تەرخان نەکردنی کاتی پێویست بۆ منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-06-21:29:00 - کۆدی بابەت: 2044
تەرخان نەکردنی کاتی پێویست بۆ منداڵ

ناوه‌ڕۆك

تەرخاننەکردنی کاتی پێویست بۆ منداڵ

دابەشکردنی کات بە شێوەیەکی هاوسەنگ بەسەر ئەرکەکاندا، کارێکی زێدە گرنگە، چونکە هاوسەنگی نێوان (کات و کار) دەپارێزێ و هەموو شتێک بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و ئاسایی بەڕێوە دەچێت.
بەڵام مخابن زۆر کەس، بە تایبەتی دایکان و باوکان ئەم هاوسەنگییە ناپارێزن و بەپێی پێویستییەکانی ژیان، کات بەسەر کارەکاندا دابەش ناکەن.
ئەمەش وا دەکات کە کارەکانی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بەڕێوە بچن و ئامامجئ خۆیان نەپێکن.
هەموومان، بە دایک و باوکەکانیشەوە، کاتمان زۆرە بۆ ئیش و بازاڕ و گەشت و سەیران و گەڕان و دانیستن بە دیار درامان و فیلمە سینەماییەکانەوە، بەڵام کاتمان نییە بۆ ئەوەی کاتژمێرێک لەگەڵ، منداڵەکانمان دابنیشین و پێکەوە جڤینێکی دۆستانە ساز بکەین و لەسەر زۆرێک لە بابەت و تەوەرە گرنگەکانی ڤیان و ژیان و دانوستان بکەین و بیروڕا بگۆڕینەوە.
بۆیە هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە تەرخاننەکردنی کاتی پێویست بۆ منداڵەکانیان، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • فرە کاری دایک و باوک و سەرقاڵبوونیان بە چەند کارێکەوە.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • بێباکی و خەمساردی.
  • نەزانین و بێئاگایی.
  • نزمی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی دایک و باوک.
  • چاوچنۆکی و، ڕاکردن بە دوای کۆکردنەوەی پارە و ساماندا.
  • پەی نەبردن بە گرنگی و تەرخانکردنی کات بۆ منداڵ.

ئەڵبەتە تەرخان نەکردنی کاتی پێویست بۆ منداڵ لە لایەن دایک و باوکانەوە، زیانێکی زۆر بە منداڵ دەگەیەنێت، بە تایبەتی لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

  • منداڵ بەڕەڵا دەبێ و دەبێتە منداڵی کۆڵان و شەقامەکان.
  • هاوڕێیەتی ڕەفیقی خراپ دەکات.
  • دووچاری کاری نابەجێ و ناشیاو دەبێ: وەک دزی و بەدڕەوشتی و لاساری و ...تد.
  • خۆی لە بەرپرسیارەتی دەدزێتەوە و هەست بە بەرپرسیاریەتی ناکات.
  • دووچاری گرفتی کەسی و خێزانی و کۆمەڵایەتی دەبێت.
  • بێبەش دەبێ لە سۆز و خۆشەویستی دایک و باوک.
  • بە شێوەیەکی خراپ پەروەردە دەبێت.
  • منداڵ ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی کاتی خۆی لە دەرەوە لەگەڵ هاوڕێیانی بەسەرببات.
  • ناتوانێ پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت.
  • لە خوێندن دوا دەکەوێ و هەندێ جار واز لە خوێندن دەهێنێ.
  • لە ژیاندا ڕووبەڕووی شکستگەلێک دەبێ و سەرکەوتوو نابێ.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایک و باوک کاتی خۆیان بە منداڵ ببەخشن و منداڵیش سوود لە کاتی دایک و باوکی وەربگرێت، دەبێ ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێت:

  • هەبوونی پلانی پێشوەختە، بۆ ئەم مەبەستە.
  • دەبێ کۆبوونەوەکان و دانیشتنەکان ئامانجدار بن.
  • دەبێ دایک و باوک پێشتر لەسەر ناوەڕۆکی دانیشتنەکە ڕێکبکەون.
  • ئەگەر دایکان و باوکان کاتیان دیاری کرد، باشتر وایە پابەند بن بە بەڵێنەکانیانەوە.
  • دەبێ لە دانیشتنەکاندا دانوستان و گفتوگۆیەکی هێمنانە لەسەر بابەتەکان بکرێت و منداڵ مەفی قسەکردن و ڕادەربڕینی هەبێت.
  • دەبێ هانی منداڵەکان بدرێت بۆ ئەوەی گوزارشت لە بیروڕاکانیان بکەن و ئەوەی لە ناخیاندا هەیە بخەنە ڕوو.


سەرچاوەکان



1034 بینین