خۆدزینەوە لە وەڵامی پرسیارەکانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-07-22:25:00 - کۆدی بابەت: 2075
خۆدزینەوە لە وەڵامی پرسیارەکانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

خۆدزینەوە لە وەڵامی پرسیارەکانی منداڵ

هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە خۆدزینەوەیان لە وەڵامی پرسیارەکانی منداڵەکانیان، واتە، دایک و باوکی وا هەیە، کاتێ منداڵەکانیان پرسیاری لێ دەکەن، تاقەتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان نییە، یان نایانەوێ وەڵامیان بدەنەوە، یاخود نازانن وەڵامیان بدەنەوە، لە هەموو حاڵەتێکیشدا، وەڵامنەدانەوەی پرسیارەکانیان، پرسیاری لای خودی منداڵەکان دروست دەکات، ئەخۆ بۆچی وەلاممان نادەنەوە و خۆیان لە پرسیارەکانمان دەبوێرێن؟!!
ئەڵبەتە هەموو منداڵێک لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانیدا کۆمەڵێک پرسیاری جۆراوجۆری لا دروست دەبێت و حەز دەکات وەڵامی ئەو پرسیارایە لە دایک و باوکی دەست کەوێت، بە تایبەتی لە تەمەنی زوودا، چونکە پێی وایە دایک و باوکی هەموو شتێک دەزانن!!

جۆرەکانی پرسیارکردنی منداڵ

ئەڵبەتە ئەو پرسیارانەش جۆراوجۆردن، لەوانە:

پرسیار لەبارەی ناولێنراوەکان

منداڵ حەزی لێیە لە بارەی ناوی مرۆڤەکان یان شتەکان یان ئاژەڵەکان یان باڵندەکان و ... پرسیار بکات و شتی نوێ بزانێت.

پرسیار لە بارەی کات و شوێنەکان

منداڵ کە دەچێتە شوێنێک، حەز دەکات ناوی ئەو شوێنە بزانێت، بۆیە هەمیشە هەنگاو بە هەنگاو لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی دایکی یان باوکی بپرسێت ئێرە کوێیە، ناوی چییە؟ یان کاتێ شەو دیت یان خۆر هەڵدێت، یان ئەستێرەکان لە ئاسماندا دەدرەوشێنەوە، یان مانگ بە شێوە و شوکلی جیاجیا دەبینرێت، حەز دەکا بزانێت هەموو ئەم گۆڕانکارییە بۆچی و لە پای چی؟!

پرسیار لە دەستخستنی زانیاری

مندڵ هەمیشە حەزی لە زانیاری نوێیە، واتە، دەیەوێ لە ڕێگەی پرسیارگەلێکەوە، زۆرترین زانیاری کۆنەکاتەوە و لای خۆی گلداتەوە، بۆیە لە پرسیارکردن شەکەت نابێ و تا دەفەتی پێ بدرێت، ئەو بەردەوام دەپرسێ ...

پرسیاری خۆپاراستن

زۆرجار منداڵ حەز دەکات لەبارەی هەندێ شتەوە کە لێی نازانێ یان لێی دەترسێ یان لێی نیگەرانە، لە دایک و باوکی بپرسێ و زانیاری نوێ دەستبخات، بۆ ئەوەی خۆی لەو شتگەلانە بپارێزێت، یان دڵی ئاو بخواتەوە و خاتجەم بێت. بۆ نموونە حەز دەکات بزانێت زیانەکانی هەورەتریشقە چییە؟ یان ئۆتۆمبێ بۆق لێدەدات؟ یان بۆچی لە وەرزی زستان ئاو هەڵدەستێت و ...تاد.

پرسیاری فزوولی و مایتێکەری

هەندێ جار منداڵ فزوولی و مایتێکەری دەکات و سوور دەزانێت ئەو بابەتە پەیوەندی بە خۆیەوە نییە، بەڵام حەز دەکات دەست لەو کارە وەربدات، بۆیە لە ڕێی پرسیارکردنەوە، لە دەرگای ئەو بابەتە دەدات!

پرسیاری وروژاندن

زۆر جار منداڵ هەندێ پرسیار دەوروژێنێ و حەز دەکات لەو ڕێگەیەوە ڕا و بۆچوونی دایک و باوکی بزانێ و وەڵامێکی ڕاستی دەستکەوێت، بۆ نموونە لە دایک و باوکی دەپرسێت: بۆچی ناچینە دهۆک، یان سلێمانی؟ یان بۆچی فڵان یان فیسار کەس سەردانی ماڵمان ناکات؟

پرسیاری تاقیکردنەوە

زۆرجار منداڵ حەز دەکات کەسانی دەوروبەری خۆی، بە تایبەتی دایک و باوکی تاقی بکاتەوە ئاخۆ دەزانن یان نا، بۆیە پرسیارگەلێک ئاراستەیان دەکات و دەیەوێ گوێبیستی ئەوان بێت، ئاخۆ بە ڕاستی وەڵامی دەدەنەوە، یان زانیارییەکانی لێ دەشارنەوە.
بۆۆ نموونە منداڵ لە ڕێی کەسێکی نزیک لە خۆیەوە هەواڵێکی زانیوە، بۆیە کە هاتە ماڵەوە، لە دایکی یان باوکی یان خوشک و براکانی دەپرسێ: ئایا ئەم شتە ڕوویداوە یان نا؟ لە بنەڕەتدا ئەو دەیزانی شتەکە ڕوویداوە، بەڵام دەیەوێ تاقییان بکاتەوە و لە ڕاستی و دروستی هەواڵەکە دڵنیا و خاترجەم بێت.
هەروەها شێوازی پرسیارکردنی منداڵان، لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە جیاوازە، بۆ نموونە: لە قۆناغی منداڵیدا، بە تایبەتی لە تەمەنی (٢-٥) ساڵی، منداڵ حەز دەکات بزانێت لە هەرچوار دەوری چی دەگوزەرێت؟ بۆیە پرسیار لەبارەی ئەو شتانەوە دەکات کە لێی دەترسێت وەک: شەو، هەورە تریشقە، گڤە گڤی با، ژیان، مردن، فریشتە، شەیتان، جنۆکە، یان حەز دەکات لە بارەی هەندێ ناو یان شت یاخود ڕووداو، زانیاری وەربگرێ، وەک: جیاوازی نێوان نێر و مێ، سکپڕی دایک، چۆنیەتی پەیدابوونی منداڵ، هەروەها زۆر جار دەپرستن خوا لە کوێیە؟ یان باران چۆن دەبارێت و ...تاد.
لەسەر هەموو ئەو پرسیارانەش، حەز دەکات وەڵامی دەستکەوێت.
یاخود لە قۆناغی هەرزەکاریدا: کچ و کوڕە هەرزەکارەکان پرسیار لە بارەی هەراش (باڵغ) بوون، سووڕی مانگانە، گۆڕانکاری جەستەیی، شووکردن و ژنهێنان، قەد و باڵا و درێژی و بەرزی، جۆری ڕەنگەکانی جلوبەرگ و ... دەکەن و حەز دەکەن ئەو وەڵامانەیان لە دایک و باوکەکایان دەستکەوێت، بەڵام زۆرێک لە دایکان و باوکان خۆیان لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دەدزنەوە، جا چ بە ئەنقەست بێت یان بە نەزانین بێت.
ئەڵبەتە ئەمەش بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دگەڕێتەوە، لەوانە:

  • ئەو جۆرە دایک و باوکانە پرسیارەکانی منداڵ بە هەند وەرناگرن.
  • هەندێ جار بە دەست ئەو جۆرە پرسیارانەوە وەرەس دەبن و فەرامۆشی دەکەن.
  • زۆرجار بە پێویستی نازانن وەڵامی منداڵەکانیان بدەنەوە.
  • هەندێ جار دایک و باوک بەهۆی سەرقاڵییەوە دەرفەتی ئەوەیان نییە بە وردی گوێ لە وەڵامی پرسیارەکانی منداڵەکانیان بگرن و وەڵامیان بدەنەوە.
  • نەخوێندەواری و نزمی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی دایک و باوک.

زیانەکانی خۆ دزینەوە لە پرسیارەکانی منداڵ

ئەگەر دایک و باوک بەردەوام بن لەسەر هەڵەی خۆیان و خۆیان لە پرسیارەکانی منداڵەکانیان بدزنەوە، نەک هەر تەنیا منداڵەکانیان، بگرە خۆیان و کۆمەڵگەش زەرەر دەکات، چونکە زۆر جار حەزی لە زانین و فێروون وا لە منداڵەکان دەکات، بیر لە ڕێگەی دیکە بکەنەوە، بۆ ئەوەی زانیاری نوێ دەستبخەن، یەکێک لەو ڕێگەیانەش ئینتەرنێتە، یان هاوڕێیە، یان پەرتووکەکانی تایبەتمەندە بەو بوارە.
بۆیە خۆدزینەوە دایکان و باوکان لە پرسیارەکانی منداڵەکانیان، زیانێکی زۆر بە خودی منداڵ و خێزان و کۆمەڵگە دەگەیەنێت، لەو زیانانە:

  • منداڵ پێی وایە دایک و باوکی هەموو شێک لە بارەی ژیانەوە دەزانن، بۆیە کە دەبینێ وەڵامی نادەنەوە، دووچاری بەدگومانی دەبێت و بڕوا و متمانەی بەوان نامێنێ، یاخود وا هەست دەکات کە دایک و باوکی وەڵامی پرسیارەکانی دەزانن، بەڵام خۆیان لە گێلی دەدەن و حیسابی بۆ ناکەن، ئەمەش وا دەکات کە بۆ دەستکەوتنی وەڵامەکانی، پەنا بۆ کەسانی دیکە ببات لە دەرەوەی ژینگەی خێزان.
  • بەربەست لە ڕێی گەشەکردنی منداڵ دروست دەبێت.
  • منداڵ بە ترسەوە پرسیار دەکات.
  • منداڵ بەهۆی دەستنەکەوتنی وەڵام، دووچاری جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێ دەبێت.
  • کاریگەرییەکی نارێنی لەسەر گەشەی منداڵ جێدێڵێ، بە تایبەتی گەشەی هزری و زانستی.
  • پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵ بەرەو ساردی و سڕی دەچێت.
  • ئەم جۆرە دایک و باوکە، منداڵی خۆیان خۆیان لە زۆر زانیاری و شتگەل بێبەش دەکەن، کە ڕۆژانە پێویستی پێیەتی فێری ببێت.
  • منداڵ هەست بە خۆبەکەمزانین دەکات.
  • منداڵ لە ژیانی خۆیدا، دووچاری ئاستەنگ و کێشە دەبێتەوە.
  • منداڵ بە شێوەیەکی ناتەندروست سەرەدەری لەگەڵ زۆر بابەتدا دەکات و زیان بە خۆی و خێزانی و کۆمەڵگە دەگەیەنێت.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

  • دەبێ دایک و باوک ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە بزانن کە وا پرسیارکردنی منداڵ لە قۆناغە جیاجیاکاندا، نەک هەر شتێکی ئاساییە، بەڵکو پێویستیشە، چونکە ئەم ڕەمەک (غەریزە)یە لە هەموو کەسێکدا هەیە و دەبێ منداڵ لە ڕێگەی پرسیارکردنەوە ڕەمەکی خۆی تێر بکات، ئەگەر نا، زیانی پێدەگات،
    جا بۆ ئەوەی دایک و باوک بە شێوەیەکی تەندروست سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، دەبێ ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:
  • دەبێ دایک و باوکەکان ئاشنا بن بە سروشت و قۆناغەکانی گەشەی منداڵەکانیان.
  • دەبێ دایک و باوک بزانن چۆن و بە چ شێوازێک وەڵامی پرسیاری منداڵەکانین دەدەنەوە، واتە، نابێ منداڵەکانیان لەسەر پرسیارەکان سەرکۆنە بکرێن یان تەریق بکرێنەوە یان توندوتیژییان بەرامبەر بەکار بهێنرێت، یان وا خۆیان نیشان بدەن کە نازنن، یان بە هەڵە و ناڕآست وەڵامیان بدەنەوە، تاکو زیان بە منداڵ و ئەو پەیوەندی و سۆز و خۆشەویستییە نەکەوێت کە لە نێوانیاندا هەیە، هەروەها دەبێ پرسیارەکان پۆلێبەندی بکرێت: بۆ نموونە پرسیار هەیە پێویستە وەڵام بدرێتەوە، پرسیار هەیە بە حیکمەت و لێزانی و هەستیاری وەڵام بدرێتەوە، پرسیار هەیە دەکرێ دواتر وەڵامی بدرێتەوە، پرسیار هەیە  دەکری هەر وەڵامی نەدرێتەوە. بەڵام دەبێ لە ڕێگەی دانوستاندنەوە قەناعەت بۆ منداڵ دروست بکرێت، پرسیاریش هەیە ڕەنگە بە زەحمەت وەڵام بدرێتەوە، بۆیە دەکرێ تەنیا وەڵامێکی کورت و پوختی منداڵ بدرێتەوە، بۆیە دەبێ دایک و باوکەکان خۆیان بۆ هەموو ئەم سیناریۆیانە ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بەبێ زیان لەم هەلومەrجە تێپەڕێنن... 
  • دەبێ دایک و باوکەکان بزانن پرسیارکردن بۆ منداڵ هەم ڕەمەکە، هەمیش پێویستی، زۆرجاریش تام و چێژی لێ وەردەگرێت، بۆیە دەبێ بە شێوەیەکی زانستییانە و بابەتییانە سەرەدەری لەگەڵدا بکرێت.
  • دەبێ هەموو دایک و باکوێك لە قۆناغە جیاجیاکاندا، خۆی بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی منداڵەکانیان، ئامادە بکەن.
  • دەبێ دایک و باوک ئآشنا بن بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • دەبێ دایک و باوک لە کاتی پێویستی سوود لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ وەربگرن.
  • دەبێ دایک و باوک لە سەرەدەریکردنیاندا، تا ئەوپەڕی توانا ئەرام و دانبەخۆداگر بن، لەم بارەیەوە بەسەرهاتێکی ڕآستەقینە هەیە، لەسەر ئارامی باوکێك، کەوا چۆن لە هەمبەر پرسیارەکانی کوڕو بچکۆلانەکەی، دانی بە خۆدا گرتووە، بەسەرهاتەکە ئاوایە: باوک، تەمەنی ٨٥ ساڵ بوو، کوڕەکەیشی تەمەنی ٤٥ ساڵ بوو، کوڕەکەیشی تەمەنی ٤٥ ساڵ بوو، ڕۆژێک هەردووکیان لە ماڵەوە بوون، قەلەڕەشێک هاتە سەر داری حەوشەکەیان، باوکەکە پرسیاری لە کوڕەکەی کرد،: ڕۆڵە ئەمە چ باڵندەیەکە؟
    کوڕ: بابەگیان ئەوە قەلەڕەشە!
    باوک دووبارە پرسیاری کردەوە، ڕۆڵە ئەوە چ باڵندەیەکە؟!!
    کوڕ: بابە ئەوە قەڵەڕەشە!
    پاش کەمێک، دیسان باوکەکە پرسیارەکەی سێبارە کردەوە؟
    کوڕەکەی تووڕە بوو و ئارامی لێ بڕا و دەنگی هەڵبڕی و هاواری کرد: بابە ئەوە چەند جارە پێت دەڵێن ئەمە قەلەڕەشە.. قەلەڕەش.. بۆ تێناگەیت؟!
    ئینجا باوکەکەی هەستا و ڕۆشتە ژوورەکەی خۆی و دەفتەر یاداشتەکانی خۆی دەر‌هێنا، کە بەسەرهاتەکانی تێدا تۆمار کردبوو.
    لاپەڕەکانی هەڵدایەوە، تا گەیشتە ئەو لاپەڕەیەی کە مەبەستی بوو، ئینجا داوای لە کوڕەکەی کرد، کە بە دەنگی بەرز بۆی بخوێنێتەوە!
    کوڕەکە دەستی بە خوێندنەوەی یاداشتی باوکی کرد: ئەمڕۆ کوڕم تەمەنی سێ ساڵ تەواو دەکات، هەردووکمان لە ناو حەوشەی ماڵەکەماندا دانیشتبووین، قەلەڕەشێک لەسەر یەکێک لە دارەکانی حەوشەکەمان نیشتەوە، کوڕەکەم پرسیاری لێ کردم:
    بابە ناوی ئەم باڵندەیە چییە؟
    منیش بە هێمنی وتم: ڕۆڵە گیان ئەوە قەلەڕەشە!
    دیسان پرسیاری کردەوە، ناوی ئەم باڵندەیە چییە؟
    دیسان لەسەرەخۆ و بە هێمنی وەڵامم دایەوە، ڕۆڵە گیان ئەوە قەلەڕەشە
    کوڕەکەم (٢٣) جار هەمان پرسیاری دووبارەی کردەوە و هەر وتی: ناوی ئەم باڵندەیە چییە؟
    منیش لەسەرخۆ و بە پێکەنینەوە، (٢٣) جار وەڵامی کوڕەکەمم دایەوە و لە باوەشم گرت و ماچم کرد و تێمگەیاند کە ئەوە قەلەڕەشە!!
    کاتێ کوڕەکە لە خوێندنەوەی یاداشتەکە تەواو بوو..
    زۆر شەرمەزار بوو، ئەوسا هەستی کرد کە جیاوازی نێوان باوک بوون و کوڕبوون چییە!!


سەرچاوەکان



886 بینین