دەستگرتن بەسەر لێدانی دڵ

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-29-14:38:00 - کۆدی بابەت: 429
دەستگرتن بەسەر لێدانی دڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گرێ گیرفانی گوێچكەڵە، كۆمەڵە خانەیەكی دڵە ماسولكەی تایبەتمەندە و شوێنەكەی لە گوێچكەڵەی ڕاستدایە. ئەم گرێیە پێی دەوترێت هەنگاو دروستكەر چونكە تێكڕای گرژبوونی تەواوی دڵ ڕێكدەخات. خانەكانی گرێ گیرفانی گوێچكەڵە لە هەر 0.8 چركەیەكدا تەوژمێكی كارەبایی دەردەپەڕێنن بۆ دیواری هەردوو گوێچكەڵەی دەنێرن و دەبێتە هۆی گرژبوونیان. هەردوو زمانەی گوێچكەڵە سكۆڵەكان دەكرێنەوە و خوێن لە هەردوو گێچكەڵەوە بۆ هەردوو سكۆڵە وروژم دەكات، ئەو قۆناغەش بە گرژبوونی گوێچكەڵە ناودەبرێت، ماوەكەشی بە 0.1ی چركەیەك دەخەمڵێنرێت.

ئەو تەزووە كارەباییەی كە گرێ گیرفانە گوێچكەڵە دەریدەپەڕێنێت دەگاتە گرێ گوێچكەڵە سكۆڵە كە دەكەوێـتە دڵە بەربەستی نێوان هەردوو گوێچكەڵەوە. ئەم گرێیە تەزووە كارەباییەكان بۆ ئەو ماسولكە خانانە دەنێرێت كە هەردوو سكۆڵەی لێ پێكدێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پێكەوە گرژبوونی هەردوو سكۆڵە. زمانەی دوو پەڕەیی و سێ پەڕەیی دادەخرێت و هەردوو زمانەی كەوانەیی دەكرێنەوە، وە خوێن پاڵدەنرێت بۆ شاخوێنبەر و سییەخوێنبەر. بەم قۆناغەش دەڵێن گرژبوونی سكۆڵەیی، كە نزیكەی 0.3ی چركەیەك دەخایەنێت. پاشان هەردوو گوێچكەڵە و هەردوو سكۆڵە پشوو دەدەن و هەردوو زمانەی كەوانەیی دادەخرێـن و زمانەی دوو پەڕەیی و زمانەی سێ پەڕە دەكرێنەوە و خوێنیش دەگەڕێـتەوە تا هەردوو گوێچكەڵە پڕ بكاتوە، ئەم قۆناغەش بە خاوبوونەوەی گوێچكەڵە و سكۆڵە ناودەبرێـت، كە 0.4ی چركەیەك دەخایەنێت.

قۆناغەكانی لێدانی دڵ

ئەو سێ قۆناغەی كە دڵ لە ماوەی یەك لێداندا پێیدا تێدەپەڕێت ئەمانەن: گرژبوونی گوێچكەڵەیی و گرژبوونی سكۆڵەیی و خاوبونەوەی گوێچكەڵە سكۆڵە بەیەكەوە. دڵە سووڕێك ماوەكەی 0.8ی چركەیەك پێكدێنێـت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە تێكڕایی لێدانی دڵ لە مرۆڤی پێگەیشتوودا دەگاتە نزیكەی 70 لێدان لە یەك خولەكدا. گۆڕانی كارەبایی دڵ ئەنجامی گرژبوونی گوێچكەڵەیی و سكۆڵەیی و خاوبوونەوەیی گوێچكەڵە و سكۆڵەییە. بەهۆی ئامڕازی هێڵكاری دڵەوە تۆمار دەكرێت. هێڵكارییەكی دڵ لەبارێكی دروستی ساغدا دەردەخات. 

دەنگەكانی لێدانی دڵ

لە هەر لێدانێك دوو دەنگی جیاكەرەوە دەردەچن:

دەنگی یەكەم (لوب) كە نزمە و درێژە، لە داخرانی هەردوو زمانەی نێوان هەردوو گوێچكەڵة و سكۆڵەوە پەیدا دەبێت لە كاتی گرژبوونی سكۆڵەكاندا. بەڵام دەنگی دووەم (دوب)، ئەمە كورتترە و تیژترە، كە لە داخرانی هەردوو زمانەی سی یە خوێنبەر و شاخوێنبەرەوە دەردەچێت لە كاتی خاوبوونەوەی سكۆڵەكاندا. لە باری سەرنەكەوتنی یەكێك لە زمانەكان لە داخراندا خوێن بۆ دواوە دەگەڕێـتەوە، دەنگێكی جیاواز لە ئاسایی دەردەچێت پێی دەڵێن وورشەی دڵ. دەشێت ئەو كەسەی هەست بە كەموكوڕی گرێی گیرفانی گوێچكەڵە بكات، بكەوێتە ژێر نەشتەرگەری چاندنی هەنگاوە دروستكەری دەستكردەوە. هەروەها دەشێت هەنگاوە دروستكەری دەستكرد پاڵپشتی ئەو گرێ گوێچكەڵە سكۆڵەیە بكات كە تووشی كەموكوڕی بووە. لێدانی دڵ، زنجیرە شەپۆلە پەستانێكی ناو خوێنبەرەكانە، هۆیەكەی گرژبوونەكانی سكۆڵەی چەپە. كاتێك سكۆڵە گرژدەبێت خوێن بە هێزەوە وروژم دەكات بۆ خوێنبەرەكان. دیوارە جیڕەكانی ئەو لوولانەی خوێندەكێشن. ئەو شوێنەی كە زیاتر باوە بۆ صێوانەی لێدانی دڵ، خوێنبەری كەوەرەیە، لە ناوەوەی هەر مەچەكێكی دەست بە لای پەنجە گەورەدا.

 


سەرچاوەکان



2620 بینین