ماری کوری و پیر کوری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-08-22:04:00 - کۆدی بابەت: 1195
ماری کوری و پیر کوری

ناوه‌ڕۆك

ماری کوری ١٨٦٧-١٩٢٣ز
پییر کوری ١٨٥٩-١٩٠٦ز

خاتوو ماری کوری دەرگەی زانستی بەسەر ژناندا کردەوە و پێی گوتن ئێمەیش هیچ شتێکمان لە پیاوان کەمتر نییە، دەکرێ وەک ئەوان لە مەیدانی داهێناندا دەرکەوین. خۆیشی وەک پێشەنگێکی ژنانی زانست پەروەر لەسەر ئاستی جیهان دەرکەوت. دۆزینەوەی ئەو بۆ تێگەیشتن لە دیاردەی چالاکیی تیشکی زۆر گرنگ بوو.
خاتوو ماری زۆربەی تەمەنی لە فەڕەنسا بەسەر برد، بەڵام بە نەژاد خەڵکی پۆڵەندایە. هەرچەند دایک و باوکی بە پیشەی مامۆستاییەوە خەریک بوون، بەڵام ئەو هەژارانە پێگەیشتووە. لەبەر ئەوەی ناتوانێت پارەی خوێندنی بەشی فیزیا لە وڵاتەکەی دابین بکات، ڕوو لە دەرەوەی وڵات دەکات. لە زانستگەی (سۆربۆن) دەخوێنێت و هەر لەوێش (پییر کوری) دەناسێت و هاوژینی لەگەڵدا دەکات. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٨٩٥ز، دەبنە ژن و مێردی یەکتر، بە یەکەوە چەندان کاری هاوبەش دەکەن.
خاتوو ماری بۆ تێزی دکتۆراکەی بیری دەکردەوە ئاخۆ چ باسێک هەڵبژێرێت و کار لەسەر چیی بکات؟ (پیر) هانیدا توێژینەوەی دکتۆراکەی لەسەر چالاکیی تیشکیی بێت، کە پێشتر (بیكۆڕێڵ) دۆزیبوویەوە. خاتوو ماری قسەکانی مێردەکەی بە هەند وەرگرت و دەستی بە توێژینەوەی ئەم دیاردەیە کرد.
بیكۆڕێڵ پێشتر سەلماندبووی کە چالاکی تیشکیی لە نێو توخمی یۆرانیۆمدا هەیە.
خاتو ماری زۆر بە زوویی ئەوەی دەرخست کە (ثوریم) خەسڵەتی تیشکدانەوەی هەیە. گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە تیشکدانەوە سەر بە ماددەیەکی تیشکدەرە، یۆرانیۆم بە نموونە.واتا تەنیا حاڵەتێک نییە بە هۆی فاکتەری دەرەکیی دەستی بخات.

دەسکەوتەکانی (کوری)

کوری لە ساڵی ١٨٩٨ز، دوو توخمی دۆزینەوە، بە نێوی: (ڕادیۆم و پۆلۆنیۆم)، کە هەردوو توخم خودان خەسڵەتی تیشکدانەوەیەکی بەهێز بوون.
کوری دوابەدوای دۆزینەوەی ئەمانە توێژینەوەیەکی خەستی لە بارەی ئەم توخمانە کرد، بەڵام لە بەدبەختی خۆی دەبوو لەگەڵ ژنەکەی چەندان ساڵ مامەڵە لەگەڵ چەندان تەن و توخمی جۆربەجۆر بکەن، لە ساڵی ١٩٠٢ز، توانییان دەیەکی گرامی یۆرانیۆمی بێگەرد پاڵاوتە بکەن. ئەم ئەندازە کەمە ڕێگەی بۆ حسابی کێشی گەردیلەیی بۆ توخمی نوێ ئاچووخ کرد. چەندان تاقیکردنەوەی دیکەیشیان لەو بارەوە کردن.

پرسیارێکی بێ وەڵام

پرسیارێک مێشکی هەردوو ژن و مێردی دانا و زانای ئاڵوز کردبوو: ئەوی تیشکەی لەو توخمانەوە دەردەچێت چییە؟ دواتر (ئێرنست ڕەزەرفۆرد) وەڵامی پرسیارەکەی دایەوە، وەختێک تیشکدانەوەی بۆ تیشکی: ئەلفا، بێتا، گاما، پۆلێن کرد. ماری پێشتر گریمانەی ئەوەی کردبوو کە ئەو تیشکدانەوە بە لایەنی کەمی لە دوو جۆری تیشک پێک دێ، هەر جۆرێکیش چەندان خەسڵەتی تایبەت بە خۆی هەن.

کۆتایی

خاتوو ماری زانا، بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد، ئەو پێی وابوو ئەو نەخۆشییەی بە هۆی بەهێزی تیشکەکانەوە بۆی پەیدا بووە. ئاخر ئەو دەم کەس نەیدەزانی ئەو تیشکانە چ زیان و مەترسییەکیان هەیە، بۆیە لە کاتی درهێنانی تیشکەکان هیچ خۆپارێزیەکی نەدەکرد.

کورتەیەک لە ژیانیان

- خاتوو ماری بە ڕیشە پۆڵەندییە و ناوی : ماریکا سکلۆدۆیسکایە.
- دووجار خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە ساڵی ١٩٠٣ز، بە هاوبەشی لەگەڵ مێردەکەی (بییر) و لە ساڵی ١٩١١ز، بە تەنیا وەری گرت.
- (ئیرین)ـی کچیشیان لەو بوارە کاری کردو و چەندان توێژینەوەی کردووە.


سەرچاوەکان



1554 بینین