شاخەکانی ژێر دەریا

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-14-23:10:00 - کۆدی بابەت: 691
شاخەکانی ژێر دەریا

ناوه‌ڕۆك

شاخەکانی ژێر دەریا

شاخەکان هەموو بەرزاییەکانی سەر ڕووی زەوی دەگرێتەوە، شاخی وا هەیە ئەوەندە بەرزە تەنانەت لە وەرزی هاوینیشدا بەفر بەسەر لوتکەکەیەوە دەمێنێتەوە، ئەو شاخەی کە بەتەنها لەسەر زەوییەکی تەخت هەڵکەوتووە، دیمەنێکی سروشتی جوان و دڵڕفێنی هەیە، شاخی (فۆجی یاما) جێی شانازی ژاپۆنییەکانە، چونکە شاخێکە لەو جۆرەی سەرەوە.
زۆرجار شاخەکان بە کۆمەڵ وەکو زنجیرە پێکەوەن، لەگەڵ ئەوەشدا دیمەنی زۆر جوانیان هەیه، وەکو شاخەکانی (ئەندرۆنداکس) یان (کاتسکیڵز) لە نیویۆرک، زنجیرە شاخە درێژەکانی وەک شاخەکانی (سمۆکی مەزن) لە باکووری ویلایەتی کارۆلینا، یان وەک شاخەکانی (سیێڕا) لە ویلایەتی کالیفۆرنیا و درێژترین زنجیرە شاخێکی کیشوەری وەک شاخەکانی (ئەندیز).
زنجیرە شاخەکانی (ئەندیز) لە کەنارەکانی دەریایی کاریبی وە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە ( سەری هۆرن) لە کۆتایی باشووری ئەمەریکای باشوور، لە ڕاستیدا زنجیرە شاخەکانی (ئەندیز) درێژترین زنجیرە شاخ نییە لە جیهاندا، بگرە درێژترین زنجیرە شاخ بەتەواوەتی کەوتۆتە ژێر ئاوی دەریاوە و پێی دەڵێن: (بەربەستکاری ئەتڵەسی ناوەڕاست)، ئەم زنجیرەیە لە شێوەی پیتی (S)ی لاتینییە، لە باکوورەوە دەست پێ دەکات بەرەو باشووری گۆی زەوی، وەکو ئایسلەندا، بەڵام دوورە لە کیشوەری جەمسەری باشوورەوە، (سبەربەستکاری ئەتڵەسی ناوەڕات) لایەکی دەکەوێتە نێوان ئەوروپا و ئەفریقا و لاکەی دیکەی دەکەوێتە نێوان ئەمەریکای باکوور و ئەمریکای باشوور، درێژی ئەم زنجیرەیە (١٦٫٠٠٠) کیلۆمەتر زیاترە.

زنجیرە چیایەکی مەزنی وەک (بەربەستکاری ئەتڵەسی ناوەڕاست) هەر چەندە یەک کیلۆ مەتر و نیوەی بۆ سێ کیلۆ مەتری لەسەر ڕووی زەریاوەیە، بەڵام زۆرترین لوتکەکانی لەبنی زەریایە کە درێژییەکەی دەگاتە (٨٠٠) بۆ (١٦٠٠) مەتر لەژێر ئاودا، ئەم شاخانە شاخی ڕاستەقینەن ڕووبەڕووی دیاردەی وەک خورمانەوە دەبن، هەروەها زۆر لێژو زۆریش بەرزن وەکو شاخەکانی ژێر زەوی، لە هەندێک شوێنی کەمدا ئەم زنجیرە بەرزانە لە سەرووی شەپۆلەکان دەردەکەوێت، بەرزترین شوێنەکانیشی دوورگەی (بیکۆ)یە لە دوورگەکانی ئازۆرە، کەسەر بەوڵاتی پرتوگالە، بەرزترین لوتکەی دەگاتە زیاتر لە ٢١٠٠ مەتر لەسەر ڕووی زەوی، هەروەها بەرزترین لوتکە لەبن دەریادا دەگاتە زیاتر لە ٨ کیلۆ مەتر، ئەم لوتکە دوورە دەست و تەنهایەو دەکەوێتە زەریای ئەتڵەسییەوە، بەرزییەکەی بە ڕادەیەکە کەم شاخ هەیە لە ئاستیدا لەم بەرزتر بێت.
بەردەکانی (سانت پۆڵ) کە دەکەونە نێوان بەڕازیل و ئەفریقا و جێی سەرسوڕمانن، چونکە لەکاتێکدا کە زۆر زۆر بەرزبوون وا نەمان، ئەمەش بەهۆی خورمانەوەی زۆر لەژێر دەریادا کە کاریکردە سەر بەرزاییەکەی لەسەر ڕووی زەوی، سەرسوڕمانیش لەوەدایە کەس نازانێت ئەو گۆڕانکاریانە کەی و چۆن ڕوویان داوە!
لە باشوورەوە دوور لە بەردانە، بەردی (دوورگەی) تر هەیە لە زنجیرەی (بەربەستکاری ئەتڵەسی ناوەڕاست)، ئەم دوورگانە بەهۆی ئەوەی کە زۆر جار ئاوی جەمسەر کە بەستەڵەکاوییە دایدەپۆشێت، کەس سەردانی ناکات، جگە لە ڕاوچیانەی دەریا کە بەدوای نەهەنگدا دەگەڕێن، گیانەوەرانی ئەم شوێنە بریتین لە (دڕندەی دەریا و مەلی دەریا).
ئەم بەربەستکارە (بەربەستکاری ئەتڵەسی ناوەڕاست) پێش سەد ساڵ لەلایەن زاناکانەوە دۆزراوەتەوە، زاناکان بەهۆی گەڕانیان لەژێر دەریا سنووریی ئەم بەربەستکارەیان دەست نیشان کرد، چەندان کەشتی لێکۆڵینەوەش زانیاری زۆریان کۆکردۆتەوەو توانیویانە ڕێژەی خورمانەوەی هەندێک لەو شاخانە بزانن و هەندێک خۆڵ و بەردیان بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوەو پشکنین لێ دەرهێناوە، لەگەڵ ئەمانەشدا زانیاریەکانمان زۆر کەمن لەبارەی یەکێک لە درێژترین زنجیرە شاخەکانی جیهان.
وەکو ئاماژەمان پێدا (بەربەستکاری ئەتڵەسی ناوەڕاست) دیاردەیەکی زۆر ناوازەو قەشەنگە، بەڵام لوتکە شاخی تر هەن بەرز و جوانن، لەوانە: گڕکانی (موناکای مەزن) لە دوورگەی (هاواری) کە بەرزاییەکەی دەگاتە ٤٢٠٠ مەتر لەسەر دەریاوە، بەڵام بەرزییەکەی لە بنی زەریای ئارامدا دەکاتە ٤٨٠٠ مەتر، کەواتە بەرزی تەواوی دەگاتە ٩١٥٠ مەتر، واتە بەرزترە لە لوتکەی ئیفرست.
دیاردەیەکی تری سەیری ژێر زەریا ئەو گڕکانانەیە کە ناکەونە سەر ئاو، وەکو ئەو گڕکانەی کەناری ویلایەتی کالیفۆرنیا، درێژی و قووڵی دەمەکەی پێوراوە، بەڵام تا ئێستا کەس نەیبینووە، چونکە لووتکەکەی لە ژێر ئاودایە و دووریکەی یەک کیلۆمەترە، لەکاتی تەقینەوەی ئەم گڕکانەداو وەشاندنی گڕ  ئاوی ئەو ناوچەیە دەکوڵێت و بەرزی پلەی گەرمی دەبێتە هۆی بەهەڵم بوونی ئاوی ناوچەکە، بەڵام ئەم هەڵمە بە شێوەیەکی چڕ و زۆر لەسەر ڕووی ئاوی ناوچەکە دەمێنێتەوە.
لە ژێر ئاودا جۆری تری شاخ هەن کە بەرزاییەکی تەختیان هەیە، وەکو بەرزاییەکانی مەکسیکی تازەو شاخی تیبڵ لە باشووری ئەفریقا، ئەمانە لاکەژەکانی زۆر لێژەو توشن جار بەجاریش دەخورمێنەوە، بۆیە گومانی ئەوە دەکرێت کە مێژووی دروستبوونیان زۆر کۆن بن، کۆنتر لە شاخەکانی ئێستای سەر ڕووی زەوی.
چەندان لوتکەی شاخی تر هەن لەسەر ڕووی زەوی کە بەهۆی هەورە بروسکەی بەردەوامەوە تووشی نەمان و لەناوچوون بوون، لەوانە (چیای سەوز) لە ڤیرمۆنت لە ئەمەریکا، هەروەها زنجیرە شاخەکانی (ئەلب)ی سویسری تەنها ڕەگ و ڕیشەی شاخی لە خۆیان کۆنترن.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لەژێر دەریادا نەهەورە ترشقە هەیە نەبارانی زۆر تا شاخەکان تووشی ڕاماڵین و داخورمان بکات و دۆڵەکانیش پڕ بکات، بۆیە زۆرێک بڕوایان وایە کە کۆنترین شاخەکانی جیهان ئەو لوتکە سەیرو ناوازانەن کە تەختن و تاکو ئەمڕۆیش کەس بەسەریدا سەرنەکەوتووە، چونکە لەژێر دەریایە.


سەرچاوەکان



1126 بینین