پەتا پایزیەکان و هۆکار و چارەسەر

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-13-20:34:00 - کۆدی بابەت: 770
پەتا پایزیەکان و هۆکار و چارەسەر

ناوه‌ڕۆك

پە‌تا پایزیە‌كان و ھۆكار و چارە‌سە‌ر و خۆپاراستن

 لە‌گە‌ڵ دە‌ستپێكردنی یە‌كە‌م ڕۆژی پایز، تۆڕە‌كۆمە‌ڵایە‌تیە‌كان پڕبوون لە‌ گە‌ڵای زە‌ردی پاییز و ئە‌و شیعرانە‌ی بۆ ئە‌و وە‌رزە‌ گوتراون، بە‌ڵام بۆ ھە‌ندێك كە‌س پاییز دە‌بێتە‌ سە‌رە‌تای ھاتنی چە‌ندین نە‌خۆشی، وادیارە‌ پاییز وە‌رزی دڵخوازی ڤایرۆسە‌كانیشە‌!
دكتۆر برێت جۆنسن، پسپۆڕی پزیشكیی خێزانی لە‌ نێوە‌ندی پزیشكیی داڵاس لە‌ ئە‌مریكاوە‌، بە‌ ماڵپە‌ری (weather)ـی گووتوە‌ پاییز و زستان لوتكە‌ی بە‌ربڵاوی ھە‌ندێك نە‌خۆشی ڤایرۆسین، بە‌تایبە‌تی ئە‌نفلۆنزا، كە‌ بە‌ ئاسانی لە‌نێوان خە‌ڵكدا دە‌گوازرێتە‌وە‌، بە‌تایبە‌تییش بۆ بە‌ساڵاچوون، منداڵان و ئە‌وانە‌ی بە‌رگریی جە‌ستە‌یان لاوازە‌، ماترسیدارن.
زۆربوونی نە‌خۆشیە‌كان بە‌ گشتی و نە‌خۆشییە‌ ڤایرۆسییە‌كان لە‌ پاییزدا ھە‌ندێكی پە‌یوە‌ندی بە‌ جە‌ستە‌ و ھە‌ندێكی دیكە‌شیان پە‌یوە‌ندییان بە‌ ژینگە‌و دە‌روبە‌رە‌وە‌ ھە‌یە‌.
گرنگترین ئە‌و نە‌خۆشییانە‌ی پاییزان زۆرتر بڵاو دە‌بنە‌وە‌، نە‌خۆشییە‌ ڤایرۆسییە‌ گواستراوە‌كانی وە‌ك ھە‌ڵامە‌ت و ئە‌نفلۆ‌نزان.
لە‌ پاییزدا كە‌ پلە‌ی گە‌رمی بە‌شێوە‌یە‌كی بە‌رچاو دادە‌بە‌زێت، جە‌ستە‌ بە‌ ئاسانی ڕانایە‌تە‌‌وە‌ لە‌گە‌ڵ ئە‌و پلە‌ گە‌رمییە‌ نوێیە‌دا و وا بڕوادە‌كرێ كۆئە‌ندامی بە‌رگری جە‌ستە‌ بۆ ماوە‌یە‌ك كە‌مێك لاواز بێت. ھە‌روە‌ك پلە‌ی گە‌رمای فێنك و سارد ژینگە‌ی نمونە‌یین بۆ گە‌شە‌ی ڤایرۆسە‌كان، ڕە‌شە‌بای پاییزیش وایان لێدە‌كات خێراتر لە‌ وە‌رزە‌كانی دیكە‌ لە‌نێو خە‌ڵكدا بڵاو ببنە‌وە‌. ھە‌موو ئە‌و ھۆكارانە‌ لە‌ پشت ئە‌وە‌وە‌ن كە‌ پاییزان ژمارە‌یە‌كی زۆرترحاڵە‌تی قورگئێشە‌ و پە‌تای جیاواز ببینین. واتە‌ سە‌رما ڕاستە‌وخۆ پە‌تا دروست ناكات، بە‌ڵكو ناڕاستە‌وخۆ یارمە‌تی تە‌شە‌نە‌كردنی دە‌دات.
جگە‌ لە‌ پە‌تا گواستراوە‌كان، حاڵە‌تە‌كانی ھە‌ستە‌وە‌ری (حەساسیە‌ت)یش پاییزان زۆر دە‌بن. بڵاوبوونە‌وە‌ی تە‌پوتۆز، گە‌ڵا و دە‌نكە‌ ھە‌ڵاڵە‌ی گەوڵ و ڕووە‌كە‌كان لە‌ نێو ھە‌وادا، بە‌ھۆی ڕە‌شە‌بای پاییزە‌وە‌ و دواتر ھە‌ڵمژینی ھە‌واكە‌ لە‌لایە‌ن ئە‌وانە‌ی ھە‌ستە‌وە‌رن، ھۆكارێكە‌ بۆ بە‌ربڵاوی جۆرە‌جیاوازە‌كانی ھە‌ستە‌وە‌ری لە‌ پاییزدا. وە‌كو لووتگیران، سووربوونە‌وە‌ی چاو، ئاو لە‌ لووت ھاتن، سووتانە‌وە‌ و توندبوونی قورگ، كۆكە‌ و ھە‌ناسە‌توندی ھە‌روە‌ھا حاڵە‌تی بە‌دھە‌رسی و سكچونیش لە‌ پایز و زستانان بە‌رە‌و زیادی دە‌چن. لوتكە‌ی بە‌‌ربڵاوی 
 ڤایرۆسی نۆرۆ بریتیە‌ لە‌ كە‌شوھە‌وای فێنك و ساردی پایز  و زستان. ڤایرۆسە‌كە‌ دە‌بێتە‌ ھۆی بە‌دھە‌رسی و سكچوون.
منداڵان قوربانیی ھە‌رە‌ دیاری گۆڕانی وە‌رزە‌كانی ساڵن. سە‌نتە‌ری كۆنترۆڵكردن و پشتگیری لە‌ نە‌خۆشیە‌كانی CDC  لە‌ ئە‌مریكا دە‌ڵێت منداڵان  ٢-٣ ئە‌وە‌ندە‌ی گە‌ورە‌كان توشی پە‌تاكانی كۆئە‌ندامی ھە‌ناسە‌ دە‌بن و ھە‌ر منداڵێك دوور نییە‌ ساڵانە‌ ٨-٩  جار پە‌تا بگرێت، ئە‌وە‌ش بە‌ھۆی پێنە‌گە‌شتووی و لاوازی كۆئە‌ندامی بە‌رگریانە‌وە‌.
وە‌ك پزیشكە‌كان تێبینیان كردووە‌، ئە‌وانە‌ی رۆماتیزم و نە‌خۆشیی جومگە‌كانیان ھە‌یە‌ لە‌ وە‌رزی سە‌رمادا زۆرتر پە‌رێشان دە‌بن، ھە‌وای سارد و شێدار ئازاری جومگە‌كان خراپتر دە‌كات.
پزیشكێكی ھە‌ناویش دە‌ڵێت رۆیشتن بە‌رە‌و وە‌رزە‌ سارد و فێنكە‌كان ھە‌واڵێكی ناخۆشە‌ بۆ تە‌‌ندروستی دڵی ئە‌وانە‌ی توشی ھە‌ندێك نە‌خۆشی دڵ بوون، ئە‌وانە‌ی نە‌خۆشی بۆریە‌كانی خوێنی دڵیان ھە‌یە‌ یان دڵیان سستە‌، لە‌ وە‌رزە‌ سارد و فێنكە‌كاندا زۆرتر توشی ئالۆزبوونی حاڵە‌تە‌كانیان دە‌بنە‌وە‌ كە‌ شێوە‌ی سنگئێشە‌و ھە‌ندێك جار ھە‌ناسە‌تووندی.


پە‌تا پاییزە‌كان دە‌رمانیان نییە‌

ھە‌رچە‌ندە‌ ڤایرۆسە‌كان ھێندە‌ بچووك و سە‌رە‌تاین، تا ئێستا زاناكان ئاماددە‌ نین بە‌ تە‌نی «زیندوو» ناویان ببە‌ن و دە‌ڵێن ئە‌وانە‌ تە‌نانە‌ت پێكھاتە‌ی یە‌ك خانە‌شیان تێدا نییە‌، كە‌چی تائێستا دە‌رمانێك نییە‌ ڤایرۆسە‌ تووشكە‌رە‌كانی كۆئە‌ندامی ھە‌ناسە‌ قە‌ڵاچۆ بكات. ئە‌وە‌ لە‌ كاتێكدا جە‌ستە‌ی ھە‌ریە‌كە‌ لە‌ ئێمە‌ لە‌ نزیكە‌ی ٣٧ ترلیۆن خانە‌ پێكھاتوە‌.
زۆربە‌ی ئە‌و پە‌تایانە‌ی پایز و زستان بڵاودە‌بنە‌وە‌ ڤایرۆسین، كاتێكیش كە‌سە‌كە‌ توشی دە‌بێت، دە‌رمانێكی تایبە‌ت نییە‌ كە‌ ڤایرۆسە‌كان لە‌نێوببات، بە‌ڵكو ڤایرۆسە‌كە‌ دە‌بێت ھە‌ر سوڕە‌كە‌ی خۆی تە‌واو بكات، ئە‌وە‌ش بە‌ پێچە‌وانە‌ی نە‌خۆشیە‌ بە‌كترییایە‌كانە‌وە‌ كە‌ بە‌ دە‌رمانی دژە‌زیندە‌ لە‌ناودە‌چن.
وە‌ك پزیشكە‌كان باسیدە‌كە‌ن، كاتێك كە‌سێك تووشی ئە‌و ڤایرۆسییانە‌ دە‌بێت تاوە‌كو وای لێنە‌یە‌ت بە‌شێوە‌یە‌كی بە‌رچاو لە‌ ڕۆتینە‌كانی ژیانی ڕۆژانە‌ی وە‌ك خە‌و و خۆراك و ھە‌ڵسوڕاندنی ئە‌ركە‌كانی ڕۆژانە‌ی بكات، چارە‌سە‌رێكی ئە‌وتۆی ناوێت.


كە‌پسولی دژە‌ھە‌وكردن 

ئە‌وانە‌ی تووشی پە‌تا ڤایرۆسییە‌ گوستراوە‌كان دە‌بن، دە‌توانن لە‌ ماڵە‌وە‌ ھە‌ندێك ڕێوشوێنی سادە‌ی نادە‌رمانی وە‌ربگرن بۆ كە‌مكردنە‌وە‌ی سە‌ختییە‌كانی نە‌خۆشیە‌كە‌، لە‌وانە‌: پشودان، نوستنی پێویست، زۆر خواردنە‌وە‌ی شلە‌مە‌نیە‌كان، میوە‌كان، خۆ فێنككردنە‌وە‌ ئە‌گە‌ر پلە‌ی گە‌رمی لە‌ش بە‌رزبوو، دەر‌مانی دابە‌زێنە‌ری پلە‌ی گە‌رمی بە‌گشتی بە‌سن بۆ چارە‌سە‌ری پە‌تا ڤایرۆسییە‌كانی وە‌ك: ھە‌ڵامە‌ت و ئە‌نفلۆزا، كە‌ نمونە‌ی پاراستۆڵ پرۆفین و نابێ  بە‌ ھیچ جۆرێك بە‌بێ ئاگاداری پزیشك دە‌رمانی دژە‌زیندە‌ بە‌كاربھێندرێ. چارە‌سە‌ری نا زانستانە‌ بۆ ئە‌و پە‌تا ڤایرۆسانە‌ بە‌كارھێنانی ئە‌نتی بایۆتیكە‌، چونكە‌ لە‌ زۆربە‌ی حاڵە‌تە‌كاندا ھۆكارە‌كە‌ ڤایرۆسە‌، لە‌ كاتێكدا ئە‌نتی بایۆتیك  دژە‌ بە‌كتریایە‌، دە‌رمانە‌ دژە‌ زیندە‌كان، جگە‌ لە‌وە‌ی پە‌تا ڤایرۆسیە‌كان چاكناكاتە‌وە‌، كۆئە‌ندامی بە‌رگریی جە‌ستە‌ش لاوازدە‌كە‌ن لە‌ڕێگە‌ی لە‌نێوبردنی بە‌كتریا سوود بە‌خشە‌كانی جە‌ستە‌، نە‌مانی بە‌كتریا سوودبە‌خشە‌كانی جە‌ستە‌ش، ئە‌گە‌ری تووشبوون بە‌ پە‌تاكان لە‌ ئایندە‌دا زیاتر دە‌كات.
ھاوڵاتیان لە‌ سروشتی كاركردنی دە‌‌رمانە‌ دژە‌ زیندە‌یە‌كانیش تێناگە‌ن «دە‌رمانی دژە‌ زیندە‌ بە‌ گشتی دە‌وروبە‌ری ٢-٣ ڕۆژیان دە‌وێ تاوە‌كو كاریگە‌ری تە‌واویان دە‌ربكە‌وێ و لە‌ جە‌نگی دژە‌ بە‌‌كتریادا سە‌ربكە‌ون، كە‌چی ھە‌ندێك كە‌س لە‌دوای یە‌كە‌م ژە‌م بە‌ دە‌‌رمانە‌كە‌ چاك نە‌بوەوە‌، دە‌چنە‌ لای پزیشكێكی دیكە‌».


بۆچی لە‌ پایزدا نە‌خۆشی زۆر دە‌بێ

  -لە‌ وە‌رزی سارد و فێنكە‌كە‌دا خە‌ڵكی زۆرتر لە‌نێو ماڵ یان شوێنە‌ داخراوە‌كانی دیكە‌ دە‌مێننە‌وە‌، بۆیە‌ تووشبوونی كە‌سێك بە‌ ڤایرۆسێك واتە‌ توشبوونی بە‌شێكی بە‌رچاو لە‌و كە‌سانە‌شە‌ كە‌ لە‌گە‌ڵ ئە‌و لە‌ شوێنە‌ داخراوە‌كان دە‌ژین.
  -نێو لووت و بۆڕییە‌كانی ھە‌ناسە‌ی مرۆڤ، شلە‌یە‌كی لینجیان تێدایە‌، كە‌ میكرۆبە‌ نە‌خۆشخە‌رە‌كان بە‌ ئاراستە‌ی دە‌رە‌وە‌ ڕادە‌ماڵێت، بە‌ڵام ھە‌وا ساردو وشكە‌كە‌ی پایز و زستان ئە‌و شلە‌یە‌ كە‌مدە‌بێتە‌وە‌، بۆیە‌ میكرۆبە‌كان توانای مانە‌وە‌یان لە‌سە‌ر جستە‌ زۆرتر دە‌بێت، ماوە‌یە‌كی زۆرتریان لە‌بە‌ردە‌ستدە‌بێ بۆ زاڵبوون بە‌سە‌ر كۆئە‌ندامی بە‌رگریی كە‌سە‌كە‌ و نە‌خۆشخستنی.
  -كە‌شی سارد و وشك دوخی دڵخوازی ئە‌و میكرۆبانە‌یە‌ كە‌ دە‌بنە‌ ھۆی پە‌تاكانی كۆئە‌ندامی ھە‌ناسە‌، تاوە‌كو زۆرتریش لە‌ ھە‌وا و لە‌سە‌ر تە‌نە‌كانی دە‌وروبە‌رمان بمێننە‌وە‌، ئە‌گە‌ر زۆرترە‌ توشی نە‌خۆشیمان بكە‌ن.


سەرچاوەکان



1764 بینین