ئیبن نەفیس

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-02-21:47:00 - کۆدی بابەت: 1043
ئیبن نەفیس

ناوه‌ڕۆك

ئیبن نەفیس ١٢١٠-١٢٩٧

نێوی عەلائەددین ئەبوولحەسەنی عەلی کوڕی حەبوو حەزمی قوڕەیشی دیمەشقییە، بە ئیبن نەفیس ناسراوە.
هەم پزیشکێکی کارامە بووە، هەمیش مامۆستایەکی لێوەشاوەی زانستی (فیقە الأصول) و زانستی فەرموودە و لۆژیک و زمانی عەرەبی بووە. ئیبن نەفیس سەرەتا زانستەکانی زمان و فیقهـ و فەرموودەی لە شاری حیمسی سووریا خوێندوون، پاشان بۆ خوێندنی زیاتر ڕوو لە دیمەشق دەکات و لای پزیشکی نێوداری چآو، (موزەهەب عەبدولڕەحیم) کە بە (دخوار) نێوبراوە، زانستیی نوژداریی دەخوێنێت. ئەوسا (دخوار) گەورەی نوژدارانی (بیمارستانی نەوەوی) بووە. ئیبن نەفیس بەو زانستانەی لە بیمارستان لای مامۆستاگەورەکان دەخوێنێت، دڵی ئاو ناخواتەوە، دەست بە خوێندنەوە كتێبەكانی ئیبن سینا، ئەبقرات، گالینۆس،.. دەکات. هێندێک لە توێژەران ئێژن: ئەو کتێبی قانوونی پزیشکیی ئیبن سینای، هەموو لەبەر بووە.
ئیبن سینا بەدەر لەمانەیش گرنگیی بە بواری فەلسەفە و لۆژیک و زانستی ڕوونبێژی و ڕوانبێژیی داوە. لە زانستەکانی شەریعەت قووڵ بووەتەوە، لە تەک کار و هاوەڵەکانی لە زانستی نوژداریدا. لە قوتابخانەی مسروریە بووەتە مامۆستای فیقهی لە مەزهەبی شافیعی.
ئیبن نەفیس عارفێکی خواناس و لێبڕاوی بوارەکانی زانست بووە. یەک لە هەرە پزیشکە گەورەکانی ئیسلام بووە. کە چەندان داهێنانی مەزنی کردووە. زانستی نوژداریی و شارستانیەتی ئیسلامی شانازی بەم کەڵە زانایەوە دەکەن.

دەسکەوتە زانستییەکنی

لە گرنترین ئەو داهێنانی ئیبن نەفیس وەدی هێناوە، دۆزینەوەی سووڕی خوێنی بچووکە، یەک لە توێژەرەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەی بە ڕێکەوت ئەم داهێنانەی ئیبن نەفیسی بەرچآو کەوت، لە دەستنووسێکی کۆنی ئیبن نەفیس باسی سووڕی خوێن دەکات، دوای تاووتوێکردن، توێژەرەکە بۆی دەردەکەوێت ئیبن نەفیس یەکەم کەس بووە باسی ئەوەی کردووە.
ئیبن نەفەس جەختی لەوە کردووەتەوە کە خوێن لە دڵەوە بۆ سییەکان دەگوازرێتەوە، ئەمەیش بۆ ئەوەی سییەکان تێر هەوا بن، نەک خۆراک وەربگرن. هەروەها ئەو پێداگیریی لەسەر ئەوە کردووە کە خوێنبەرەکانی سییەکان تەنیا خوێنیان تێدایە، نەک ئۆکسجین، هەروەک گالینیۆس پێشتر بەهەڵە تێی گەیشتووە.
ئیبن نەفیس کۆمەڵیک کتێبی زانستیی لە بوارە جیاجیاکان نووسیون، لە نێو کتێبەکانی زانستی پزیشکی، پشکی شێریان بەرکەوتووە. ئەمانەی خوارەوە ناوی بەشێک لە کتێبەکانی ئیبن نەفیسن.
شرح تشریح القانون، شرح فصول ابقراط، لمذهب فی الکحل، موجز القانون او الموجز فی الطب، شرح تشریح جالینوس، شرح کتاب الأوبئە لأبقراط، شرح مسائل حنین بن اسحاق، تفسیر العلل و اسباب الأمراص، شرح الهدایە فی الطب، طریق الفصاحە، موسوعە الشامل فی الطب.
ئیبن نەفیس نیازی دانانی ئینسکلۆپیدیایەکی گەورەی زانستی پزیشکیی هەبووە، بە نێوی (موسوعە الشامل فی الطب)، بەڵام دوای ئەوەی هەشتا بەشی لێ تەواو دەکات، مەرگ لە دەرگەی ژیانی دا و ئاواتەکەی گلدایەوە.
کتێبەکانی ئیبن نەفیس بەهایەکی زۆریان هەیە، ئێستەش وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بەکار دێن. ئەو بەدەر لە زانستی پزیشکی چەندان کتێبی لە بواری: زانستی فەرموودە، ڕستەسازی، وشەسازیی، لۆژیک، نووسیون. لە ڕەخنەگرتن سڵی نەکردووەتەوە. ئیبن سینا و گالینیۆس لە سەردەمی ئیبن نەفیس سایەیان کردبوو، پزیشکەکان بە چاوی پیرۆزی سەیری کارەکانیان دەکردن، بەڵام ئیبن نەفیس بێ هیچ پەروایەک ڕەخنەیان لێ دەگرێت و هەڵەکانیان دەخاتە ڕوو.

کورتەیەک لە ژیانی ئیبن نەفیس

- لە سووریا لە دایک بووە، لە قاهیرە مردووە.
- بۆ زانست و مەعریفە تەواو لێبڕاوە، بە ڕەنگێک دەرفەتی ژنهێنانیشی بۆ خۆی نەهێشتووەتەوە.
- لە سەرەمەرگ پزیشکەکان ویستیان بە مەی  چارەسەری بکەن، بەڵام ئیبن نەفیس ئەوەی ڕەتکردوە و گوتی: نامەوێت بە شێوەیەک بگەمە خودا شتێکم لە سک دابێت، کە خۆی یاساخی کردووە.
- مێژوونووسان لەسەر ساڵی کۆچی دوایی ڕای جیاوازیان هەیە.


سەرچاوەکان



758 بینین