ساردیی نێوان هاوسەران

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-11-23:32:00 - کۆدی بابەت: 2176
ساردیی نێوان هاوسەران

ناوه‌ڕۆك

ساردیی نێوان هاوسەران

زۆر جار دەبینین بەشێکی هاوسەران بەوپەڕی دڵگەرمی و ڕۆمانسییەتەوە دەچنە نێو ژیانی هاوسەرگیری، وەلێ لەگەڵ تێپەڕبوونی چەند ساڵ و مانگێک، نێوانیان سارد دەبێت و ڕۆمانسییەت و بۆ یەکتر برژان، ئۆغر دەکات... کردەی جووتبوون و جنسکردنیان، دەبێتە چتێکی ڕۆتینی و هیچ خۆشییەکی تێدا نامێنێت. ڕآستە بە جەستە لەگەڵ یەک دەژین، بەڵام بە ڕووح زۆر دوورن لە یەکتر.. لە دوای خستنەوەی چەند منداڵێکیش زۆر زەحمەتە لێک جیا ببنەوە.
هێندێک لە هاوسەران، وا دەزانن خودا گیانی خۆشەویستی لە نێوان ئەواندا مراندووە، بەمەش گەیشتوونەتە ئاکامێکی تاڵ و بە ژوار. مانگ و ساڵ دێن و دەڕۆن، ئەوان هەر لەسەر حاڵی خۆیان بەردەوام دەبن. وا دەزانن خۆشەویستی تەنیا کەفوکوڵێکە و تەواو... هەر یەکە و تاوانەکە دەخاتە ملی ئەوی دیکە، هەر یەکە و بەوەی دیکە دەڵی وەک جاران لەگەڵم باش نیت، هیچ شتێکت بە پێشتر ناچێت، وەک جاران خۆشت ناوێم، بە داخەوە بۆ تۆ! ئەو بەرپرسیارییەتی دەخاتە سەر شانی ئەو و، ئەویش دەیخاتە ملی ئەو.
بەڵام ئەو ژن و مێردانەی توانای تێگەیشتنیان لە ژیانی مرۆڤدا هەیە، دەزانن خۆشەویسیت بڕیارێکی ڕووحییە، هەر لە سەرەتاوە دەبێ لە نێوانیاندا بدرێت، نەک هەڵچوونێکی ئارەزووبازی بێت، چەند ساتێک کاریگەری جێ بێڵێت و دواتر وەک مۆم بکوژێتەوە.
چارەسەری سارد و سڕی نێوان ژن و مێرد هەر بەوە دەکرێت، کە لە نوێوە دیسان یەکتریان خۆش بوێتەوە، لاپەڕەیەکی تازە هەڵبدەنەوە، ئەو هەموو ڕۆژ و شەوانەی بە ناخۆشی و دژواری بەسەریان بردووە، بە وەرزی نوێی خۆشەویستی قەرەبووی بکەنەوە، ڕێگە نەدەن چیتر ڤایرۆسی دژە خۆشەویستی، خۆی بترنجێنێتە نێوانیان و ژیانیان بکات بە وێرانگە.
بەشێک لەو ژن و مێرانەی کە تووشی ساردی بوون، چەند جار هەوڵ دەدەن سەر لە نوێ یەکتریان خۆش بوێتەوە، وەلێ ناتوانن، چونکە دڵیان ملکەچی خواستەکەیان نابێت و سەختیی و لاملی دەنوێنێت. هەر کاتێک پەردەیەک کەوتە نێوان مرۆ و دڵەکەی، ئەوە توانای ئاڕآستەکردنی هەستەکانی لەدەست دەردەچێت. تەنیا پێ خۆشبوون بەس نییە، ئەگەر بە کردەیی هەنگاوی بۆ نەنرێت، لووتبەرزی و کەللەپووتی لغاو نەکرێت، هیچ بە هیچ ناکرێت.
خودا نەکردە ئەگەر خۆشەویستی نێوان ژن و مێرد بۆ ماوەیەک خۆی مت کرد، بەر لەوەی دروستی بکەنەوە، پێویستە خۆیان لە ڕق و کینە داماڵن و بەستەڵەکی سارد و سڕی نێوانیان ئەوین بتوێنێتەوە، ئەوسا بە ئاوی خۆشەویستی دڵ و دەروونی یەکتر بشۆنەوە، مۆڕەکردن و لە یەکتر سڵەمینەوە کۆتایی پێ بهێنن.


سەرچاوەکان



1236 بینین