جەیمس ماکسوێڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-05-23:18:00 - کۆدی بابەت: 1126
جەیمس ماکسوێڵ

ناوه‌ڕۆك

جەیمس ماکسوێڵ ١٨٣١ - ١٨٧٩ ز

لە شەستەکانی سەدەی نۆزدەدا ماکسوێڵ گەورەترین بەرهەمی لە بواری کارۆموگناتیسیدا پێشکەشی مرۆڤایەتیی کرد. بۆچووون و بیرۆکەکانی فارادی خستە ژێر باری توێژینەوە و بە وردیی کاری لەسەر کردن، ئەو قسەیەی فارادی کە دەڵێت: ''کارەبا و موگناتیس پێوەندییان پێکەوە هەیە.'' کردە هەوێنی توێژینەوەکانی. ماکسوێڵ هەوڵیدا پێوەندیی نێوان کارەبا و موگناتیس لێک بداتەوە... دواتر بۆ دەرکەوت کە پێوەندیی نێوان کارەبا و موگناتیس زۆر سادەیە، ئەوانە دوو ڕووی یەک دیاردەن و بەس. دوای ئەوەی ڕاستەخۆ چەند شەپۆلێکی کارۆموگناتیسی لە تەزوی کارەبادا دەرکرد، ئەو بیرۆکەیەی خۆی بە کردەنیی چەسپاند.
ماکسوێڵ دەڵێت: خێرایی ئەو شەپۆلانە هاوشێوەی خێرایی ڕووناکییە، کە (١٨٦٠٠٠ میلە لە چرکەیەکدا).
ماکسوێڵ، لە ساڵی ١٨٦٤ز، تیۆری دینامیی لە بواری کارەبادا بڵاو کردەوە، ئەم تیۆرە کارۆموگناتیسیی بە شێوەیەکی حیسابی تەفسیر کرد. دواتر لە ساڵێ ١٨٧٣ز، کتێبێکی بە نێوی (بەکارهێنانی کارەبا و موگناتیس)، بە چاپ گەیاند.
ئەو هەر چەند زیاتر لە بواری کارەبا و موگناتیسدا کاری کردووە، بەڵام لە زانستەکانی دیکەیش جێپەنجەی دیارە،  وەک: بیردۆزەکانی گەردوونناسی، دینامیکی گەرمی... هەروەها کۆششی زۆری بۆ ناساندنی (ڕەفتاری گازەکان) کردووە، بۆی ڕوونبووەتەوە کە گازەکان خێراییان وەک یەک نییە. بەشێک لە جووڵەی گەردی گازەکان سستن، و هێندێکیان مامناوەندن، و بڕێکیشیان زۆر بە خێرایی ڕەوت دەکەن.

وێنەی فۆتۆگرافی ڕەنگاو ڕەنگ

ماکسوێڵ دەڵێت: هەموو ڕەنگەکان دەکرێ بە کەمێک جیاوازی لە سێ ڕەنگە بچینەییەکە پێک بێن، کە ڕەنگی: (سوور، زەرد، شین)ـن. ئەو توانی  ئەم تیۆرە لە بواری وێنە گرتندا تاقیی بکاتەوە، بەمەیش یەکەم وێنەی فۆتۆگرافی ڕەنگاوڕەنگ بەرهەم هات.

هەسارە زوحەل

ماکسوێڵ سەرەتا بایەخێکی زۆری بە هەسارەی زوحەل و بازنەکانی دەوری دەدا، دواتر گەیشتە ئەو هەقیقەتەی کە ئەو بازنانە بریتین لە چەند تەنۆچکەیەکی بچووک، نە گازن و نە تەنی ڕەقن، هەر وەک پێشتر بڵاو کرابووەوە.

گەڕآنەوەی بۆ زانکۆی کامبریج

ساڵی ١٨٧١ز، ماکسوێڵ دەگەڕێتەوە زانکۆی کامبریج و لە کارگەی (کاڤندش) دەبێتە مامۆستای فیزیا، ئەو کارگەیە شۆرەتێکی زۆری لە نێو زانایادا پەیدا کردبوو، ژمارەیەکی زۆری زانایانی پێ گەیاندبوو.

بە کورتی

- خەڵکی سکۆتلەندە.
- لە تەمەنی چل و هەشت ساڵیدا بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی دەکات.
- یەکەم وێنەی فۆتۆگراڤی ڕەنگاوڕەنگی لە ساڵی ١٨٦١ز، بەرهەم هێناوە.
- بیردۆز و تیۆرەکانی ماکسوێڵ جەختیان لەسەر جۆری شەپۆلە بێتەلەکان دەکردەوە. لە ساڵی ١٨٨٨ز، (هرتز)ـی شەپۆلە بێتەلەکانی دۆزییەوە.
- ژنی هێناوە، بەڵام هیچ منداڵێکی نەبووە.
- لە ماوەی نێوان نیوتن و ئەنیشتایندا ئەو بە مەزنترین زانای فیزیک دادەنرێت.


سەرچاوەکان



832 بینین