دوای حەوتی ئێوارە نان مەخۆن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-12:40:00 - کۆدی بابەت: 1972
دوای حەوتی ئێوارە نان مەخۆن

ناوه‌ڕۆك

دوای حەوتی ئێوارە نان مەخۆن

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە خواردنی نانی ئێوارە لە ماوەی دوو کاژێری نووستن لە خواردنی خۆراکی سوێر زیانمەندترە.
لە توێژینەوەکەدا خەمڵاندن بۆ ٧٠٠ کەسی توشبوو بە بەرزی فشاری خوێن کراوە، لە ڕووی پێکهاتە و کاتی خواردنیانەوە.
توێژینەوەکە لە لایەن زانکۆیەکی تورکیەوە ئەنجام دراوە و تێیدا لێکۆڵینەوە کراوە لەسەر جۆری خواردن، بڕی خوێ لە خۆراکدا، نان (ژەم)ی بەیانی خوراوە یان نا و کەی ژەمی ئێوارە خوراوە؟
توێژیەوەکان بۆیان دەرکەوت خراپترین نەریتی خۆراک بۆ تووشبووانی بەرزی فشاری خوێن، ئەوەیە کە کەسەکە شەوان درەنگ ژەمێک بخوات.
پزیشکانی پسپۆڕی دڵ لە کۆنفرانسیکی زانستیی جیهانیی لە ئیتاڵیەوە گووتیان ئەو توێژینەوە نوێیە دەریدەخات ڕەنگە کاتی خواردنی ژەمەکان هێندەی پێکهاتەی ئەو ژەمانە گرنگ بێ.
توێژەرەکان بۆیان دەرکەوت نەریتی هەرە تەندروستانە ئەوەیە دوو ژەمی باش لە بەیانی و نیوەڕۆ بخورێن و ژەمی ئێوارەش سووکە ژەمێک بێ و بەر لە کاژیر حەوتی ئێوارە بخورێ.
بەرزی فشاری خوین گرفتێکی جیهانییە، بە جۆریک چواریەکی کەسانی پێگەیشتوو پێیەوە گرفتارن. نزیکەی ٤٠٪ی تووشبووان گرفتێکی سەرەکییان ئەوەیە شەوان فشاری خوێنیان بەرز دەبێتەوە و بە ئاسانی کۆنترۆڵ ناکرێ، ئەوەش ئەگەری توشبوونیان بە جەڵتەی دڵ و مێشک زۆر زیاد دەکات. توێژەرە تورکەکان بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی درەنگ ژەمی ئێوارە دەخۆن، دوو هێندەی ئەوانی دیکە ئەگەری ئەوەیان هەیە شەوان فشاری خوێنیان کۆنترۆڵ نەکرێ.
لە توێژینەوەکەدا ئەوانەی زوو ژەمی ئێوارە دەخۆن، ئەگەری توشبوونیان بە بەرزیی فشاری خوێن لە شەواندا ١٤،٢٪ بوو، کەچی ئەوانەی دەوروبەری ٢ کاژێر نووستن ژەمی ئێوارەیان خواردبوو، ئەو ئەگەرە تێیاندا ٢٤،٢٪ بوو.
لێکدانەوەی توێژەرەکان بۆ ئەو حاڵەتە ئەوەیە، خواردنی ژەمی ئێوارە لە کاتیکی درەنگدا، وا لە جەستە دەکات لە حالەتی هۆشداریدا بمێنێتەوە  و بڕێکی زۆر لە هۆرمۆنەکانی فشار دەربدات، ئەوەش فشاری خوێن بەرز دەکاتەوە. جگە لەوەش، درەنگکەوتنی ژەمی ئێوارە، دەبێتە هۆی تێکدانی کاتژمێری بایۆلۆجی جەستە.
لە توێژینەوەکەدا نەخواردنی نانی بەیانیش ڕۆڵی هەبووە لە کۆنترۆڵ نەبوونی فشاری خوێنی شەوان. ماڵپەڕی ئیندیپیندنت، ڤێرژنی ئێرلەندا، ئاماژەی بە توێژینەوە نوێیەکە کردووە.


سەرچاوەکان



555 بینین