کوشتنی بەهرە و تواناکانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-13:45:00 - کۆدی بابەت: 1979
کوشتنی بەهرە و تواناکانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

کوشتنی بەهرە و تواناکانی منداڵ

هیچ کەسێک، بە منداڵیشەوە نییە کە خاوەن بەهرە و توانای تایبەت بە خۆی نەبێت، جا ئەگەر توانرا گەشە بەو بەهرە و توانایانە بدرێت، ئەوا سوودێکی زۆر بۆ خودی ئەو کەسە و کۆمەڵگە دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەو بەهرە و توانایانە پشگوێ خران یان نادیدە گیران، ئەوا هەموو خودی کەسەکە، هەمیش کۆمەڵگە زەرەرمەدن دەبێت و ناتوانێ بۆ پێشکەوتن و سەرکەوتن و تێگەیشتن و پێگەیشتنی خۆی، سوود لە بەهرە و توانایانە وەربگرێ.
ئەڵبەتە هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە زۆرێک لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن بریتییە لە کوشتی بەهرە  و تواناکانی منداڵەکانیان، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • نا وشیاری و بێئاگایی دایک و باوک بەرامبەر منداڵ.
  • نزمی ئاستی زانستی دایک و باوک.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • بەهەڵە سەردەریکردن لەگەڵ منداڵ.
  • فەرامۆشکردن و پشتگوێ خستنی منداڵ.
  • لەبەرچاونەگرتنی بەهرە و تواناکانی منداڵ.
  • گەشەنەدان بە توانا و بەهرەکانی منداڵ.
  • تێرنەکردنی حەزە سەرەکیەکانی منداڵ.
  • ئاشنا نەبوون بە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ.
  • خۆدزینەوە لە ئەرک و بەرپرسیارییەتی.

هەموو ئەم هۆکارانە و هۆکارەکانی دیکەش، وا دەکات کە منداڵ نەتوانێ لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت و لە ژیانی خۆیدا سەرکەوتوو بێت و نەتوانێ پەرە بە بەهرە و توانای شارایەوە، بەڵام ئەوە دایک و باوک و ژینگەی خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگەیە کە وادەکات ئەو بەهرە و توانایە گەشە بکەن یان بمرن!
بێگومان ئەگەر پەرە بە بەهرە و تواناکانی منداڵ نەدرێت، زیانێکی زۆر بە خودی منداڵ و خێزان و کۆمەڵگە دەگەیەنێت، کە لە چەند خاڵێکدا دەخەمە ڕوو:

  • بەهرە و توانا ماتەوزەکانی منداڵ نادۆزرێتەوە و گەشەیان پێنادرێت، هەندێ جاریش دەگاتە ئاستی کوشتنی ئەو بەهرە و توانایە.
  • منداڵ لە بەهرە و توانا ڕاستەقینەکانی خۆی بێبەش دەبێت.
  • منداڵ لە ئەرک و کارەکانیدا سەرکەوتوو نابێت.
  • منداڵ ناتوانێ وەک پێویست پێشڤە بچێت و حەز و ئارەوزووەکانی بێنێتە دی.
  • منداڵ لە هاوڕێ بەهرەمەند و توانادارەکانی خۆی جێدەمێنێ.
  • منداڵ لە خوێندن سەرکەوتوو نابێت.
  • بە لەدەستدای توانا و بەهرەکانی منداڵ، خێزان و کۆمەڵگە زەرەرمەند دەبن.

چارەسەر کردنی ئەم هەڵەیە

پێویستە دایک و باوک ئەو ڕاستییە بزانن کە وا منداڵ وەک پەڕەیەکی سپی وایە، بۆیە هەر شتێکیان گەرەک بێت، دەتوانن تێیدا تۆماری بکەن، جا پێویستە ئەو دەرفەتە زێڕینە بقۆزنەوە و بە جددی هەوڵدەن پەی بە توانا و بەهرەکانی منداڵەکانیان ببەن و هەموو هۆکارێکی ماددی و مەعنەوی بگرە بەر بۆ گەشەدان بەو بەهرە و توانایانە، تاکو لەسەر قاچەکانیان بوەستن و بتوانن هەمبەر بە ئاستەنگەکانی ژیان خۆڕاگر بن و بەوپەڕی تواناوە بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو بنێن، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ئەم هەنگاوانە بهاوێژن:

  • بەخشینی خۆشەویستی بە منداڵ.
  • پەروەردە کردنی منداڵ بە شێوەیەکی زانستییانە.
  • پەی بردن بە توانا و بەهرەکانی منداڵ و دۆزینەوەی ئەو بەهرە و توانایانە.
  • سەردەریکردن لەگەڵ منداڵ بە شێوەیەکیت زانستیانە و بابەتیانە.
  • بەردەستکردنی گشت توانا ماددی و مەعنەوییەکان بۆ منداڵ.
  • دوورخستنەوەی منداڵ لە دۆست و هاوڕێی خراپ و لاسار.
  • پارازستنی مافەکانی منداڵ.
  • هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی.
  • خۆ دوورخستنەوە لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژ بەری منداڵ.
  • یارمەتیدانی منداڵ بۆ گەشەدان بە توانا و بەهرەکانی.
  • سوود وەرگرتن لە شارەزایی زانا و پسپۆڕانی پەروەردەیی.
  • خۆپاراستن لەسەرکۆنەکردنی منداڵ.

 


سەرچاوەکان



1069 بینین