ئێکسترانێت ڕێگەدەدات بە چوونەناوەوەی لایەنێکی دیاریکراو بۆ بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیایەک بەبێ ئەوەی بەتەواوی بچێتە ناو نێتۆرکی کۆمپانیاکە و بەکاربیهێنێت، لەکۆندا دەستەواژەی ئێکسترانێت بەکاردەهێنرا بۆ پەیوەندی نێوان دوو کۆمپانیا یان ڕێکخراو کاتێک نێتوۆرکەکانیان بڵاودەکردەوە بە بەکارهێنانی ڤی پی ئێن (VPN).

بەکارهێنانی ئێکسترانێت

لە سەرەتاکانی ساڵەکانی 1990 و سەرەتاکانی ساڵەکانی 2000ـدا، هەندێک لە پیشەسازییەکان دەستەواژەی ئێکسترانێتیان بەکاردەهێنا بۆ وەسفکردنی سەرچاوەکانی بڵاوکردنەوەی داتا و زانیاری کە تەنها ئەو کەسانەی کە ڕێگەیان پێدرابوو دەیانتوانی بەکاریبهێنن.

بۆ نموونە لە پیشەسازی بنیاتناندا، ئەو تیمانەی کە پێکەوە کاردەکەن ئێکسترانێت بەکاردەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی کێشان و وێنە و دۆکۆمێنتەکانیان پێکەوە، هەروەها نەرمەواڵەکانی وێب بەکاردەهێنن بۆ پەیوەندیکردن پێکەوە و هەروەها گفتوگۆکردن دەربارەی ئەو پڕۆژەیەی کە کاری لەسەردەکەن، لە ساڵی 2003 لە شانشینی یەکگرتوو کۆمەڵە کۆمپانیایەکی بەناوبانگ هەستان بە دروستکردنی نێتۆرکێکی دابینکەرانی هاریکاری دروستکردن (Network for Construction Collaboration Technology - NCCTP)، هەڵدەستا بە دابینکردنی تەکنەلۆژیا بۆ گواستنەوەی داتا و زانیاری لەنێوان داتا سیستمەکاندا.

لایەنە باشەکانی ئێکسترانێت

  • ئاڵوگۆڕکردنی داتای قەبارە گەورە لەڕێگەی بەکارهێنانی چەمکی ئاڵوگۆڕکردنی داتای ئەلیکترۆنی (EDI).
  • ئاسان بڵاوکردنەوەی کاتەلۆگی بەرهەمەکان لەگەڵ هاوپیشەکاندا.
  • یەکگرتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی تردا بۆ پێکەوە کارکردن و بەرهەمهێنان و هەروەها یارمەتیدانی یەکتر.
  • زیادکردنی بەکارهێنەر، چوونکە ئامانجی زۆرێک لە کۆمپانیاکان ڕاکێشانی بەکارهێنەری زیاترە، بە بۆنەی ئێکسترانێتەوە دەتوانن کارەکانیان فراوانتر بکەن و کڕیاری زیاتر ڕابکێشن.

لایەنە نەرێنییەکانی ئێکسترانێت

دانان و ڕێکخستنی ئێکسترانیت بۆ کۆمپانیا یان ڕێخراویک تێچووی زۆری دەوێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وەک نەرمەوەڵە و ڕەقەواڵە و هەروەها ڕاهێنانی فەرمانبەران بۆ بەکارهێنانی، لایەنی پارێزگاری ئێکسترانێت زۆر بەهێز نییە لەکاتی گواستنەوەی زانیاریدا بۆیە لە هەندێک حاڵەتدا پشتی پێنابەسترێت.


سەرچاوەکان



1598 بینین