چۆن ئاوی دەریا سوێر بوو؟

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-17-19:09:00 - کۆدی بابەت: 744
چۆن ئاوی دەریا سوێر بوو؟

ناوه‌ڕۆك

چۆن ئاوی دەریا سوێر بوو؟

ئەگەر چووبێتە کەناری دەریا و دەستەکانت شووشت کەمێک ئاوا بە دەمتدا دا، یەکسەر هەست دەکەیت ئەو ئاوە سوێرە، هەروەها ئەگەر تۆزێک لەو ئاوە چووە چاوەکانت وە ئەوا یەکسەر هەڵدەقرچێت و سوور دەبێتەوە، ئەمانەش بەهۆی سوێری ئاوی دەریاوە ڕوو دەدەن.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە تا چ ڕادەیەک ئاوی دەریا سوێرە؟ لە ڕاستیدا ئەو بڕە خوێیەی کە لە دەریادا هەیە بەشی ئەوە دەکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داپۆشێت بە چیای (ڕۆک)یشەوە، بە دیوێکی تردا دەتوانین بڵێین کە لە دەریادا ئەوەندە خوێ هەیە، ئەگەر بێت و کۆ بکرێتەوە کیشوەرێکی لە دروست دەکرێت کە لە کیشوەری ئەفریقا گەورەتر بێت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە ڕێژەی خوێ لەناو دەریادا لە هەموو شوێنێک وەک یەک نییە، تەنانەت لەناو ئاوی یەک شوێنیشدا ڕێژەی خوێ لەسەر ڕووی ئاوەکە جیاوازە لەگەڵ ڕێژەی لە بنی ئاوەکە، هەروەها لە جەمسەرێکەوە بۆ جەمسەرەکەی تر ڕێژەکە جیاوازە.
ناوەندی سوێری ئاو لە هەموو ١٠٠ یەکەی ئاو دا دەگاتە سێ یەکە و نیو، زەریای ئەتڵەسی لە باشوور و باکووری هێڵی کەمەری زەوییەوە سوێر ترە لە هەموو زەریاکانی تر، لەهەمان کات جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان دەریایەک بۆ ئەوی تر، بۆ نموونە: دەریای سوور کە دەکەوێتە نێوان بیابانە گەرمەکانی دوورگەی عەرەبی و کیشوەری ئەفریقا لە هەموو دەریاکانی تر سوێر ترە، بەڵام دەریای بەڵتیک، لە باکووری ئەورووپا، کەمترین ڕێژەی سوێری تێدایە، تەنانەت دەرکەوتووە کە سوێری دەریای سوور شەش ئەوەندەی دەریای بەڵتیکە.
لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە خوێی دەریا، بەشێکی کەمی نەبێت زیندەوەرەکان سوودی لێ وەرناگرن، ژیان لە دەریادا تەنها پێویستی بەو بڕە کەمە هەیە، بۆیە نەوە لە دوای نەوە ئەو خوێیەی ناو ئاوەکە کۆ دەبێتەوە کە لە وشکانییەوە وەریدەگرێت و پاشان بڕێکی کەمی ڕێگەی خوێ بەرەو وشکایی دەدۆزێتەوە، ئەو پرشە ئاوەی کە شەپۆلەکان بەرەو کەنار پاڵیان پێوە دەنێن، هەوا دانە خوێکانی بۆ شوێنی دوورتر دەبات، ئەو ڕووەک و دارانەی کە لەگەڵ خوێدا ناگونجێن، لە کەناری دەریاکان ناڕوێن، لەگەڵ ئەمەشدا هەندێکی تر هەیە لەگەڵ خوێدا دەگونجێن، لەوانە (داری هلیۆن) و چەندان جۆری تری گوڵە کێوی، زۆرێک لە دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی دوور پێیانوایە کە داری (قورنفل) هەتا دەنگی پێکدادانی شەپۆلەکان لەگەڵ کەناری دەریادا نەبیستێت، باش گەشە ناکات.
لە هەندێک شوێندا با هاوکارە لە گواستنەوەی خوێ بۆ شوێنی دوور لە کەناری دەریا، بۆ نموونە: لە هیندستان دەریاچەیەک هەیە بەناوی (سمبەهار) ئەم دەریاچە ٦٥٠ کیلۆمەتر دوورە لە زەریاوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ساڵێک با دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی زیاتر لە ٣٠٠٠ تەن لە خوێ لەسەر ڕووی ئاوی ئەو دەریاچەیە، لە ئوسترالیا بنی چەند دەریاچەیەکی وشکبوو هەیە کە ساڵانە بەهۆی هۆکاری باوە بە خوێ بوون تیایدا ڕوو دەدات، خێرایی ئەو کردارە زۆرترە لە خێرایی ماوەی دەرکردنی خوێ لەو دەریاچانە.
لە یۆتا، کە دەکەوێتە ئەمەریکاوە دەریاچەیەکی ناوخۆیی هەیە، کە بە دەریاچە سوێرە مەزنەکە بە ناوبانگە، ڕووبەری گشتی ئەم دەریاچەیە دەگاتە ٣٠٠٠ کیلۆمەتر، سوێری ئاوەکەی شەش ئەوەندەی سوێری ئاوی زەریایە، هەموو ساڵێکیش نزیکەی ٤٠,٠٠٠ تەن خوێی لێ دەردەهێنرێت .
سێ لەسەر چواری ئەو ماددە کانزاییانەی کە لە ئاوی دەریادا هەیە، ئەو خوێیەیە کە ڕۆژانە لە ماڵدا بۆ چێشتلێنان بەکار دەهێنرێت، هەروەها زۆرێک لە ماددانەی کە بەشدارن لە دروستکردنی خوێ لە ئاوی دەریادا هەیە لەوانە ئاسن، مس، ئاڵتون، لە ڕاستیدا ئەو ئاڵتونەی کە لەەریادا هەیە ئەوەندەیە کە دەتوانێت هەموو کەسێک بکاتە ملیۆنەر، هەندێک کەس توانیان بڕێکی کەمی ئاڵتون لە ڕێگەی ئاوی دەریاوە دەست بکەوێت، ئەم کارە پێویستی بەوە هەیە بڕێکی زۆری ئاو چارەسەر بکرێت، کەمی بڕی بەدەست هاتوو گرانی تێچوونی ئەو کارەش وایکردووە ئەم کارە دوا بخرێت تا بڕی تێچوونی بەرهەمهێنانی ئاڵتوون لە ڕێگەی دۆزینەوەی ڕێگای نوێ بۆ چارەسەکردنی ئاو کەم دەکرێتەوە.
سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا چۆن ئەو هەموو خوێیەی گەیشتووەتە دەریا، ئەوا زانایان تا ئێستا بە دوای وەڵامی گونجاوی ئەو پرسیارە دەگەڕێن، دەبێت ئەوەش بزانین کەوا ئەو هەورەی لە ئاسماندا دروست دەبێت، ئاوی ساف و خوێی تێدا نییە، بە پێی بڕوای زاناکان، ئەگەر زەریاکان بریتیبن لەو هەورانەی کە لە سەردەمانی کۆندا بە دەوری زەوییەوە بوون، ئەوا ئەو هەورانە ئاوی ساف بوونە، دوای ئەوەی ئەم هەورانە بوونەتە باران بڕێکی زۆری ماددە کانزاییەکانیان توانۆتەوە، بە تێپەڕبوونی کاتیش ڕووبارەکان بەردوام ئەو ماددانەیان لە ناوچە بەرزەکانی وشکایی هەڵگرتووەو بەرەو دەریا بردوویانە.
گروپێکی تری زانایان بڕوایان وایە کە دەریاکان لەسەرخۆ پڕبوونەتەوە، بەو ئاوەی کە لە بەردەکانی قوڵایی زەوییەوە هاتوون، تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش شێوەی لەم ئاوەمان هەیە، ئەم ئاوە ماددە کانزاییەکانی تێدایە، تەنانەت ئەگەر سەرنجی ئەو بیرانە بدەین کە ئەمڕۆ دەگەنە قوڵاییەکی زۆر، تێبینی ئەوە دەکەین کە ئاوەکەی ماددەی کانزایی زۆری تێدایە و هەندێک جار بە جۆرێک سوێرە کە بە کەڵکی خواردنەوە نایەت.
ئێمە نازانین ئەو بڕە خوێیە چەند بووە کە لەناو بەردەکانی قوڵایی زەوی تواونەتەوە، یان ئەو بڕە چەندە کە لە ڕێگەی ڕووبارەکانەوە هاتوون، یان لە ڕێگەی ئەو هەڵمەی کە لە کانییە گەرم و گڕکانییەکانەوە چوونەتە ئاسمان، تەنها ئەوە نەبێت کە خوێی دەریا، یەکێکە لەو شتە سەیرانەی دونیا، بەشێکی بچووکیشە لە شتە سەیرەکانی تری دونیاو تێگەیشتن لەم بارەیەوە زۆر ئاڵۆزە.


سەرچاوەکان



3171 بینین