سیگمۆند فرۆید

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-07-20:56:00 - کۆدی بابەت: 1167
سیگمۆند فرۆید

ناوه‌ڕۆك

سیگمۆند فرۆید ١٨٥٦ - ١٩٣٩ز

فرۆید پزیشکی دەروونشیکاری، ئەو کەسەی قەڵەمی دۆست و دوژمنانی وروژاند و بە هەزاران توێژینەوە و کتێبی لە بارەوە نووسرا. ئەو زانایەی کاریگەریی بۆ هەموو وڵاتان گوازرایەوە و هەزاران توێژەری بە خۆیەوە خەریک کرد. بەشێک لە ڕەخنەگران پێیان وابوو ئەو شێوازەی فرۆید لە زانست لەسەری دەڕوات ڕێگەیەکی نازانستییە... بەڵام وێڕایە ئەوەی بەشیكی زانایان قسە و باس و خواسەکانی ئەویان پووچانەوە،  کەچی تاکوو ئێستەیش توێژینەوەکانی ئەو لە هەردوو بواری: دەروونناسی و دەروونشکاریی هەر بەکارن. ژیانی زانستیی فرۆید لە زانستگەی ڤیەنناوە دەست پێ دەکات، لەوێ زانستی پزیشکیی دەخوێنێت و لە ساڵی ١٨٨٢ز، لە نەخۆشخانەی شارەکە دادەمەزرێت. 
فرۆید لە نەخۆشخانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو نەخۆشانە دەکر کە تووشی هستریا بوون، ڕەفتارەکانی شی دەکردنەوە و لە هۆکاری گرفتەکانیانی دەکۆڵییەوە. بیر و بۆچوونەکانی دەرهەق بە لایەنی دەروونیی بەرە بەرە بڵاو دەبوونەوە. سالی ١٨٩٥ز، کتێبێکی بە نێوی (چەند توێژینەوەیەک دەربارەی هستریا) بڵاو کردەوە.

نەخۆشیی عەقڵی

فرۆید پێی وابوو نەخۆشیی عەقڵی لە بنچینەدا نەخۆشیی دەروونیە، نەک نەخۆشییەکی ئەندامی بێت و لە عەقڵ بدات و پەکی بخات. خۆ ئەگەر ئەوەمان وەرگرت زۆر بە سانایی بیرۆکەی دەروونشیکاریی بۆ ئاشنابوون بۆ هۆکارەکانی ئەو نەخۆشییە قبووڵ دەکەین.

خەونەکان

ئەو پێی وابوو خەونەکان بیرۆکەیەکی زۆر ڕۆشن و ڕوونمان دەربارەی هەموو ئەو شتانە دەدەنێ کە لە نێو نەستی مرۆڤدا دەسووڕێنەوە. ئەو لە خەوندا کۆمەڵێک بۆچوونی تایبەتی خستنە ڕوو کە پێشتر هیچ کەس بیریان بۆ نەچووبوو.
هەر ئەمەیش وای کرد لە ساڵی ١٨٨٩ز، کتێبێک بە نێوی (لێکدانەوەی خەونەکان) چاپ بکات.

فرۆید و سێکس

فرۆید لە ساڵی ١٩٠٥ز، کتێبێکی بڵاو کردەوە بە نێوی (چەند وتارێک دەربارەی سێکس). لەسەر ئەمە ڕەخنەیەکی زۆری لێ گیرا و بۆچوونەکانی لەو بارە ڕەتکرانەوە. فرۆید لەو کتێبەدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە زۆربەی ڕەفتارەکانی مرۆ بە هۆی پاڵنەرەکانی زایەندەوەن. ئەوەی زۆر غەریب بوو، ئەو پێی وابوو ئەو پاڵنەرانە لە قۆناغی منداڵیی دەست پێ دەکەن. ئەو گرێی ئۆدیبی بۆ ئەمە بەکار هێنا، واتا مەیلی کچ بۆ باوک و هی کوڕ بۆ دایک دەچێت. بە بۆچوونی ئەو هەموو منداڵێک بەم قۆناغەدا گوزەر دەکات.

لە بیستەکانی سەدەی بیستەمدا بۆچوونەکانی فرۆید لەسەر ئاستی دنیا باشتر پێشوازییان لێ کرا. ئەویش چەند کتێبێکی دیکەی دانا، لەوانە: (من)، (خود).

کورتەیەک لە ژیانی

- لە شآری فرایبرگی سەر بە چیکۆسلۆڤا، لە دایک و باوکێکی هەژار لە دایک بووە.
- لە ساڵی ١٨٨١ز، لە زانستگەی ڤیەننا تێزی دکتۆرای وەرگرتووە.
- زاکیرەیەکی زۆر تیژی هەبووە، بۆ خوێندن و لێکدانەوەی خەونەکان کۆمەکیی کردووە.
- لە کاتی لەشکرکێشی نەمسا لە ساڵی ١٩٣٨ز، ئاوارەی لەندەن دەبێت و هەر لەوێش کۆچی دوایی دەکات.


سەرچاوەکان



3342 بینین