پەروەردی سێکسی لەلایەن ژن و مێردەوە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-11-23:28:00 - کۆدی بابەت: 2175
پەروەردی سێکسی لەلایەن ژن و مێردەوە

ناوه‌ڕۆك

پەوەردەی زایەند (سێکس)یی

بەشێک لە دایک و باوکان لە کاتی پرسیارکردنی کچ و کوڕەکانیان، پەنا بۆ درۆکردن دەبەن، تووشی شپرزەیی و پەشێوی دێن، دەیانەوێت بە وەڵامی درۆینە خۆیان لە پرسیارەکانی منداڵەکانیان بدزنەوە. هێندێکی دیکە هیچ وەڵامێکیان نادەنەوە، بەشێکی دیکە لێیان دەدەن، ڕوویان لێ گرژ دەکەن، جنس وەک گوناهـ و نەنگیێکی هەتا هەتایی لە مێشکی منداڵەکانیان وێنا دەکەن.
کەوایە منداڵ پەروەردەی سێکسی لە کوێوە فێر بێت؟ بە قسەی ئەوان بێت، دەبێ بە ڕێکەوت فێری ببن! لە فەرهەنگی ئەوان شتێک نییە بە ناوی پەروەردەی جنسی، قسە بۆ کردن و ڕێنوێنی کردنی منداڵەکانیان لەو بارەیەوە بڤەیە، قەدەغەیە، لە نێو خۆیان بەردەوام ئەو چەند وشەیە دووپات دەکەنەوە: ''ئای دنیا چۆن تێکچووە! منداڵێکی گچکەڵە باسی جنس دەکات، ئێمە تا گەورەبووین ئەو شتانەمان نەدەزانی!''
بەشێک لە دایک و باوکان پێیان وایە ئەگەر لەگەڵ منداڵەکانیان ئەم دەرگایە بکەنەوە، ئەنجامێکی خراپی لێ دەکەوێتەوە، باسکردنی جنس لەگەڵ منداڵ، واتا: دەرخستنی نهێنی سێکسی خۆیان، کە هەمیشە پاراستوویانە، لای هیچ کەس نەیان درکاندووە!
منداڵان حەز دەکەن هەموو نهێنییەکی ورد و درشتی ژیان بزانن، لە هەموو شتێک ڕادەمێنن، هەموو شتێک لای ئەوان تازەیە، بۆیە هەرچی بەسەر خەیاڵیاندا بێت دەیکەن. پرسیار دەربارەی هەموو چشتیک دەوروژێنن، پرسیارەکانی ئەوان دەربڕینێکی زۆر سادە و سرووشتین، لە هۆشی ئاگاییانەوە ڕسکاون، بۆیە وا باشە باوان لە دەستی پرسیارەکانیان ڕانەکەن و نەشڵەژێن، بە جوانی و هێمنی وەڵامیان بدەنەوە، چونکە منداڵ بە باشی هەست بە ڕاکردن لە پرسیار و وەڵامی درۆینە و پەشۆکاوی دایک و باوک دەکات، لە ئاکامدا ئەوەش دەبێتە گرێیەکی گەورە لەسەر دەروونیان و بەردەوام هەوڵی کردنەوەی دەدات.
خاتو (مارلین لیست) ژنە ژمێریاری ئەڵمانی دەڵێت: ''ئامادەباشیمان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری منداڵەکانمان زۆر بەسوودترە و باشترە لەوەی کە منداڵەکانمان لە ڕێگەی کتێبی وێنەیی زانیاری لەسەر ئەندامەکانی سێکسی خۆیان فێربن.'' ڕێنوێنی و وەڵامدانەوەی منداڵ، ئەرکێکی بنەڕەتییە، نەک ئەرکێکی لاوەکی، جگە لەمە هیچ بەدیلێكی دیکەی نییە، بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەوان لە لایەن باوانیانەوە، لە ژیانی جنسی داهاتوویان سەرکەوتن بەدەست دێنن و لە هەڵەپاسی و دڵەڕاوکێ دوور دەکەونەوە.


سەرچاوەکان



13618 بینین