زانستی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی

له‌لایه‌ن: - بەڕێز کوردە - به‌روار: 2022-01-11-23:32:00 - کۆدی بابەت: 594
زانستی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی

ناوه‌ڕۆك

زانستی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی چییە؟

زانستی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی (بە ئینگلیزی: Medical Microbiology) یان زانستی میکرۆبەکان لقێکی وردی زانستی زیندەزانییە، لێکۆڵینەوە لە زیندەوەرە وردەکان دەکات کە میکرۆبەکان ناودەبرێن و بە یارمەتی ئامێری مایکرۆسکۆپ نەبێت ناتوانرێت ببینرێن کە وێنەی هەر وردە زیندەوەرێک چەند هەزار جار لە قەبارەی خۆی گەورەتر دەکات. زیندەوەرە وردەکان بەشێوەی تاک خانە هەن و هەشیانە لە کۆمەڵە خانەیەک زیاتر پێکدێن. 

جۆرە جیاوەزەکانی میکرۆبەکان لەلایەن مایکرۆبایۆلۆجیستانی پیشەوەرەوە توێژینەوەیان لەسەر دەکرێ وەکوو:

 هەریەک لەو میکرۆبانە زانست و لقی سەربەخۆی سەر بە زانستی مایکرۆبایۆلۆجین و دەکرێت جیاوازبن لە ڕووی تایبەتمەندی، قەبارە و ئەو نەخۆشیانەی کە پەیوەستن پێیانەوە.

سەڕەڕای ئەوەی کە زۆربەی میکرۆبەکان بە چاو نابینرێن، بەڵام هەشیانە بە چاو دەبینرێت، وەکوو ژمارەیەک لە کەڕووەکان کە لە سەر ڕووی میوە، نان و دیوارەکاندا هەن، یان بەشێک لەو کرمانەی کە لەناو جەستەی مرۆڤ و ئاژەڵەکاندا هەن کە بەشێکن لە زانستی کرمزانی (بە ئینگلیزی: Helminthology). بەشێک لە قەوزەکانیش بە هەمان شێوە دەکرێت بە چاو ببینرێن کە لەسەر ڕووی بەرد و ناو ئاوی ڕووبار و دەریاکاندا گەشە دەکەن. 

میکرۆبەکان بەلایەنی کەمەوە پێکهێنەری نیوەی ژیانی سەر زەوین، لە هەموو شوێنێکی سەر هەسارەکە بوونیان هەیە و گەشە دەکەن، بۆ نموونە دەکرێت لە ناو قوڵایی زەریا و دەریاکان، لە ناوەخنی زەوی، ناو بەرد و تەنانەت لەناو جەستەی مرۆڤیش هەبن. لەگەڵ ئەوەشدا وا خەمڵێنراوە کە تەنیا %١ـی زیندەوەرە وردەکان ناسێنراون و هێشتا ژمارەیەکی زۆرتر هەن کە دەبێت بدۆزرێنەوە.

لە ماوەی ۳.٥ ملیار ساڵی ڕابردوو خانە ناوک سەرەتاییەکان (بە ئینگلیزی: Prokaryotic cells) بە سەرەتاییترین شێوازی ژیان کردن دانراون لەسەر زەوی، وەکوو بەکتریا و ئارکییا تاک خانەکان کە لە ڕووی پێکهاتە و فرمانەوە سادەترن لە خانە ناوک ڕاستەقینەکان (بە ئینگلیزی: Eukaryotic cells) وەکوو کەڕوو و کرمەکان، ئەمە واتای ئەوەیە کە هەر لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە زیندەوەرە وردەکانیش هەبوون و لەگەڵ ئێمەدا ژیاون.

مێژوو

زیندەوەرە وردەکان تەمەن و مێژوویەکی دووریان هەیە بەڵام هەستکردن بە بوونیان لەگەڵ داهێنانی ئامێری مایکرۆسکۆپ دەستی پێ کردووە، هەر لەگەڵ ئەوەشدا بنچینەی زانستی مایکرۆبایۆلۆجی دەستی پێکرد.

لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٦٠٠ـەکاندا، زانای بەناوبانگی ئینگلیز، ڕۆبێرت هووک (Robert Hooke) باوەڕی وابوو کە توانیویەتی ستوونەکانی کەڕوو ببینێت لەنێوان نموونەی ئەو خانانەی کە سەیری دەکردن، لە ساڵانی ١٦٧٠ تا دە ساڵیش دوای ئەوە بازرگانی هۆڵەندی ئەنتۆن ڤان لییون هووک (Anton Van Leeuwenhoek) توانی بەشێوەیکی ورد تێبینی زیندەوەرە وردەکان بکات و ناوی نان بە گیانەوەرە بچووکەکان، ئەنتۆن ڤان توانی جیهانی زیندەوەرە وردەکان بە زانایانی دوای خۆی بناسێنێت و ڕێزی ئەوەشی پێ بەخشرا کە توانی یەکەم کەس بێت باسکردنێکی ڕاست و دروست لەسەر بەکتریا، کەڕوو و خانە ناوک سەرەتاییەکان بکات.

پاش ئەوەی جیهانی زیندەوەرە وردەکان دۆزرایەوە بەپێی تێپەڕبوونی دەیە و سەدەکان زانا لەدوای زانا توانییان ئەم زانستە بە ئاستێکی پێشکەوتوو بگەیەنن. 

پەیوەندیی میکرۆب بە نەخۆشیەکانەوە چییە؟

هەرچەندە میکرۆبەکان دەکرێت پەیوەندییەکی نەرێنییان هەبێت لەگەڵ زیندەوەرانی تری سەر زەوی بەهۆی پەیوەندییەکی چڕیان لەگەڵ نەخۆشییەکان، توشبوون بە هەریەک لە میکرۆبەکان لە زانستی پزیشکیدا پێی دوترێت توشبوونی میکرۆبی (بە ئینگلیزی: Infection) وەک بەکتریا، ڤایرۆس، کەڕوو و مشەخۆرەکان کە لەڕێگەی برین، خواردنی خۆراکی پیسبوو بە میکرۆب، یان هەڵمژینی سپۆڕ (spore) و ژەهرەکانیان  دەکرێت توشمان ببن و چەندین نەخۆشی کوشندە دروست بکەن و تەنانەت دەبنە هۆی مردنیش، بۆ نموونە نەخۆشیی سیل کە هۆکارەکەی بەکتریای تیوبەرکیولۆسسە (بە ئینگلیزی: Tuberculosis) و زۆربەی نەخۆشییەکانی هەوکردنی قوڕگ، چاو، دەم، سییەکان، ئەندامی زاوزێ، مێشک و جگەر و چەندانی تر کە هەموویان هۆکارەکانیان توشبوونە بە میکرۆبە جۆراوجۆرەکان. 

زۆرێک لەو میکرۆبانەی هۆکاری نەخۆشین دەکرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازرێنەوە کە پێییان دەوترێت نەخۆشییە گوازراوەکان یان درم (بە ئینگلیزی: Contagious diseases). هەروەها میکرۆبەکان لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و بە پێچەوانەوەشەوە دەگوازرێنەوە.

بەڵام لەگەل ئەوەشدا پێویستە ئەم ڕاستیە بزانرێت کە ژمارەیەکی زۆرتریان نابنە هۆی نەخۆشی و بەشێکیشیان کە بەشێوەی خۆکردەیی لە جەستەی زیندەوەرانی تردا هەن سوود دەگەیەنن بە خانە خوێیەکە، هەندێکی تریشیان  بە سوودبینین لە پڕۆسە یەک لەدوای یەکەکانی زانستی بایۆتەکنەلۆجی (بە ئینگلیزی: Biotechnology) سوود بە چەندین لایەنی ژیان دەگەیەنن، تەنانەت دەتوانین بڵێین لە سەردەمی ئەمڕۆدا بوونەتە هۆی ئاسان کردنی ژیانی مرۆڤایەتی. 

بۆچی خوێندنی ئەم زانستە گرنگە؟

وردە زیندەوەرەکان کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر جۆری ژیان کردن هەیە بەهۆی ئەوەی لە هەموو شوێنێک هەن، لەناو جەستەی مرۆڤدا دەژین، بۆ نموونە ئەو بەکتریایانەی کە لەناو گەدەی مرۆڤدا هەن یارمەتیی کرداری هەرسکردن دەدەن بە هەمان شێوە چەند جۆرێک لە بەکتریای لاکتۆباسیلەس (بە ئینگلیزی: Lactobacillus)  کە لە کۆئەندامی زاوزێی ئافرەتدا بە شێوەیەکی خۆکردەیی هەین، پارێزگاری لەو ئەندامە دەکەن لە دژی هەر هەوکردنێک و توشبوون بە میکرۆبی تری زیانبەخش، بۆیە بە تێگەیشتن لە شێوازی ژیانکردنی وردە زیندەوەرەکان دەتوانرێت لەگەڵ چەندین زانستی تری وەکو زانستی ئەندازیاری، کیمیا، فیزیا، پزیشکی و... هتد تێکەڵ بکرێن، وەکوو بەکارهێنانی میکرۆبەکان بەتایبەتی بەکتریا لە دروستکردنی چەندین دەرمانی دژەزیندەیی (بە ئینگلیزی: Antibiotic) و چەندین جۆری گرنگی پڕۆتین و ئەنزیم کە دەکرێت ببنە چارەسەری بنبڕ بۆ زۆر نەخۆشی، بەهەمان شێوە دەکرێت لە دروستکردنی خۆراک، سرکە، نان و شەڕاب بەکار بهێنرێن. هەروەها لە چارەسەرکردنی چەندین کێشەی پاکوخاوێنی لە ژینگە و پاککردنەوەی ئاوی مەلەوانگەکان و ژێر زەوی سوودیان لێ ببینرێت. هەریەک لەو سودانە و زیاتریش بەچەندین هەوڵ و تەکنیکی جۆر بە جۆری بایۆتەکنەلۆجی، ئەمڕۆ بەردەستن.


سەرچاوەکان

1012 بینین