یەکێتیی ئەورووپا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-11-13:58:00 - کۆدی بابەت: 2147
یەکێتیی ئەورووپا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یەکێتیی ئەورووپا یان یەکیەتی ئەورووپا (بە ئینگلیزی: European Union، بە عەرەبی: الاتحاد الأوروبي) یەکێتییەکی سیاسی و ئابوورییە لە ٢٧ وڵاتی ئەندام کە بە پلەی یەکەم لە ئەورووپا هەڵکەوتوون. ڕووبەری کۆی گشتی سەندیکاکە ٤,٢٣٣,٢٥٥.٣ کیلۆمەتر دووجا لەخۆی دەگرێت و کۆی ژمارەی دانیشتووانەکەی بە نزیکەی ٤٤٧ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. لەسەر بنەمای ڕێکەوتنێک دامەزراوە کە بە پەیمانی ماستریخت ناسراوە و لە ساڵی ١٩٩١ واژۆ کراوە، بەڵام زۆرێک لە بیرۆکەکانی لە پەنجاکانی سەدەی بیستەوە بوونیان هەیە.

یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی یەکێتیی ئەورووپا گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی دەوڵەتە نەتەوەییەکانە بۆ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی ئەورووپا. بەڵام ئەم دامەزراوانە بەو بڕە دەسەڵاتانە دەمێننەوە کە هەر وڵاتێک بە جیا پێیان بەخشیوە، بۆیە ناکرێت ئەم یەکێتییە وەک فیدراسیۆنێک لە قەڵەم بدرێت، بەو پێیەی تایبەتە بە سیستمێکی سیاسی ناوازە لە جیهاندا. یەکێتیی ئەورووپا چەندین چالاکی هەیە، گرنگترینیان ئەوەیە کە یەک بازاڕە و یەک دراوی هەیە ئەویش یۆرۆیە کە لە کۆی ٢٨ ئەندامدا ١٩ وڵات پەسەندی کردووە، هەروەها سیاسەتێکی کشتوکاڵ و ماسیگرتنی هاوبەش و یەکگرتووی هەیە. لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢، یەکێتیی ئەورووپا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا بەهۆی بەشداریکردنی لە پێشخستنی ئاشتی و ئاشتەوایی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ئەورووپا.

لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٦، شانشینی یەکگرتوو لە ڕیفراندۆمێکدا بڕیاریدا لە یەکێتیی ئەورووپا دەربچێت و بووە یەکەم وڵات کە ئەو کارە بکات. بەریتانیا لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بە فەرمی یەکێتیی ئەورووپای بەجێهێشت.

سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەورووپا ئامانجیان دەستەبەرکردنی جووڵەی ئازادی خەڵک، کاڵا، خزمەتگوزاری و سەرمایەیە لەناو بازاڕی ناوخۆییدا؛ لەگەڵ یاسادانان لە بواری دادپەروەری و ناوخۆدا؛ و پاراستنی سیاسەتی هاوبەش سەبارەت بە بازرگانی، ماسیگرتنی کشتوکاڵ و گەشەپێدانی ناوچەیی. ناوچەی یۆرۆ یەکێتییەکی دراوییە لە ساڵی ١٩٩٩ دامەزراوە، لە ساڵی ٢٠٠٢ بە تەواوی کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە لە ١٩ وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا پێکهاتووە کە دراوی یۆرۆ بەکاردەهێنن. زۆرجار یەکێتیی ئەورووپا وەک یەکەیەکی سیاسی sui generis (بەبێ پێشینە و بەراوردکردن) وەسف کراوە کە تایبەتمەندییەکانی یان فیدراسیۆنێک یان کۆنفیدڕاڵی هەیە.

پاشخان

هەوڵەکان لە مێژووی کیشوەری ئەورووپادا دووبارە بوونەتەوە بۆ یەکخستنی گەلانی ئەورووپا، هەر لە ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمەوە کە بە دەوری دەریای ناوەڕاستدا درێژ بووەوە، تا دەگاتە ئیمپراتۆریەتی فرانکەکانی شارلمانی و پاشان ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پیرۆز کە ناوچە بەرفراوانەکانی لە ژێرەوە بۆ سەدان ساڵ یەکخست، ئەمەش پێش سەرهەڵدانی دەوڵەت و نەتەوەی مۆدێرن.

دواتر هەوڵی یەکخستنی ئەورووپا هەبوو، بەڵام لە کاراکتەری فۆرماڵی و قۆناغبەندی تێنەپەڕی، لەوانەش هەوڵی ناپلیۆن لە سەدەی نۆزدەهەمدا، ئەوی تریشیان لە چلەکانی سەدەی بیستەمدا لەسەر دەستی هیتلەر بوو، دوو ئەزموون کە تەنها توانییان بۆ ماوەی کورت و ڕاگوزەری بەردەوام بن. بەهۆی بوونی کۆمەڵێک زمان و کولتوری جیاوازی ئەوروپی، ئەم کۆنتڕۆڵکردن و یەکخستنانە بەپێی ژێردەستەکردنی سەربازییەوە ڕوویان دەدا. لە کۆتاییدا بوونە هۆی شکست و ناسەقامگیری.

یەکێک لە یەکەم بیرۆکەکانی یەکگرتنی ئاشتیانە لە ڕێگەی هاوکاری و یەکسانی لە ئەندامێتیدا لەلایەن بیرمەندی ئاشتیخواز ڤیکتۆر هوگۆ لە ساڵی ١٨٥١ پێشکەش کرا بەبێ ئەوەی دەرفەتێکی جددی هەبێت بۆ جێبەجێکردن. دوای کارەساتەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم، بەپەلەیی هەوڵدرا بۆ دروستکردنی یەکگرتنێکی ڕێکخراوە، بەهۆی خواستی ئاوەدانکردنەوەی ئەورووپا و نەهێشتنی ئەگەری شەڕێکی دیکەی سەرتاسەری.

ئەم هەستە لە کۆتاییدا بووە هۆی پێکهێنانی کۆمەڵگەی خەڵوز و پۆڵا لە ساڵی ١٩٥١ لەلایەن ئەڵمانیای ڕۆژاوا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و وڵاتانی بێنیلۆکس (بەلجیکا و هۆڵەندا و لۆکسمبۆرگ).

یەکەم یەکەی گومرگی لە سەرەتادا بە کۆمەڵگەی ئابووریی ئەورووپا (European Economic Community) ناسرابوو. لە شانشینی یەکگرتووش بە بازاڕی هاوبەش ناودەبرا. کە لە ڕێککەوتنی ڕۆمای ساڵی ١٩٥٧ دامەزرا و لە یەکەمی کانوونی دووەمی ١٩٥٨ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم گۆڕانکارییەی دواتر لە دامەزراوەی ئەورووپادا یەکەم پایەی یەکێتیی ئەورووپا پێکدەهێنێت. یەکێتیی ئەورووپا لە دەزگایەکی بازرگانییەوە پەرەی سەندووە بۆ هاوبەشییەکی ئابووری و سیاسی.

دامەزراندن

دامەزراندنی فەرمی یەکێتیی ئەورووپا دەگەڕێتەوە بۆ پەیمانی ماستریخت لەسەر دەستی هۆرست کۆلەر، هێلمۆت کۆل و فرانسوا میتێران. کە لە یەکەمی تشرینی دووەمی ١٩٩٣ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەگەڵ فراوانکردنی زیاتر کە پلانی بۆ دانرابوو بۆ ئەوەی دەوڵەتە کۆمۆنیستەکانی پێشووی ئەورووپای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات، هەروەها قوبرس و ماڵتا بگرێتەوە، پێوەرەکانی کۆپنهاگن بۆ ئەندامانی کاندید بۆ پەیوەستبوون بە یەکێتیی ئەورووپا لە حوزەیرانی ١٩٩٣ ڕێککەوتنیان لەسەر کرا. لە ساڵی ١٩٩٥ نەمسا و فینلەندا و سوید بە یەکێتیی ئەورووپاوە پەیوەست بوون.

لە ساڵی ٢٠٠٢دا دراوی یۆرۆ لە ١٢ وڵاتی ئەندامدا جێگەی دراوی نیشتمانی گرتەوە. لەو کاتەوە ناوچەی یۆرۆ زیادی کردووە و ١٩ وڵاتی گرتووەتەوە. دراوی یۆرۆ بووە دووەم گەورەترین دراوی یەدەگ لە جیهاندا. لە ساڵی ٢٠٠٤دا، یەکێتیی ئەورووپا گەورەترین گەورەبوونی خۆی بەخۆیەوە بینی کاتێک قوبرس، کۆماری چیک، ئیستۆنیا، هەنگاریا، لاتڤیا، لیتوانیا، ماڵتا، پۆڵەندا، سلۆڤاکیا و سلۆڤینیا پەیوەست بوون بە یەکێتییەکە.

لە ساڵی ٢٠٠٧دا بولگاریا و ڕۆمانیا بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا. لە کۆتایی ئەو ساڵەدا سلۆڤینیا یۆرۆی وەرگرت، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٨ قوبرس و ماڵتا، لە ساڵی ٢٠٠٩ سلۆڤاکیا، لە ساڵی ٢٠١١ ئیستۆنیا، لە ساڵی ٢٠١٤ لاتیڤیا و لە ساڵی ٢٠١٥ لیتوانیا دراوی یۆرۆیان وەرگرت.

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ پەیمانی لیسبۆن کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و چاکسازی لە زۆر لایەنی یەکێتیی ئەورووپادا کرد. بە تایبەتی پێکهاتەی یاسایی یەکێتیی ئەورووپا گۆڕی، سیستمی سێ پایەی یەکێتیی ئەورووپای گۆڕی بۆ یەک قەوارەی یاسایی کە لەلایەن کەسێکەوە سەرپەرشتی بکرێت، سەرۆکێکی هەمیشەیی بۆ ئەنجوومەنی ئەورووپا دەستەبەر کرد.

ئابووری

ئابووری یەکێتیی ئەورووپا ئابووری هاوبەشی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە. لە ڕووی ناوەکییەوە سێیەم ئابوورییە لە جیهاندا، دوای ئەمریکا و چین، هەروەها سێیەم ئابوورییە لە ڕووی یەکسانی هێزی کڕین (PPP)، دوای چین و ئەمریکا. بەرهەمی ناوخۆیی یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە نزیکەی ١٧.٩ تریلیۆن دۆلار مەزەندە کرابوو، کە دەکاتە نزیکەی ١/٦ی ئابووریی جیهان. یۆرۆ دووەم گەورەترین دراوی یەدەگ و دووەم دراوی جیهانە لە دوای دۆلاری ئەمریکی. یۆرۆ لە کۆی ٢٧ ئەندامی یۆرۆ لەلایەن ١٩ وڵاتەوە بەکاردەهێنرێت، بەگشتی دراوی فەرمیی ٢٥ وڵاتە.

ئابووری یەکێتیی ئەورووپا لە بازاڕێکی ناوخۆیی ئابووری تێکەڵاو پێکدێت کە لەسەر بنەمای بازاڕی ئازاد و مۆدێلی کۆمەڵایەتی پێشکەوتوو دامەزراوە. بۆ نموونە یەک بازاڕێکی ناوخۆیی لەخۆدەگرێت کە جووڵەی ئازادی کاڵا و خزمەتگوزاری و سەرمایە و کار لەخۆدەگرێت. بەرهەمی ناوخۆیی سەرتاسەری لە ساڵی ٢٠١٨دا ٤٣ هەزار و ١٨٨ دۆلار بووە، لە کاتێکدا لە ئەمریکا ٦٢ هەزار و ٨٦٩ دۆلار و لە ژاپۆن ٤٤ هەزار و ٢٤٦ دۆلار و لە چین ١٨ هەزار و ١١٦ دۆلار بووە.

جیاوازییەکی بەرچاو لە بەرهەمی ناوخۆیی سەرتاسەری (PPP) لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا هەیە کە لە 106,372 دۆلار لە لۆکسمبۆرگ دەست پێدەکات تا 23,169 دۆلار لە بولگاریا. کۆی گشتی وەبەرهێنانی یەکێتیی ئەورووپا لە وڵاتانی بیانیدا ٩.١ تریلیۆن دۆلارە، لەکاتێکدا ئەو وەبەرهێنانە بیانیانەی لە یەکێتیی ئەورووپا ئەنجامدراوە لە ساڵی ٢٠١٢دا کۆی گشتی ٥.١ تریلیۆن دۆلارە.

بۆرسەی یۆرۆنێکست بۆرسەی سەرەکی ناوچەی یۆرۆیە و شەشەم گەورەترین بۆرسەی جیهانە لە ڕووی سەرمایەی بازاڕەوە. گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بریتین لە: ئەمریکا، چین، بەریتانیا، سویسرا، ڕووسیا، تورکیا، ژاپۆن، نەرویج، کۆریای باشوور، هیندستان و کەنەدا

یەکێتیی ئەورووپا وەک یەکەیەکی سیاسی لە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانیدا نوێنەرایەتی هەیە. وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا خاوەنی دووەم گەورەترین سامانی خاوێنن لە دوای ئەمریکا (١٠٥ تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی) لە جیهاندا، کە یەکسانە بە نزیکەی لە سەدا ٢٠ (نزیکەی ٦٠ تریلیۆن یۆرۆ)ی سامانی جیهانی.

لە کۆی ٥٠٠ گەورەترین کۆمپانیای جیهان کە بەپێی داهات لە ساڵی ٢٠١٠دا پێوانە کراوە، ١٦١ کۆمپانیا بارەگا سەرەکیەکانیان لە یەکێتیی ئەورووپا بووە. لە ساڵی ٢٠١٦دا، بێکاری لە یەکێتیی ئەورووپا لە سەدا ٨.٩ بووە لە کاتێکدا هەڵاوسان لە سەدا ٢.٢ بووە. تێکڕای داهاتی پاکی ساڵانەی یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی ٢٠١٥دا نزیکەی ٢٤ هەزار یۆرۆ بووە (٣٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی).

دیمۆگرافیا

دیمۆگرافیای یەکێتیی ئەورووپا یەکێتییەکی پڕ لە دانیشتوو و کولتووری هەمەچەشن نیشان دەدات کە ٢٧ وڵاتی ئەندام لەخۆدەگرێت. ژمارەی دانیشتوانی یەکێتیی ئەورووپا تا ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ نزیکەی ٤٤٧ ملیۆن کەس بووە.

ئایین

ئایین لە یەکێتیی ئەورووپادا هەمەچەشنن. گەورەترین ئایین لە یەکێتیی ئەورووپادا مەسیحییە کە تا ساڵی ٢٠١٨، ٧٢.٨%ی دانیشتوانی یەکێتیی ئەورووپای پێکهێناوە، گروپە بچووکەکان بریتین لە ئایینەکانی ئیسلام، بوودیزم، جوولەکە، هیندۆسی، و هەندێک ئایینەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە زۆرترینیان لە ئەڵمانیا و فەرەنسا چڕبوونەتەوە. هەروەها بزووتنەوەکانی زیندووبوونەوەی ئایینە فۆلکلۆرییەکانی ئەوروپی پێش مەسیحیەت لەوانە تافی، ڕۆدنۆڤێری، ڕۆموڤا و درۆیدری تێدایە.

کاسۆلیک ٤٤.٥%
ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات ١٠.٢%
پرۆتستانت ٩.٩%
مەسیحییەکانی تر ٥.٠%
هیچ ئایینێک /ئاگنۆستیک ١٧.٠%
بێ باوەڕ ٩.٣%
موسڵمان ٢.١%
هیندۆسی ١.٠%
بوودیزم ٠.٦%
جوولەکە ٠.٢%
ئایینی تر ٠.٢%

زمان

یەکێتیی ئەورووپا ٢٤ زمانی فەرمی هەیە: بولگاری، کرواتی، چیکی، دانیمارکی، هۆڵەندی، ئینگلیزی، ئیستۆنی، فینلەندی، فەڕەنسی، ئەڵمانی، یۆنانی، هەنگاری، ئیتاڵی، ئێرلەندی، لاتیڤی، لیتوانی، ماڵتی، پۆڵەندی، پورتوگالی، ڕۆمانی، سلۆڤاکی، سلۆڤینی، ئیسپانی و سویدی.

کۆمیسیۆنی ئەورووپا کاروباری ناوخۆیی خۆی بە سێ زمانی فەرمی ئەنجام دەدات کە بریتین لە ئینگلیزی، فەڕەنسی و ئەڵمانی.

وڵاتانی ئەندام

وڵات پەیوەستبوون
نەمسا ١ کانوونی دووەمی ١٩٩٥
بەلجیکا دامەزرێنەر
بولگاریا ١ کانوونی دووەمی ٢٠٠٧
کرواتیا ١ تەممووزی ٢٠١٣
قوبرس ١ ئایاری ٢٠٠٤
کۆماری چیک ١ ئایاری ٢٠٠٤
دانیمارک ١ کانوونی دووەمی ١٩٧٣
ئیستۆنیا ١ ئایاری ٢٠٠٤
فینلەندا ١ کانوونی دووەمی ١٩٩٥
فەڕەنسا دامەزرێنەر
ئەڵمانیا دامەزرێنەر
یۆنان ١ کانوونی دووەمی ١٩٨١
هەنگاریا ١ ئایاری ٢٠٠٤
ئێرلەندا ١ کانوونی دووەمی ١٩٧٣
ئیتاڵیا دامەزرێنەر
لاتیڤیا ١ ئایاری ٢٠٠٤
لیتوانیا ١ ئایاری ٢٠٠٤
لۆکسمبۆرگ دامەزرێنەر
ماڵتا ١ ئایاری ٢٠٠٤
هۆڵەندا دامەزرێنەر
پۆڵەندا ١ ئایاری ٢٠٠٤
پورتوگال ١ کانوونی دووەمی ١٩٨٦
ڕۆمانیا ١ کانوونی دووەمی ٢٠٠٧
سلۆڤاکیا ١ ئایاری ٢٠٠٤
سلۆڤینیا ١ ئایاری ٢٠٠٤
ئیسپانیا ١ کانوونی دووەمی ١٩٨٦
سوید ١ کانوونی دووەمی ١٩٩٥

 


سەرچاوەکان

1253 بینین