چێوەکۆئەندامی دەمار

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-19-00:34:00 - کۆدی بابەت: 481
چێوەکۆئەندامی دەمار

ناوه‌ڕۆك

چێوە كۆئەندامی دەمار

ناوەندە كۆئەندامی دەمار بە بەردەوامی كارلێك دەكات لەگەڵ چێوە كۆئەندامی دەمار دا، لە ڕێگەی 12 جووت لە كاسە دەمارەكان، كە دەماخ دەبەستن بەسەر و مل، وە لە ڕێگەی 31 جووت دڕكە دەمارەوە، ناوەندە كۆئەندامی دەمار، بە هەموو بەشەكانی لەشەوە دەبەستنەوە. دەمارەكان پێكدێن لە تەوەرەی دەمارە خانەكان و لق و پۆپەكانیان، كە لە دەرەوەی ناوەندە كۆئەندامی دەماردا هەن. هەموو دڕكە دەمارێك لە دڕكە پەتكەوە بە دوو ڕەگ دەستپێدەكات: پشتە ڕەگ و سكە ڕەگ. پشتە ڕەگ دەمارە راگەیاندنەكان لە شوێنی وریابوونەوە واتە لە هەستە وەرگرەكان، دەگوازێتەوە بۆ ناوەندە كۆئەندامی دەمار ، ئەم دەمارە خانانەش تایبەتن بە وەرگرتنی وریاكەرەوەكانی وەكو ڕۆشنایی یان پەستان یان گەرمی. بەڵام تەوەرەی جووڵە دەمارەخانەكان بە سكە ڕەگدا دەڕۆن كە ڕاگەیاندنەكان لە ناوەندە كۆئەندامی دەمارەوە بۆ ماسولكەكان و ڕژێنەكان دەگوازنەوە. لە دڕكە پەتكدا نێوانە دەمارە خانەكان هەن ڕاگەیاندنەكان لە نێوان دەمارە خانەكاندا دەگەیەنن.

هەستە بەش

هەستە بەشی چێوە كۆئەندامی دەمار هەستە وەرگرەكان و نێوانە دەمارە خانەكانی تێدایە، پەیوەندیی وەرگرەكان بە ناوەندە  كۆئەندامی دەمار دابیندەكەن. هەستە وەرگرەكان، وریاكەرەوەكان لە دەوروبەری ژینگەیی ناوەكی و دەرەكی لەشدا وەردەگرن، كاسە دەمارەكان و دڕكە دەمارەكان ڕاگەیاندنە پەیدابووەكان، لە هەستە وریا كەرەوەكان دەنێرن بۆ ناوەندە كۆئەندامی دەمار.

جووڵە بەش

جووڵە بەش لە چێوە كۆئەندامی دەمارە كۆئەندام، وا لە لەش دەكات كە لەگەڵ هەستە ڕاگەیاندنەكاندا كارلێك بكات، جووڵە بەش لە دوو كۆئەندامی سەربەخۆ پێكدێت، كە ئەوانیش لەشە دەمارە كۆئەندام و خۆییە دەمارە كۆئەندامن.

لەشە دەمارە كۆئەندام

لەشە دەمارە كۆئەندام لە جووڵە بەشی چێوە كۆئەندامی دەماردا، جووڵە دەمارە خانەی تێدایە، كە دەست بەسەر جووڵەی پەیكەرە  ماسولكەدا دەگرن، واتە پەیكەرە ماسولكەكان بەشێوەی خۆویستانە دەجوڵێنن، هەروەها لەشە دەمارە كۆئەندام، دەتوانێـ لە بێ ئاگایشدا كاربكات لە كۆنترۆڵكردن، وەكو یارمەتیدان لە پارێزگاریركردن لە هاوسەنگی ناوەكی.

چێوە دەمارە كۆئەندام، نیشانەكان بە پەرچە كردارەكان دەگەیەنێت، ئەم كردارەش وەڵامدانەوەیەكی جووڵە خۆنەویستی كتوپڕە و بە زۆری بۆ پاراستنی لەشە.

پەرچەكرداری ئەژنۆ

لێدانی سووك لەو ژێیە ماسولكەی دەكەوێتە ژێر كڵاوە، هەستە وەرگرەكان لە ماسوولكەی چوار سەری ڕاندا وریا دەكاتەوە، وەرگرەكان دەمارە ڕاگەیاندن لە ڕێی هەستە دەمارە خانەكانەوە بۆ ماددە خۆڵە مێشییەی دركە پەتك دەنێرن. دەمارە ڕاگەیاندنەكان لە دەمارە كۆتاییەكانی هەستە خانەكانەوە بۆ جووڵە دەمارە خانەكان دەگوازرێتەوە بەرەو ماسولكە وریاكراوەكە، ئەم ماسولكەیەش گرژ دەبێت. هەروەها دەمارە ڕاگەیاندنەكان لە دەمارە كۆتاییەكانی دەمارە خانەكانەوە دەگوازرێنەوە بۆ نێوانە دەمارە خانە وەستێنەرەكان دوایی بۆ جووڵە دەمارە خانەكانی ماسولكە پێچەوانەكە، كە ماسولكەی ناوەوەی ڕانە لە دواوەی ڕاندایە ئەو ماسولكەیە خاو دەبێتەوە. بە گرژبوونی ماسولكەی چوارسەری ڕاندا بە هاوكات لەگەڵ خاوبوونەوەی ماسولكەی ناوەوەی ڕاندا ، دەبێتە هۆی پاڵ پێوەنانی لاق بەرەو پێشەوە. ئەم جۆرە وەڵامدانەوەیەش ناودەبرێت بە دڕكە پەرچە كردار، كە دەمارە خانەكانی لەش پێی هەڵدەستن بەبێ بەشداریكردنی دەماخ.

خۆییە كۆئەندامی دەمار

خۆییە كۆئەندامی دەمار بەشێك لە جووڵە بەشی چێوە دەمارە كۆئەندام پێك دەهێنێت. دەست دەگرێت بەسەر بارودۆخی ئاسایی ناوەوەی لەش ، لە ڕێگەی كۆنترۆڵكردنی كاری لووسە ماسولكەكان لە لوولەكانی خوێن و ئەندامەكان. هەروەها دەست دەگرێت بەسەر جووڵەی هەناسەدان، و لێدانی دڵ و هەرس و دیاردەی دیكەی هاوسەنگی ناوەكی.

خۆییە كۆئەندامی دەمار دەكرێت بە دوو بەش، ئەوانیش بەشی سمپاساوی و بەشی پاراسمپاساویین، ئەم دوو بەشەش كۆئەندامەكانی لەش وریادەكەنەوە یان دەیانوەستێنن، هەر ئەركێكی سۆزی بێت یان جەستەیی، دەتوانێت بەشی سمپاساوی چالاك بكات، بۆ نموونە باری لەناكاوی وەك تووش بوونی پەلامارێك، دەبێتە هۆی ئەوەی كەوا لە بەشی سمپاساوی بكات كە ڕێبازی خوێن بگۆڕێت بەرەو دڵ و پەیكەرە ماسولكەكان دوور لە هەرسە ئەندامەكان ، بەڵام بەشی پاراسمپاساوی دەست دەگرێـت بەسەر دەوروبەری ناوەكی لە بارودۆخی ئاسایدا. دوای لاچوونی ماوەی هەڕەشەكە بەشی پارا سمپاساوی هانی ئەندامەكان دەدات بە گەڕانەوەیان بۆ چالاكی ئاساییان. وروژمی خوێن بۆ دڵ و پەیكەرە ماسولكەكان كەم دەبێتەوە. لە بارودۆخی ئاساییدا هەردوو كۆئەندامەكە بەیەكەوە كاردەكەن.

 


سەرچاوەکان



3562 بینین