جەنگی سارد

جەنگی سارد

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-17-17:51:00 - کۆدی بابەت: 1467
جەنگی سارد

ناوه‌ڕۆك

جەنگی سارد

جەنگی سارد یان شەڕی سارد (بە ئینگلیزی: Cold War) دەستەواژەیەکە بەکاردەهێنرێت بۆ ئەو ململانێ و ڕووبەڕووبونەوە ناڕاستەوخۆی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت و هاوپەیمانەکانیان لە ناوەڕاستی ساڵانی چلەکانەوە بۆ سەرەتای نەوەدەکان.

لەم ماوە زۆرەدا چەندین گۆڕانکاری جوگرافی و ئابووری و سیاسی و سەربازی لە جیهان ڕوویدا کە هۆکارەکەی دەگەڕایەوە بۆ جەنگی سارد، هەردوو وڵات لەم ماوەیەدا هەوڵێکی جددیان دا بۆ بەرەوپێشبردنی ژێرخانی ئابووری و سەربازی و چەک و تەکنەلۆجیا و دەستگرتن بەسەر جیهاندا، هەردوو وڵات بە پێشکەوتنەکانیان هەڕەشەیان لە یەکتری دەکرد و بەهۆی بەردەستەکانیانەوە هێزی خۆیان تاقیدەکردەوە.

لەدوای ١٩٤٥

دوای ئەوەی ساڵی ١٩٤٥ جەنگی جیهانیی دووەم کۆتایی هات و هەردوو یەکێتیی سۆڤیەت و ویلایەتە یەکگرتووەکان پێکەوە هاوپەیمان بوون، بەڵام لەدوای جەنگ نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی زەوی و دووبارە ڕێکخستنەوەی سنووری جیهان.

لە دوای ئەمەوە جەنگێکی سارد لە نێوان هەردوولا بەرپابوو، جەنگی ساردیش بەو مانایە دێت کە ئەو دوو بەرەیە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی یەکتری نابنەوە لە مەیدانی جەنگ، بەڵکوو لە پێشکەوتن و سیاسەت و ئابووری و لایەنەکانی دیکە جەنگ دەکەن، ئەمریکا دەستی کرد بە بەکارهێنانی گەمارۆی ئابووری و بنبڕکردنی بیری شیوعیەت و دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەورووپا و هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێتیی سۆڤیەتیش دەستی کرد بە هاندانی هێز و حیزبە شیوعییەکانی جیهان بەتایبەت لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ئەمریکای لاتین و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.

ڕووداوەکانی دوای جەنگی سارد

بەهۆی جەنگی ساردەوە چەند ڕووداوێکی مێژوویی لە جیهان ڕوویاندا، کە دیارترینیان گەمارۆی بەرلین بوو لە ١٩٤٨ بۆ ١٩٤٩، هەروەها جەنگی کۆریا لە ١٩٥٠ بۆ ١٩٥٣ و دواتریش کێشەی بەرلین لە ١٩٦١ و جەنگی ڤێتنام لە ١٩٥٦ بۆ ١٩٧٥ و داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە و کۆتا دانەش کێشەی مووشەکە کووبیەکان لە ١٩٦٢، کە وایکرد جیهان خۆی ئامادەبکات بۆ جەنگی جیهانیی سێیەم، هەندێک کاتیش وەک ئەوەبوو هیچ ڕووینەدابێت بەهۆی ئەو هێوریەی لە جیهاندا دەبینرا کاتێک هەردوو لایەن سەرقاڵی کاروباری ناوخۆ دەبوون و ماوەیەک هێمن دەبوونەوە، بەڵام بە درێژایی کات هەردوولا خۆیان دوور گرت لە جەنگی ڕووبەڕوو چونکە دەبووە هۆی وێرانکارییەکی جدی بەهۆی چەکی ئەتۆمییەوە.

لە کۆتایی هەشتاکان سەرۆکی نوێی ئەمریکا ڕۆناڵد ڕیگان دەسەڵاتی گرتە دەست و کەمتر هێزی سیاسی و ئابووری و سەربازی بەکاردەهێنا دژی یەکێتیی سۆڤیەت، لەو ساڵانەشدا سەرۆکی نوێی یەکێتیی سۆڤیەت میخائیل گۆرباچۆڤ بەهۆی سیاسەتی نوێ و پلانێکی نوێوە کە هەریەک لە پلانەکانی پێریستۆریکا و چاکسازی ئابووری و گلاسنۆت بوون بۆ ڕێکخستنی ئابووری و زیاتر ڕوونکردنەوەی داهات و کارەکان، کە دواتر بووە هۆی هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و بەوەش ئەمریکا بووە یەکەمین هێزی جیهان بە تەنیا.

بنەڕەتی وشەکە

دەستەواژەی جەنگی سارد بۆ یەکەمین جار لە سەدەی چواردەیەم لەلایەن پادشای ئیسپانی خوان ئیمانوێلەوە بەکارهات، دواتر ئابووریناسی ئەمریکی بێرنارد بارۆش لە سەرەتای ١٩٤٧ بەکاری هێنایەوە بۆ وەسفکردنی پەیوەندی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا، دواتریش بەهۆی ڕۆژنامەنووس واڵتەر لیمانەوە بەناوبانگ بوو و بووە دەستەواژەیەکی بەکارهێنراو بۆ چەندین ساڵ و هەتا ئەمڕۆش.

جەنگی نێوان هەردوو بەرە کەی دەستی پێکرد؟

شارەزایان ناکۆکن لەسەر ساتی دەستپێکردنی جەنگ و ململانێی نێوان ئەو دوو وڵاتە زەبەلاحەی جیهان، هەندێک دەڵێن دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای جەنگی جیهانی دووەم، هەندێکیش دەڵێن پەیوەندی بە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەی کێشەکانی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا و ئیمپڕاتۆریەتی بەریتانیا و ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە، بەڵام جیاوازی بیروڕا لە نێوان شیوعیەت و سەرمایەداری دەگەڕێتەوە بۆ ١٩١٧ دوای شۆڕشی بەڵشەفی ڕووسیا کە بووە هۆی درووستبوونی یەکەمین وڵاتی پەیڕەوکاری سیستمی شیوعیەت لە جیهان، ئەوەش برەوی بە بڵاوبوونەوەی شیوعیەت دا لە تەواوی جیهان.

ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دوای شۆڕشی بەڵشەفی یارمەتی سوپای سپی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیایان دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەڵشەفییەکان، دواتریش لە ١٩٣٣ پاشگەزبوونەوەی خۆی ڕاگەیاند لە داننان بە ناوی یەکێتیی سۆڤیەت وەک وڵاتێک، ئەمانە و چەندین ڕووداوی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای گرژی لە نێوان ئەو دوو لایەنە.

پەیوەندییەکان لە جەنگی جیهانی دووەم

لە ساڵی ١٩٤١ـەوە یەکێتیی سۆڤیەت جەنگی دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند دوای ئەوەی ئەڵمانیا کتوپڕ هێرشی کردە سەر، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمریکا و بەریتانیا سەرقاڵی بەرەی خۆرئاوای جەنگ بوون نەیانتوانی یارمەتییەکی ئەوتۆی یەکێتیی سۆڤیەت بکەن و بە تەنیا جەنگی بەرەی خۆرهەڵاتی کرد، تاوەکو ساتی ڕووخانی ئەڵمانیا هەماهەنگییەکان چڕ نەبوون، بەڵام لە سەروبەندی پەیوەندی و هاوپەیمانیشدا لە نێوانیان دوژمنایەتییەکی نهێنی هەبوو بەهۆی ڕابردووەوە.

لەدوای تەواوبوونی جەنگەکە هەردوولا بۆچوونی جیاوازیان هەبوو دەربارەی چۆنیەتی دروستکردنی نەخشەی نوێی جیهان و داڕشتنەوەی بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهان، ئەمریکا پێیوابوو لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی نموونەی ئەمریکی لە بواری ئابووری و سیاسی دەکرێت ناکۆکییەکان لەڕێی دەزگا نێودەوڵەتییەکانەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام سۆڤیەت لەگەڵ ئەمەدا نەبوو بەهۆی ئەو مێژووە درێژخایەنەی کە بۆ ماوەی ١٥٠ ساڵ لە بەرەی ڕۆژئاواوە هێرشی کرابووە سەر، هەروەها ئەو زیانانەی ئەڵمانیا بە یەکێتیەکەی گەیاند کە نزیک لە کوشتنی ٢٧ ملیۆن کەس بوو.

مۆسکۆ گرنگی بەوە دەدا کە ڕژێم و پەیڕەوێکی وەها بونیادبنێت کە سنوورەکانی بۆ ماوەیەکی درێژ بپارێزێت لە حکوومەتێک کە دژی ڕووسییەکان بێت، دوای ئەوە چەندین کۆبوونەوە کرا و گرنگترینیان کۆنگرەی یەڵتا بوو کە ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو.

لە کۆتایی ١٩٤٥ یەکێتیی سۆڤیەت ئەورووپای ڕۆژهەڵاتی داگیرکرد و هەریەک لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەورووپای خۆرئاوایان داگیرکرد، وڵاتی ئەڵمانیاش دابەشکرا بۆ چوار بەش و هەر بەشێک لەلایەن بەرەیەکەوە بەڕێوەدەبرا کە فەڕەنسا و سۆڤیەت و ئەمریکا و بەریتانیا بوون.

دروستبوونی بەشی ڕۆژهەڵات

یەکێتیی سۆڤیەت ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی جیهانی وەک بەشی شیوعی ناساند و هەریەک لە ئەڵمانیای خۆرهەڵات و پۆڵەندا و لاتیڤیا و ئیستۆنیا و لیتوانیا و بەشی خۆرهەڵاتی فینلەندا و خۆرهەڵاتی ڕۆمانیای گرتەوە.

هەروەها ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی ئەڵمانیابوون و ئازادی کردن بوونە بەشێک لەم ڕژێمە شیوعییە، وەک: کۆماری چیکۆسلۆڤاکیای سۆسیالیستی و کۆماری ڕۆمانیای میلـلی و کۆماری ئەلبانیای میلـلی و بولگاریا و هەنگاریا.

ئەو وڵاتانەی کەوتنە بەرەی سۆڤیەت جگە لە سیاسەتی کارکردن و بواری ئابووری و سەربازی، لایەنی بەڕێوەبردنی وڵاتیشیان وەک یاساکانی جۆزێف ستالین و پۆلیسی نهێنی بوو، هەموو کارێکیشیان دەکرد بۆ کپکردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن، دواتریش سوپای سووری ڕووسی دەستی گرت بەسەر مەنچۆریا لە کۆتایی ساڵانی جەنگ.

بەڕێوبەرایەتی گەل بۆ کاروباری ناوخۆ بە سەرکردایەتی لاڤرێنتی پێریای سەرۆکی دەزگای پۆلیسی نهێنی لە سەردەمی ستالین یارمەتی وڵاتەکانی دیکەی دا بۆ ئەوەی دژی ئۆپۆزسیۆن بوەستنەوە و هیچ کەسێک نەمێنێتەوە کە دژی ڕژێمی شیوعییەت بێت، بەپێی هەمان یاساکانی ستالین کە بریتیبوو لە: لابردن لە دەسەڵات، دواتر دادگایی، دواتر زیندانی، دواتر کوشتن.

دوای ئەوەی ساڵی ١٩٤٩ ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاوا هاوپەیمانی ناتۆیان ڕاگەیاند، سۆڤیەت کەوتە خۆی و هەوڵێکی جدی دا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی چەندین وڵاتی بەهێز لە ڕووی سەربازی و ئابووریەوە.

جەنگی سارد بە شێوەیەکی زنجیرەیی

بنچینەی هاری ترومان

ساڵی ١٩٤٧ سەرۆکی ئەمریکی هاری ترومان چەند هەنگاوێکی نا بۆ ئەوەی پێشبڕکێیەک درووست بکات لە نێوان سەرانی گەورەی سیستمی سەرمایەداری بۆ ئەوەی لە جەنگێکی نوێدا بەرەو پێشەوە بچن، لە شووباتی ١٩٤٧ حکوومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند کە ئیتر ناتوانێت هاوکاری هێزە بەرهەڵستکارەکانی شیوعیەت بکات لە جەنگی ناوخۆی یۆنان.

هاری ترومان بە گرتنەبەری ڕێگای "سیاسەتی ڕێگری" یاخود "Containment" دژی بڵاوبوونەوەی بیری شیوعی وەستایەوە، ترومان وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند بە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بەشداری جەنگەکە دەکات دژی هێزە شیوعییەکان، وتارەکەی هاری ترومان بووە هۆی دروستبوونی بیرێکی یەکگرتوو لە نێوان حیزبی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ پارێزگاری لە ئەمریکا بە بەکارهێنانی سیاسەتی ڕێگری و هەڕەشەی ستراتیژی کە زیاتر هەڕەشەی بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بوو، بەڵام ئەم سیاسەتە لە ساڵانی حەفتاکان شکستی هێنا و کەمتر بەکاردەهێنرا بەهۆی بەهێزبوونی یەکێتیی سۆڤیەتەوە، دواتر دووبارە بەکارهێنرایەوە، لەم ماوەیەدا زۆرینەی ئەوروپییەکان پاڵپشتی پلانی خۆرئاوایان کرد، بەڵام شیوعیە ئەمریکی و ئەوروپیەکان کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری یەکێتیی سۆڤیەتەوە بەکاردەهێنران پاڵپشتی مۆسکۆیان دەکرد.

پرۆژەی مارشاڵ و کودەتای چیکۆسلۆڤاکیا

لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٤٧ هەریەک لە فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەمریکا شکستیان هێنا لە قایلکردنی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ ئەوەی سیستمی خۆجێیی خۆژیێن بەکاربهێنن بۆ ئەڵمانیا، لە تەمموزی ١٩٤٧ ئەمریکا پلانی مارشاڵی بەکارهێنا هاوشان لەگەڵ پلانەکانی هاری ترومان، کە بریتیبوو لە "یارمەتیدانی ئابووری بۆ هەموو وڵاتانی ئەورووپا کە حەزیان بە بەشداری هەبێت، تەنانەت یەکێتیی سۆڤیەتیش".

ئەمە ڕێگایەک بوو بۆ دامەزراندنی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و هەژموونێکی سیاسی و دۆستانەی بەهێزی دوورمەودا لە ئەورووپادا، لەدوای یەک مانگ هاری ترومان واژووی لەسەر دروستکردنی هەریەک لە وەزارەتی بەرگری یەکگرتوو و دەزگای هەواڵگری ناوەندی "CIA" و ئەنجوومەنی ئاسایشی گشتی "NSC" کرد و ئەو دەزگایانەش بوونە پایەیەکی بەهێز لە جەنگی سارددا.

ستالین بەهۆی ئەوەی نەیدەویست وڵاتەکانی خۆرئاوای ئەورووپا بکەونە داوی سەرمایەداری و هەژموونی ئەمریکاوە، ڕێگری کرد لە یارمەتییەکانی پڕۆژەی مارشاڵ بۆ ئەو وڵاتانە و پلانی مۆنۆلۆڤی بەکارهێنرا کە پلانێک بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی پلانی مارشاڵ و بە ئەنجوومەنی هاوکاری ئابووری دەناسرا، کە گرەنتی بازرگانی و یارمەتی سۆڤیەتی دەکرد بۆ ئەورووپای خۆرهەڵات و ناوەڕاست.

لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٤٨ کاربەدەستانی سۆڤیەت کوودەتایەکیان لە چیکۆسلۆڤاکیا ڕێکخست و کۆتاییان هێنا بە حووکمی دیموکراتی تێیدا کە تاکە دەوڵەت بوو لە بەشی خۆرهەڵاتی بەرەی سۆڤیەت کە ئەندازەیەکی دیموکراتی هەبوو، بەمەش ترس و دڵەڕاوکێ لە جاران زیاتر لە خۆرئاوادا بڵاوبوویەوە.

سیاسەتەکانی ترومان و پڕۆژەی مارشاڵ بووە هۆی خەرجکردنی بلیۆنان هاوکاری سەربازی و ئابووری بۆ ئەورووپا و یۆنان و تورکیا، بەوەش سوپای یۆنان سەرکەوت بەسەر هێزە شیوعییەکاندا و حیزبی دیموکراتی مەسیحی ئیتاڵیش کە هاوپەیمانێکی مەزنی یەکێتیی سۆڤیەت بوو لە هەڵبژاردنی ١٩٤٨ شکستی هێنا.

گەمارۆی بەرلین و پردی ئاسمانی

هەریەک لە بەریتانیا و ئەمریکا لە یەکەم ڕۆژی ساڵی ١٩٤٧ بە ڕێککەوتنێک ناوچەکانی ئەڵمانیای ژێر دەستیان پێکەوە نووساند و دواتریش لە ١٩٤٩ فەڕەنساش هاتە نێو ڕێککەوتنەکەوە، لە ساڵی ١٩٤٨ ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی بڕیاریاندابوو یارمەتیدەری ئەڵمانیا بن بۆ دووبارە هەستانەوەی، بڕیاریاندا حکوومەتێکی فیدراڵی بۆ جێگیر بکەن، هەروەها بە پشتبەستن بە پلانی مارشاڵ دەستیان کرد بە دروستکردنەوەی ژێرخانی ئابووری وڵاتەکە، کە یەکەمین کاریش لێدانی دراوی مارکی ئەڵمانی نوێ بوو لەجێی ڕایخ مارکی پێشوو کە سۆڤیەت نرخی کەمکردبوویەوە.

لەدوای ماوەیەکی کەم بە فرمانی ستالین گەمارۆی بەرلین دروستکرا لە ٢٤/٦/١٩٤٨ بۆ ١٢/٥/١٩٤٩ و سۆڤیەت ڕێگری کرد لە گەیشتنی پێداویستی و کەرەستە و خۆراک بە بەرلینی خۆرئاوا، هەر بۆیە ئەمریکا و کەنەدا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئوستوڕالیا و نیوزلەندا بە هێڵێکی مەزنی ئاسمانی دەستیان کرد بە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی و ئابووری بۆ خۆرئاوای بەرلین.

لە هەڵبژاردنی شارەوانی کۆتایی ساڵی ١٩٤٨ لە مانگی کانوونی یەکەم هێزە شیوعییەکان ڕێژەی دەنگی %٨٦,٣ـیان بەدەستهێنا، بەهۆی ئەو ئەنجامەوە شارەکە دابەشکرا بۆ هەردوو بەشی خۆرهەڵات و خۆرئاوا.

ساڵی ١٩٥٢ ستالین چەند جارێک پڕۆژەیەکی پێشکەش کرد بۆ یەکگرتنی هەردوو بەرەی خۆرهەڵات و خۆرئاوای بەرلین و دروستکردنی حکوومەتێکی یەکگرتوو بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام لەلایەن خۆرئاواییەکانەوە ڕەتدەکرایەوە بەهۆی نەبوونی متمانە بە ڕاست و دروستی پڕۆژەکە.

ناتۆ

لە نیسانی مانگی ١٩٤٩ هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا و فەڕەنسا و هەشت وڵاتی دیکەی ئەوروپی پەیماننامەیەکیان واژوو کرد بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیەتیەکی نوێ بەناوی ناتۆ، ساڵی ١٩٤٩ـش هەریەک لە فەڕەنسا و ئەمریکا و بەریتانیا بڕیاریان دا بە دروستکردنی حکوومەتێک بەناوی ئەڵمانیای خۆرئاوا لەو ناوچانەی لەژێر دەستیان بوو، هەروەها دواتر یەکێتیی سۆڤیەت حکوومەتێکی بۆ بەشی خۆرهەڵات دامەزراند بەناوی کۆماری ئەڵمانیای دیموکرات.

لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٠ ئەمریکا دەستی کرد بە دروستکردنەوەی سوپای ئەڵمانیا و ساڵی ١٩٥٥ بوو بە ئەندامێکی ناتۆ.

چەکی ناوەکی

ئەمریکا لە سەرووبەندی جەنگی جیهانیدا سەرقاڵی پڕۆژەی مانهاتن بوو بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بۆ ئەوەی پێش هەریەک لە سۆڤیەت و ژاپۆن بکەوێت لە دروستکردنیدا، دوای هەشت ڕۆژ لە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە، هاری ترومان لە کۆنگرەی بۆتسدام لە ٢٤/٧/١٩٤٥ پڕۆژەی مانهاتنی بە ستالین وت، بەڵام شۆک بوو کاتێک ستالین هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو وەک ئەوەی بابەتێکی ئاسایی بێت، بەمەش ترومان وایزانی ستالین لە مەبەستەکەی تێنەگەشتووە.

بەڵام سۆڤیەت بەهۆی چەندین سیخوڕەوە لەنێو پڕۆژەی مانهاتن توانی چۆنیەتی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و دوایین پێشکەوتنەکانی ئەمریکا و جیهان بەدەستبهێنێت بە ئاسانترین شێوە، لە ساڵی ١٩٤٩ ڕووسیا بە تاقیکردنەوەی مووشەکی ئەتۆمی جۆی-١ ڕایگەیاند کە توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە، هێزی مووشەکەکەش ٢٢ مێگاتەن بوو کە زیاتر بوو لە هەموو بۆمبە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا، دواتریش لە ساڵی ١٩٦١ بە تاقیکردنەوەی بۆمبی هایدرۆجینی تسار توانی ببێتە خاوەنی گەورەترین و بەهێزترین چەکی ئەتۆمی مێژوو بە هێزی ٥٠ هەزار مێگاتەن کە ٢٦٣١ ئەوەندەی ئەو مووشەکە ئەتۆمییەیە کە بەسەر هێرۆشیمادا تەقێندرایەوە لەلایەن ئەمریکاوە.

جەنگی ناوخۆی چین

ساڵی ١٩٤٩ سوپای ئازادی میلـلی بە سەرکردایەتی ماوتسی تۆنگ سەرکەوت بەسەر حکوومەتی کۆمینتانگ کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرا، هەر زوو یەکێتیی سۆڤیەت دەستی هاوپەیمانی بۆ چین درێژکرد.

دوای سەرکەوتنی شیوعیەت لە چین ئەمریکا دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی بیری دژەشیوعیەت لە باشوور و خۆرهەڵاتی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هێزە شۆڕشگێرە شیوعیەکان کە لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە پشتگیری دەکرێت، هەر بۆیە ئەمریکا لە سەرەتای پەنجاکان چەندین ڕێککەوتنی لەگەڵ ئوستوڕالیا و نیوزلەندا و تایلەند و فلیپین واژوو کرد و لە چەندین شوێن بنکەی سەربازی ماوە درێژی بونیادنا.

جەنگی کۆریا

یەکێکی دیکە لە ڕووداوەکانی سەردەمی جەنگی سارد بریتیبوو لە جەنگی کۆریا، لە حوزەیرانی ١٩٥٠ سوپای میلـلی باکووری کۆریا بە سەرکردایەتی کیم ئیل سۆنگ دەستی گرت بەسەر باشووری کۆریادا بە هاوکاری جدی ستالین، بەڵام بەخێرایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی لە کۆریای باشوور کرد و هەریەک لە کۆریای باشوور و ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا و تورکیا و کۆڵۆمبیا و ئوستوڕالیا و فەڕەنسا و باشووری ئەفریقا و فلیپین و هۆڵەندا و بەلجیکا و نیوزلەندا کۆبوونەوە بۆ وەستاندنی جەنگ و هێرشی سوپای میلـلی کۆریای باکوور.

جەنگی کۆریا وایکرد هاوپەیمانی ناتۆ دەست بکەن بە چاوپێداخشاندنەوەی ژێرخانی سەربازی، هەندێک لە وڵاتەکانیش بۆچوونیان جێگیر نەبوو دەربارەی دۆخەکە وەک بەریتانیای گەورە کە لە نێوان پشتگیری و دژایەتی جەنگەکە مابوویەوە، زۆرێکیش لە درێژبوونەوەی جەنگ دەترسان بۆ چین و بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمیش، ئۆپۆزسیۆنبوونی بەریتانیاش گرژی خستە نێوان پەیوەندییەکانی بەریتانیا و ئەمریکا و زۆرترین هەوڵی بەریتانیا بۆ ئەوەبوو هەردوو کۆریا یەک بگرێتەوە و ببێتە دەوڵەتێک لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان.

ساڵی ١٩٥٢ هەریەک لە چین و کۆریای باکوور دەیانویست جەنگەکە بوەستێنن بەڵام ستالین سووربوو لەسەر بەردەوامبوونی جەنگ، لە تەمموزی ١٩٥٣ ئاگربەست ڕاگەیەندرا لەدوای مردنی ستالین، کیم ئیل سۆنگ حکوومەتێکی دیکتاتۆری تەواوخوازی دامەزراند لە کۆریای باکوور و خۆی بوو بە سەرۆک و تاکەبڕیاردەری وڵات، کۆریای باشووریش لەلایەن ئی سۆنگ مان بە هاوکاری ئەمریکا بەڕێوەدەبرا، کە ئەویش دیکتاتۆرێک بوو و گەندەڵی و تەواوخوازییەکی گەورەی بەرپا کرد، تا ئەوەی بەهۆی کودەتاوە دوورخرایەوە لەلایەن سوپاوە.

بۆشایی ئاسمان

بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی سۆڤیەت بیستبوویان كە ئەمریكای ڕكاربەریان دەیەوێت لە ٢٠ـی ٤ـی ١٩٦١ یەكەمین فڕین بۆ دەرەوەی زەوی ئەنجام بدات بۆیە دەیانویست خۆیان ببنە یەكەمین و پێش ئەو بەروارە كارەكە ئەنجام بدەن، هەرچەندە بەرنامەكەی ئەمریكا فڕینی مرۆڤ بۆ بەرزاییەكی زۆر نەبوو بەڵكو بڕیاربوو بە ئەندازەی فڕینی موشكێكی بالیستیك بۆ بەرزی ١٠٠ میل بفڕێت و بنیشێتەوە، بەڵام دەكرا ئەمە وەك یەكەمین فڕینی بۆشایی ئاسمان هەژماربكرێ بۆیە یەكێتی سۆڤیەت پلانی ١١ بۆ ١٧ـی مانگی دانا و ئەنجامی دا.

سۆڤیەت یوری گاگارینی ئەفسەری بنکەی بۆشایی هەڵبژارد بۆ ئەو فڕینە.

گاگارین لە كاتژمێر شەش و حەوت خولەكی بەیانی بە كاتی مۆسكۆ لە بنكەی ئاسمانی بایكۆنۆر بە موشەكی ڤۆستۆك-١ یەكەمین فڕینی مرۆڤی بۆ بۆشایی ئاسمان ئەنجامدا بە ناوی ئۆپەراسیۆنی (درەختی سنەوبەر) و چاودێرانی ئاسمانی بە سێ كەناڵی ڕادیۆیی و یەك كەناڵی تەلەفزیۆنی پەیوەندییان لەگەڵ گاگارین هەبوو.

لەگەڵ ئەوەی بەهۆی كێشەیەك لە موشەكەكە بۆ ماوەی دە خولەك لە ئاسمانی ئەفریقا دەخولایەوە و بە خێراییەكی زۆر بەرەو زەوی دەهاتەوە بەڵام خۆشبەختانە بەشی سوتەمەنییەكەی جیابوویەوە و موشەكەكە گەڕایەوە بۆ باری ئاسایی خۆی و یوری دوای ١٠٨ خولەك بە خێرایی ٢٧،٤٠٠ كم/ لە كاتژمێرێكدا جارێك بە دەوری زەویدا سوڕایەوە و گەڕایەوە بۆ سەر زەوی و لە شاری ساراتۆڤ نیشتەوە و هەموو یەكێتی سۆڤیەت و جیهانی تووشی شۆك و دڵخۆشی كرد.

دوای گەڕانەوە گاگارین بوو بە ئەستێرەیەكی جیهانی و وەك مرۆڤێكی گرنگ بانگهێشت كرا بۆ وڵاتەكانی : ئیتاڵیا و چیكۆسلۆڤاكیا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و پۆڵەندا و فەڕەنسا و بولگاریا و كوبا و غانا و میسڕ و هیندستان و ژاپۆن.

بەمەش یەکێتیی سۆڤیەت بووە یەکەمین وڵات مرۆڤ ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات.

چوونە سەر مانگ

ساڵی ١٩٥٩ یەکەمین کەشتی ئاسمانی کە گەیشتە سەر ڕووی مانگ بەبێ مرۆڤ کەشتی لونا ٢ ـی یەکێتیی سۆڤیەت بوو لە ١٣ـی ئەیلوولی ئەو ساڵەدا.

لەگەڵ ئەوەی یەکەمین کەسیش کە چووە بۆشایی ئاسمان ڕووسی بوو، بەڵام ئەمریکییەکان و دەزگای ناسا بۆ گەیاندنی مرۆڤ بۆ سەر ڕووی مانگ پێشکەوتن و لە ٢٠/٧/١٩٦٩ بەهۆی کەشتی ئەپۆلۆ ١١ـی ئەمریکا، کە پێکهاتبوو لە سێ کەشتیوانی ئاسمانی گەیشتنە سەر ڕووی مانگ و ئەمریکا بووە یەکەمین وڵات زانیاری لەسەر مانگ هەبێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بتوانێت مرۆڤ بنێرێتە ئەوێ.

کەشتیوانە ئەمریکییەکان بریتیبوون لە:

  • باز ئاڵدرین
  • نیل ئارمسترۆنگ
  • مایکڵ کۆڵۆنێز

جەنگی بەرازەکان و قەیرانی مووشەکە کووبیەکان

لەدوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن جۆن کێنەدی وەک سەرۆکی ئەمریکا، ڕووبەڕووی گەورەترین کێشە بوویەوە لە سەردەمی جەنگی سارددا، ئەویش دەوڵەتی کووبا بوو.

بۆ ڕووخاندنی ڤیدڵ کاسترۆی سەرۆکی نوێی کووبا کە شۆڕشێکی شیوعیانەی بەرپاکرد، کێنەدی فرمانی بە دەزگای هەواڵگری ناوەندی کرد بۆ ڕاهێنان و پڕچەککردنی ١٠٠٠ کەسی دوورخراوەی کووبی بۆ کووبا لە بەهاری ١٩٦١ بۆ ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "جەنگی دوورگەی بەرازەکان".

دوای ئەوەی هێرشەکە بە شێوەیەکی ئابڕووبەرانە شکستی هێنا، کێنەدی چەند هەوڵێکی کوشتنی کاسترۆی دا بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، هەر بۆیە کاسترۆ پەنای بردە بەر یەکێتیی سۆڤیەت و داوای هاوکاری ئابووری و سەربازی لێکرد.

خرۆچۆڤی سەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی سۆڤیەت ئەم هەلەی قۆستەوە و چەند بنکەیەکی لە کووبا جێگیر کرد کە دەیتوانی لەوێوە بۆمبی ئەتۆمی لە ئەمریکا بدات، لەبەر ئەوەش ئەمریکا هەستا بە گەمارۆکردنی کووبا و بەوەش گرژی و ئاڵۆزی بە شێوەیەکی مەترسیدار کەوتە نێوان هەردوو جەمسەری جیهان بۆ جارێکی دیکە.

دوای ئەوەی ئەمریکا بڕیاری کشاندنەوەی مووشەکەکانی لە تورکیا و لابردنی گەمارۆی سەر کووبای دا، خرۆچۆڤیش بڕیاری بە کشاندنەوەی مووشەکە ئەتۆمییەکان دا لە کووبا.

جەنگی ڤێتنام ١٩٥٥ – ١٩٧٥

جەنگی ڤێتنام کە بە شێوەیەکی گەورە لە ١٩٥٥ دەستی پێکرد، لایەنی باکووری ڤێتنام شیوعی و بەرەی باشووریش لەژێر دەستی ئیمپڕاتۆر و فەڕەنسییەکان بوو، ئەمریکا هەموو هەوڵێکی خۆی دا بۆ ئەوەی نەهێڵێت بەرەی باشوور شکست بهێنێت لەلایەن بەرەی باکوورەوە کە لەلایەن چین و یەکێتیی سۆڤیەت و کۆریای باکوورەوە هاوکاری دەکرا، بەهۆی ئەم جەنگەشەوە زیاتر لە ٢ ملیۆن کەس لەو جەنگەدا کوژران.

جەنگەکەش  بە بردنەوەی بەرەی باکووری ڤێتنام کۆتایی هات و بیری یەکێتیی سۆڤیەت لەدوای هێرشی ستراتیژی جەنگی دوورگەی بەرازەکان جارێکی دیکە شکستی بە ئەمریکا هێنا لە خاکی ڤێتنام و ئەوەش بووە گەورەترین شکستی سەدەی بیستی ئەمریکا، هەر بۆیە لە ساڵی ١٩٧٣ لە ڤێتنام کشایەوە.

جەنگی ئەفغانستان

ساڵی ١٩٨٠ و دوای گەمارۆی ئابووری بۆ سەر سۆڤیەت، یەکێتیی سۆڤیەت هێرشی کردە سەر وڵاتی ئەفغانستان و هەوڵی داگیرکردنی دا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی بە یارمەتیدانی ئابووری و چەک یارمەتی گرووپە ئیسلامییەکانیان دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سۆڤیەت، ئەو جەنگەش بووە یەکێک لە جەنگە شکستخواردووەکانی ڕووسییەکان و تێیدا کشانەوە.

بەڵام دواتر بەهۆی سەرهەڵدانی گرووپی جیهادی و تیرۆرستی و پڕچەکبوونیان لەلایەن ئەمریکاوە لە پێشتردا و دواتریش دەستگرتنیان بەسەر کەلوپەلی ڕووسەکان، بوونە مەترسی و چەند گرووپێکی وەک تاڵیبان لەوێ پەیدابوون.

ساڵانی هەشتاکان و نزیکبوونەوەی سۆڤیەت و ئەمریکا

دوای ئەوەی ساڵی ١٩٨٥ ئەنجوومەنی ناوەندی حیزبی شیوعی دەکەوێتە دەست میخائیل گۆرباچۆڤ، سیاسەتێکی نوێ دەستی پێدەکرێ و سیاسەتی ئابووری و پەیوەندی سیاسی هەموار دەکرێتەوە و ئەوەش دەبێتە کاڵبوونەوەی جەنگی سارد، بەهۆی تەقینەوەی چێڕنۆبڵ و ڕووخانی دیواری بەرلینەوە یەکێتیی سۆڤیەت و دەسەڵاتەکەی لاوازتر لە بەرچاو جیهان نیشاندەدرێن.

شۆڕش

هاوپەیمانی وارسۆ کە لە نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و ئەلبانیا و بولگاریا و ئەڵمانیای خۆرهەڵات و پۆڵەندا و چیکۆسلۆڤاکیا و ڕۆمانیا و مەجەر بوو، بە دەستپێکی ساڵی ١٩٨٩ ئەو وڵاتانە زۆرترین کێشەیان تێکەوت، پۆڵەندا لە ١٩٨٩ ڕێگای دا بە بەشداری ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنی وڵاتدا، حکوومەتی مەجەڕیش دەستی کرد بە دانووستان و ڕێکخستنی هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٠، لە هەریەک لە چیکۆسلۆڤاکیا و ئەڵمانیای خۆرهەڵاتدا شۆڕشی خەڵک و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی دژی شیوعیەت بووە هۆی کەوتنی سەرکردە شیوعییەکانی ئەو وڵاتانە، لە ١٩٨٩ دیواری بەرلین ڕووخێنرا و دوای ساڵێکیش هەردوو ئەڵمانیا لکێنرانەوە بە یەکەوە و یەکیانگرت، لە هەریەک لە بولگاریا و ڕۆمانیا شۆڕش و خۆپیشاندان حکوومەتی ڕووخاند، ئەم جیابوونەوانە بوونە هۆی ئەوەی دەوڵەتانی بەڵتیک کە لیتوانیا و ئیستۆنیا و لاتیڤیا دەگرێتەوە جیاببنەوە لە یەکێتیی سۆڤیەت، دواتریش کۆمارەکانی دیکە جیابوونەوە.

کۆتایی جەنگ

بەهۆی لاوازبوونی یەکێتیی سۆڤیەت و جیابوونەوەی پارچەکانی و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بەهۆی ئەوەی وادەردەکەوت بەهۆی سیاسەتی گۆرباچۆڤەوە یەکێتیی سۆڤیەت بەرەو ڕووخان دەڕوات، گێنادی یاناییڤ، سەرۆکی لیژنەی حاڵەتی فریاکەوتنی دەوڵەت و جێگری سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت لەگەڵ حەوت کەسی دیکەی حکوومەت، هەستان بە کودەتا دژی گۆرباچۆڤ و بەهۆیەوە لە ئابی ١٩٩١ سوپایان جوڵاند، بەڵام بەهۆی هاتنە ناوەوەی بۆریس یەڵتسن و داواکردن لە خۆپیشاندەران و کودەتاچیان بۆ وەستانیان، کودەتاکە پووچەڵ بوویەوە و ڕاگیرا و دەوڵەتی ڕووسیای فیدراڵی دامەزرا و بۆریس یەڵتسن بوو بە سەرۆکی وڵاتەکە، بەهۆی ئەوەی وڵاتەکە بە شێوەیەکی تەواو ڕووخابوو و نەدەکرا چارەسەر بکرێت و هەریەک لە دەوڵەتانی بەڵتیک و ئۆکرانیا جیابوونەوە، بە شێوەیەکی فەرمی لە ٢٦/١٢/١٩٩١ یەکێتیی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە بۆ ١٥ کۆماری جیا و دوابەدوای نەمانی یەکێتیی سۆڤیەتیش، جەنگی سارد بە کۆتا گەیشت.


سەرچاوەکان

3176 بینین