بەرتیلدان بە منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-08-22:32:00 - کۆدی بابەت: 2097
بەرتیلدان بە منداڵ

ناوه‌ڕۆك

بەرتیلدان بە منداڵ

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە بەرتیلدان بە منداڵ، واتە، ئەو جۆرە دایک و باوکانە، کاتێ هەندێ لە کارەکانی ماڵەوە، یان بازاڕ بە منداڵ دەسپێرن، پارە و بەرتیلی پێدەدەن و پێی دەڵێن: ئەگەر ئەو کارەمان بۆ بکەیت، ئەوا ئەوە و ئەوت دەدەینێ، بەمەش منداڵ فێرە بەرتیل وەرگرتن دەبێت و لە ئایندەدا هەر کارێکی پێ بسپێرن، داوای پارە و ئیمتیازات لە دایک و باوکی دەکات!!
ئەم هەڵەیەی دایک و باوکیش بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • لاوازی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • بێباکی و خەمساردی.
  • شارەزا نەبوون بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • چاولێگەری و لاسایی کردنەوەی خەڵکانی دیکە.
  • نازاندنی منداڵ.
  • ڕانەهێنانی منداڵ لەسەر وەرگرتنی بەرپرسیارییەتی.
  • ئاشنا نەکردنی منداڵ بە ئەرک و کارەکانی.
  • هان نەدانی منداڵ بۆ ئەنجامدانی کارەکانی بە بێ بەرامبەر.
  • نەبوونی توانای کونترۆڵکردن و ئاڕاستەکردنی منداڵ بە شێوەیەکی تەندروست.
  • ئەم جۆرە دایک و باوکە زیاد لە پێویست دڵنەرم و بەسۆز  ودلۆڤانن.
  • بیر لە ئایندەی منداڵەکانیان ناکەنەوە.

زیانەکانی ئەم هەڵەیە

 
ئەگەر دایک و باوک هەر سوور و ڕژد بن لەسەر ئەم هەڵەیە و هەر لە منداڵییەوە منداڵەکانیان فێرە بەرتیلخۆری بکەن و بۆ ئەنجامدانی هەر کارێکی گەورە یان بچووک، کەم یان زۆر، بەرتیلێکی پێ بدەن، زیانێکی زێدە زۆر لە خودی منداڵەکە و دایک و باوکی و خێزان و کۆمەڵگەش دەگەیەنێت، کە  گرنگترینیان ئەمانەن:

  • منداڵ هەست بە بەرپرسیارییەتی ناکات.
  • منداڵ بە شێوەیەکی ناتەندروست پەروەردە دەبێت.
  • باری شانی دایک و باوکەکە قورس دەبێت.
  • منداڵ کە گەورەبوو، بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک، چاوی لەوە دەبێت لە بەرامبەردا بەرتیلێک وەربگرێت.
  • ئەم کارە دەبێتە نەریتێکی باو و ناپەسەند لە کۆمەڵگەدا.
  • ئەندامانی دیکەی خێزان فێرە هەمان کاری ناپەسەند دەبن.
  • هۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەی پەتای بەرتیلدان و بەرتیلخۆری.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایک و باوک دووچاری ئەم هەڵەیە نەبن و بەرتیل بە منداڵەکانیان نەدەن و لەو کارە ناپەسەندە دوورکەونەوە، دەبێ ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:

  • پێویستە ئاشنا بن بە ئەرک و کارەکانیان.
  • گەرەکە هەست بە بەرپرسیارییەتی بکەن.
  • دەبێ ئاشنا بن بە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ.
  • دەبێ ئاشنا بن بە بنەما زانستیی و پەروەردەییەکان و بە شێوەیەکی زانستییانە و پەروەردەییانە سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن،
  • هاوسەنگی نێوان ئەرک و مافەکان بپارێزن.
  • لە قۆناغە جیاجیاکاندا، بەپێی ئەو توانا و هێزەی کە منداڵەکانیان هەیانە، ئەرک و بەرپرسیارییەتییان پێ ببەخشن.
  • نابێ هەمبەر هەر کارێک کە منداڵ ئەنجامی دەدات، بێتە پاداشت و خەڵات کردن، چونکە فێرە بەرتیلخۆری دەبێت و کە گەورە بوو، بە ئاسانی واز لەو خووە ناپەسەندە ناهێنێ.
  • پێویستە هەماهەنگی و پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان دایک و باوکەکاندا هەبێت.
  • دەبێ دایک و باوک خۆیان لە هەڵوێست و کاری هاودژ بپارێزن، بە تایبەتی لە حزوری منداڵەکانیاندا.
  • دەبێ دایک و باوک هەر لە سەرەتاوە لەسەر ئەوە ڕابێنن کە ببێتە کەسێکی ئەرکپارێز و بەرپرسیارییەتی وەرگر و هەست بە بەرپرسیارییەتی بکات.
  • دەبێ خۆیان لە بەناز پەروەردەکردنی منداڵ بپارێزن.
  • دەبێ بە ئەندازە پارە بە منداڵ بدرێت، واتە، نە هێندە زۆر پارە بەسەردا هەڵبڕێژن، کە بە لاڕێدا بڕوا و ببێتە کەسێکی سەرەڕۆ، نە هێندەش کەم بێت، کە چاوی لە دەستی ئەم و ئەو بێت و هەست بە زەلیلی بکات، یان پەنا بۆ دزیکردن ببات.
  • دەبێ دایک و باوک خۆیان لە چاولێکەری کوێرانە بەدوور بگرن.

 


سەرچاوەکان



630 بینین