قسە پێبڕینی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-06-22:18:00 - کۆدی بابەت: 2051
قسە پێبڕینی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

قسە پێبڕینی منداڵ

هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە قسە پێبڕینی منداڵ  لە کاتی ئاخاوتندا، واتە هەندێ دایک و باوک ڕێگە بە منداڵەکانیان نادەن قسە بکەن، یان لەمیانەی قسەکردندا، قسەیان پێ دەبڕن و کڕ و بێدەنگیان دەکەن، ئەمەش کارێکی ناپەروەردەیی و ناتەندروستە، هۆکارەکەیشی بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:

  • لاوازی ئاستی زانستی دایک و باوک.
  • ئاشنا نەبوونیان بە چەمکە زانستی و پەروەردەییەکان.
  • بەکارهێنانی توندوتیژی.
  • زاڵبوونی هەستی خۆسەپاندن لە ناخیاندا.
  • هەبوونی هەستی تۆڵەسەندنەوە.
  • ئاشنا نەبوون بە مافەکانی منداڵ و چەمکی مرۆڤدۆستی و مرۆڤپەروەری.
  • هەبوونی بگرە و بەردە و کێشەی خێزانی.

ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوک هەمیشە ڕێگرن بن لە قسەکردنی منداڵ و بەردەوام قسەی پێ ببڕن، بە تایبەتی لە ناو دۆست و هاوڕێ و خزم و کەسەکانیدا، ئەو منداڵە لە ژیانی خۆیدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی ئاڵۆز دەبێتەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

  • هەست بە ستەم و ژێردەستەیی دەکات.
  • ناتوانێ گوزارشت لە ناخی خۆی بکات.
  • هەمیشە مافی پێشێل دەکرێت.
  • ڕقی لە دایک و باوکی دەبێتەوە.
  • کەسێکی شەرمنی لێ دەردەچێت.
  • مرۆڤێکی گۆشەگیر و دوورەپەرێز دەبێت.
  • ناتوانێ پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت.
  • لە ژیانی خۆیدا سەرکەوتوو نابێت.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایکان و باوکان بە شێوەیەکی پەروەردەییانە سەرەدەری لەگەڵ منداڵ بکەن و خۆیان بەدوور بگرن لە قسە پێ بڕینی منداڵ و دەمکوتکردنی، دەبێ ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:

  • دەبێ دایک و باوکەکان خۆ بەدوور بگرن لە قسە پێبڕینی منداڵ.
  • دەبێ ڕێز لە مافی دەربڕین (ئاخاوتن) بگرن، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە منداڵیش بێت.
  • دەبێ ڕێز لە شکۆ و کەسایەتی منداڵ بگرن.
  • دەبێ خۆیان بەدوور بگرن لە شکاندنەوە و تەریقکردنەوەی منداڵ، بە تایبەتی لە پێش چاوی ئەوانی دیکە.
  • دەبێ منداڵ لەسەر ئەوە ڕابهێنن کە بە نۆرە قسە بکات و لە کات و شوێنی خۆیدا بێتەگۆ.
  • دەبێ منداڵ لەسەر ئەوە ڕام بکرێت کە مافی ئەوانی دیکە پێشێل نەکات بە تایبەتی لە کاتی قسەکردندا.
  • دەبێ دایک و باوک بزانن کە قسەکردن ئادابی تایبەت بە خۆی هەیە و دەبێ ئەو ئادابانە لەبەرچاو بگیرێن، وەک قسەنەبڕین، بەنۆرە قسەکردن، قسەلەقسە نەدان، ڕوو وەرنەگێڕان لە کاتی قسەکردن و بە چاکی گوێگرتن و گوێ شلکردن ... تاد.
  • فراوانکردنی مەودای ئازادی دەربڕین بۆ گشت ئەندامانی خێزان بە منداڵانیشەوە.

 


سەرچاوەکان



856 بینین