هەسارەی ئۆرانۆس

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-23-22:40:00 - کۆدی بابەت: 1513
هەسارەی ئۆرانۆس

ناوه‌ڕۆك

هەسارەی ئۆرانۆس

هەسارەی ئۆرانۆس حەوتەم هەسارەیە لە ڕووی دووریەوە لە خۆر، سێیەمە لە گەورەیی و چوارەمە لە ڕووی بارستایی لە نێو هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر، تێکڕای تیرەکەی ٥٠،٧٢٤ کیلۆمەترە، هەروەها بارستاییەکەی ١٤،٥ جار ئەوەندەی بارستایی گۆی زەوی دەبێت، بە ماوەی ٨٤ ساڵ خولێک بە دەوری خۆر دەسوڕێتەوە و ماوەی ١٧ کاتژمێر و ١٤ خولەک جارێک بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە.

بەرگە هەوایەکەی وەکو موشتەری زۆربەی لە گازی هایدرۆجین و هیلیۆم پێک دێت، بەڵام کریستاڵی ئاویشی تێداوە لە شێوەی بەفر، هەروەها گازی ئامۆنیا و میثانیشی تێدایە، بەرگە هەوای هەسارەی ئۆرانۆس نزمترین پلەی گەرمای هەیە لە نێو بەرگە هەواکانی کۆمەڵەی خۆر و پلەی گەرمیەکەی ٢٢٤ پلە لە ژێر سفرەوەیە، لەبەر ئەم هۆکارانەشە پێی دەووترێت دێوە بەفرینییەکە.
ئەو گازە ساردانەی بەرگە هەوای ئۆرانۆس هەوری چڕ و نزم پێک دێنن، سەر ڕووی هەسارەکەش هەندێکی بەردینیە و هەندێکی تریشی گازەکانە لە دۆخی بەستوو.

ئۆرانۆس وەکو زوحەل ئەڵقەیەکی هەیە بە دەوری بەڵام زۆر باریکترە، لە ڕاستیدا ئەڵقەکە لە ئەڵقەی زۆر باریکتر پێک دێت بە بەراورد کە پانیەکانیان لە چەند کیلۆمەترێک تێناپەڕێت.
هەسارەی ئۆرانۆس ٢٧ پاشکۆ یان مانگی هەیە، پێنج لەو پاشکۆیانە تا ڕادەیەک گەورەترن و ناوەکانیان بریتییە لە: میراندا، ئاریاڵ، ئەمبریەل، تیتانیا، ئۆبیرۆن.
مانگی تیتانیا لە هەموویان گەورەترە و  تیرەکەی ١٥٧٨ کیلۆمەترە، ئۆرانۆس بە بەراورد بە هەسارە گەورەکانی تری کۆمەڵەی خۆر مانگەکانی بچووکترن.


سەرچاوەکان



2252 بینین