حەسەن زیرەک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-21-20:19:00 - کۆدی بابەت: 1463
حەسەن زیرەک

ناوه‌ڕۆك

ژیاننامەی حەسەن زیرەک

حەسەن زیرەک لە گەرەکی سەر قەڵا، هەر لەو شوێنەی کە قەڵای سەردار و مزگەوتی جامیع و حەوزە گەورەی بۆکانی تێدا هەڵکەوتووە، لە ڕۆژی ٢٩\١١\١٩٢١ لە دایک بووە. یازدە ساڵان دەبێ کە باوکی لە دەست دەدات و دایکیشی مێرد دەکاتەوە. زیرەک و خوشک و براکانی دەکەونە ژیانێکی پڕ لە سەخڵەتی جیا لە یەک. 
زیرەکی منداڵ بۆ تێر کردنی زگی خۆی دەێتە گاوانی ماڵە دەوڵەمەندەکانی شار، ئەوجا کشت و کاڵی دێهات و گزیری ئاغا. لە شارەکانی ئێران و عێڕاق  شاگرد قەنادی، قاوەچییەتی، خزمەتچی هوتێل و ڕیستۆرانتەکانی بە بەش بڕاوە. بە وتەی خۆی (ڕۆم و ئێران و عێڕاق گەڕاوە و لە هیچ شوێنێک جێگای نەبۆتەوە). هەر سات و ڕۆژێک لە گوندێک و شارێکی کوردستان بووە. یا لە بەندەر عەباس و تەورێز و تاران و شوێنی تر. پاشان ٢٢ساڵ ئاوارەیی، دەربەدەری و ماڵ بە کۆڵی و ژیان لە ناو میللەتانی دراوسێ و خەڵکەکەی خۆیدا لە ساڵی ١٩٥٤\١٩٥٥ بۆ یەکەم جار دەنگی لە ڕادیۆی کوردی بە‌غدا بڵاو دەکرێتەوە، دەنگێک کە پاشان هەموو کوردستان دادەگرێ و دەبێتا خۆشەویستی هەر ماڵە کوردێک.
چیرۆکی ژیانی زیرەک پاش مەرگی باوکی و شووکردنەوەی دایکی لە ساڵی ١٩٣٢وە هەتا گەیشتن بە بەشی کوردی ڕادیۆی بەغدا، ڕۆمانێکی نەنوسراو لە ژیانی پڕ لە کارەساتی مرۆڤێکی زامدارو دڵ بریندار و پڕهیوا، کە ئەوینێکی بەرز لە ئاست نیشتیمان و خەڵك، فەرهەنگ و هونەرەکەی، هانی دەدا بچریکێنێ، چریکەیەک کە لە ڕێگای ژێیەکانی گەڕوویەوە کاری کردۆتە سەر هەر کەسێک.
زیرەک لە شوێنێک دڵی دانەمرکایەوە، وەک چۆن ئاو نابێ ڕاوەستێ، ئەویش نابێ لە بەگدا ببەسترێتەوە. زیرەک تا ساڵی ٥٨ مانگی بە ٦ دینار هەر هەفتە چەند گۆرانی لە ئێزگەی بەغدا پڕکردۆتەوە، لە ڕۆژی ١٤ی سێپتەمبەری ١٩٥٨ بەرەو کوردستان دەگەڕێتەوە. پاشان لە تاران لە بەشی کوردی ڕادیۆ دادەمەزرێ و هەر لەوێ لەگەڵ میدیا زەندی زەماوەند دەکات، دوو کچ بەرهەمی ژیانی هاوبەشی حەسەن و مێدیایە.
مامۆستا حەسەن زیرەک لەم ساڵانەدا زۆر گۆرانی تۆمار دەکات، هەروەها چیرۆکی ژیانی بە شیعر دەهۆنێتەوە کە لە لایەن دکتۆر محەمەد سادقیق موفتی زادەوە بە چاپ دەگات. ئەم کتێبە ڕەنگەی یەکەم کتێبی کوردی چاپکراو بێ لە سەردەمی ڕژێمی شاهەنشاهیدا.
لەگەڵ دامەزراندنی ڕادیۆی کوردی کرماشان ڕەوانەی شاری شیرین و فەرهاد دەکرێ و لەوێ بە هاوکاری ناودارانی ئەمڕۆی مۆسیقای ئێران حەسەنی یۆسف زەمانی، حوسێن یوسف زەمانی، موجتەبا میرزادە، حەسەن کامکار، عەبدولسەمەدی، فەرەیدون مورادی و کەسانی تر بەشێکی کەم وێنەی مۆسیقاو گۆرانی کوردی تۆمار و بڵاو دەکاتەوە.
زیرەک پاش تاران و کرماشان یەکەم کەس دەبێ کە هاوکاری ئێزگەکانی تەورێز و سنە و مەهابادیش دەکات. ئەو جگە لە کوردی بە زمانی فارسی و ئازەریش گۆرانی دەڵێ و لێرەش یەکەم کەسە کە هاوبەش لەگەڵ گۆرانی بێژانی فارس و ئازەری گۆرانی دەڵێ و بەوانیش گۆرانی کوردی وتوە. لێدوان لەسەر بەرهەمەکانی مامۆستا زیرەک کە خەزێنەیەکی دەوڵەمەندە و بەوتەی دکتۆر موفتی زادە سەر لە ١٠٥٣ گۆرانی دەدا و زۆر لایەنی فەرهەنگی کورد دەگرێتەوە کارێکی مەزنە و ئەرکێکی مەزن دەخاتە سەر شان کە ئەمەش دەتوانێ کاری ناوەندێکی تایبەتی بێت، لەبەر ئەوەی حەسەن زیرەک بەشێکی بەرچاوی فۆلکلۆری کوردی زیندوو کردۆتەوە، شیعری شاعیرانی کە ئەو کات ئیزنی بڵاوبونەوەیان نەبووە بە گۆرانی وتۆتەوە. گیانی دووبارەی وەبەر دەڵەمەندترین بەشی هەواو مێلۆدی کوردی هێناوە. زۆر زاراوە و وشەو پەندی پێشینیان و ناو کە ئەمڕۆ کەمتر بەکار دێن لە گۆرانیەکانیدا تۆمار کردووە. وێنەیەکی زیندوو لە ناوچە و شار و گوندەکانی ئەو کاتەی کوردستان دەداتە دەست. ئاکار و خوو و خەندە و بیر و بۆچونی کوردان لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەوەش ڕوونە کە ژن جێگەی تایبەتی لە گۆرانیەکانی زیرەکدا دەگرنەوە.
لە گۆرانیەکانی زیرەکدا گلەی و گازندە و بگرە بێزاری بەرانبەر بە زۆر کردووە و ئاکاری کۆمەڵایەتی بەرچاوە کە بەشێک لەوانە لە زمانی شاعیرانی وەک حەحمەد هەردی، حەریف، ن،ئاری، سەید کامیل ئیمامی (ئاوات)، قانع، هێمن، گۆران، تاهیر بەگی جاف، مستەفا بەگی کوردی، وەفای یەوە دەگوترێ و لەو ڕێگای حەسەن زیرەکەوە دەچێتە ناو خەڵکەوە، ئەمەش لە کات و ساتێکدا کە چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی شاعیران بە زمانی کوردی زیندان و ئەشکەنجە و ژیانی تاڵی لە دواوە بووە.
زیرەک سەرەڕای ژیانی تاڵی زۆرجاران خراوەتە بەندینخانەکانی ئێران و عێڕاق، ئەویش بە بیانوی سیخوڕی کردن، لە ڕاستیدا هەر دووک لا دەیانزانی کە زیرەک دۆستایەتی لەگەڵ هێزەکانی کوردو ڕۆشنبیراندا هەیە. ساواک زۆر جاران لە زیندان و لە دەرەوەی زیندان زیرەکیان توشی ئەزێتو ئازار کردووە. هونەرمەندی تاقانەی کورد وای لێ بەسەر دێ کە واز لە هەمو شت بێنێت، تەنانەت ژن و منداڵەکانی! خۆی دەڵێت: 
(هونەر لە ناو کورددا قەدری نەما، ئەوەتا لەم کێو و شاخە چایخانەیەکم داناوە، ڕازیم و کاسپی تێدا دەکەم). زیرەک لەسەر سنوری ئێران عێڕاق لە نێوان سێ کێودا لە نزیک بانە کەلاوەیەک دەکاتە چایخانە، کە زۆر زوو دەبێتە مەکۆی هونەرمەند و ڕۆشنبیر و کەسانی تر و هەر لە کەرکوک و هەولێرەوە، هەتا ئیلام و ئاوا میوان دەگەیشتنە لای زیرەک. هەر ئەمە بوو بە هۆی زۆر جاران لە نیوەشەودا تاقمی نەناسراو هێرش ببەنە سەری و بە قەستی کوشتنی لێیدەن.
کەس نەیدەزانی ئەم کابرایە بۆ گەشتۆتە ئەم کێو و شاخە؟ بۆ ئیتر گۆرانی ناڵێت؟ بۆ لە ڕادیۆ نەماوە؟ بۆ ئەکەوێتە زیندان؟ بۆ لە ژن و منداڵ دوور کەوتۆتەوە؟ کەس نەیدەزانی لە دڵ و مێشکی زیرەکدا چی هەیە. خۆی دەڵێ:
(سڕێکە وا لە دڵما گەر بیڵێم زمان ئەسووتێ گەر بیشارمەوە نەیبێژم مێشک و ئێسقان ئەسوتێ)
هەندێک لە نهێنیەکانی زیرەک پاش مەرگی لە زمانی کاک حوسێنی برایەوە لە کتێبێکدا کە لە لایەن کاک کەریم خۆشناوەوە لە چاپ دراوە دەدرکێنرێ و ئەو دەڵێت:
(زۆر جار دەمان گووت کاکە حەسەن ئاوارەیی بەسە، وەرە لای خۆمان پاروە نانێک دەست دەکەوێت بە یەکەوە بیخۆین، ئەیوت ناتوانم، پاش ئەوەی زۆرمان لێکرد وتی: دەوڵەتی ئێران لە کۆڵم نابێتەوە، دەیانەوێت خەیانەتم پێ بکەن، دەیانەوێ بچم بۆ کوردستانی عێڕاق و خزمەتی ئەوان بکەم. من ناتوانم خیانەت بەو خەڵکە بکەم کە پەنایان داوم، کە خۆشیان دەوێم.)
زیرەک جارێکیی تر لە چاوان ون دەبێت، کەس بە سۆرا‌‌غی نازانێ هەتا ئەم هەواڵە بە هەموو کوردستاندا دەنگ دەداتەوە حەسەن زیرەک نەخۆشە بۆ ئاخر جار دەگەڕێتەوە بۆکان، نەخۆشخانەی ئەم شارە دەبێتە جێگەی هاتووچۆی سەدان کەس لە ڕۆژدا. دکتۆر یار محەمەدی پاش عەمەلیات بە پەرۆشەوە بە خزم و کەسەکەی ڕادەگەیەنێ کە سەرەتانی جەرگ ژیانی بەرەو نەمان دەبات. زیرەک دووا گۆرانییەکانی لە نەخۆشخانە تۆمار دەکا، پاشان لە ماڵی خوشکەکەی بۆ هەمیشە چاوەکانی لەسەر یەک دادەنێت.
ڕۆژی ٢٦\٦\١٩٧٢ شاری بۆکان ماتەم دایدەگرێ، ئەو ڕۆژە هەموو شت ڕاوەستاوە، دووکانەکان داخراون، خوێندنگاکان بێ مامۆستا و قوتابی ماونەتەوە، هەموو شت لە پشت سەری مامۆستای گۆرانی و مەقامی کوردی بەرەو گۆڕستان لە ڕێیدابوون، دیمەنی ئەم ڕۆژە لە گووتن و نووسین نایەت، چاوی کەم کەس لە پیر و جوان، حاجی و مەلا، خوێندەوار و بێسەواد، داراو نەدار، ژنو پیاو هەبوو کە فرمێسکی تێدا نەگەڕابێت. لە مێژوی ئەم شارەدا ئەمە یەکەم جار بوو کە شارێک بەرەو گۆڕستان بکەوێتە ڕێ. زیرەک سەرەتا لە گۆڕستانی شار دەنێژرێت و پاشان بۆ ناڵشکێنەی دەگوێزنەوە، شوێنێک کە دبێتە زیارەتگەی پیروجوان. بەرپرسانی ڕادیۆو تەلەفیزۆن هەر لە تارانەوە هەتا کرماشان و سنە و سابڵاغ خۆیان ئامادە دەکرد کە تیپی تایبەتی ڕەوانەی مەراسمەکە بکەن. ساواک بۆ ئەم کارە زۆر وەتەقەڵا کەوت، هەتا بەم جۆرە ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان لای خەڵک بشارنەوە. بەڵام خەڵکی موکریان و زۆر شاری کوردستان ئاگادار لە هەمووشت، زیرەکیان بێ ئەوان بەڕێکرد. یادی زیرەک لە زۆر شاران هەتا  تاران و بەغدا ڕێزی لێگیرا ، ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمی ئێران زۆر لە لاپەڕەکانیان بە وێنە و باسی زیرەک ڕازاندەوە. زیرەکی شاعیر، مامۆستای گۆرانی و زمانی خۆماڵی کوردی، قوتابخانەی فۆلکلۆر، زۆر لایەنی نادیار و شاراوەی هەیە کە جێگەی باس و لێکۆڵینەوە ئاواڵە دەهێڵێتەوە.


سەرچاوەکان

1815 بینین