پشتبەستن بە کەسانی دیکە لە پەروەردە و فێرکردن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-10-19:28:00 - کۆدی بابەت: 2130
پشتبەستن بە کەسانی دیکە لە پەروەردە و فێرکردن

ناوه‌ڕۆك

پشتبەستن بە کەسانی دیکە لە پەروەردە و فێرکردنی منداڵدا

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە پشتبەستن بە کەسانی دیکە لە پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان.

واتە هەندێ لە دایکان و باوکان، بە پاساوی فرەکاتی، یان دوورکەوتنەوە لە ماڵەوە، یان نەخۆشی یاخود نەبوونی دەسەڵات بەسەر منداڵەکانیان و ...تاد. خۆیان لە ئەرکی پیرۆزی پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان دەدزنەوە و ئەم ئەرکە قورسە لەسەر شانی خۆیان هەڵدەگرن و دەیخەنە سەر شانی ئەسانی دیکەی وە: باپیرە، مام، خاڵ و مامۆستا و ئامۆزا و ...تاد.
ئەڵبەتە هەبوونی ئەم حاڵەتە بۆ چەندین هۆکاری جیاجای دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • ئەم جۆرە دایک و باوکانە، بڕوا و متمانەیان بە خۆیان نییە.
  • ئەم جۆرە دایک و ب باوکانە، پلانو  ستراتیژییەتێکی ڕۆشن و دیاریان نییە بۆ پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان.
  • ئاشنا نین بە بنەماکای پەروەردە و فێرکردنی منداڵ.
  • هەست بە بەرپرسیارییەتی ناکەن و خۆیان لەو ئەرکە قورسە دەدزنەوە.
  • کەسانی کەمتەرخەم و بێباکن.
  • درک بە مەترسی ئەم کارە ناکەن.
  • لاسایی کەسانی دیکە دەکەنەوە.
  • ویست (ئیرادە)یەکی لاوازیان هەیە، بۆیە بە ئاسانی کەسانی دیکە دەست لە کاروباریان وەردەدەن.

زیانەکانی ئەم هەڵەیە

بێگومان ئەم جۆرە پەنابردنە بۆ کەسانی دیکە، زۆرترین کێشە بۆ منداڵ  ودایک و باوکەکە و تەنانەت کۆمەڵگەش دروست دەکات، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

  • منداڵ بە خواست و ئارەزووی دایک و باوکی پەروەردە نابێ، بەڵکو بە ئارەزووی ئەو کەسانە پەروەردە دەبێ، کە ئەم ئەرکە دەگرنە ئەستۆ و کاریگەرییان لەسەر منداڵ هەیە.
  • منداڵ هیچ بڕوا و متمانەیەکی بە دایک و باوکی نامێنێ.
  • منداڵ بڕوا و متمانەی بە خۆی نابێت و ناتوانێ پەشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت.
  • منداڵ لە کاتی پەروەردەکردنیدا دووچاری زۆر شتی هاودژ دەبێتەوە.
  • منداڵ بە دەست پەروەردەی فرە کەسییەوە دەناڵێنی.
  • منداڵ بە شێوەیەکی سروشتی پەروەردە نابێ و لە ناو ژینگەیەکی ناتەندروستدا گەشە دەکات.
  • لە ئایندەدا، منداڵ ناتوانێ وەک کەسێکی بەهرەمەند و بەتوانا خزمەت بە کۆمەڵگە بکات.
  • کێشە بۆ دایک و باوکی و خێزانی دروست دەبێط.
  • مەودایەکی زۆر لە نێوان خۆی و دایک و باوکی و ئەندامانی دیکەی خێزانیدا دروست دەبێت و لێک دووردەکەونەوە.
  • ئەو سۆز و خۆشەویستییەی کە پێویستە لە نێوان منداڵ و دایک و باوکی هەبێت، بەرەو کزی و لاوازی دەچێت.
  • منداڵ لە ژیانی خۆیدا سەرکەوتوو نابێت.


چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

پێویستە دایکان و باوکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەرکی پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان بگرنە ئەستۆ و ئەم ئەکرە سەختە نەخەنە سەرشانی کەسانی دیکە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەین:

  • هەست بە بەرپرسیارییەتی بکەن و مشوری منداڵەکانیان بخۆن.
  • خۆیان لە ئەرک و کارەکانیان نەدزنەوە.
  • پلانێکی تۆکمە و ستراتیژیان هەبێت بۆ پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان.
  • نەهێڵن هیچ کەسێک دەست بخاتە ناو کاروباری ئەوانەوە، بە تایبەتی پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان.
  • خۆیان ئاشان کەن بە بنەماکانی پەروەردە و فێرکردن.
  • ڕێز لە مافەکانی منداڵ بگرن.
  • خۆیان بەدوور بگرن لە کاری هەڕەمەکی.
  • بڕیاری خۆیان بە دەستی خۆیان بێت.
  • پێویستە بە پرس و ڕاویژ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
  • دەبێ لە کاتی پێویستدا پرس و ڕا بە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بکەن.


سەرچاوەکان



764 بینین