ناوهڕۆك
خۆسەپاندن و تاکڕەوی دایک و باوک
هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە زۆرێک لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە خۆسەپاندن و تاکڕەوی ئەوان لە ماڵەوە، بە واتایەکی دیکە، هەندێ لە باوان لە ماڵەوە وەک دیکتاتۆر ڕەفتار دەکەن و کەسانی خۆسەپێن و تاکڕەون، واتە هەموو جۆرە دەسەڵاتێک قورغ دەکەن و گەم گەزیان پێیە.
ئەمەش بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە، لەوانە:
زۆربەی ئەو دایک و باوکانەی کە دەبنە دیکتاتۆر و خۆسەپێنەر، لە ژینگەیەکی جەور و ستەم و دیکتاتۆریەتیدا گەورە بوون و لە بنەماکانی هاوبەشی و بەرپرسیارییەتی و دادپەروەری و ئازادی و لێبوردەیی بێبەش بوون.
- هەبوونی دەروونێکی پڕ ڕق و قین و دڵڕەقی.
 - هەبوونی حەزی خۆسەپاندن و چەوساندنەوە.
 - هەبوونی حەزی خۆدەرخستن.
 - نەزانین و ناڕۆشنبیری.
 - نزمی ئاستی زانسی.
 - خراپی ڕەوشی ئابووری.
 - هەبوونی کێشەی ئابووری.
 - هەبوونی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی.
 
هەڵبەتە خۆسەپاندن و تاکڕەوی دایک و باوک، زیانێكی زۆر بە گەشەی منداڵ و خانەوادە و کۆمەڵگە دەگەیەنێت، گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:
- منداڵ هەست بە بێبەشی و جەور و ستەم دەکات.
 - منداڵ لە سۆز و میهرەبانی باوانی بێبەش دەبێت.
 - منداڵ کە گەورەبوو، هەمان ڕەفتاری دایک و باوکی بەرامبەر بە منداڵەکانی دووبارە دەکاتەوە و چآو لەوان دەکات.
 - ڕق و قینە لە دڵی منداڵدا دروست دەبێت.
 - بنەمای ڕآوێژ و دادپەروەری پێشێڵ دەکرێت.
 - ئەندامانی خێزان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتری سەردەری لەگەڵ یەکتری ناکەن.
 - منداڵ ناتوانێ پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت.
 - منداڵ بڕوا و متمانەی بە دایک و باوکی نامێنێت.
 - منداڵ کە گەورە بوو، بیر لە تۆڵەکردنەوە دەکاتەوە.
 - منداڵ لە ئایندەدا سەرکەوتوو نابێت.
 
چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
بۆ ئەوەی دایک و باوک نەکەونە داو و هەڵە و تەڵەی خۆسەپاندن و تاکڕەوی و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە سەردەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، دەبێ ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:
- خۆیان لە توندوتیژی و زەبر و زەنگ بپارێزن.
 - بە شێوەیەکی دادپەروەرانە سەردەری لەگەڵ گشت منداڵەکانیان بکەن و جیاکاری لە نێوانیاندا نەکەن.
 - دەبێ باوان ئاشنا بن بە بنەماکانی زانستی و پەروەردەیی.
 - دەبێ باوان خۆیان بەدوور بگرن لە تۆڵەسەندنەوە و ڕق و قین.
 - دەبێ کارەکان بە پرس و ڕاوێژ ئەنجام بدەن.
 - دەبێ هەست بە بەرپرسیارییەتی بکەن.
 - دەبێ دەسەڵاتەکان دابەش بکەن و بەپێی توانا و تەمەن دەسەڵات بە منداڵەکانیان ببەخشن.
 - دەبێ مافی منداڵەکان بپارێزن، بە تایبەتی مافی ئازادی و مافی ڕادەربڕین و مافی بەرگری لە خۆکردن و مافی وەڵامدانەوە و مافی داواکاری و مافی خوێندن و مافی ژیان بە شێوەیەکی شکۆمەندانە و دوور لە هەموو جۆرە جەور و چەوساندنەوەیەک.