کاتێک خۆشەویستی ژن و مێرد پاشەکشە دەکات

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-11-23:42:00 - کۆدی بابەت: 2179
کاتێک خۆشەویستی ژن و مێرد پاشەکشە دەکات

ناوه‌ڕۆك

وەختێک خۆشەویستی پاشەکشە دەکات!

پاشەکشەکردنی خۆشەویستی دەردەساتە، مەرگەساتە، بە پایزبوونی ژیانە! بە پاشەکشەکردنی خۆشەویستی، هەموو چێژەکانی نێوان ژن و مێرد دەچۆڕێتەوە، بەدبەختی و کڵۆڵی باڵی ڕەشی خۆیان دەسەر ڕووناکیدا دەهێنن و فززە لەبەر خۆشبەختی دەبڕن. بە پاشەکشەکردنی خۆشەویستی، یەک بە یەکی ئاواتەکان لەبار دەچن، پڕۆژە ماددی و مەعنەوییەکان هەرەس دێنن.
هێندێک جار خۆشەویستی لە نێو بەشێک لە هاوسەراندا پاشەکشە دەکات، جا یان بۆ ماوەیەک ون دەبێت و دێتەوە و بە شێوەیەکی دیکە خۆی نمایش دەکاتەوە، یانیش بۆ هەتا هەتایە ماڵئاوایی لە شانۆی ژیان دەکات.
گەلێک جاران فشاری پەیدا کردنی بژێوی ژیان سۆز و خۆشەویستی لە بیر پیاوان دەبەنەوە، یان خۆیان لە بیر خۆیان دەبەنەوە، تا وای لێ دێت، پێوەندیی خۆشەویستییان تەنیا لە نێو چوارچێوەی زایەند (الجنس) دا قەتیس ببێت، تەنێ ئەو کاتانەی جنس فشآریان بۆ دێنێت، بۆ خۆبەتاڵکردنەوە هاوژینەکەیان بیر دەکەوێتەوە، دەنا هەروەکا ئەوەی ژنیان نەهێنابێت وایە... بەیانیان بە ڕاکە ڕاک بۆ کار دەڕۆن و ئێواران بە هاکە هاک دێنەوە...
ژنیش لەولاوە خەریکی بەخێوکردنی منداڵ و کاروباری ماڵە، یان ئەویش وەک پیاوەکەی، سەرباری ڕاپەڕاندنی کاروباری ماڵ، لە فەرمانگەیەکی میری دامەزراوە، یان بە کارێکی دیکە خەریکە، ئیتر هەردووکیان لێک دابڕاون، کاتێک یەکتر دەبیننەوە لەبەر هیلاکی و شەکەتی جگە لە پرتە و بۆڵە هیچی جیکەیان لێ نابیسترێت، ئیتر بە کورتی: نە ئەو دەخوازێ، نە ئەو دەنازێ! ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، ڕاستییەکەی نابێ هیچ چشتێک پێوەندی خۆشەویستی ژن و مێرد تێكبدات، چونکە بە تێکچوونی پێوەندیی خۆشەویستی، ژیانی ژن و مێرد بەرەو کاڵبوونەوە و تاڵبوونەوە دەچێت.
هەموو ئەو شتانە نابێ ببنە مایەی ساردبوونەوە و پاشەکشەکردن لە خۆشەویستی ناخ و دڵیان، بەڵکە دەبێت سوورتریان بکات. بە لە یەکتر دابڕان تامەزرۆی یەکتر بینینەوە لە کەللەیان بدات، تەلەفۆن بۆ یەکتر بکەن و نامەی خۆشەویستی دەگەڵ یەکتر ئاڵوگۆڕ بکەن، کاتێکیش بە دیداری یەکتر شاد دەبنەوە، بە خەندە و پێکەنین و وشەی ناسک بەخێرهاتنەوەی یەکتر بکەن، ئەوان ئەگەر نەتاوانن خەندە بخەنە سەر ڕوخساری یەکتر، کەس لەدەرەوە نابێت دڵخۆشیان بکات.
ئەمەی ئێمە باسی دەکەین خەیاڵپڵاوی نییە، بڵکو ژیانی هەقیقی نێوان ژن و مێردی وشیارە، ئەوانەی لە ڕیشە و بنەچەی خۆشەویستی تێگەیشتوون، هەر ئەو ڕێسایە جێبەجێ دەکەن، ئاخر دوورکەوتنەوە تامەزرۆیی زیاد دەکات، یەکتر بینین هیلاکی دەڕەوێنێتەوە.


سەرچاوەکان



1231 بینین