بەختەوەری ژن و مێرد چییە؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-11-23:16:00 - کۆدی بابەت: 2174
بەختەوەری ژن و مێرد چییە؟

ناوه‌ڕۆك

بەختەوەری چییە؟

بەختەوەری و بەدبەختی دوو وشەی پێچەوانەی یەکترن، ئەوانەی تاڵاوی بەدبەختیان چەشتووە لە هەموو خەڵک زیاتر تام لە بەختەوەری دەکەن. بەختەوەری هەروا بە هەوەنتە پەیدا نابێت، دەبێ هەوڵێکی زۆری بۆ بدرێت و لە پێناویدا شەوبێداری بکرێت. هەر شتێک بە سانایی لەدەست دەردەچێت. بەختەوەری کۆمەڵێک ڕێوشوێنی سەرەکی هەیە، ئەمانەی خوارەوە بەشێکیانن:

  • بەوپەڕی تامەزرۆیی و عەوداڵی، هەوڵی بەدیهێنانی بدەیت، دڕک و داڵی لە ڕێگە هەڵماڵی، کۆسپ و تەگەرەکانی تەخت بکەیت، خۆت ببیتەوە خۆت. هەر کەسێک حەز بە بەختەوەری بکات و هەوڵی بۆ بدات بێگومان پێی دەگات. چڵەپۆپەی بەختەوەری ئەوەیە ببیە پێشەنگی خەڵک و بەخشندەییان بەسەردا بڕژێنیت، باشترین بەخشیش، پەخشکردنی بەختەوەرییە لە نێوان خەڵكدا.
  • فێری چونییەتی بەدەستهێنانی بەختەوەری بێت، کارامەیی خۆی لە هەموو ڕێگاکانەوە بۆ بخاتە گەڕ، دەکرێ لە ئەزموونی خودی خۆی فێر بێت چۆن خۆی بەدبەخت بکات یان چۆن خۆی ماڵوێران بکات؟ دەشێ لە ئەزموونی پیاوچاک و دڵچاک و ئاکارپاکان، ئاوی شیرینی بەختیاری نۆش بکات. ژیاننامەی پەیامهێن و گەورە پیاوانی جیهان بخوێننەوە. تێ بگات کە بەختەوەری پارە و پوول کۆکردنەوە نییە، ماڵی خۆش و مۆدێلی بەرز نییە، بەڵکە ئەو خۆشییەیە کە لە دڵدا لەنگەر دەگرێت و لە ڕووخساردا ڕەنگ دەداتەوە.
  • بەدبەختی و کڵۆڵی خۆی بە خەڵک ساخ نەکاتەوە، بەڵکو بەرپرسانە مامەڵە بکات، بیر بۆ خەڵک هەڵنەکەنێت، فرت و فێڵ لە خەڵک نەکات. ئارەزووی شەڕانگێزی لە خۆی داماڵێت... ئەگەر شتێک پێوەندی بە تۆوە نەبوو، خۆتی تێ هەڵمەقورتێنە، کە کاتێکت پێ چاک نەکرێت، خراوی مەکە.
  • بەر لە هەموو شتێک هەستی ئاسوودەبوون لە نێو خۆیدا دروست بکات، کەسێک لە نێو دەروونی خۆیدا بەختیار بێت، لە دەرەوە هەرچییەک بکات ناتوانێ خۆی بەختیار بکات.

كلیلی بەختیاریی ژن و مێر لەدەست خۆیانە، دەتوانن ژیانی خۆیان بکەنە دۆزەخێکی ڕەش و ڕۆژ و شەو تێیدا بسووتێن، دەشلوێ بەهەشتێکی خنجیلانە و ڕازاوە بۆ خۆیان بسازێنن و هەمیشە چێژی لووتکە وەربگرن، واتا: بەهەشت و دۆزەخ لە دەستی خۆیانە.


سەرچاوەکان



3642 بینین